Cebar

جەبار محەمەد : قووڵایی هێزی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانى و دەوروبەرێتى .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جەبار محەمەد ، سەرۆکی کۆمەڵەی زانستە سیاسییەکان

دیمانە : ستیڤان شەمزینی

* سازکردنى کۆنگرەى نەتەوەیی کورد لە پایتەختى کوردستاندا دەستکەوتێکى گەورەیە

جەبار محەمەد ، سەرۆکی کۆمەڵەی زانستە سیاسییەکان، لەم دیمانە تایبەتەدا باس لە هۆکارەکانی پاشەکشەی گۆڕان و هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەکات .

ستیڤان : دوای چوار ساڵ چۆن سەیری ئەزموونی ئۆپۆزیسیۆن دەکەیت ؟. چییان پێشکەش بە ئەزموونی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان کردووە ؟.

جەبار محەمەد: لەگەڵ ئەوەى ئەزموونى ئۆپۆزیسیۆن بەو شێوازەى هەیە نوێیە لە کوردستاندا، بەتایبەت لە دواى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى 25/7/2009 کاریگەرانە دەرکەوت، تەواوکارى لە سیستمى سیاسیى لە کوردستاندا هێنایە دى، لانیکەم دۆخێک لە مۆدیلى ململانێى سیاسیى هێنایە کایەوە پێشتر بەو شێوازە پارت و حزبەکانى تر ئەزموونیان نەکردبوو، هاوکارێکى باش بوو بۆ حزبەکانى دەسەڵات تا بەهۆى رەخنە و هەڵوێستەکانى ئۆپۆزیسیۆنەوە وردتر هەنگاوەکان و بەرنامەکانیان دابڕێژن و جێبەجێى بکەن بەتایبەت ئەو رەخنانەى واقیعى بوون و مەبەست لێى دڵسۆزیى و پەرۆشى بوو بۆ ئەزموونى نەتەوە و نیشتمانەکەمان .

ستیڤان : بزووتنەوەی گۆڕان دوای چوار ساڵ، لە بری ئەوەی بۆ پێشەوە هەنگاو بنێت بۆ دواوە گەڕاوەتەوە. هۆکاری پاشەکشەی گۆڕان بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟.

جەبار محەمەد: گۆڕان وەک بزووتنەوەیەکى سیاسیى کە دەرکەوت، زەمینەیەکى رەخساوى پڕ ناڕەزایەتى خەڵک لە کەمیى خزمەتگوزاریى و زۆرى خواست لەسەر بەرەوپێشچوونى زیاتر و گەشەکردنى داهاتیان، (کەمى کارەبا لەو کاتەدا، نەبوونى دەرفەتى دامەزراندن، بوونى کرێچى بە ژمارەیەکى زۆر، رۆتینى زۆرى ناو فەرمانگە و بێزارکردنى هاووڵاتیان لە راییکردنى مامەڵەکانیان کە هەندێ جار ئەوە بەمەبەست کراوە ….هتد) ئەمانە ببوونە ئەو را گشتییەى، ئەوە دەسەڵاتە دەیەوێت هەموو شتێ بۆ خۆى قۆرخ بکات و کەمینەیەک سوودمەندن لەسەر حسابى زۆرینەیەکى زەحمەتکێش، بۆ رزگاربوونیش لەو دۆخەى هەیە ئەوە تاکە رێگا پاڵپشتى و پێدانى متمانەیە بەو هێزە سیاسییە نوێیە کە دەنگى ناڕەزایەتى دەربڕیوە.

بەو شێوەیە گۆڕان فرسەتى قۆستەوە، سوارى ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتیانەى خەڵک بوو، خۆى وانمایش کرد ببێتە پێشەنگى داکۆکیکار لە خەڵک لەبەرامبەر هەردوو حزبى دەسەڵاتدار، بۆ ماوەیەک خەڵک ئەم بڕوایەى لا دروستبوو، بەڵام لەگەڵ باشبوونى گوزەرانى خەڵک، پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریى باشتر، کاراکردنى فەرمانگە و دامودەزگاکانى حکوومەت، ئیتر ئەو پێخۆرەى خەڵکى پێ لەقاڵبدرابوو، وا دەرخرابوو تەنیا بزووتنەوەى گۆڕان دەتوانێ خواستەکانیان بێنێتە دى، بۆ هاتنەدى ئەوەش دەبێت بچنە دەسەڵات، بۆ گەشتن بە دەسەڵاتیش ئەوا دەبێت دەنگیان پێبدرێت، بەڵام کە نەیتوانى بگاتە دەسەڵات داخوازییەکانى خەڵکیش لەسەر دەستى ئەمان جێبەجێ نەبوو، دووبارەکردنەوەى هەمان شێوە و شێواز لە پێکهاتەیان و تەنیا گۆڕینى هەندێ ناوى پێکهاتەى هەیکەلى حزبى، ناوەڕۆک و کردارەکان هەر شێوازە کۆنەکانە، ئیتر وردە وردە جەماوەرەکەى وەک پێشوو لە دەورى نەما .

ستیڤان: گۆڕان لە هەنووکەدا تەنیا کار لەسەر جەماوەری یەکێتی دەکات. هۆکاری ئەمە چییە؟. پێتوایە هۆکارەکەی ئەوەیە دەستی لە لایەنگرانی حزبەکانی تر شتووە ؟.

جەبار محەمەد: لەبەرئەوەى بزووتنەوەى گۆڕان لەبنچینەدا هەندێ لە سەرکردە دیارەکانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بوون، هەڵوێستى ناڕەزایەتییەکانى ئەوان بوو کە وا بکات دوا رێگەچارەی خۆیان و هەوادارەکانیان جیابوونەوە بێت لە یەکێتى، قووڵایی هێزیان لە سلێمانى و دەوروبەرێتى، مێژوو و سروشتى سلێمانى زیاتر ئەوە دەخاتە روو زۆربەى جیابوونەوە و کەرتکردنى شۆڕشەکان و جووڵانەوە سیاسییەکان لە سلێمانییەوە هەڵقوڵاوە، رەنگە ئەمجارەیان بوونى ئازادیى زیاتر و رەخساندنى کەشى دیموکراسى لەبارتر هۆکارێکى تر بێت، ئاسانترە بۆیان کار لەسەر لایەنگر و جەماوەرى یەکێتى بکەن، چوونکە رۆژانێکى پێشوو هەمویان پێکەوە بوون، شارەزاى رەفتار و بیرکردنەوە و هاوڕێیەتى لە مێژینەیان هەیە، لەو بڕوایەدام کاریان لەسەر لایەنگر و جەماوەرى سەرجەم حزبەکانى تر کردووە، دەتوانرێ بووترێ بە رێژەیەک لایەنگرى ئەوانیشان بۆ خۆیان بردووە بەڵام کە بەراوردى بکەیت بە یەکێتى ئەوا رێژەکە زۆر کەمترە لەچاو یەکێتییەکاندا .

ستیڤان : گۆڕان نەیتوانی ببێتە بزووتنەوەی سەرتاسەریی بەڵکو لۆکاڵییە و زیاتر لە سلێمانی بوونی جیددی هەیە. بۆچی گۆڕان نەیتوانیوە ببێتە حزبێکی سەرتاسەریی ؟.

جەبار محەمەد: هەرچەندە دەبێت ئەو راستییە بوترێت بزووتنەوەى گۆڕان لەهەموو ناوچەکانى کوردستان لایەنگر و دەنگدەرى هەیە، بەڵام بەشێوازێکى بەرفراوانتر زیاتر لە سلێمانیدا چالاکییەکانیان چڕکردۆتەوە، کەشى لەبارى کارکردنى سیاسیی لە شارى سلێمانى رەنگە یەکێک بێت لە هۆکارەکان، کە واى کردووە گۆڕان وا ببینرێت تەنیا لە سلێمانی بوونى هەبێت، زۆرینەى سەرکردەکانیشیان خەڵکى سلێمانین لە بنچینەدا، یان نیشتەجێ سلێمانین و قورساییان لەم شارەدا خستۆتە گەڕ .

ستیڤان : هەنووکە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین، پێشبینی چی دەرئەنجامێک بۆ یەکێتی دەکەیت لە سلێمانی؟. پێتوایە ئەمجارە یەکێتی دەبێتەوە بە حزبی ژمارە یەک لە پارێزگای سلێمانی؟.

جەبار محەمەد: ئەوەى تێبینى دەکرێت هەڵبژاردنەکانى داهاتووى کوردستان، هەڵبژاردنێکى خرۆشانەیە هەموو حزب و قەوارە سیاسییەکان لە هەوڵى بەدەستهێنانى متمانەى زۆرترین دەنگدەرن، یەکێتى وەک لە یادى دامەزراندنى (38) ساڵەیدا تێبینى کرا کۆبوونەوەى ئەو جەماوەرە زۆرەى لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانى کوردستان ئامادەییان هەبوو، ئەوە دەخاتەڕوو ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى داهاتوو باشتر بێت لەچاو هەڵبژاردنەکانى پێشوویدا، دابەزینى یەکێتى بە لیستى سەربەخۆ بە تایبەت لەم هەڵبژاردنەى پەرلەمانى کوردستاندا، زۆرێک لە هەوادار و لایەنگرانى یەکێتى کە پێشتر بەهۆى هاوپەیمانى یەکێتى لەگەڵ پارتى ناڕازی بوون، ئاشت بوونەتەوە و دەنگیان بۆ یەکێتییە، بڕوام وایە یەکێتى ئێستا لە قۆناغى سەرلەنوێ نەشونمادایە، ئەوەى زیاتر ئەم گەشەکردنە بەردەوام و برەو پێدەدات و دەیپارێزێ، هەڵوێست و سیاسەتى داهاتوویەتى، بە تایبەت سەبارەت بەو پرسانەى پێویستە کۆدەنگى و سازانى نیشتمانى لەسەر بێت .

ستیڤان : ئۆپۆزیسیۆن هەڕەشەی بایکۆتی پرۆسەی سیاسیی و هەڵبژاردن دەکەن. پێتوایە ئەم هەڵوێستە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟.

جەبار محەمەد: بڕوا ناکەم ئۆپۆزیسیۆن هەڵەى وا بکات، رەنگە ئەم دەربڕینە وەک ریکڵامێکى پێش هەڵبژاردن بێت لانیکەم بۆ خرۆشانى جەماوەرى خۆیان و سازدانى پێشوەختە بێت، دەیانەوێت بەم هەڵوێستە دوو پەیام بگەێنن، یەکەمیان ئاڕاستەى دەسەڵاتە کە ئامادەن فەوزاى سیاسیى دروست بکەن ئەگەر دەسەڵات لەهەندێ هەڵوێستدا نەرمى نەنوێنێ. دووەم ئاڕاستەى لایەنگر و دەنگدەرانى خۆیانە بەمەبەستى زەمینەسازیى دۆخێکى ووروژاو، دروستکردنى گیانى کێبەرکێیە، بۆ بەرەو پیرى هەڵبژاردن، وەک تەحەدایەکى خۆیان، لایەنگرانیان جۆش بدەن بۆ ئەوەى لە بەرامبەر دەسەڵات هەموو توانایان بخەنە کار و هەڵبژاردن ببەنەوە.

ستیڤان : بایەخ و گرنگیی کۆنگرەی نەتەوەیی چییە ؟. کاریگەرییەکانی لەسەر دۆزی نەتەوەیی کورد چی دەبێ؟.

جەبار محەمەد: بەستنى هەر کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفراس و سیمینارێک، باس لە دۆخى سیاسیى نەتەوەکەمان لە هەر پارچەیەکى کوردستان بکات کاریگەریى ئەرێنى دەبێت لەسەر پێشخستنى، کۆبوونەوەى ئەمجارەى ئامادەکاریى بۆ سازکردنى کۆنگرەى نەتەوەیی کورد لە پایتەختى هەرێمى کوردستاندا دەسکەوتێکى گەورەیە و دەبێت هەمووان بایەخەوە لێى بڕوانین، پێویستە لەسەر هەمووان بە چاوى پڕ هیواوە لەم هەنگاوە بەشدار بین و هەوڵ و تێکۆشانمان چڕتر بکەینەوە لەپێناو سەرکەوتنى کۆنگرەکە و بەرەپێشبردنى زیاترى .

بەستنى کۆنگرەى نەتەوەیی کورد لە کات و ساتێکى ئاوادا کە ناوچەکە لە گۆڕانێکى بەردەوامدایە جێگەى خۆیەتى، ئەم هەنگاوە بەرەو ئایندەیەکى گەشتر و ئاسۆیەکى روونترمان دەبات، کۆکردنەوەى هەموو حزب و پارت و بزووتنەوە و رێکخراوە سیاسییەکانى هەموو پارچەکانى کوردستان لەسەر یەک مێزى بازنەیی خۆى لە خۆیدا مایەی سەرکەوتنێکى گەورەیە، بۆیە ئەرکى هەمووانە هاوکاربین لەسەرخستنى مامەڵەمان لە روانگەى بەرژەوەندیى باڵاى نەتەوە و نیشتمانەکەمان لەپێشى هەر دەسکەوت و بەرژەوەندییەکى حزبى یان کەسییەوە بێت، سەرکەوتنى کۆنگرەکەش پێویستى بەگیانى لە خۆبردوویى هەموو لایەنەکان هەیە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت