kemal_mirawdeli

دکتۆر کەمال میراودەلی : ڕێزمانی بنچینەیی کوردیی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وانەی شەشەم :

زێدەبەند

پێشتر وتمان دەکرێ بڵێین هەموو کێشەو بابەتی رێزمان لەوەدا کۆ دەبیتەوە چۆن بەروتارو سەروتار فراوان دەکرێن تا ئاخاوتنی ئالۆز بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی کۆگەیاندن و ئالوگۆڕی زانیاری و بیرەکانی مرۆڤ دروست بکەن .

وەک لە سەرەتاوە باسمان کرد ، پێناسەیەکی ئایدیالی بۆ ڕستە یان رستەی ئایدیال نییە کە نموونەی هەر و هەموو ڕستەیەک بێت . بەلکو شێوە ڕستەمان هەیە واتە شێوەی جیاوازو زەبەندی ڕستەمان هەن . وەک زانیمان دەشێ ڕستە دەیان وشە بێت و دەشێ سادەبێت و تەنیا یەک وشەش بێت وەک :
بنووسە !
بارانە !
باشە !
هەوە !

یان دوو وشە :

ئەز کوردم .
ئازاد ئازایە .

هەروەها وتمان بەشی یەکەمی ڕستەی سادە : سەرەتا ، دەستپێک ، بکەر بریتییە لە سەروتار .
بەشی دووەم کە کردارەکەیە و ئەوەی لەگەڵی دێت پێی دەوترێ بەروتار .
نیازی ئێستای ئێمە ئەوەیە چۆن سەروتار و بەروتار زیاد دەکەین تا رستەی درێژترو مانادارتر دروست بکەین . واتە چۆن وشەی زیادە دەدەینە پاڵ ئەو وشانەی دووبەشی سەروتار و بەروتار دروست دەکەن .
پێشتر ئەوەمان روون کردەوە ، کە ئەو وشانەی سەروتارو بەروتاری ڕستەی سادە دروست دەکەن بریتین لە شەش بنکاری ڕستەسازیی کە لە خشتەی ١.١ دا نیشانمان دان .
پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەو بنکارانە درێژ دەکرێنەوە ، تا مانای پترو ئالۆزتر دروست بکەن .
لەم بەشەدا باسی ئەوە دەکەین چۆن زێدەبەند adjunct دەتوانێت ئەم کارە بکات:

6. زێدەبەند adjunct

زێدەبەند زاراوەیەکی گشتییە کە بۆ هەموو ئەو وشە زیادانە بەکاری دێنین کە بۆ سەروتار و بەروتاریان زیاد دەکەین .

6.1 ماناو پێناسەی زێدەبەند
وشە کوردییەکەی لە جیاتی ( ئەدجەنکت ) دامناوە ، ماناکەی بەخۆیەوەیە . زێدەبەند مانای شتیكی زێدە کە بخرێتە سەر یان پاڵ شتێكی تر . مانای وشەکە بە ئینگلیزی : پێوەبەستن ، پێوەبەستراوە .. لە وشەی لاتینی ئەدجەنکتس adjunctus ەوە هاتووە بە مانای توند پێکەوەبەستن یان یەکگرتن .
مانای فەرهەنگیی وشەکە وەک لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرد و فەرهەنگەکانی تری ئینگلیزییدا هاتووە :
شتێک کە وەک زیادە خرابێتە سەرشتێکی تر نەک وەک بەشێکی جەوهەریی .

A thing added to something else as a supplementary rather than an essential part.
بەم پێیە زاراوەی زێدەبەند مانای پڕبەپێستی وشەو زاراوە لاتینیی / ئینگلیزییەکەیە .

زێدەبەند لە ڕێزماندا

2 Grammar A word or phrase that constitutes an optional element or is considered of secondary importance in a sentence, for example on the table in we left some flowers on the table.
An adjunct is a word or words (i.e., a phrase or a clause) which can be removed without making the sentence grammatically wrong.

زێدەبەند لە ڕێزماندا بریتییە لە وشەیەک یان چەند وشەیەک [ ریزە یان پێڕستە ] کە وەک بەشێکی زیادە و ئیختیاریی دەخرێتە ناو ڕستەوەو گرنگییەکی پلەدووی ، لە رووی رێزمانییەوە ، هەیە. ئەو وشە یان وشانە دەشێت لاببرێن بە بێ ئەوەی لە ڕووی ڕێزمانییەوە رستەکە هەڵەی تێبکەوێت . نموونە :
چەپکەگولێکی ، لە سەر مێزەکە، بۆ بە جێهێشتووی .
لەسەر مێزەکە: زێدەبەندە، دەتوانین لایبەرین بە بێ ئەوەی بنسازیی رێزمانیی ڕستەکە هەڵەی تێبکەوێت.
وەک دەبینین زێدەبەند ئاسایی ئاوەڵكردارییەو دەبێتە بەشێک لە بنسازیی رستەیەک و بە لابردنی ستراکتوری رێزمانی ڕستەکە تێک ناچێت.

6.2 لە تیۆری رێزماندا
• “adjunct(-ival) A term used in grammatical theory to refer to an optional or secondary element in a construction: an adjunct may be removed without the structural identity of the rest of the construction being affected. The clearest examples at sentence level are adverbials, e.g. John kicked the ball yesterday instead of John kicked the ball, but not *John kicked yesterday, etc.; but other elements have been classed as adjunctival, in various descriptions, such as vocatives and adjectives. Many adjuncts can also be analysed as modifiers, attached to the head of a phrase (as with adjectives, and some adverbs).”
(David Crystal, A Dictionary of Linguistics and Phonetics. Blackwell, 1997)

لە تێۆری رێزماندا ، زێدەبەند یان زێدەبەندیی زاراوەیەکە ئاماژە بۆ بنەیەکی پلەدوو یان ئیختیاریی لە بنسازییەکدا دەکات .. زێدەبەند دەشێ لاببرێ بە بێ ئەوەی بناسیی ستراکتووریی بەشەکەی تری بنسازییەکە کاری تێبکرێت . روونترین نموونە زیدەبەندە ئاوەڵکردارییەکانن : وەک جۆن دوێنێ شەقی لە تۆپەکە دا .
لە جیاتی : جۆن شەقی لە تۆپەکە دا ..
دوێنێ : بە زێدەبەند دادەندرێ .
لە وەسفی جۆراوجۆری تردا وەک بانگەواز و ئاوەڵناو ، زیدەبەند دەشێ وەک وەسفکار [ مۆدیفایەر] شیبکرڕێنەوە کە دەخرێنە سەر سەروشەی ریزەیەک ، [ وەک ئاوەلناوو هەندێ ئاوەڵکردار ] ..
لە ڕێزمانی ئینگلیزییدا زێدەبەند زیاتر وەک شەو ریزەوشەی ئاوەلكرداریی بەکار دێن . بەلام من لەم ڕێزمانەدا زیدەبەند بە مانای هەموو زیادەیەک بۆ بنسازیی بنەرەتی سەروتارو بەروتار بەکاردێنم کە بۆ مەبەستی دەربڕینی مانای پترو دورستکردنی ئاخاوتن بەکار بێت .
واتە زیادکردنی وشە بۆ هەر دوو بەشی سەروتار و بەروتار بە بی ئەوەی بنسازیی بنچینەیی ڕستەکە چ بە زیادکردن چ بەلابرنی زێدەبەندەکان تێک بچێت .
6.3 بەکارهێنانی زیدەبەنذ: ئەو شەش بنکارەی ڕستە لە خشتەی ( 1.1 ) دا دەشێ لە ڕێگای بەکارهێنانی adjunct زێدە بەندەوە درێژ بکرێنەوە.
مەبەست لە زێدە بەند زانیاری زیاترە دەربارەی ڕستەکە کە دەتوانین بە پێی یاسای رێزمانی دیار بیخەینە سەر بنکاری ڕستەکان .
گەر بگەرێینەوە بۆ شیوەی هەرە سەرەتایی و سادەی سەروتارو بەروتار وەک بینیمان دەشێ تەنیا لە دوو وشە پێک بێن: بکەرێک و کردارێک
منال خەو
منال خەوت

لێرە بەولاوە هەرچی زیادی بکەین بۆ ئەو دوو وشە: زیدەبەندە

6.3.1 زیادکردنی بۆ سەروتار

مناڵ
مناڵەکە
منالە نەخۆشەکە
منالە نەخۆشەکەی ماڵی دراوسێکەمان
منالە نەخۆشە تەمەن دوو سالییەکەی مالی درواسێکەمان
مناڵە نەخۆشە تەمەن دوو ساڵییەکەی ماڵی دراوسێیە تازەکەمان

6.3.2 زیادکردنی بەروتار

خەوت
لەمالی ئێمە خەوت
دوای گریانێكی زۆر لەمالی ئێمە خەوت
دوای گریانیكی زۆر لە مالی ئیمە لە ناو بێشکەی کوڕەکەماندا خەوت
واتە ئێستا لە دوو وشەوە : مناڵ خەوت ، ڕستەکە بوو بە :
مناڵە نەخۆشە تەمەن دوو ساڵییەکەی ماڵی دراوسێیە تازەکەمان ، دوای گریانیكی زۆر لە مالی ئیمە لە ناو بێشکەی کوڕەکەماندا خەوت .
وەک سەرنج دەدەین ڕستەکە هێشتا بنسازییەکەی سەروتار و بەروتاری پاراستووە. سەرنج بدەن هێشتا ڕستەکە بە (مناڵ) … دەست پێدەکات و بە ( خەوت) کۆتایی دێت ؛

منال …………………………. خەوت .
ئەمەش لەگەڵ بنسازیی رستەی کوردیی دەگونجێ کە بە بکەر دەستپێدەکات و بە کردار کۆتایی دێت واتە کردار ئاسایی دەکەوێتە کۆتایی ڕستەوە .
بە پێی ئەو پێناسەیەی من ، هەموو ئەو وشانەی دەکەونە نێوان مناڵ ……………. و ……………… خەوت
پێیان دەوترێ زێدەبەند .
بەلام لەبەر ئەوەی کردار دەوری چالاکی سەرەکیی و نێوەندیی و بریاردەری لە ڕستەدا هەیە ، زیدەبەندەکان ئاسایی پێوەست دەبن بە چالاکی کردارەوە بۆیە زۆربەی زێدەبەندەکان ئاوەڵکرداریین : ئەدڤێربییەڵ ، واتە وەسفی جۆراوجۆری کردارەکە دەکەن وەک لە خوارەوە بە نموونە ڕوونی دەکەینەوە . ئەوانەی وەسفی سەروتار یان بکەر/ ناو دەکەن ئەوا دەبنە زیدەبەندی ئاوەڵناویی .. وەک زێدەبەندەکانی وەسفی مناڵەکە لە ڕستەی سەرەوەدا .
6.4 رستەسازیی زێدەبەند :
بۆ نموونە ئەم ڕستەیە : باران باری .
دەکرێ ببێتە :
باران لە ناکاو باری .
( بکەر + زێدەبەند + کردار ) ( لە ناکاو ) لێرە زێدە بەندە .
یان
بەرلەوەی هەتاو هەڵبێ بۆ ماوەیەکی زۆر باران باری .
زێدە بەند + زێدە بەند + بکەر + کردار .
سەعات نۆی شەو باران باری .
ز + بکەر + کردار
لە سلێمانی باران باری .
هەموو ئەو زیدەبەندانە دەشێ لاببەین و بنسازیی رێزمانیی ساغی ڕستە سەرەکییەکە : باران باری، تێک ناچێت .
6.5 شێوەی بەکارهێنانی زێدەبەند :
لەم رستانەی خوارەوەدا نیشانی دەدەین چۆن شەش بنکارەکەی خشتەی ( 1 ) بەهۆی زێدە بەندەوە درێژ دەکرێنەوە :
1- مناڵەکە خەوت
مناڵەکە بە هێمنی خەوت .
2- دایکەکە مناڵەکانی خەواند
دایکەکە ئاخری مناڵەکانی خەواند .
3- دایکەکە ماندو بوو
وەك هەموو ڕۆژێ دایکەکە ماندوو بوو .
4- دایکەکە کچەکەی کردە بووك
بە چاوی گریانەوە ، دایکەکە کچەکەی کردە بووك .
5- دایکەکە کچەکەی جوان کرد
دایکەکە دەست بەجێ کچەکەی جوان کرد .
6- دایکەکە لە ماڵەوە مایەوە .
بەداخەوە دایکەکە لە ماڵەوە مایەوە .
بەداخەوە دوای چاوەڕوانییەکی زۆر دایکەکە لە ماڵەوە مایەوە .

سەرنج بدە :
1- زێدەبەند دەشێ لە سەرەتای ڕستە پێش بکەر دەربکەون ( 3، 4، 6 ).
2- زێدەبەند دەشێ دوای بکەر و لە پێش بەرکار وکردار دەربکەون ( 1، 2 ، 5 ).
3- دەشێ زیاتر لە یەك زێدەبەند پێکەوە دەرکەون . (6)
4- بە پێچەوانەی ئەمەوە ڕستەی سادە دەشێ یەك کردار بێت ( دانیشە !) ، یەك بکەر و کردار ( مناڵەکە دانیشت )، و یەك بکەر و بەرکاری ڕاستەوخۆ و کرداری تێدابێ (مناڵەکە سێوەکەی خوارد ).

6.6- مانای زێدەبەندەکان :
زێدەبەندەکان زێدە مانای جۆراو جۆر بۆ ڕستە زیاد دەکەن . جۆرە زانیارییە سەرەکییەکان لە خوارەوە دەستنیشان کراون :

1- کات ( کەی شتێ ڕوودەدا ) :
فلیمەکە دوێنێ نیشان درا .
میوانەکان شەو درەنگ گەیشتن .
هەموو نەورۆزێ کورد ئاهەنگ دەگێڕن .

2- شوێن ( لەکوێ شتێ ڕوودەدا ) :
لە بەغدا زانکۆم تەواو کرد .
لە پارکی ئازادی دەتبینم .
ئێمە هەموومان ، لە ناو ڕووبارەکە ، مەلەمان کرد .
ئێمە لە شار دەژین .

3- ڕەوش ( چۆن شتێ ڕوودەدا ) :
بەسۆزەوە گۆرانی دەڵێ .
بەتەنیا جێت هێشتم .
مناڵەکان بەخێرایی دەرپەڕین .
وردە وردە ، بەفرەکە توایەوە .

4- هۆکاریی ( بۆچی شتێ ڕوودەدا ) :
کارەکەی واز لێهێنا چونکە بێزار بوو .
پارەی نارد تا کۆمپیوتەرێکی بۆ بکڕم .
بەهۆی پشووی هاوینەوە ، سەفەری دەرەوەیان کرد .

5- بانگەوازیی vocative :
بانگەوازیی ، دەربڕینێکە ، بۆ دەستنیشانکردنی کەسێ یان کەسانێ بەکاردێ کە ڕستەکەیان ئاڕاستە دەکرێ :
خاڵە ، وەرە نانەکەت بخۆ .
مناڵینە ، وەرنە ژوورەوە .
وەرنە ژوورەوە مناڵینە .
دکتۆر، سەرم زۆر دێشێ .
هۆ خەڵکینە ! ببوورن کە دواکەوتم !
هاورێیان ، با سەیرانێك رێكخەین .
قوربان، ئەمە قسەی باش نییە .
بینەران و گوێگرانی ئازیز، هاتینە کۆتایی بەرنامەکانمان ، خواتان لەگەڵ .
هەموو شتێکم بۆ تۆ دەوێ گیانەکەم !
چەندم وت وامەکە ، نەگبەت !
1- وەك (زێدەبەند) (6) ، بانگەوازییەکان لە ڕستەدا زێدەبەندی ئیختیاریین .
2- دەشێ دەربڕینی بانگەواز لە سەرەتای ڕستە یان لە کۆتاییدا بەکاربێ .
مناڵینە ، وەرنە ژوورەوە .
وەرنە ژوورەوە ، مناڵینە .

تاقیکردنەوە :

١- پێناسەی زێدەبەند بکە ؟ مانای زارەوەکە بە ئینگلیزیی و ئەسڵەکەی روون بکەرەوە .
٢- چۆن زێدەبەند مانای ڕستە بە‌هێز دەکات ؟
٣- بۆچی زێدەبەند زیاتر ئاوەڵکردارییە ؟
٤- نموونەی زێدەبەند لە ڕستەدا بێنەوە کە ئەم روونکردنەوانە بۆ مانای کردارەکە زیاد بکات :
١- شوێن
٢- ڕەوش
٣- بانگەواز
٤- کات
٥ – هۆ

٥ – زێدەبەند لەم ڕستانەداو ماناکانیان روون بکەوە ، دوایی لایان ببەو ڕستەکان بە بێ زێدەبەند بنووسەوەو سەروتارو بەروتارەکەیان دەستنیشان بکە ؛

١- میوانەکانم، لە ناو پاسەکەدا ، بینین .
٢ – ترێ پاییزان خۆشە .
٣ – براکەم نەهات لەبەرئەوەی نەخۆش بوو .
٤ – خەڵكینە ، تاکەی لە مافی خۆتان بێدەنگ دەبن !
٥ – بەگریانەوە ، وەلامی دامەوە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت