دانا تەیب مەنمی: بۆچی پێویستە خەڵکی کوردستان سزای ئەم دەسەڵاتدارانە بدەن؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قەیرانی حوکمڕانی و دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان لەبنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ستراتیژ و تاکتیکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و دامەزراوە نیشتمانییەکان، و قۆرغکردنی سەرجەم جومگە گرنگەکانی فەرمانڕەوایی و ژیاریی لەدەست گروپێک دەسەڵاتداری بێ باکدا.
بەتێڕامانێکی خێرا بۆ ئەزموونی دەسەڵاتی کورد لەماوەی 27 ساڵی ڕابردووی باشووری کوردستاندا، ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە کە دەسەڵاتداران نەک ھەر کاریان نەکردووە بۆ ھێنانەکایەی حوکمڕانی و کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و مۆدێرن و ئازادو دادپەروەر و خۆشگوزەران، بەڵکو ھەر دوای راپەڕین دەستیانکرد بە تاڵانکردن و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری ئەم وڵاتەو بەھەدەردانی سامان و داھاتی ئەم وڵاتە، و دەوڵەمەندکردنی خۆیان و خزمه‌کانیان، و تەخشان و پەخشانکردنی سامانی گەل لەپێناو ڕابواردنی خۆیاندا.
ھاوکات کەوتنە چەوساندنەوە و زەلیلکردنی میللەت و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و خەڵکانی ناڕازی و دواجار نانەوەی شەڕی ناوخۆ، و دوبەرەکی و ئاوارەیی و دەیان کارەسات و قەیرانی مرۆیی و نەتەوەیی و ژینگەیی و دارایی کە خەڵکی کوردستان و نەوەکانی داھاتوو ھەتا دەیان ساڵی دیکە دەبێت باجی بێ باکی و شکستەکانی ئەوان بدات.
بە پێچەوانەی ئەو دەسەڵاتدارە شکستخواردووانە، بەرھەم ساڵح لەماوەی ئەو دووساڵەی لە کابینەی شەشەمدا سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، خزمەتێکی زۆری بە خەڵکی کوردستان کردووە، و نموونەی دەسەڵاتداری باش و فەرمانڕەوایی ڕەشید بووە بۆ خەڵکی کوردستان.
دوای ئەوەی یەکێتی و پارتی ئەم وڵاتەیان تووشی ئەم ھەموو قەیران و نەھامەتییە کردووە، و لەماوەیەکی کەمدا نیوەی خاکی کوردستانیان لەدەستدا، و بەھۆی سیاسەتی شکستخواردووی ئابووری بەناو سەربەخۆ و فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوتەوە، مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستانیان بڕی، کاتی ئەوەیە تێکڕای خەڵکی کوردستان بەدەنگەکانیان سزایان بدەن.
ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەریی بەو بەرنامە تۆکمەیەی بۆ ھەڵبژاردنەکانی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق ئامادەیکردووە، و لەڕێگای کاندیدە بەھێزەکانی و ئەو دۆست و پشتیوانییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەی ھەیەتی، دەتوانێت لە پەرلەمانی عێراقەوە چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانەکانی لەدەستدانی کەرکووک و ناوجە جێناکۆکەکانی دیکە و قەیرانی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی کوردستان بدۆزێتەوە، و سەنگ و پێگەی ھەرێم لەئاستی عێراق و ناوچەکە و جیھاندا بگەڕێنێتەوە، بۆیە ھەقە ئێوەی جەماوەری دەنگدەری کوردستان متمانەی خۆتان ببەخشن بە ھاوپەیمانی و کاندیدەکانی تا لەبەغداوە ئازایانە شەڕی مافەکانتان بکەن.
بەکورتی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان و دەنگدەرانی ئەم ھەرێمە لە خۆ یەکلایی کردنەوە بۆ دەنگدان، ھەر تەنھا ئینتیمای حزبی نەکەنە پێوەر بەڵکو ئەوەش لەبەرچاوبگرن ئایا ئەوانەی چەندین ساڵە بە دەنگی ئێوە چوونەتە پەرلەمانی عێراق چییان کردووە، و کەسان و لایەنێک کە چەندین ساڵە تاقیکراونەتەوە، و نەیانتوانیوە لە بەغداوە بەرگریی لە خاکی کوردستان بکەن و ڕێگری بکەن لە پرۆسەی تەعریب کردن و ئاوارەکردنی خەڵکی کوردستان، و بەرگریی بکەن لە پشکی لەسەدا حەڤدەی بودجەی ھەرێم و پشکی دەرمان و شایستەی دارایی جوتیارانی کوردستان، شایستەی ئەوەن جارێکی دیکە متمانەیان پێبدرێتەوە، یان شایستەی ئەوەن بە دەنگەکانتان سزایان بدەن؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت