دکتۆر کەمال میراودەلی: فەلسەفەی من. بەشی هەشتەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فەلسەفاندنی بوون لە زماندا: ئەرستۆ
فەلسەفە پێناسەکردنی وشەی فەلسەفە نییە، حیکمەت و خۆشەویستی حیکمەت نییە، باسکردنی فەلسەفە نییە، پوختەکردن و پێشکەشکردنی زانیاری فەلسەفیی نییە فەلسەفە فەلسەفەکردنە: پراکتیسی فەلسەفاندنە.
چاوە، کاتێ بە وردی دەبینێ. عەقڵە، کاتێ بە مەبەستەوە کار دەکات: بیرکردنەوەی مرۆڤی تاک بەرامبەر گەردوونی مەزن. پێشتر جەختمان لە سەر ئەوە کرد کە گەرچی گەردوون لە خۆنماییە کەونییەکەیدا شایانی بینینە بە چاو، جێگەی سام و سەرسامیی و سەیرییە بۆ هەستەکان، دەشێ دیمەنێکی ئەفسانەیی، ئیستاتیکی، شیعریی، هونەریی لە کۆبوونە بێ بن و بێ سنوورو ڕۆخەکەی بەدەست بێنین، وەلێ هەنگاویی گوازتنەوە لە دیدو هەستەوە بۆ هۆش و زەین، بۆ لێکدانەوەی عەقڵیی تەنێ ئەو کاتە بەرتوانا (مومکین) دەبێت، کە هەموویی بۆ بەش و پارچەکان شی بکەینەوە، کە کۆ بکەینەوە تاک، یەکێتیی بۆ یەکە پێکهێنەرەکان هەڵوەشێنینەوە. و بووی تاک بخەینە ژێر وردبینی سەرنج و رامان و لێکدانەوە. گەوهەری وردە زیخەکان بدرەوشێنینەوەو بدۆزینەوە.
ئەوەشمان وت: فەلسەفە وەک بابەت، وەک هەموو شتێک پرۆسەیە، مێژووی هەیە، لە سەرەتاوە دەستپێناکەینەوە ، هەنگاوەکان دووبارە ناکەینەوە، سەکۆکان سەر لە نوێ دروست ناکەینەوە.
لێرە بەدواوە لە نزیکەوە سەیری فەلسەفاندنی ئەرستۆ دەدەین. پێنج دەقی چەپتەری یەکەمی کارە دامەزرینەرە سەرەکییەکەی [کەتیگۆرییەکان] دەکەم بە کوردیی و لێکیان دەدەمەوە. تا بزانین فەلسەفاندن لە سەر دەستی دامەزرێنەری فەلسەفە چۆن ئەنجام دەدرێ و بە چ ئەنجامێک دەگات. [گەرچی وەک چەپتەر ناونراون راستیی هەندێکیان لە چەند ڕستەیەک یان پەرەگرافێک زیاتر نین].
تێۆری ماک لە کەتیگۆریس دا
کەتیگۆرییەکان پوختەکارێکی بچووکی ئەرستۆیە بەڵام بەهایەکی مەزنی هەیە.
کەتیگۆرییەکان لەگەڵ کەمیی تێکستەکەیدا، زیاتر وەک گەنجینەی ئاڵتوونی فەلسەفیی نایاب لە پرۆسەی مێژووی فەلسەفەدا وەرگیراوە. وەک پێشەکییەک بۆ میتافیزیکس وەسفکراوە، بەڵام کارەکە دەشێ وەک بنەمای زۆر ئاخاوتنی زانستی وەک ڕیزمان. لۆجیک، فەلسەفە، فیزیک جگە لە میتافیزیک بنرخێندرێت. کەتیگۆرییەکان وەک بەشێک لە کارەکانی ئەرستۆ لە سەر لۆجیک ڕیزبەند کراوەو بە چوار بنەماکانی بۆ جیاکردنەوەی راستی بوون و، بە دە بنەماکانی بۆ ساغکردنەوەی کیشەی سەرچاوەو ڕەوشی بوون بەناوبانگە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر فەلسەفەی من-بەشی هەشتەم

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت