دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: یاریکردن بەکات یاریکردنە بەخەونى نەتەوەیەک.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەناخى هەموو مرۆڤێکدا توڕەبوون و یاخیبونێکى نووستوو هەیە بەرامبەر بەکوشتنى خەونەکانى مرۆڤ بۆ ژیان و ژین و ژینگە، کات و شێوازى دەربڕینى ئەو توڕبوون و یاخیبوونە دەرچەى ئەرێنى و نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا دیارى دەکات نەک بڕو قەبارەکەى.
ڕووداوەکانى 16 ى ئۆکتۆبەر و دواتر کەتا ئەم ساتە وەختە هیچمان کۆک نین لەناوبردنى بەناوێکى گونجاو بەقەد قەبارەى ڕووداوەکە، ئاماژەن بەکوشتنى خەونەکانى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بۆ ژیان و ژین و ژینگەى کوردستان، هەر بۆیە لەناخى هەموواندا ئەو توڕەبوون و یاخیبوونە نوستووە لەگەشەى بەردەوام و تەقینەوەدایە بەرامبەر بەسەرکردایەتى سیاسى و حکومڕانى شکستخواردووى کورد، کەزۆر لەمێژەوە متمانەى خەڵکى لەدەستداوە، هەموو سیکتەرەکانى ژیان و ژین و ژینگەیان توشى قەیران و هەڵدیر کردووە، هەر لەپەروەردەوە بیگرە تا دەگاتە تەندروستى بەئاو و کارەباو خزمەتگوزارى ڕێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و دادى کۆمەڵایەتى بەتەواوى ئیفلیج بووە.
نەبوونى سوپایەکى نیشتمانى و مافە سەرەتاییەکانى مرۆڤ “مافى هاوڵاتیبوون و بیمەى کۆمەڵایەتى و بیمەى بێکارى و دادى کۆمەڵایەتى” ئەوەندەى تر ئەو توڕەبوون و یاخیبوونە نوستووەى لەناوناخى خەڵکدا زەق کردۆتەوە، تا ئەو ئاستەى ئەگەر ئەو یاخیبوونە بەشێوەیەکى عەقڵانى و سیستماتیک ڕێک نەخرێت ئەشى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئاشتەوایى کۆمەڵانى خەڵک بخاتە مەترسیەوە.
سەرەڕاى بوونى حیزب گەلێى زۆر لەکوردستانى باشور بەحیزبى دەسەڵات، حیزبى کارتۆنى ، دوکانى حیزبى، مافیاو کۆمپانیاى حیزبى و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، سەرەڕاى بوونى پەرلەمانێکى حیزبى پەککەوتە، سەرەڕاى بوونى سەندیکاو ڕێکخراو گەلێکى زۆرى حیزبى و کۆمەڵگاى مەدەنى ئەو توڕەبوون و یاخیبوونە نووستووە لەناخى کۆمەڵانى خەڵک بەهەند وەرنەگیراوە تا لەخزمەت ئەجێندایەکى نیشتمانى بێت.
ئەوەى بەدیدەکرێت هەمووان واتا حکومەتى هەرێم، پەرلەمانى پەککەوتووى کوردستان، گشت حیزبەکان، گشت سەندیکاو ڕێکخراوە حیزبى و مەدەنیەکان بەدامەزراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى لەئاستى ئەو هەڵدیروداڕمانەى 16ى ئۆکتۆبەرو دواترنەبوون، لەبرى هەوڵ بۆچارەسەرى قەیرانى سیاسى ئابوورى کۆمەڵایەتى لەبەرپرسیارێتى ڕادەکەن و کات بەسەر دەبەن.
لەگەڵ ئەوەى بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى دەستیان خستە سەر برینەکەو داواى حکومەتێکى ڕزگارى نیشتمانى کاتیان کرد، بەڵام بەداخەوە لەسەر ئەرزى واقیع هیچ هەنگاوێکیان بۆ نەنا، بەتایبەتى دواى ئەوەى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پشتگیرى حکومەتێکى هەرێمى بەهێزى کرد لەلایەن نێچیر بارزانى و قوباد تاڵەبانى لەسەر بنەماى دەستوورى عێراق.
هەرچەندە ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئەجینداى تابەت بەخۆى هەیە لەناوچەکە، بەڵام ئەکرا ئەم دوو حیزبە “بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى” لەڕێگارى جوڵاندنەوەى شەقام بەهەژاندنى تووڕەیى و یاخیبوونى نوستوو لەناخى کۆمەڵانى خەڵک بەئەمریکا بڵێن، دروستکەرى هەڵدێرو داڕمان و قەیران هیچ کات چارەسەر نییە، ئێمە هەر لەمێژەوە گیرۆدەى عەقڵیەتى ئەم دووحیزبەین، تا بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانى ڕابەرى بزوتنەوەى سیاسى کوردبن، نەدەبین بەخاوەنى سوپایەکى نیشتمانى، نەمافە سەرەتاییەکانى مرۆڤى کورد بەدیدێت لە “مافى هاوڵایبوون و بیمەى کۆمەڵایەتى و بیمەى بێکارى و بیمەى تەندروستى و دادى کۆمەڵایەتى”.
ئەبوو ئەم دوو هێزە سیاسیە “بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى” وەک هێزێکى سیاسى جەماوەرى ڕێگەپێدراو لەهەرێمى کوردستان و عیراق ڕابەرایەتى ئەو تووڕەبوون و یاخیبوونە نووستووەى ناخى کۆمەڵانى خەڵکیان بکردایە، ئەبوو پێشڕەوایەتى ناڕازى جەماوەرى یاخیبوویان بکردایە، بەزووترین کات ئەو حکومەتە ڕزگاری نیشتمانیە کاتیەیەکان ڕابگەیاندایە، کەئامانج لێى گەرانەوەى ڕێچکە سیاسى و یاساییەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ڕێچکە تەندروستیەکەى خۆى.
ئەبوو بۆ ولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکایان بسەلماندایە، کەئەم حکومەتە شکستخواردووەى هەرێمى کوردسان کەلەلایەن هەردوو بەڕێز نێچیربارزانى وقوباد تاڵەبانى بەڕیۆە دەچێت ناتوانن بەهاناى ئاوارەکانى سیاسەتە شکستخواردوەکەى خۆیانەوە بچن، جاچۆن ئەتوانن دواى هەڵدێرو داڕمان پێداچوونەوە و بونیادنانەوە بکەن، ئەم دەسەڵاتدارانە لەبازنەیەکى بەتاڵدا دەخولێتەوە، ئاگایان لەدونیا نییە نازانن سبەى دووسبەى چى ڕوو دەدات، کێشەو ململانیى حیزب و بنەماڵە هزرو عەقڵى نەهێشتوون.
ئەبوو بۆ ولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکایان بسەلماندایە سەرکردایەتی سیاسى کورد بەپارتى و یەکێتى سەرکردایەتیەکى فاشیل و شکستخواردون، زیان بەمیللەتى کورد و ئەجینداى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاش دەگەیەنن.
ئەبوو بەولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکایان بگوتایە” شوناسى کاریزماى تاکەسەرکردە، شوناسى تاکە سەرکردەى بنەماڵە و خێڵ لاى هەردوو حیزبى دەسەڵات پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان زۆر زاڵە بەسەر شوناسى فیکرى و نەتەوەیى و مەعریفى و ئایدۆلوجى حیزبەکە، بەشێوازیک بەتەواوى بەتاڵ کراوەتەوە لەشوناسە ئایدۆلۆجى و فیکرى و نەتەوەیى و مەعریفیەکەى، لەکاتێکدا کۆمەڵگاى کوردى بەسەخترین قەیرانى مێژووییدا تێدەپەڕێت، تازە بەتازە حیزبێکى بەناو سۆشیال دیموکرات ئەبێتە حیزبى بنەماڵەو ئەزموونى ڕابردووى پارتى دیموکراتى کوردستان دووبارە دەکاتەوە و گشت شوناسە نەتەویى و ئایدۆلۆجیەکەى لەدەست ئەدات.
ئەوەى گرنگە ئەو حیزب و ڕێکخراوە مەدەنیانەى کەبەڕاستى ڕێکخراوى مەدەنین و ڕێگەپێدراون بەشێوەیەکى یاسایى لەئاست ئەم شکستە گەورەیەدا بن، لەبرى گەڕەلاوژێ و فەوزاى سیاسى و کۆمەڵایەتى دەتوانن ڕابەرایەتى ئەو تووڕەبوون و یاخیبوونە نوستووە بکەن کە لەناخى کۆمەڵانى خەڵکدایە بۆ ئەوەى دەرئەنجامەکانى ئەرێنى بێت لەسەر کۆمەڵگاى کوردى نەک نەرێنى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت