دکتۆر جمیل کاضم التمیمي : جیاوازی مرۆڤی ئێمەو مرۆڤی ئەوان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من زانایەکی فەلەکی ئەمریکیم !

لەعەرەبیەوە : جیهاد موحەمەد

بە هۆی بەرنامەی گەشەی خزمەتی تەندروستی دەرونی لەعێراقدا‌و سەفەرم بۆ ئەمەریکا، دەرفەتی سەردانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی دەرونی لەوڵاتانی یەکگرتوی ئەمەریکام بۆ رێکەوت. کاتێک لەگەڵ بەرێوەبەری نەخۆشخانەکەدا کە زۆر بە پەرۆشبوو بۆ ئەوەی کە سروشتی کارکردن‌و جۆری خزمەتکردنەکانی کە پێشکەشدەکرا بە نەخۆشەکان پێمانبناسێنێت‌و لەو ڕوەوە شارەزامان کات، بە ناو بەشەکانی نەخۆشخانەکەدا دەسوڕاینەوە.

لەیەکێک لەو بەشانەدا، کەسێکی بە ساڵاچوو کە تەمەنی لەسەرو هەشتا ساڵیەوە دەبوو، کە خەریکی ئوتوکردنی جلوبەرگ‌و دانانییانبوو لەو دۆڵابە تایبەتانەی بۆیان دانراوبوو، سەرنجی ڕاکێشام!. بۆیە بە چپە، پرسیارم لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەکرد، ئەم پیاوە بەتەمەنە یەکێکە لەوانەی کە زووتر نەخۆشبووە لە نەخۆشخانەکەتانداو ئێستا دوای چاکبوونەوە خزمەتی نەخۆشەکان دەکات؟ (چوونکە کاتێک کە نەخۆشێک باری دەرونی چاکدەکرێتەوە لە نەخۆشخانەکاندا، ماوەیەک کاریپێدەکرێت لەنەخۆشخانەکەدا، تا ئامادەباشی ئەوەی تیا دروستبێت کە بە سەرکەوتویی بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگا)

ـ بەرێوەبەری نەخۆشخانەکە پێکەنی ‌،  بەڵام نیشانەی لەڕودامان بە دەموچاوییەوە دیاربوو، بۆیە بردمیە لاوەو لەشوێنێکیتر کە ئەو پیاوە بەتەمەنە گوێی لەقسەکانمان نەبێت ، بە چپە پێییوتم ، نا ئەو پیاوە نەخۆشنەبووە .

ـ بەڵام چۆن دەتوانن کاربکەن بە کەسێکی وا بەتەمەن؟

ـ ئەمجارەش پێکەنی‌و بە دڵنیاییەوە وتی ئەو پیاوە کارمەندی نەخۆشخانەکە نییە .

ـ کەواتە ئەو پیاوە هەژارە کێییە‌‌و چیدەکات لێرە؟

ـ بە شانازیەوە وەڵامیدامەوە، وتی تۆ (تەلسکۆبی هابل)ت بیستوە؟

ـ بەڵێ بیستومە .. ئەو تەلەسکۆبە نەبوو کە هەزاران گەلەئەستێرەی پێدۆزرایەوە؟

ـ بەڵێ وابوو .

ـ بەڵام بۆ پرسیاری وام لێدەکەیت ؟

ـ ئەو پیاوە بە تەمەنەی تۆ پرسیاری لەسەر دەکەیت ، ئەوە سەرپەرشتیکاری ئەو تەلسکۆبە بوو .

ـ واقموڕما لەوەی کە بیستم، بەڵام جارێکیتر پرسیارمکردەوە چۆن لێرە کاردەکات؟

ـ لەگەڵ ژنەکەیدا رۆژانە دێن بۆ ئێرەو خۆبەخشانە کاردەکەن ، کاری پاکردنەوەو ئوتوکردنی جلوبەرگی نەخۆشەکان دەکەن .

ـ زیاتر سەرمسوڕما، ئێمە وا ڕاهاتووین بە ئاسانی بروا ناکەین ، بۆیە جارێکیتر پرسیارم لێکرد ئایا دەتوانم خۆم بە تەنیا قسەی لەگەڵ بکەم؟

ـ بە دڵنیاییەوە دەتوانییت، بەڵام تکا دەکەم بە هیچ جۆرێک ئەوەی من باسمکرد بۆت، باسی نەکەیت‌و نەزانێت من باسی ئەوم بۆ کردوییت .

باشە، خۆم لێزنزیکردەوەو بە پسپۆرییە دەرونناسییەکەی خۆم نەمهێشت بزانێت کە من پێشتر زانیارییم لەسەر وەرگرتووە . چووم بۆ لای‌و سڵاوم لێکرد ، خۆم پێشکەشکرد کە من پزیشکی دەرونیم و عێراقیم، لە عێراقەوە هاتووم بۆ ئەوە لە ئەزمونی پزیشکی دەرونی ئێوە شارەزابم ، گوێیلێدەگرتم‌ بەدەم ئوتوکردن‌و جۆرکردنی جلوبەرگەکانەوە، وردە وردە کەوتمە پرسیارکردن تا بگەمە پرسیاری مەبەست، کە جیاوازی کاری زووتریی‌و کاری ئێستای چییە .

ـ وەڵامی دامەوە ، وەک دەمبینیت، ئێستا خزمەتی ئەو نەخۆشانە دەکەم کە باری دەرونییان خراپە، جلوبەرگیان بۆ پاکدەکەمەوەو بۆیان ئوتودەکەم .

ـ زۆر جوانە … بەڵام کاری زووترت چیی بوو؟

ـ بە سادەو ساکاریی وەڵامی دامەوە من زانای فەلەکی بووم، سەرپەرشتیاری تەلسکۆبی فەلەکی هابل ‌ـ م دەکرد. ـ لەبەرخۆمەوە وتم ( ئەی خوا لەم چاکە گەورەیە) … وتم گەورەم تۆ دەبێت شانازی بە خۆتەوە بکەیت کە ئێستا ئەم خزمەتە مرۆییەی ئەو نەخۆشانە دەکەیت .

ـ لە قسەکەی من ، وەرسی‌و توڕەیی کەوتە سەر دەموچاوی، هاتە قسەو وتی، من هیچ چاکەیەکم نییە بەسەر ئەم نەخۆشانەوە، بەڵکو ئەوان چاکەیان هەیە بەسەر منەوە .

ـ بە سەرسوڕمانەوە وتم چۆن گەورەم، ئەوان چاکەیان هەیە بەسەر تۆوە، لەکاتێکدا تۆ خزمەتی ئەوان دەکەیت ؟

ـ وتی من پیاوێکی بەتەمەنم، خانەنشینم‌و کاتی زۆرم هەیە، ئەوان چاکەیان کردوە بەرامبەرم کە ئەم کارەیان داوەپێم بۆ ئەوەی کاتەکانی خۆمی پێپڕبکەمەوە!!!!

ئیتر هیچ قسەمنەکرد … ئەو کاتە زانیم چۆن ئەمەریکا توانیوێتی بەسەر هەموو جیهاندا زاڵبێت، بۆچی ئێمە نابین بە خاوەنی تەلسکۆبی فەلەکی؟؟؟؟

تێبینی: ئەوەی کە سەیرە، کەلەپوری ئیسلامی خاوەنی دەقێکە کە دەڵێت، بەجێهێنانی پێویستیەکانی خەڵک پێش بەجێهێنانی خواپەرستی دەکەوێت، بەڵکو بەجێهینانی پیویستیەکانییان لەسوڕانەوە بەدەوری کەعبەدا، هەزاران جار خێری زیاترە .

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=401836

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت