دکتۆر جەبار قادر : لێکەوتەکانی ئاشتبوونەوەی تورکیا لە گەڵ ڕووسیا و ئیسرائیل ـ بەشی دووەم .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەلاماری هاوپەیمانی خوێنڕێژ

پەلامارەکەی داعش لە فڕۆکەخانەی ئەستەموڵ بۆ چەندەمین جار ئەو ڕاستییەی بۆ هەموو لایەک دووپات کردەوە ، کە یاریکردن بە ئاگری هێزگەلی تیڕۆریست و خوێنڕێژی ئیسلامی زۆر نابات بە دەستی یاریکەراندا دەتەقێتەوە . کاتێ ئەردۆگان و هاوبیرانی لە پارتی داد و گەشەپێدان لە هەوڵی ئەوەدا بوون داعش و گروپە خوێنڕێژەکانی تری توندڕەوانی ئیسلامی بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاربێنن ، بیریان لەوە نەدەکردەوە ڕۆژێک دێت ئەم گروپانە بەو شێوەیە لێیان هەڵدەگەڕێنەوە و وەک مار پیانەوە دەدەن . فۆبیای  کورد ، خەونی لەنێوبردنی ڕژێمی بەشار ئەسەد و جێگیرکردنی دەسەڵاتی برایانی موسڵمان لە سوریا و وڵاتانی تر کوێری کردن و ڕێگەی ئەوەی لێگرتن ڕاستییەکان وەک خۆیان ببینن و دەست بۆ ئەم یارییە ترسناکە نەبەن . ئەزمونی گروپە ئیسلامییەکان لە نیو سەدەی ڕابردوودا ئەوەی بە ڕوونی دەرخستووە کە کەس ناتوانێ یارییان پێبکات ، بەڵکو ئەوە ئەوانن لە کۆتاییدا یاری بەهاپەیمان و هاوئامانجە کاتییەکانیان ئەکەن .

هاریکاری گروپە ئیسلامییەکانی ئەفغانستان لە دژی سوپای داگیرکەری سۆڤیەت ، یاریکردنی ئەنوەر سادات لە گەڵ گروپە ئیسلامییەکانی میسر و … تاد ، ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە . لە شەڕی نەگریسی براکوژیشدا پارتی و یەکێتی دەستیان بۆ ئەم ئامرازە ترسناکە برد و دواتر پێیاندا تەقییەوە . ئێستاش لە ژێر ناو و دروشمی جیاوازدا بیر و بۆچوونی ئەم گروپانە پانتاییەکی فراوانی کۆمەڵگەی ئێمەیان داگیرکردووە .

کاتێ ئەردۆگان لە دژی ئیسرائیل وتاری ئاگرینی دەدا و پشتگیری خۆی بۆ فەلەستینییەکان ڕادەگەیاند مێگەلانی جەماوەری وڵاتانی عەرەبی وەک سوڵتان و خەلیفەی موسڵمانان پێشوازییان لێدەکرد ، ئەویش ڕێگەی بە خۆی دەدا ڕێنمایی ڕابەرانی برایانی موسڵمان لە میسر ، تونس و لیبیا بکات کە دەبێ چی بکەن و چۆن دەستورێک بۆ وڵاتەکانیان دابنێن . کاتێکیش پشتگیری خۆی بۆ چێچانەکانی ڕووسیا ، تەتارەکانی کڕیم، ئویگورەکانی چین ، موسڵمانانی بۆسنە و ئازربایجانییەکان لە دژی ئەرمەن لە پرسی نەگۆڕنە  – قەرەباخ ڕادەگەیاند ، خەڵکانێکی زۆر بە تاکە ڕابەری خاوەن هەڵوێستیان لە هەموو جیهانی ئیسلامیدا دادەنا .

سەرچاوەی فکریی هەوڵ و تەقەلاکانی ئەردۆگان تێزەکانی ئەحمەد داودئۆگڵو بوو . کرۆکی ” تیۆرییە ” بێ بەرهەمەکەی داودئۆگڵو ئەوە بوو کە بە هۆی پێگەی جیۆسیاسی ، مێژووی هاوبەش، توانای ئابوری و سەربازی تورکیا توانای ئەوەی هەیە کاریگەری مێژوویی خۆی لە دونیای عەرەب و ئیسلامدا زیندوو بکاتەوە . ئەم تێزە زۆر جار بە ” عوسمانیزمی نوێ ” و هەڵگرانی بیرەکەش بە عوسمانییە نوێکان نێودەبران . بە پێی داودئۆگڵو دەبوایە ئەم کاریگەری و هەژموونە لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە بەدی بهاتایە ، واتا لە ڕێگەی پەیوەندی ئابوری ، بازرگانی و کلتوری و … تاد . لێرەوە سیاسەتی سفر کێشە لە گەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا ، پەیوەندی ئابوری و بازرگانی بەربڵاو ، باسی گەلانی خزمی تورک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڵاوکردنەوەی زمان و فەرهەنگی تورکی لە ڕێگەی بڵاوکراوە و تەلەفزیۆنەکانەوە ، دەستیان پێکرد .

ئەم تێزانەی داودئۆگڵو لە سەر هەموو ئاستەکان شکستیان هێنا . ڕاستە تورکیا دەوڵەتێکی گەورە و بەهێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، بەڵام لە سەر ئاستی دونیا ئەو زلهێزە نیە بتوانێت خواستەکانی خۆی بە سەر هێزە سەرەکییەکانی ئەم سەردەمەدا بسەپێنێ . نە توانای ئابوری، نە هێزی سەربازی ، نە ئاستی پێشکەوتنی زانستی و تیکنۆلۆژی ، نە گەشەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و … تاد ، تورکیا دەکەن بەو هێزەی خەون و خەیاڵەکانی ئەردۆگان و داودئۆگڵو بەدیبێنێت .

لە سەر ئاستی سیاسەتی نێودەڵەتی و بەهۆی دەستێوەردانەکانی ئەردۆگانەوە لە کاروباری وڵاتاندا پەیوەندییەکانی تورکیا لە گەڵ زۆربەی وڵاتانی هەرێمەکەدا تێکچون . ئاڵۆزییەکان تەنها لە گەڵ وڵاتانی دراوسێدا نەبوون ، بەڵکو ئیسرائیل ، ڕوسیا و تەنانەت دەوڵەتانی هاوپەیمانیشیان لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاش گرتەوە .

پێموایە تێزە بێ بەرهەمەکانی داودئۆگڵو تەنها لەو هەرێمە بێ سەر و بەرەی ئێمەدا دەسکەوتی هەبوو . تێبەردانی کۆمپانیاکانی تورکیا بە گیان کوردستان ، بەتاڵانبردنی نەوت و سامانە سروشتییەکانمان ، تاڵانکردنی کورد لە ڕێگەی کاڵای بێ کەڵکەوە کە بازارەکانی کوردستانیان تەنیوەتەوە ، داگیرکردنی هۆش و هەستی بینەرانی کورد لە ڕێگەی زیجیرەی تەلەفزیۆنی بێ تامەوە ، بردنی پارەیەکی زۆر بۆ تورکیا لە ڕێگەی گەشتیاران و ئەوانەی لە ڕێگەی قاچاخچی تورکەوە دەیانەوێت بگەنە ئەوروپا ،  سەرباری دەیان هەزار کوردی دەوڵەمەند کە خەریکی خانو و ئەپارتمان کڕینن لە تورکیا ، هەموو ئەمانە کوردستانیان کرد بە باخچەیەکی دواوەی تورکیا .

باری ئاڵۆز و پڕ لە مەترسی تورکیا و هەرێمەکە ئەردۆگانیان لە خەونەکانی ڕاچەڵەکاند . هاوسەنگی هێزەکان، بەرژەوندییە باڵاکانی دەوڵەت و واقیعییەتی سیاسی تێزەکانی داودئۆگلویان توڕهەڵدایە سەبەتەی کەمتەرخەمییەوە (سلة المهملات بە وتەی برادەرێکی زمانزان ) و خۆشی کرا بە قۆچی قوربانی . ڕاستییە تاڵەکان خۆیان بە سەر ئەردۆگان و یاوەرە نوێکەیدا سەپاند و ناچاریان کردن شەرابی پەشیمانی بنۆشن و بکەونەوە مەراییکردن بۆ ئیسرائیل و ڕووسیا .

هەرچەندە میدیای تورکیا هەوڵیدا وای وێنا بکات کە ئەردۆگان تەنها دڵگرانی خۆی بۆ کوشتنی فڕۆکەوانە دیلەکە دەربڕیوە ، بەڵام کەس باوەڕی بەم لێکدانەوەیە نەکرد و خەڵک بۆ خۆی ، وەک دەڵێن کاغەزی سپی دەخوێننەوە. تەنها دوو ڕۆژ دوای ئەوە ئەردۆگان و پوتین بۆ ماوەی چل خولەک بە تەلیفۆن قسەیان لە گەڵ یەکدا کرد . لەو پەیوەندییە تەلیفۆنییەدا لە سەر یەک بینین و هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان رێککەوتن .

بە بۆچوونی ڕووسەکان دەبێت ئەردۆگان کۆمەڵێک مەرج بە جێبێنێت پێش ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی ببنەوە . بەر لە هەموو شتێک ڕووسەکان چاوەڕیی ئەنجامی دادگاییکردنی ئەو کەسانە دەکەن کە فڕۆکەوانە دیلە ڕووسەکەیان بەو شێوە دڕندانە کوشت ، لە دوای ئەوەش پرسی قەرەبووکردنەوە دێتە کایەوە . ڕووسیا داوای ئەوە لە تورکیا دەکات واز لە دەستێوەردان بێنێت لە نیمچە دورگەی کڕیم ، ئاڵۆزیی نێوان ئەرمەن و ئازەرییەکان لە نەگۆڕنە – قەرەباخ و زۆر شوێنی دیکەی کەفکاز و دەریای ڕەش . نزیکبوونەوەی تورکیاش لە ئۆکراینا خاڵێکی هەستیارە بۆ ڕووسیا . لە کێشەکانی سوریادا هەڵوێستەکانیان نەک هەر ناکۆکن ، بەڵکو دژ بە یەکن . بۆ شەڕی دژە تیڕۆریش ، ڕووسیا داوای شەڕ لە دژی داعش و هەموو ڕێکخراوە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەکات ، لە کاتێکدا شەڕی دژە تیڕۆڕ بۆ تورکیا تەنها شەڕی کوردە ، ئەمەش بەلای ڕووسەکانەوە مایەی قەبوڵکردن نیە .

پێموانیە لە مەودایەکی زۆر کورتدا پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بگەڕێنەوە دۆخی جارانیان ، هەرچەند هەردوولا لە ژێر باری کۆمەڵێک فشاری ئابوری ، کێشەی ناوخۆیی و دەرەکیدا دەناڵێنن کە ناچاریان دەکەن پەیوەندییەکانیان ئاسییبکەنەوە .   

هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاسییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا و ئیسرائیلدا بە لای داعشەوە خیانەتێکی ئەوەندە گەورەیە کە نابێت بە بێ سزا تێپەڕێت . پەلامارەکانی فڕۆکەخانەی ئەستەموڵ وەڵامی توند و بەپەلەی داعش بوو بۆ ئەردۆگان و هاوبیرانی لەم بوارەدا . خیانەت لە برایەتی خۆێن لە نێوان هێزگەلی  تاوانکاردا ، هەمیشە سزاکەی خوێنڕشتنی زیاترە . بە لای داعشەوە دەستێکەڵکردن لە گەڵ ڕووسیای کافەر و ئیسرائیلی جولەکدا ، ئەردۆگان دەباتە خانەی هەڵگەڕاوانەوە لە ئاینی ئیسلام و شەڕکردنی دەبێتە ئەرکێکی پیرۆزی ئاینی ئەم ڕێکخراوە خوێنڕێژە .

پێموایە هێشتا داعش شەڕی تەواوی لە دژی ئەردۆگان ڕانەگەیاندووە . ڕەنگبێ هەر لە بەر ئەمەش بێت  تا ئێستا هیچ یەک لەم پەلامارانەی نەگرتۆتە ئەستۆی خۆی . هێشتا لە دژی کورد ، ڕژێمی ئەسەد ، ڕووسیا ، شیعە و هەموو دوژمنانی هاوبەش پێویستییان بەیەکدی ماوە . بەڵام ئەگەر ئەردۆگان خۆی بە تەواوی یەکلا بکاتەوە ، ئەوا ئەو دەمە شەڕی ڕاستی داعش لە تورکیا دەستپێدەکات . کردنەوەی دەروازەکانی تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا لە  بەردەم داعش و ڕێکخراوە توندڕەوەکاندا،  دەرفەتی زێڕینیان بۆ ئەم ڕێکخراوانە ڕەخساند بۆ ئەوەی سەدان شانەی نوستوو و تۆڕێکی بەربڵاوی ڕێکخستن و بڵاوکردنەوە لە نێوخۆی تورکیا و دەوروبەریدا دروست بکەن . ئەمانە لە کاتی پێویستدا دەتوانن ئاگر بەردەنە هەموو تورکیا .

ڕەنگبێ ئەمە یەکەمین لێکەوتەی ڕاستەوخۆی هەوڵی ئاسییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا بێت لە گەڵ ڕووسیا و ئیسرائیلدا . بەر لە هەموو شتێک ئەم کردەوانە گورزی کوشندەن بۆ دۆخی ئەمنی و سێکتەری گەشتیاری و وەبەرهێنان لە تورکیا . ڕێژەی گەشتیاران لە تورکیا بە شێوەیەکی دراماتێکی دابەزیوە : گەشتیارانی ڕووسیا بە ڕێژەی ٩٣٪، ئیتاڵیا ٥٥٪، ژاپۆن ٤٢٪ و ئەڵمانیا بە ڕێژەی ٣٥٪ . 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت