ocalan_imrali

دوایین وتووێژی عەبدوڵا ئۆجالان/ کریس کۆچێرا .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە فەڕەنسییەوە : سەلاحەدین بایەزیدی .

بەشی یەکەم :
سەرەتاکانی مانگی ژانوییە، کاتێک عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، وڵامی پرسیارەکانی ئەم وتوێژە تایبەتەی لە رۆما دەدایەوە، هێشتا نەیدەزانی دەبێ چ بکا: ئەو دەیگوت لە ئیتالیا دەمێنێتەوە، بەڵام دوای ئەم قسەیە یەکسەر باسی ئەوەی کرد کە لە وڵاتێکی تر دەگەڕێ بۆ ئەوەی میوانداری بکا… راست وای لێهات: وتوێژە دوور و درێژەکەی بۆ ماوەی نیو سەعاتێک راگرت، رۆیشتە ژوورێکی تەنیشت و لە گەڵ هاوکارە نزیکەکانی خەریکی ئامادەکردنی بەیاننامەیەک بوو کە تیایدا نیازی خۆی بۆ مانەوە لە ئیتالیا دەربڕیبوو. دەمەوئێوارە، تەلەفۆنی بۆ یەکێک لەو کەسانە کرد کە بەیانی ئەو رۆژە سەردانی کردبوو و پێی راگەیاند کە بە نیازە لە رۆما بمێنێتەوە، ئەو کەسە دکتۆر مەحموود عوسمان، “وەزیری پێشووتری کاروباری دەرەوەی” ژەنەڕاڵ بارزانی بوو کە ئەمڕۆکە یەكێکە لەو سیاسەتمەدارە دەگمەنە سەربەخۆیانەی کورد کە هەموو لایەک رێزی لێدەگرن. بەیانی رۆژی دواتر، عەبدوڵا ئۆجالان پێشی بە بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکەی دوێنێی گرت… ئەو داوای لە هاوکارانی کرد بە پەلە وڵاتێکی تر بدۆزنەوە کە ئامادە بێ وەریبگرێ. رۆژی ١١ی ژانوییە، ئۆلتیماتۆمێکی ٤٨ سەعاتەی دا بە هاوڕێیانی تاکوو رێگەچارەیەکی گونجاو بدۆزنەوە.

پەنابردنە بەر “دۆزەخی بچووک”
چ رووی دا؟ ئەو هەلومەرجەی عەبدوڵا ئۆجالان تیایدا دەژیا، تا دوا رادە ئەستەم و دژوار بوو: ئەو پیاوەی لە ساڵی ١٩٨٤ەوە خەباتی چەکداری کوردانی لە تورکیا رێبەرایەتی کردبوو، ئەو پیاوەی تورکیا هەموو کون و کەلەبەرێکی بە دوودا دەگەڕا، لە شارۆچکەیەکی بچووک بە نێوی ئینفێرێنتۆ – دۆزەخی بچووک – لە دەوروبەری ئۆستی لە نزیک رۆم پەنابەر بوو. ئەو گەڕەکەی تیایدا دەژیا لە لایەن پیاوانی کۆماندۆی DICOS، دەزگای هەواڵگری ئیتالییەوە چاودێری دەکرا. ئەم مەئموورە سڤیلانە، مسەلسەل بە دەست، دەمانچە لە نێو قەددا، چەقۆ بە رانەوە، بە بڵووز و چاویلکەی رەشەوە، نزیک لە ماڵی ئەو سەرکردە کوردە، شوێنەکەیان دەپاراست. ئەو مەئموورانە کە لە رامبۆ دەچوون، رامبۆگەلی زۆر تایبەت و هەموویان ئیتالیایی، لە باغچەی ڤیلا پاسەوانیان دەدا، لە نێو ماڵەکەدا و لە هەموو شوێنێ بەدی دەکران.

ئەوان بە کردەوە نهۆمی خوارەوەیان بە تەواوی داگیر کردبوو، بە کامپیۆتێرەکانیانەوە، بە فاکس، باتری تەلەفۆن و هاموشۆی بەردەوامیان. ئەو پلیکانە بچووکە پێچاوپێچانەی، لە داڵانەکە دوو نهۆمی ماڵەکەیان پێکەوە دەبەستەوە، بێ پسانەوە لە ژێر دەنگی چەکەکاندا دەجوڵانەوە. ئەوان لە بەردەم دەرگای ئەو ژوورەی، ئۆجالان پێشوازی لە میوانەکانی دەکرد، بە وردی چاودێری هەموو شتێکیان دەکرد، تەنانەت کاتێک دەچوو بۆ ئاودەست، وە دووی دەکەوتن…

وەک بەندکراوێک لە ژێر چاودێری چڕوپڕدا
دادگای ئیتالیا دەستووری ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانی دابوو تا ئەو کاتەی کۆمیسیۆنێک بڕیاری یەکلاکەرەوە لە سەر داواکاری ئەو بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری دەدا؛ بەڵام ئەو پیاوەی ئێمە بینیمان زیاتر وەک بەندکراوێک دەژیا کە لە ژێر چاودێری ئەمنی توند دابێ تاکوو پیاوێکی ئازاد. روون و ئاشکرایە ئیتالییەکان کە نەیانتوانی بە شێوەیەکی یاسایی ئۆجالان دەربکەن، بەو هیوایەی ئەو سەرکردە کوردە خۆی بڕیاری جێهێشتن بدا و لە شوێنێکی تر لە مافی پەنابەری بگەڕێ، گۆشارێکی دەروونی زۆریان لە سەر پەیڕەو کرد…

بەردەنگە ئیتالییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان – سەرۆکی کابینەی سەرۆک وەزیر ماسیمۆ دالێما و پارێزەرەکانی – لە مەترسیی گرتن و ئەگەری پڕۆسەی دادگایی کردنی ئاگاداریان کردبۆوە، هەروەها گوتبوشیان بۆی هەیە ئەم پڕۆسەیە درێژە بخایەنێ… بۆ نموونە شەش ساڵ! بیروبۆچوونی جیاواز لە نێو هاوڕێیانی عەبدوڵا ئۆجالاندا هاتە ئاراوە: بەرپرسانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووسیای پەکەکە، پێشنیاریان پێکرد بڕوا و سەرنجی ئەویان بۆ سەر مەترسییەکانی مانەوەیەکی درێژخایەن لە زیندان راکێشا. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی بەشی ئەورووپای پەکەکە پێشنیاریان پێکرد لە ئیتالیا بمێنێتەوە، ئەوان جەختیان لە سەر ئەمە کردەوە کە دەرفەتێکی زێڕین بۆ بە نێونەتەوەیی کردنی پرسی کورد هەڵکەوتووە… هەموو دۆستانی کورد لە ئەورووپاش پەیامی هاوشێوەیان ئاڕاستە دەکرد. خاتوو میتەران، سەرۆکی رێکخراوی فرانس لیبێرتێ، پەیامێکی پڕ لە وزەی ئاڕاستە کرد، پێی گوت کە “ئەگەر ئەو شۆڕشگێڕێکی راستەقینەیە، دەبێ لەو شوێنە بمێنێتەوە کە لێیەتی… ئەو نابێ لە گرتووخانە بترسێ، هەر وەک چۆن نیلسۆن ماندێلا، ٢٥ ساڵی رەبەقی لە گرتووخانەدا تێپەڕاند”! بەڵام عەبدوڵا ئۆجالان دواجار بڕیارێکی تری دا.

لە ماوەی چەند رۆژدا، نزیکانی ئۆجالان و سیاسەتمەدارانی ئەورووپا لە کەمپینی دۆزینەوەی چارەسەرییەکی سیاسییانە بۆ خەباتی کورد لە تورکیا وەردران، ئەوان هەوڵیان دا “دیپلۆماسی پینگ – پۆنگ” پیادە بکەن کە بووە هۆکاری هاتوچۆی سەرکردەی پەکەکە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تری ئەورووپای رۆژئاوا. چەندین وڵات وەکوو ئەگەر خرانە روو: هولەند، سوید، ئوتریش. ئۆجالان دەبوایە بۆ ماوەیەکی کورت، دوو تا سێ مانگ، لە هەر کام لەو وڵاتانە مابایەوە، دیارە ئەمە کێشەی سەرکردەکانی ئەو وڵاتانەی لە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکا و تورکیا ئاسانتر دەکردەوە. بەڵام گەورەترین گرفت، دۆزینەوەی یەکەم وڵات بوو کە پاش رۆیشتنی لە ئیتالیا وەریبگرێ. گەڵاڵە داڕێژەرانی “دیپلۆماسی پینگ – پۆنگ” شکستیان خوارد. بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکا و هەروەها لە بەر سیاسەتی نێوخۆیی…

بە دابڕان لە ئیتالیا، عەبدوڵا ئۆجالان بە ئەستەم دەیتوانی بە تەنیایی لە بەرامبەر هەڕەشە و گوڕەشەکانی تورکیا و گوشاری ئەمریکییەکاندا خۆ رابگرێ، ئەورووپا بە رێگە پێنەدانی لە سەر خاکەکەی، شانسێکی دەگمەنی بۆ تاقیکردنەوەی کاریگەریی لە سەر ئاڕاستەی سەرکردەی کورد و پەکەکە لە کیس دا. لە ناوبردنی لە لایەن تورکەکانەوە نایەتە واتای ئەوەی شەڕ لە کوردستان کۆتایی هاتووە، بە پێچەوانەوە، رێک نیشانەی ئەوەیە بەرەو شەپۆلێکی نوێی پەرەسەندنی ململانێیەکی خوێناوی هەنگاو دەنێین… مەترسی ئەوەش هەیە ئەو سەرخۆشییەی ئانکاراش کورتخایەن بێ: بە ئەگەرێکی زۆر راگرتنی ئۆجالان لە نێو گرتووخانە ئەستەم تر دەبێ تا لە دەرەوە.

پ: ئێستا لە چ بارودۆخێکدا دەژین؟ ئاخۆ بە راستی ئازادن یان نا؟
عەبدوڵا ئۆجالان: ئێستا بارودۆخێکی زۆر سەیر و سەمەرە دەژین، تا رادەیەک بێ وێنە. من نە ئازادم و نە بە بارمتە گیراو. دەتوانم بڵێم تاکە کەسێکم کە لە دونیادا دۆزینەوەی شوێنێک بۆی ئەستەمە. زۆر سەیرە. پلانگێڕییەک بە سەرکێشی تورکیا لە ئارا دایە و ئێمە ئێستا لە نێو بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆز داین. تورکەکان دەڵێن دەبێ من تەمبێ بکەن، جا لە کوێ بێ گرنگ نییە؛ مەترسییەکە زۆر جدییە. لەوانەیە نەتوانن ئەم هەڕەشەیە لە ئەورووپا جێبەجێ بکەن، بەڵام لە دەرەوەی ئەورووپا، بە هاوکاری ئیسرائیل لە دەستیان دێ. ئێمە هەوڵماندا دەرگاکانی ئەورووپا بکەینەوە، بەڵام لە ئیتالیا ئەستەمە. شوێنێکی وەک ئەفریقاش بۆ ئێمە مەترسیدارە….

پ: دەتانەوێ لە ئیتالیا بمێننەوە؟
هەرچەندە ترسیشی هەیە، بەڵام دەمەوێ لێرە بمێنمەوە. لێ حکومەت لە گەڵ ئەمەدا کێشەی هەیە. بەجێهێشتنی ئیتالیا لەم هەلومەرجەدا، جۆرێک خۆکوشتنە – یاخود بە خاک سپاردنێکی زیندوو، بەڵێ. رۆیشتن بۆ شوێنێکیش کە پەیوەندیت لە گەڵ کوردستانەوە نەبێ، لە مردن زۆر خراپترە. مەترسی لێرە دایە ئەگەر لە سەر ئەمە رێککەوتنێک لە گەڵ تورکیادا هەبێ.

پ: ئاخۆ ئیتالیا دەتوانێ دەرت بکا؟
ئەستەمە… هەندێک رێوشوێنی قانوونی هەن. وڵامدانەوە بە ویستی پەنابەریم، بڕیارێکی سیاسییە. بەڵام هیچ شتێک بە شێوەیەکی ئاسایی ناڕواتە پێش. 

پ: ئەگەر هەڵبژاردن بە دەست ئێوە بێ، چ دەکەن؟
لە روانگەی منەوە بەڕێوەبردنی چالاکی سیاسی لە ئەورووپا گرنگە .

پ: ئێوە پیاوێکی زۆر چالاکن… گومانی ئەوە هەیە نەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر بەمجۆرە لە نێو قەفەزدا خۆ رابگرن. ئایا پێتان وایە هەوڵی پاشەکشە پێکردنتان دەدرێ؟
ئێتالییەکان هەوڵیان دا ئەمەم تێ بگەیەنن، پاشەکشەم پێ بکەن… سەرەتا ئیتالیا هەڵسوکەوتێکی زۆر ئەرێنی هەبوو؛ پاشان، لە بەر هەڕەشەکانی تورکیا، ئێمە رووبەڕووی گرفت بووینەوە. هەڵبەت، ئێمە لە هەوڵی ئەوە داین وڵاتێکی دیکە بدۆزینەوە، بەڵام کێشەی هەڵبژاردنمان هەیە: پێویستە ئەو وڵاتەی هەڵیدەبژێرین، وڵاتێکی بەهێز بێ، بتوانی ئاسایشی من گەرەنتی بکا و بە شێوەیەکی یاسایی بتوانم بچم. پەلە پەلێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی رۆیشتنی من پێش بخەن.. گرنگ خۆڕاگری و بەرخۆدانە.

ساڵی ١٩٧٥، بارزانی نەیتوانی ٢٤ سەعات خۆ رابگرێ. شۆڕشی کوردستان تووشی نسکۆ بوو. ساڵی ١٩٩٦ تاڵەبانی لە هەولێر هەمان شتی دووپات کردەوە. هەموو شۆڕشەکانی کورد بەمجۆرە تێک شکێنراون. من ٢٥ ساڵە درێژەی پێ دەدەم. ئیتالیا من ناناسێ. هەوڵ نادا لێم تێبگا. من پێشنیارم پێکردن بەر لەوەی بڕیار بدەن، لێم تێبگەن، بەڵام ئەوان پەلە دەکەن.
هەندێک سات و سەودای بازرگانی لەم نێوانەدا رۆڵ دەبینێ.

پ: بۆچی لە سووریا رۆیشتن؟
مانەوە لەوێ، جەنگێکی ناوچەیی هەڵدەگیرساند. چارەنووسی رژێمی ئەو وڵاتەی تووشی مەترسی دەکرد. تورکیا بڕیاری دابوو ئۆپەڕاسیۆنێکی سامناک بەڕێوە ببا. ئەوان دەیانویست لە رێگەی منەوە دەست پێ بکەن، پاشان لە گەڵ سووریا و ئینجا عێراق درێژەی پێ بدەن بۆ ئەوەی بە سەر هەموو ناوچەکەدا زاڵ بن. من خۆم بڕیاری رۆیشتنم دا، کەمێکیش لە سەر داواکاری هاوڕێیانی یۆنانیم. بەڵام ئەو بانگهێشتەی یۆنانییەکان بڕی نەکرد. من نەمتوانی بچمە یۆنان، نەمتوانی لە فڕۆکەخانەی ئاتێن بچمە دەرەوە، نەمتوانی داوای مافی پەنابەرێتی بکەم. بۆیە لە سەر بانگهێشتێکی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی دوما، رۆیشتمە رووسیا.

پ: بۆچی نەتانتوانی لەوێ بمێننەوە؟
من مانگێک زیاتر لە رووسیا مامەوە. بەڵام سەرۆک وەزیر داوای کرد ئەو وڵاتە بە جێ بێڵم، سەرەڕای زۆرینەی دەنگی دوما؛ زۆر سەرنج راکێش و ئاڵۆزە .

پ: ئەمە چۆن لێک دەدەنەوە؟
تورکیا ئیمتیازی دا، ئەو بەڵێنی هەندێک شتی بە رووسیا دا، بە تایبەت سەبارەت بە چێچێن و موسڵمانەکانی رووسیا. جگە لەمە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بێ کاریگەر نەبوو.

پ: ئاخۆ دەتوانین چارەنووسی ئێوە لە گەڵ هی ژەنەڕاڵ بارزانی بەراورد بکەین؟ گەلۆ ئێوە لە لایەن سووریاوە، پاش ئەوەی لە گەڵ تورکیا بە رێککەوتن گەیشت، “راو” نران، وەک چۆن شای ئێران، ٦ی مارسی ١٩٧٥ لە گەڵ سەدام حوسێن لە ئەلجەزایر ئەو کارەی کرد و پشتی کوردەکانی عێراقی بەردا؟
لێکچوون هەیە. بارزانی توانی بچێتە ئێران، بەڵام هێزی پێشمەرگەکانی کە زۆر بە هێز بوون، پەرتەوازە بوون. دۆخی من زۆر لە هی ئەو دژوارترە، بەڵام من چالاکییەکانم هەڵنەپەسارد؛ بە پێچەوانەوە، زێدەتر پەرەم پێ دان. من پێویستیم بە پێشتیوانی دەرەکی نییە. بارزانی پشتی بە دەرەوە بەستبوو، من نا. هەروەها ئێمە، بەرخۆدان دەکەین .

پ: بەڵام ئایا ئێوە نەدەبوو “دەرکردن”ێکی وەهاتان لە لایەن سووریاوە لە بەرچاو گرتبا؟ هەروەها گەڕان بە دووی وڵاتێک کە وەرتانبگرێ؟
راستە، شکستێک هاتە ئاراوە… ئەمنیش دەبوایە پێشتر بیرم کردبایەوە، بەڵام کێشە بەجێهێشتنی ئەو ناوچەیە نییە کە لێی بووم: رۆیشتن لە سووریا هەلی ئەوەی بۆ رەخساندین کێشەکە لە روانگەی سیاسییەوە زیاتر بخەینە رۆژەڤەوە ….

سەرچاوە / ن ن س ڕۆژ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت