دکتۆر سالار باسیرە : گرنگیی جالیەی کورد لە تاراوگەو کارو خەباتیان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینی : لەسەر داوای کوردستانی نوێ لەسەر کارو خەباتی کوردانی تاراوگە ئەم وتارەم نوسی کە بلاویان نەکردەوە .
ئەم بابەتە قسە زۆر هەلدەگرێ بەلام ئەوەی من لێرەدا دەینوسم گونجاندنە لەگەل داواکاری بابەتی ڕۆژنامەکە بۆ ژمارەیەکی تایبەتی هەفتەنامەی کوردستانی نوێ کە تێیدا هاتوە ” وەک ڕێزلێنانێک بۆ کوردانی دەرەوەی ولات و ئاگابوون لە کارو چالاکی و خەباتی سیاسی و کۆمەلایەتی و فەرهەنگی و کەلتوریی کوردانی تاراوگە “، من لێرەدا باس لەوانەی باشوری کوردستان دەکەم چونکە نزیکتر ئاشنام پێی ، کوردانی تاراوگە دەکرێت دابەش بکرێت بەسەر چەند بەشێکی زەمەنیی جیاوازدا . ئەوانەی دوای هەرەسی بزوتنەوەی کوردی دوای 1975 ، ئەوانەی بەهۆی جەنگی عێراق / ئێران و دواتر ئەوانەش بەم دواییە بە هۆی بارودۆخی خراپی هەرێمی کوردستانەوە بوونەتە کوردانی تاراوگە .
سالانی هەفتاو هەشتاکان بە ژمارە کەم بووین لە تاراوگە بەلام کوردایەتیمان بەهێزتر بوو وە چالاکتر بووین . وەک هەمیشە بەشێکی بەرچاوی جالیەی کوردیی تاراوگەش دابەش بوون بەسەر حیزبە سیاسیەکانی کوردستان و ناکۆکی سیاسی و حیزبایەتی و دوژمنایەتی یەکتر زۆرتر بوە وەک لە کاری سیاسی و نەتەوەیی هاوبەش . بەلام ئەو جالیەی ئێستە لە تاراوگەیە تەنیا بەشێکی کەمی چالاکوانی سیاسیە یان لە ناوەندەکانی خوێندندا خوێندکار بن و هەَلگری بڕوانامەی بەرز بن ، نەوەیەکی خراپی پەروەردە کراو وە سەقەت کراو لە لایەن دەسەلاتێکی سیاسی ناهوشیار و نادادپەروەری کوردیەوە ، دیاردەیەک بۆتە هۆی ونکردنی بڕوا بەو سیستەمە سیاسیەی هەرێمی کوردستان کە بۆتە هۆی تۆرانی بەشێکی بەرچاوی خەلکی کوردستان لێی و ونبوونی ئینتیما بۆ گەل و نیشتمان و کزبوونی هەستی نەتەوەیی . ئێستە لە تاراوگەش جالیەیەک هەیە کە لە دەرەوەی حیزبە سیاسیەکانی هەرێم وەک ئۆپۆزیسیۆن بیردەکەنەوەو چالاکن . بەشێکیشی هەر لە ناو حیزبەکاندان و پەیوەندی نێوان ئەم دوو بەرەیە خراپە .

دۆزینەوەی لۆبی تاراوگە لە خزمەتی گەلدا نەبووە
زۆرێک لە گەلان سودیان لە بوونی ئەندامانی کۆمەلگاکەیان وەرگرتوە ئەوانەی تاراوگە بە تایبەت لە ولاتە پێشکەوتوەکانداو بە شوێن لۆبیدا گەڕاوون بۆنمونە جولەکە ، بەلام کورد بە شوێن دۆزینەوەی لۆبیەوە نەبووە ئەگەر بشبێت تەنیا بۆ حیزب و سەرۆکی حیزب بووە ، ئەوە کاری نوێنەرەکانی حیزب و حکومەتی هەرێمییش بووە لە دەرەوە . نوێنەرانی حکومەتی هەرێم بە ڕوکەش نوێنەری حکومەتن بەلام لە ڕاستیدا نوێنەری حیزب و سەرۆکەکانیانن . تەواوی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە کە تەنیا کار بۆ خۆیان دەکەن لەسەر بودجەو داهاتی خەلکی کوردستان .
زۆرێک لە ئێمەی کوردانی تاراوگە کە خاوەنی خەباتێکی دورودرێژین و من لێرەدا باس لە یەکێتی دەکەم کە تێیدا کارمان کردوە هەستمان بە هیچ رێزلێنانێک و تەقدیری کارەکانمان نەکردوە ، بە پێچەوانەوە زۆرێک لەوانەی کە هەموو ئەو سالانە دوژمنایەتی ئێمەیان کردوەو جێ دەستیان لە کاری سیاسیدا دیار نەبووە بەلام بە هۆی پەیوەندی شەخسییان بە بەرپرسانەوە بوونەتە خاوەن پلەو پۆست و پارە ، هەندێک لەوانەش کە خاوەن خەباتن ، بەلام ئەمانیش تەنیا بە رێگای پەیوەندی شەخسی و نیشاندانی وەلا و وەفا بۆیان و پیادا هەلدان بە سەرۆکی حیزب و کەسە دەستڕۆیشتوەکان . بوونەتە خاوەن پۆست و پارە . لە بالیۆزحانەو قونسولگەریەکان دادەمەزرێنرێن و دەکرێنە بالیۆزو قونسل ، خزم و کەس و کارەکانی خۆیان لە کوردستان و لە عێراقدا و لە دەرەوە سودمەند دەکەن ، بەبەرچاوی ئێمەوە لە تاراوگە خانوو ڤیلا دەکڕن و پڕۆژە دەکەنەوە. لیستی ئەو ناوانە درێژن لای من . بەلی ئەوانەی بە پاکی کردیان بوونە خۆراکی ئەوانەی شایستە نین . درێژە لیستی ناوی ئەوانە . پاکی و لێهاتویی کەسەکان هەرگیز پێوانە نەبووە لای دەسەلاتی کوردی لە باشور . بەلی ئەو کاتەی شۆرش مندالە سالارەکانی خۆی دەخوات .
من هەرگیز چاوەڕوانی پاداشت نەبووم چونکە کوردایەتی و کاری سیاسیم وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆم بینیوە لە پیناو دادپەروەریدا ، بەلام هیچ رێزێکیشم بۆ کاروخەباتیشم پێنەدراوەو بگرە بە پێچەوانەوە لەبەر ڕەخنەو هەلوێستە ڕەخنەییەکانم زیانیشم بەرکەوتوە لە لایەن ئەو حیزبەش سالانێکی زۆر بە دل و بە گیان کارم تێیدا کردوەو سالانیکی زۆرە لە میدیاکانیشیدا بایکۆت کراووم کە بریتیە لە ی . ن . ک و هەمان ئەوەی پارتی لەگەلمدا کردویەتی . پەشیمانم لە حیزبایەتی کردنم نەک لە کوردایەتی کردنم . ئەوە من بووم لەبەر نامیلکەیەکم لەسەر پارتی و بنەمالە لە برایم خەلیل دەرمانخوارد کرام بە چایەک ، ئەو رێگایەی سالانێکی زۆر بۆم نەبوو پێیدا بگەرێمەوە ولات . کە وەک دوکتۆرێکیش گەڕامەوە ولات و بوومە مامۆستای زانکۆ لەبەر کەمی موچەکەم شەو لەسەر قەنەفەی کۆلێژەکە دەخەوتم و ئەو برادەرانەش ئەوەیان دەزانی .
ماوەی 40 سالە لە ئەلمانیا دەژیم و خاوەن ئەزمونێکی زۆری سیاسی و سیستەمی سیاسی و توێژینەوەو نوسینم و خاوەن بڕوانامەی بەرزم لە زانستی سیاسیدا ، کەچی ئەو دەسەلاتەی کورد نەیتوانیوە سوود لە کەسانی وەک من وەربگرێت . دیاردەیەک کە تەنها لە حیزب و دەسەلاتی خێڵ و تەقلیدی و کلاسیک فکر کەرەوەکاندا هەیە . دەسەلاتێک کە ناتوانێت تەکنۆکراتانە بیر بکاتەوەو ڕەفتار بکات . ئایا دەسەلات لە خۆی پرسیوە بۆچی زۆربەی پسپۆرە گەڕاوەکانی تاراوگە بۆ ولات دوبارە دەگەرێنەوە ناو ژیانی ئاوارەیی ؟
سەرنج : بەندە بە نامیلکەیەکی 40 لاپەڕە بەشێک لە مێژووی خەباتی کوردە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سەردەمی بەعس و تیرۆری حیزبی بەعسی لە دەرەوە بەرامبەر بە نەیارانی کوردیش بلاو کردۆتەوە کە جالیەی کوردی ئەو سەردەمەو بەتایبەت یەکێتی بە وێنەو بەلگەوە کەچی بە سانتیمەترێک هیچ حیزبێکی سیاسی کوردی لە هەرێمی کوردستان بەکاری نەهێناوە وەک بەلگەنامە دژ بە ڕژێمی بەعس ، دەبوو رێز بۆ خەبات و بەرهەمی لەم جۆرە بگیرایە ، بۆ هەر رێز لێنانێکیش لە کەسانی وەک من چیتر درەنگە لای ئەو دەسەلات و حیزبەشەوە کە بەشێکی تەمەنم تێیدا بەسەر برد ، گرنگ بۆ من ئەو رێزو متمانەیەیە کە گەلەکەم بمداتێ .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت