Dr.-kemal

دکتۆر کەمال میراوەدلی : نەتەوەو زمان و تەقواو تاوان لە روانگەی قورئانەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەتەوەو جیاوازیی نەتەوەیی لە پێش دین و ئایینەوەیەو ئەبەدییە : ئەمە شەرعی خودایە !!

لەوەتەی دنیا هەیە ، مرۆڤ و بیر ، پێکەوە هەبوون و زۆربەی پێوەندییەکان و جەنگەکانی مرۆڤایەتیش ناوێكی بیرو باوەڕیان لێنراوە .

کۆمەڵگاکانی مرۆڤیش بەحوکمی جوگرافیا یان رووداوی مێژوویی بیرەکانی یەکتریان وەرگرتووە ، هەر لە بیروباوەڕی ئاینیی یەوە تا بیری فەلسەفیی و زانستیی و کۆمەلایەتیی و تەکنۆلۆجیی .

بەلام ئەوەی ئاشکرایە هەر گەلە بیرێک و ئایدیایەکی وەرگرتووە بۆ خزمەتی مرۆڤ و گەل و کۆمەڵی خۆی .

واتە هەمیشە خاک و نەتەوە پێش بیرو ئایدیاکانەوە بووە .

بیرەکانی شۆرشی فەرەنسی : برایەتی ، یەکسانیی ، ئازادیی ، بوونە بنەمای کۆمەلگاکانی مۆدیرن .

بەلام هیچ نەتەوەیەک بۆ خاتری ئەم بیرانە نەبوونە کۆیلەی فەرەنسا و جاشی دیگۆل و قۆندەرەی شیراک .

تەنانەت مارکسیزمیش لە لایەن گەلانی ئەمریکای لاتین و ئەفریقا بۆ سەربەخۆیی و نوێکردنەوەی خۆیان بەکارهێنران ، هیچ نەتەوەیەک نییە لە بەر خاتری مارکسیزم دژایەتی نەتەوەی خۆی کردبێت و بووبێتە گەوادی گەلێکی تر یان دەروێشی فشە مارکسییەکی نەتەوەی داگیرکەر یان پشتی لە زمان و مێژوو و ئەدەبیات و کەلتوور و پاشەرۆژی نەتەوەکەی خۆی کردبێت .

دیارە لە سەرەتاوە زۆر گەلان دین کۆی کردوونەوەو زمانی دینەکەیان بۆتە زمانی نووسین و فێرکردنی بنەماکانی ئایین ، بەلام دوایی گەڕاونەوە بۆ زمانی نەتەوەیی و دینیان نەتەوەیی کردووە .

بە سەدان ساڵ بەر لەوەی نەتەوە ئەوروپایییەکان ئەوە بکەن و بەمە بازێكی گەورە بۆ ژیاندنەوەو ستانداردکردنی زمانی نەتەوەیی وەک بنەمای هەرە بەهێزی دەولەتی نەتەوەیی خۆیان بدەن ، فارسەکان هەر لە پرۆژەی مەزنی [ شاهنامە ] وە ئەم کارەیان کردوو بۆ زمانی نەتەوەیی خۆیان گەرانەوە .

کوردیش تا دابەشکردنی ئیمپریالیزمانەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم کە دابڕان و بۆشاییەکی کەلتووریی گەورەی دروستکرد ، و دوای ئەوەش کەم یان زۆر ، خاک و ولات و زمان و کوردایەتی و کوردەواریی خۆی بەرامبەر هەموو هێزیکی داگیرکەر پاراستووە .

بوونی ئینسانیی یانی بوونی نەتەوەیی و تەواو .

بوون یانی نەتەوەیی بوون ، کە پیرۆزترین حەقیقەتی بوونی مرۆڤە .

لە دایکبوون و نەتەوەیی بوون لێک جیا ناکرێنەوە .

سڕینەوەی نەتەوایەتییت سڕینەوەی سەرەتاو سەرتاپای بوونی خودایی خۆتە ، یان ژیان بەسەربردنە وەک بوونێكی ساختەی لە ئینسانییەت دابراو، بوونێکی بۆش ، تێکەڵ لە درۆ و رق ، ترس و تاوان ، پووش و پووچەڵیی ، نوقم بوو لە ساختەچێتی و نیفاق و کوفرو خەرافات و خیانەت .

(نەتەوە) و (نەتەوایەتی) بەرهەمی سروشتیی پێوەندی بوونیاریی مرۆڤە بەو خاکەوە کە لێی لە دایک دەبێت .

لەم پێوەندییە ، وجودییەی نێوان مرۆڤ و خاکە ، کە مێژوو بەهەموو دامێن و و پرۆسەکانیەوە : ئابووریی ، کۆمەلایەتی ، کەلتووریی ( زمان و ئەدەبیات و دین ) ، شارستانیی ، سیاسیی و بەربەرەکانی جەنگیی دەرەوە ( واتە جیۆپۆلیتیکی ) لە دایک دەبێت .

بەلام گومانی نییە دوای ئەوەی کۆرپەیەک لە دایک دەبێت : گەورەترین و خۆشترین لەحزە کە بناسێ ئەو وەک مرۆڤ دیار دەکا : ئەو کاتەیە کە دەکەوێتە گڕوگاڵ و بۆ یەکەمجار بەو زمانەی خودا پێی بەخشیوە : وشەی دایە ، بابە ، بەبە … هتد . پڕئاواز دەکات .

ئەو کاتەیە کە دایکوباوکی خەنی دەبن .

ئەمە لەدایکبوونی دووەمی مرۆڤە ، لە دایکبوونی راستەقینەی ئەو:

یەکەمجار وەک بایۆلۆجی : وەک بوویەکی جەستەیی ، وەک لەش و روخسار .

دووەم جار : وەک بوویەکی رۆحی و سایکۆلۆجی ، واتە حەقیقەتی رۆحی ئینسان وەک زمان دەریدەبڕێت ، وەک رەوشی دەروونیی ناوەوەی و تێگەیشتنی لە دنیای دەرەوەی .

لەورۆژە بەدواوە بە زمانەکەی خۆی فێردەبێت و فێردەکرێت و ئاخاوتنی مرۆڤانەی خۆی لەگەڵ کەلتووری کۆمەلەکەی خۆی دەکات و ئەمەش کەسێتیی و بناسی مرۆڤیی ئەو دیار دەکات .

 بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر  .. نەتەوەو زمان و تەقواو تاوان لە روانگەی قورئانەوە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت