دکتۆر جەبار قادر: پوتینیزم  Путинизм .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پوتینیزم ئایدیۆلۆژییایەک نیە بە ناوی کەسێکەوە ناوبانگی دەرکردبێت وەک مارکسیزم، لێنینیزم و ماویزم، بەڵکو شیوازێکە لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە لە سێبەری ڤڵادیمێر پوتین لە ڕووسیای پۆست- سۆڤیەتیدا هاتۆتە کایەوە. چاودێرانی سیاسی و میدیاکاران هەوڵئەدەن جێگەیەک بۆ پوتینیزم لە نێوان تۆتالیتاریزم و لیبیرالیزمدا بکەنەوە، پێناسەیەکی زانستی بۆ بدۆزنەوە و ڕەگەز و پێکهاتە سەرەکییەکانی دەستنیشان بکەن و بۆ خوێنەران شیبکەنەوە.

پێناسەی هەرە سادە و سانای پوتینیزم بریتییە لەو کۆمەڵە بیر و بۆچوون، ئامانج و ڕێکار و شێوازی بەڕێوەبردنە  کە لە ژێر کاریگەری پوتین و دەست و دایەرە نزیکەکەیدا هاتوونەتە کایەوە و لە ڕووسیای ئەمڕۆ کاریان پێدەکرێت.  بۆ یەکەمین جار ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی ولیام سافیر دەستەواژەی پوتینیزمی لە دوا ڕۆژی ساڵی 2000 دا لە ڕۆژنامەی نیویۆرک بەکارهێنا.

بە پێی هەندێ نووسەری ڕۆژئاوایی ڕژێمی پوتین سیستەمێکی تەواو نوێیە و نموونەی لە مێژووی سیاسیدا نیە، بەو واتایەی خەڵتەیەکە لە خەسڵەتەکانی کۆمەڵێ سیستەم و ڕژێمی سیاسی و ئابوری دوو سەدەی ڕابردوو، لە بۆنەپارتیزمی ناپلیۆنەوە بیگرە تا دەگاتە فاشیزمی ئیتالی، لە پیرۆنیزمی ئەرجەنتینەوە تا دەگاتە ئەتاتیزمی ئەتاتورک و پەپولیزمی بیڕلۆسکۆنی. لە پوتینیزمدا هەندێ لە خەسڵەتەکانی ڕژێمە هەرە خراپەکانی ڕۆژهەڵاتیش، وەک ئەوانەی قەزافی و سەدام و ئەسەد بەدی دەکرێن. پوتینیزم ڕژێمێکی سیاسی ناسیۆنالیستی ڕووسیی ڕاستڕەوە، گرنگی بە تایبەتمەندی و ڕێگەی تایبەت بە ڕووسیا دەدات. لەم بوارەدا پەنا بۆ بیرمەندانی سەدەی نۆزدەهەمی ڕووسیا دەبات کە ڕەخنەی توند لە ئەوروپای ڕۆژئاوا دەگرن. دژایەتی ئەمێریکا و ئەنگلۆساکسۆن پێگەیەکی بەهێزی لە گوتاری پوتینیزمدا هەیە. کەنیسەی ئەرسەدۆکسی گرنگیی تایبەتی پێدەدرێت و لە خزمەتی سیستەمی سیاسیدا ڕۆڵی بەرچاو دەبینێت. لە سەر ئاستی ئابوریش کۆنترۆڵکردنی چالاکییە ئابورییەکان لە لایەن دەوڵەتەوە کۆڵەگەیەکی سەرەکی پوتینیزمە. لە سەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەش لەم ساڵانەی دواییدا پوتینیزم هێڕشبەر و پەلاماردەرە (2).

لە ڕووسیا کەسایەتی سەرۆک، نەک دامەزراوە و دەزگاکانی دەوڵەت، ڕۆڵی سثقثنغ لە ژیانی سیاسی و کارگێڕی وڵاتدا دەبینێت. جیهانبینی سەرۆک و تێگەیشتنی بۆ ڕابردوو و ئەوڕۆی ڕووسیا بڕیاردەرە لە سەر پرسەکان. پاشخانی  پەروەردەکردنی لە دەزگای هەواڵگری سامناکی (کۆمیتەی ئاسایشی دەوڵەت) ( کەگەبە KGB) و ئەزموونە تایبەتییەکانی لە نێو ئەو دەزگایە لە سێبەری دەسەڵاتی سۆڤیەتیدا و کارە نهێنییەکانی لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بە هاوکاری لە گەڵ وەزارەتی ئاسایشی دەوڵەت ( ستاسی)،  کاریگەی بەهێزیان لە سەر کەسایەتی، هەڵس و کەوتی پوتین و سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی ڕووسیا داناوە.

ڕووسیا لە مێژووی دوور و درێژیدا سیستەمی دیموکراسی ڕاستەقینەی بەخۆیەوە نەبینیوە، نە لە سەردەمی تسارەکان، و نە لە ساڵانی دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکاندا. لە دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەتیش، ڕووسیا لە بری ئەوەی ببێت بە دەوڵەتێکی دیموکراتی، بوو بە گۆڕەپانی تراتێنی مافیا و تۆڕەکانی تاوانکاری و هەرکەسە بۆخۆی. ئەو فاکتەرەی لایەنگرانی زۆری بۆ پوتین و پوتینیزم پەیدا کرد ئەوەبوو کە لە ساڵانی دەسەڵاتی ئەودا ئەمن و ئاسایش گەڕایەوە بۆ وڵات و سنوورێک بۆ مافیا و تٶڕيکانی تاوانکاری دانرا. لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەر لە سێبەری دەسەڵاتی ئەودا بوو کە ڕووسیا جارێکی تر لە سەر گۆڕەپانی ڕووداوەکان وەک زلهێزێک خۆی نمایش کرد و ڕۆژئاوای ناچار کرد  حسێبی بۆ بکەن.

لێرەدا باس لە باشی و خراپی ئەم سیاسەتانە ناکەین. تەنها وەکو فاکت و بەو پێیەی لێێ تێگەیشتووین دەیانخەینە بەرچاو. بەڕێوەبردنی وڵات بە شێوەیەکی نادیموکراتییانە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە نێوخۆی وڵات و پشتگیری کردن لە دەسەڵاتدارنی دیکتاتۆری وەک سەدام، قەزافی و ئەسەد مایەی ڕخنەی توندن لە پوتین و ڕژێمەکەی.

لە بەرامبەردا لە هەردوو بواری دابینکردنی ئاسایشی نێوخۆیی و گێڕانەوەی بەشێک لە پێگەی نێودەوڵەتی بەهێزی ڕووسیا بە پێێ زۆربەی خەڵکی ئەو وڵاتە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی پوتیندا هاتوونەتە بەرهەم، بۆیە پشتگیری لێدەکەن و پەسنی سیاسەتەکانی لەم بارەیەوە ئەدەن. کار گەیشتووە بەوەی زۆر کەس لە ڕووسیا مانەوەی پوتین بە زامنی ئاسایش و بەهێزی ڕووسیا بزانن، سەر زمان و بن زمانیان ئەوەیە: ئەی ئەگەر پوتین نەبێ، دەبێ کێ بێ؟. هەڵبەتە ئەمە پرسیارێکی بێ واتایە، نەک بۆ وڵاتێکی مەزنی وەک ڕووسیا، بەڵکو بۆ بچوکترین وڵاتانی دونیاش.

ڤڵادیمێر ڤڵادیمێرەڤیچ پوتین لە 7 ئوکتۆبەری 1952 لە لێنینگراد ( سانپیتەربورگ –  سانت پوترسبورگی ئێستا) هاتۆتە دونیاوە. باوکی لە هێزی دەریاوانی خزمەتی کردووە و لە شەڕی دووەمی جیهانیدا بەشدار بووە و گەلێ میدالیای وەرگرتووە و لە ساڵی 1999 کۆچی دوایی کردووە. دایکیشی ماریا ئیڤانەڤنا شێڵەمەڤا لە فابریکا کاری کردووە، گەمارۆی 900 ڕۆژەی لێنینگرادی بینیوە و ساڵێک بەر لە کۆچی باوکی پوتین، واتا لە ساڵی 1998 کۆچی دوایی کردووە.

پوتین و کەسو کاری لە ئەپارتمانێکی (شوقە) هاوبەشدا دەژیا، کە پێداویستییە سەرەکییەکانی تێدا دەستەبەر نەبوو. ئەم ئەپارتمانە هاوبەشانە بریتی بوون لە چەند ژوورێکی گەورە، هەر ژوورەی خێزانێکی تێدا دەژیا، گەرماو چێشتخانە و سەرشۆریان هاوبەش بوون. پوتین تا کارکردنی لە کەگەبێ ژیانی لەوێ بەسەر بردووە. هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە حەزی لە کارکردن لە دەزگای هەواڵگری و ئاسایش کردووە. دوای ئەوەی بوو بە سەرۆکی ڕووسیا ئەوەی دەگێڕایەوە کە زۆر سەیری ئەو فیلمانەی دەکرد باسیان لە کاری هەواڵگری و سیخوڕی دەکرد و زۆر حەزی لێبوو ئەویش وەک پاڵەوانەکانی ئەو فیلمانە بژێت و کار بکات. لە ساڵی 1970 قوتابخانەی تەواوکرد و لە ساڵانی 1970  – 1975 لە بەشی نێودەولەتی فەکولتێتی قانون لە زانکۆی لێنینگراد دەیخوێند. هەر لە زانکۆ بوو بە ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەت. هەر لە زانکۆش بوو لە گەڵ ئەناتۆلی سابچاک ئاشنایی پەیداکرد، کە لە دوای داڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت کاری لە تەکدا کرد. سابچاک ئەو کاتە مامۆستا بوو لە زانکۆی لێنینگراد. دوای تەواوکردنی زانکۆ قوتابییەکان دابەشکران بە سەر دەزگاکاندا. پوتین بەر کەگەبێ کەوت. هەر لەو ساڵەدا کۆرسێکی پێگەیاندنی وەک ئەفسەری هەواڵگری کەگەبێ بینی. لە ساڵی 1977 لە بەشی کۆنتەر ڕەزڤێدکا – دژە سیخوڕی لە لێنینگراد کاری دەکرد. لە ساڵی 1979 لە قوتابخانەی باڵای کەگەبێ لە مۆسکۆ کۆرسی شەش مانگەی سەر لەنوێ پەروەردەکردنی ئەفسەرانی هەواڵگری تەواوکرد و گەڕایەوە بۆ لێنینگراد. لە ساڵی 1984 وەک مایۆری (مەیجەر) قانونی بۆ خوێندنی یەکساڵی لە فەکولتێتی ئەندرۆپەف – ئینیستیتوتی هەواڵگری کەگەبێی سۆڤیەتی وەرگیراو  لە ساڵی 1985 تەواوی کرد.

ئەم جارەیان هەواڵگری دەرەکی هەڵبژارد بۆ خوێندنەکەی و دەستی بە فێربوونی زمانی ئەڵمانی کرد. لە ساڵانی 1985 – 1990 لە ئەڵمانیای دیموکراتی کاریی هەواڵگری دەکرد. کارەکەی لە ژێر پەردەی بەڕێوەبەری دارایی ڕێکخراوی دۆستایەتی سۆڤیەتی – ئەڵمانیای دیموکراتی لە درێزدن دەکرد. بۆ ئەو کارەی پلەکەی بەرزکرایەوە بۆ عەقید وەک ئەفسەر و یاریدەدەری سەرکردەی هەواڵگری و لە ساڵی 1989 میدالیای مسیی وەرگرت لە بەرامبەر ئەرکەکانی بۆ سوپای میللی ئەڵمانیای دیموکرات. لە بارەی چالاکی و کارەکانێوە لەوێ زانیاری زۆر لە بەردەستدا نین. پێدەچێت بۆ ئەوە نێردرابێت بۆ ئەوەی لە نێو ئەندامانی پارتی دەسەڵاتداردا لەوێ لایەنگران بۆ ڕیفۆرمەکانی گەرباچێف ” گورباچۆف ” پەیدا بکات. سەرکردەی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات ئێریک هۆنیکەر لە گەڵ ڕیفۆرمەکانی گەرباچێفدا نەبوو و دەیویست لە سەر سیاسەتی دەقگرتووی خۆی بەردەوام بێت. دەبوایە پوتین لە نێو دەزگای سیاسی و هەواڵگری هاوکار و لایەنگیر پەیدا بکات. کاتێ سیستەمی سۆسیالیستی داڕوخا گەڕایەوە بۆ سان پیتەربورگ ( ئەو دەمە هێشتا لێنینگراد بوو). دەستی بە کار کرد لە گەڵ مێری شارەکەدا ئەناتۆلی سابچاک، کە سیاسەتمەدارێکی چالاکی سالانی دوای داڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت بوو و لە ساڵی 2000 کۆچی دوایی کرد.

بە وتەی خۆی لە دوای گەڕانەوەی بۆ ڕووسیا نەیویست لە بەشی دەرەوەی کەگەبێ لە مۆسکۆ کار بکات، بەڵکو  گەڕایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆی لە لێنینگراد. دوای ئەوەی گوێزرایەوە بۆ شارەوانی لێنینگراد بە وتەی خۆی دوو جار داوای دەست لە کارکێشانەوەی لە کەگەبێ کرد. لە کۆتاییدا لە ئابی 1991 وازی لە کەگەبێ هێنا و دەستی لە کارکێشایەوە. لە ساڵانی 1991 – 1996 یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی لێنینگراد بوو بۆ کاروباری نێودەوڵەتی. لە هەمان کاتدا سەرۆکایەتی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی لێنینگرادی دەکرد. ڕاوێژکاری سەرۆکی شارەوانیش بوو و دواتر کرا بە یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی خۆجێی شارەکە کە ناوەکەی لە لێنینگرادەوە کراوە بە سانپیتەربورگ. ساڵی 1996 کرا بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری کاروباری سەرۆکی ڕووسیای فیدیرالی، لێرەوە هەڵکشانی بە پایە باڵاکانی دەوڵەتدا پەرەی سەند. لە دوای ماوەیەکی کەم وەک سەرۆکی دامەزراوەی ئاسایشی فیدیرالی و سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایش، لە ئابی 1999 کرا بە سەرۆک وەزیرانی ڕووسیای فیدیرالی و لە 31 دیسەمبەری 1999 کرا بە بەڕێکەر و جێبەجێکاری ئەرکەکانی سەرۆکی ڕووسیای فیدیرالی و لە 26 مارتی 2000 دا بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا. لە ساڵانی 2004  و 2012 سەرلەنوێ وەک سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرایەوە. لیستی ئەرکەکانی دیکەی   پوتین بریتی بوو لە سەرهەنگی یەدەکی ئاسایش 1999، ڕاوێژکاری دەوڵەتی پلە یەک 1997، دکتۆرا لە زانستە ئابوورییەکان 1997، پاڵەوانی سپۆرت لە جودۆ و سامبۆ، پاڵەوانی لێنینگراد لە جودۆ لە ساڵی 1975 . لە تەک زمانی ڕووسیدا، زمانی ئەڵمانیدا زۆر باش دەزانێت.

پوتین لە ساڵی 1999 تاوەکو ئێستا خاوەن دەسەڵاتی ڕەهایە لە ڕووسیا و لەوەش ناچێت بەم زووانە کۆتایی بەو دەسەڵاتەی بێت. ساڵی 2012 ، کاتێ بووەوە بە سەرۆکی ڕووسیای فیدیراڵ، لە ڕووی تیۆرییەوە مافی ئەوەی هەیە بۆ 12 ساڵی دیکە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە. بەو پێیەش زیاتر لە لیۆنید برێژنێڤ (18  ساڵ) و تسار نیکۆڵای دووەم (22  ساڵ) فەرمانڕەوایی ڕووسیا دەکات. ئەو نەک تەنها لە ڕووسیا بەڵکو لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش یاریکەرێکی بەهێزە و ڕۆڵی گرنگی هەیە. بۆ کۆبوونەوەکانی ج7 بانگ دەکرێت و لە کۆشکی شاهانەی بەکینگهامی بریتانیاش ئەلیزابێتی دووەم پێشوازی لێدەکات. گۆڤاری تایمی ئەمریکیش لە 2007 بە کەسایەتی ساڵ ڕایگەیاند. ئەم پێگەیە گرنگەی کە بەدەستی هێنا بەشێکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆتایی هێنا بەو بێ سەر و بەرییەی ڕووسیای لە کاتی بۆریس یەلتسندا نەخۆش و سەرخۆش شەکەت کردبوو.

پوتین لە دەسپێکەوە ئەم پوتینەی ئێستا نەبوو. ئەو وەک سیاسەتێکی پراگماتی خۆی نمایش دەکرد و لە هەوڵی ئەوەدا بوو ڕووسیا لەو بارە ناهەموارە دەربکات. لە گەڵ هاوکاری و هەماهەنگیدا بوو و هەندێ کەس لە ئەوروپا ئەو بە کاربەدەستێکی دیموکرات ناویان دەهێنا. ئێستا کەس ناتوانێت ڕژێمەکەی پوتین بە ڕژێمێکی دیموکراتی ناو ببات.

میدیای سەر بەدەوڵەت هاژ و هوژی زۆر بە دەوری سەرۆکدا دەکات و بە ڕزگارکەری ڕووسیای دادەنێ. بە پێی ئەو میدیایە ئەوە پوتینە ڕووسیای لە دابەشبوون پاراستووە و سەرە گەورەکان ملکەچ دەکات. تەنانەت بۆ سەردانێکی پوتین بۆ چەند کاتژمێرێک بۆ یەکێ لە شارەکانی ڕووسیا 680 ملیار ڕوبڵ خەرج کراوە، کە بە وتەی یەکێ ئەوانەی  ڕەخنەی توندی لێدەگرن، دەکرا بەو پارەیە هەزار کلینیک دروستبکرابان کە ڕووسیا پێویستی زۆری پێیان هەیە.

پوتین کەسایەتی مرۆڤی ڕووسی بە باشی خوێندووەتەوە و دەزانێت چی شتێک زۆر کاریگەری لە سەر ڕووسەکان هەیە.  لەم بارەیەوە نووسەرێکی ڕووس دەڵێت: لە ڕاستیدا پوتین ملیۆنەها مرۆڤی ڕووسی ” بەختەوەر” کردووە، ئەو سایکۆلۆژی ڕووسەکان باش تێدەگات. مرۆڤی ڕووس تەنها لە بارودۆخی ناخۆش و کارەساتاویدا دەتوانێ ئامانجەکانی  بەدەستبێنێت و بەختەوەر بێت. بۆیە سەرۆک کارەسات بەدوای کارەساتا بە سەر ڕووسەکاندا دەبارێنێت، لە ئۆلۆمپیادی سۆچییەوە بگرە تا دەگاتە داگیرکردنی کریم.

یەکێ لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی پوتینیزم خەسڵەتی دەزگای هەواڵگری نهێنییە. پوتین کوڕی کەگەبێ یە و باوەڕی بە شێوازی کاری دەزگای هەواڵگیری هەیە و متمانەی بە کەس نیە. لە بواری ئیکۆنۆمیشدا لە دژی بازاڕی ئازادە و باوەڕی تەواوی بە کەنترۆڵکردنی بازاڕە لە لایەن دەوڵەتەوە. پێی وایە شکۆی ڕووسیای گێڕاوەتەوە و 80 % خەڵک لە گەڵیدایە.

پوتین وەک زۆر لە هاوپیشە و هاوڕێکانی لە کۆمیتەی ئاسایشی دەوڵەت باوەڕی تەواوی بەوە هەیە، کە ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت بە پێی پڵانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ( CIA ) بوو و ژمارەیەک لە کاربەدەستانی سۆڤیەت بە پێی ئەو پلانە کاریان کردووە. نۆستالجیایەکی بە هێزی بۆ ئەو سەردەمە هەیە و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت بە لای پوتینەوە ” گەورەترین کارەساتی جیۆپۆلیتیکی سەدەی بیستەمە”.

ئەم ئایدیۆلۆژیا و شێوازەی بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت کە لە ڕووسیا هاتۆتە کایەوە، خەریکە مافی ئەوە پەیدا ئەکات لە مێژووی سیاسی و زانستە سیاسییەکاندا پێگەیەک بۆ خۆی داگیر بکات. وا زیاتر لە دەیەیەکە ناوی  پوتینیزمی لێنراوە. نەیارەکانی پوتینیزم بە خڵتەیەکی پراکتیکی و ئایدیۆلۆژی ڕژێمی ئۆتۆریتێری پوتینی لە قەڵەم دەدەن. پوتینیزم پشت بە هیرارشی بەرپرسانی باڵای گەندەڵی دامەزراوە و دەزگاکانی دەوڵەت دەبەستێ و لە زۆر شتدا لە فاشیزم نزیکدەبێتەوە. پوتینیزم بەلای ئەمانەوە پەلامەردەرە. سیاسەتی داگیرکەرانەی دەرەوە، باڵادەستیی سەرمایەی قۆرخکاری دەوڵەت لە ئابوریدا، بونیادی هێز لە کارگێڕیدا، شۆفینیزم و نەریتیزم لە پڕوپاگەندەی گشتگیری دەوڵەتدا.

ئایدیۆلۆژییای پوتینیزم لە سەردەمی دەسەڵاتی پوتیندا ئایدیۆلۆژییای باڵادەستی دەوڵەتە، لە لایەن دەزگا کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتەوە پشتگیری لێدەکرێت: میدیا، قوتابخانەو… تاد. ئەم ئایدیۆلۆژییایە خەسڵەتێکی ڕاستڕەوی کۆنەپارێزی هەیە. ڕەگەزە سەرەکییەکانی بریتین لە شۆفینیزم، ئەرسەدۆکسیسم، فۆبیا لە دژی بیانی. تۆڵەکردنەوەی ئیمپریالیی (ریڤانشیزم) پێرۆزیی دەوڵەتی بەهێزی پەلاماردەر. ئەمانە ڕەگی قایمیان لە پوتینیزمدا داکوتاوە. پوتینیزم هەڵگری بیرۆکەی دونیای ڕووسییە، کە تێیدا ڕووسیا دەسەڵاتدارە. لێرەوە هەوڵدەدات ( سەرزەمینە ڕووسەکان کۆبکاتەوە) واتا ئەو سەرزەمینانە داگیر بکات کە ڕووس لە سەریان دەژێن. لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی ئایدیۆلۆژییای پوتینیزم دوژمانەیەتی ڕۆژئاوا، ئەمێریکا و لیبیرالیزم. ئایدیۆلۆژییای پوتینیزم پێ لە سەر فوندامینتالیزمی ئەرسەدۆکسی دادەگرێت و باوەڕی بە ئەفسانەی جیۆپۆلیتیکی ئەورۆ- ئاسیا  و ڕووبەڕوو بوونەوەی مێژوویی هەمیشەیی ڕووسیا و ڕۆژئاوا هەیە. تیۆری پیلانگێڕی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمێریکا و ئەنگلۆسەکسۆن و شارستانی ئەتلەنتی لە دژی ڕووسیا لە نیو لایەنگرانی ئایدیۆلۆژییای پوتین باوی زۆرە و جێگەی باوەڕە. پوتینیزم خەون بە فەرمانڕەوای ئەوتۆریتێرەوە دەبینێ، واتا سەکردەی باڵا کە هەموو نەتەوە چاوی لێدەکات. ڕەگەزێکی گرنگی ئەم ئایدیۆلۆژییە یەکێتی دەوڵەت و کلیسایە، کە دەبێت پڕوپاگەندەی ئاینی بۆ پشتگیری دەوڵەت بێت. لێرەوە ترس لە هۆمۆ، پیرۆزی نەریتە کۆنسیرفاتیڤەکان و مۆرالی توندوتێژی سێکسی. پوتینیزم ئاشتی چینایەتی بە خەڵک دەفرۆشێتەوە و داوای کۆبوونەوەی هەموو گروپە کۆمەڵایەتییەکان لە دەوری دەوڵەت و سەرکردەی نەتەوەیی دەکات بۆ خەبات لە دژی دوژمنانی دەرەوە و نێوخۆ ( خۆفرۆشان و نەتەوەفرۆشان). بە پێچەوانەی هەموو شێوازە جۆربەجۆرەکانی فاشیزمەوە، پوتینیزم باوەڕی بە ناسیۆنالیزمی ئەتنیکی نیە.

لە بواری سیاسیدا پوتینیزم لاسایی سیستەمی دیموکراسی دەکاتەوە. فێڵکردنی بەربڵاو لە هەڵبژاردنەکاندا دەکرێن.   ئەنجامەکان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پێشوەخت زانراون و لە لایەن دەزگا پەیوەندارەکانەوە دیاریکراون. فرەپارتییەکی فۆرمالی لە سێبەری پارتی باڵادەستی دەوڵەتدا هەیە. ئۆپۆزیسیۆنی کۆپیکراو و دوورخستنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە لە هەڵبژاردن و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردەیەکی ڕۆژانەیە. کاریگەری بەهێزی دەزگاکانی هەواڵگری و ناوەندە بەهێزەکانی دیکەی دەسەڵات. دەسەڵاتی بێسنووری سەرۆک. نەبوونی جیاکردنەوەی ڕاستەقینەی دەسەڵاتەکان. کۆنترۆلی دەسەڵاتی قانوندانان و دەسەڵاتی دادوەری لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە. جۆرێک لە سیستێمی میراتگەری کە تێیدا سەرۆک سەرۆکی داهاتوو دەستنیشان ئەکات
پوتینیزم بە پێی نەیارەکانی خەسڵەتی گەڵێک لە سیستەمە نادیموکراتییەکانی سەدەی بیستەمینی لە بواری سیاسی، ئابوری و کۆمەڵاتیدا لە خۆیدا کۆکردۆتەوە، نەک تەنها ئەوانەی وڵاتانی ئەوروپا، بەڵکو ئەوانەی وڵاتانی جیهانی سێیەمیش. بەڵام سەد دەر سەدیش وەک هیچ یەک لەو ڕژێمانە نیە.

لە بواری ئابوریشدا پوتینیزم لە لایەن دوو هێزەوە بناغەیان دانرا. ئابوریناسانی نیولیبیراڵ و کاربەدەستانی کۆنسەرفاتیڤی دەوڵەت کە گرێدراوی ناوەندە ئابورییەکانی دەوڵەتن. واتا تەواو بە پێچەوانەی هەموو دەوڵەتانی لیبیراڵ و پێشکەوتووەوە، کە کار لە سەر سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی داهاتی وڵات دەکەن بە جۆرێک بەرژەوەندی نەدارانیش لە بەرچاو بگرێت، سیستەمی کۆمەڵایەتی یارمەتیدەر دابین بکەن بۆ ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتی هەیە، سیستەمی باجی پێشکەوتوو دابنێن، هەروەها قانونی کاری دادپەروەرانە دەربکەن و فەزای کۆمەڵایەتی بە ئازادی بهێڵنەوە، پوتینیزم کار بۆ باڵادەستی توێژی فەرمانبەرانی بیرۆکراتی باڵا لە ئابوریدا دەکات لە سێبەری مۆدێلێکی سیاسی دەسەڵاتخواز کە پڕوپاگەندە بۆ دەوڵەت دەکات. لە چوارچێوەی سیستەمی ئابوری پوتینیزمدا توێژی باڵای بیرۆکراتی لە نێو بورژوازی گەورەی وڵاتدا تواوەتەوە. گەندەڵییەکی بە سیستەم لە ئارادایە. باڵادەستی کۆمپانیاکان لە جومگە سەرەکییەکانی سیکتەرە گرنگەکان کە ڕاستەوخۆ لە لایەن بیرۆکراتی دەوڵەتەوە کۆنترۆل دەکرێت ( گازپرۆم، ڕوس – نێفت، ترانس – نێفت، هێڵی ئاسنین و … تاد) بیزنسی بچوک و مامناوەندی لاوازە و لە ژێر ڕەحمەتی بیرۆکراتیدایە.

نەبوونی دەوڵەتی کۆمەڵایەتی یا سۆسیال یەکێ لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی پوتینیزمە. جیاوازی زۆر لە نێوان داهاتی کەسانی دەوڵەمەند و هەژاردا لە ئاردان. چینی ناوەندی لاوازە و بەژمارەش بچوکە. ئاستی نزمی موچەی خانەنشینی، ئاستی زۆر نزمی یارمەتی کۆمەڵایەتی بارێکی سەختیان بۆ بەشێکی زۆر لە دانیشتوان دروست کردووە. کرێکاران بێبەشن لە مافەکانیان. باری قەیراناوی و پڕ لە گەندەڵی و بێ بەرهەمی سیستەمی پەروەردە و تەندروستیش قەیراناکان ئەوەندەی دیکە قووڵ دەکەنەوە. سەندیکا فەرمییەکان لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی دەوڵەتدان. چالاکییەکاینان خەسڵەتی لاسایی کردنەوە و فستیڤالیان وەرگرتووە.

لە ساڵانی دواییدا مەترسیترین بەشی پراکتیکی پوتینیزم خۆی لە سیاسەتی پەلاماردەرانە و داگیرکەرانەی دەرەوەدا دەبینیتێەوە. ڕووداوەکانی نمچە دورگەی کڕیم، جۆرجیا، ئوکراینا، نەگۆڕنە – قەرەباخ و دەستێوەردانی سوریا هەندێ نممونەی زەقی پوتینیزمن. پوتینیزم لە دوای پوتینیش دەتوانێت بەردەوام بێت.

بۆ ئامادەکردنی ئەم باسە کەڵک لەم سەرچاوانە و هەندێ سایتی ڕووسی وەرگیراوە:

3 – ۆریس میرۆنەف، ئوڕا پوتینیزم: کێ بەرەوە شەڕی ناوخۆ پاڵ بە ڕووسیاوە دەنێت؟، مۆسکۆ ٢٠١٣. ( بە زمانی ڕووسی).

4 – ستانیسڵاف بێلکۆڤسکی، بۆ بەختەوەری ڕووس بە پێی پوتین چیمان پێویستە؟، مۆسکۆ 2016 . ( بە زمانی ڕووسی )

  1. 2. Marcel Van Herpen, Putinism: The Slow Rise of a Radical Right Regime in Russia. Palgrave MaCmillan , 2013.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت