دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: کوردستانى باشور کۆمەڵگایەک سەرتاپا ( فێرەدرۆ) کراوە. بەشى سێیەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمەى فێرەدرۆ و بیرمەندوڕۆشنبیر سەبارەت بە ” ڕێباز و قوتابخانە و کاریزماى “ڕابەر و سەرکردەى کوردایەتى!
کاریزما زاراوەیەکى یۆنانییە لەدوو بڕگە پێکهاتووە بەماناى دیارى قەشەنگ وجوانى خودایى، مەبەست لێى بەهرەو تواناى مرۆڤە لەسەرنجڕاکێشانى ئەوانى چواردەورى.
هەموو مرۆڤ و بونەوەرێک خاوەن کاریزمایەکى تایبەت بەخۆیەتى نەک تەنیا ڕابەر و سەرۆکى حیزب و خێڵ و دەرەبەگى کوردى، بەو مانایەى هەموو مرۆڤیک توانایەکى تایبەتى خۆى هەیە لەسەرنجڕاکێشانى مرۆڤەکانى چواردەورى، دەتوانێت کاریگەرى پۆزەتیڤى هەبێت بەرامبەر بەکۆمەڵگاو چەمکەکانى ژیان .
بەداخەوە ترۆپکى بێئاگایى کۆمەڵگاى کوردى باشور و ئەتککردنى مرۆڤەکانى لەوەدایە کاتێک بیرمەندو ڕۆشنبیرەکانى فیرەدرۆ دەکرێن بەمەرجێک هەموو خولیایان دەبێتە ” کاریزماو ڕێباز و قوتابخانەى ” سەرکردەى کوردایەتى لەبرى ژیان و ژینى کۆمەڵانى خەڵک و ژینگەى نیشتمان و جیهان وگەردوون .
هەڵبەتە دەسەڵاتى حیزبى پاشماوەى خێڵ و دەرەبەگایەتى کوردى لەم ئەتکردنەدا زۆر لیزان بووە، هەموو هەوڵێکى جددى خستۆتەگەر لەپێناو دروستکردنى کۆمەڵێک کەسایەتى حیزبى لەرزۆکى مشەخۆرى درۆزن بەناوى بیرمەندو ڕۆشنبیر بۆ پیرۆزکردنى ” ڕێباز و قوتابخانە و کاریزماى “ڕابەر و سەرکردەى خێڵ ودەرەبەگى کورد ئەمە بێجگەلە قەشەنگ کردن و جوانکردنى ئەزموونى شکستخواردووى سیاسى ـ ئابوورى ـ کۆمەڵایەتى ـ زانستى چەند ساڵى ڕابردوو و ئێستاى حکومڕانى کوردستانى باشور.
ئاساییە ئەندامانى حیزبى کوردى ببورن کۆیلەى حیزبى کوردى هەموو خولیای ببێتە پیرۆزکردن و پەرستنى “ڕێباز وقوتابخانە وکاریزماى ” سەرکردەى حیزبى پاشماوەى خێڵ و دەرەبەگ، بەڵام ئاسایى نییە بیرمەند و ڕۆشنبیرخولیای ببێتە پیرۆزکردن و پەرستنى”ڕێباز و قوتابخانە وکاریزماى”سەرکردەى حیزبى پاشماوەى خێڵ و دەرەبەگ.
لەگەل ئەوەى کۆمەڵگاى کوردى باشورى خاوەى ژمارەیەکى بەرچاو لەبەناو بیرمەندو ڕۆشنبیرى حیزببیە، بەڵام خۆشبەختانە بیرمەند و ڕۆشنبیرى ڕاستەقینە هەرچەندە بەژمارە زۆر زۆر کەمن شوناسى ڕۆشنبیرى و مرۆڤایەتى خۆیان لەدەست نەداوە، تائەم ساتەوەختە خاوەنى بیرو بۆچوونى تایبەتى خۆیانن لەسەر ژیان و ژینى بونەوەر وژینگەى نیشتمان .
لەپێناسەى ئێمەى فێرەدرۆکراودا سەدەها قوتابخانەوە و ڕێبازى شۆڕشگێرى کوردایەتى هەیە بێ ئەوەى لەحەقیقەتدا خاوەنى هیچ جۆرە قوتابخانەو ڕێبازێکى کوردایەتى بین، خاوەنى سەدەها قوتابخانەوە و ڕێبازى شۆڕشگێرى کوردایەتین بێ ئەوەى لەحەقیقەتدا خاوەنى هیچ جۆرە قەوارەیەکى نەتەوەیى ـ سیاسى ـ دەوڵەتدارى بین .
سەدەها ڕابەر وسەرکردەى دڵسۆزى کوردمان هەیە بێ ئەوەى لەحەقیقەتدا خاوەنى سەرکردە بین، سەدەها ڕابەر و سەرکردەى دڵسۆزى کوردمان هەیە بێ ئەوەى لەبنەڕتدا لەژیان و پرۆسەى نیشتمان پەروەرى گەیشتبێتین.
سەرو بنى زمانى سەرکردەو ئەندامەپێشکەوتووەکانى حیزبى کوردى ببورن ” کۆیلەکان ” ى حیزبى کوردى ڕێباز و قوتابخانەو کاریزماى ڕابەر و سەرۆکى دەرەبەگ و خێڵەکى حیزبی یە نەک چەمکەکانى ژیان و ژینى بونەوەرەکان و ژینگەى نیشتمان.
کاریزماى بێ وێنەى سەرکردەو قوتابخانە و ڕێبازە پیرۆزەکەى سەرۆک بۆتە تەوەرى سەرەکى ژیان لەکوردستانى باشور، ئەندام و بەرپرسە باڵاکانى هەریەک لەم حیزبانە باس لەوە دەکەن، لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کەسایەتى سیاسى و مرۆڤ دۆستى وەک سەرۆکەکەیان دروست نەبووە و ناشبێت، لەبرى سیاسەتکردن باس باسى قوتابخانەو ڕێبازە پیرۆزەکەى سەرۆکە، بەڵام کاتیک بەرژەوەندیان دەکەوێتە مەترسیەوە لەژێر ناوى پاراستنى قوتابخانەو ڕێبازە پیرۆزەکەى سەرۆک حیزب دەبێت بەچەند باڵ وپارچەیەکى جیاوازەوە لەسەر بنەماى بەرژەوەندى تایبەت نەک بنەماى فیکر و مەعریفە، هەریەک لەم باڵانە خۆى بەخاوەن و پاشگرەوەى قوتابخانەو ڕێبازەکەى سەرۆک وێنا دەکەن، لەکاتێکدا عەقڵ و زانست و مەعریفەى سیاسى ـ ئابوورى ـ کۆمەڵایەتى ـ زانستى لەناو ئەو حیزبەدا وونە.
ئەمەیە حاڵى ئەندام و بیرمەند و ڕۆشنبیرى حیزب ببورن ” کۆیلەکانى حیزب وبەرژەوەندى ” لەکوردستانى باشور ئامانجى سەرەکیان برەودانە بەکاریزماى سەرکردە و ڕێباز و قوتابخانە پیرۆزەکەى، نەک ژیان وژینى بوونەوەر وژینگەى نیشتمان لەکاتێکدا وەک ميللەتى کوردخاوەنى هیچ قوتابخانەو ڕێبازێک نین.
لەکۆمەڵگاى ئاساییدا واتا کۆمەڵگاى ” یاساوسیستم ” کەسەرکردەو حیزب بەزۆرەملێ کۆمەڵگاى فێرەدرۆ نەکردووە، پێناسەکان لەگەڵ پێشکەوتنى زانستى و مەعریفى سەردەم گۆڕانکارى لۆجیکى بەسەردادێت، بەڵام لەکۆمەڵگاى سەرتاپا فیرەدرۆ کراودا پێناسەکان پێچەوانەى لۆژیک و زانست و مەعریفە بەتەواوى ژێراوژوور دەبنەوە، هەربۆیە کەسایەتی بودەڵەو درۆزنى نەخۆشى پاشماوەى خێڵ و دەرەبەگایەتى دەبنە ڕابەرو سەرکردە و پاڵەوانى خاوەن کاریزماو قوتابخانەو ڕێباز، لەکاتێکدا کەسایەتى بەتواناو ڕاستگۆى مرۆڤدۆست تەخوین دەکرێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت