دکتۆ جەبار قادر : فەتحوڵا گیولەن کێیە ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

محەمەد فەتحوڵا گیولەن Mehmet Fethullah Gülen  پێشنوێژ ، وتارخوێن و نووسەرێکی تورکی بەناوبانگە .  ئێستا بە کەسایەتییەکی ئیسلامی گەورە دادەنرێت . گیولەن دامەزرێنەر و سەرکردەی رۆحی بزووتنەوەی گیولەنییە ، کە بە بزووتنەوەی خزمەت و جەماعەت دەناسرێت . لە دەسپێکدا ناوی بزووتنەوەکەی ” خزمەتی ئیمانییە و قورئانییە ” بوو ، بەڵام دواتر کورتکراوەکەی خزمەت یا جەماعەت بەسەریدابڕا . خۆیان بزووتنەوەکە بە ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی دادەنێن . گیولەن یەکێک لە دامەزرێنەرانی دامەزراوەی ڕۆژنامەوان و نووسەرانە (1994)، هەر خۆیشی بە سەرۆکی شانازی دامەزراوەکە ڕاگەیەنرا . لە مارتی ١٩٩٩ بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی پەنای بردە بەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا ، بەڵام لە ڕاستیدا بە هۆی باری سیاسییەوە بوو و لەو کاتەوە لە پێنسیلڤانیا ژیان بەسەر دەبات . لە ئەمێریکاش ڕێکخراوی ” هاوپەیمانی لە پێناو بەها هاوبەشەکان “” ” Alliance for Shared Values دامەزراند . ئەم ڕێکخراوە بووەتە چەترێک بۆ کۆمەڵێک ناوەند و ڕێکخراوی وەک ” ئینستیتوتی ئەتلانتیک ” کە پێشتر بە سەنتەری کولتوریی ئەستەموڵ دەناسرا ، ڕۆمی فۆروم لە واشنتن ، ئینستیتوتی پاسیفیک ، ئینستیتوتی دایاڵۆگی  ئاینەکان ، دامەزراوەی نیاگارا و ئینستیتوتی دورگەکانی ئاشتی . لە ڕێگەی ئەم ناوەند و دامەزراوانەوە لایەنگرانی گیولەن ڕۆڵی گەورە دەبیننن .

گیولەن دەڵێت : باوەڕی بە زانست ، دیموکراسی و دایەڵۆگ لە نێوان ئاینەکاندا هەیە . ئەو خۆی بە کەسێکی لیبراڵ و کراوە بەخەڵک دەناسێنێ . لە گەڵ دایەڵۆگدایە نەک تەنها لە نێوان موسڵمان و کرستیان و جودا ، بەڵکو لە گەڵ بێ ئاینەکانیشدا . لەم بارەیەوە لە گەڵ پاپای ڤاتیکان و ڕێکخراوی جوەکاندا لە دایەڵۆگدا بووە . گیولەن پێداگرییەکی زۆر لە سەر پرۆسەی فێرکردن و پەروەردە دەکات . باوەڕی بەوە هەیە کە لەم ڕێگەوە نەوەیەکی ئاڵتونی دروست دەکات . کارکردن و هەوڵدان پێگەیەکی گرنگیان لە بیر وبۆچوونی گیولەندا هەیە .

حکومەتەکەی ئەردۆگان بە داڕێژەری هەوڵی کودەتای 15 تەمموزی دادەنێ و داوای ڕادەستکردنەوەی دەکات . هەرچەندە گیولەن ئەوە ڕەتدەکاتەوە ، بەڵام ئەردۆگان ناوی ” ڕێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵایی ” و ” دامەزرێنەری دەوڵەتی هاوتەریب ” لە گیولەن و لایەنگرانی ناوە و گەورەترین هەڵمەتی گرتن و ڕاونانی لە دژیان دەستپێکردووە .

تا ساڵی 2013 ئەردۆگان و گیولەن هاوپەیمان یەکتر بوون . بزووتنەوەکەی گیولەن هاوکارییەکی زۆری پێشکەش بە پارتی داد و گەشەپێدان کرد بۆ پاکتاوکردنی نەیارەکانی ئەردۆگان لە نێو سوپا ، سیستەمی دادوەری ، دەزگاکانی خوێندن و پەروەردە و میدیا . لە دوای دزەپێکردنی هەواڵ و زانیاری لە بارەی گەندەڵی دەورو بەرەکەی ئەردۆگان هاوپەیمانییەکەیان کۆتایی هات و ئەردۆگان کەوتە گیانی گیولەنییەکان . ئەردۆگان هێز و توانای گیولەنییەکان دەزانێت ، بۆیە وا کەوتووەتە گیانیان .

گیولەن زیاتر لە 50 کتێبی نووسیوەو ژمارەیەکی زۆر وتاری لە گۆڤارە جیاوازەکاندا بلاوکردۆتەوە و ژمارەیەکی زۆرتریش وانەی ئامۆژکاری پێشکەش کردووە و دواتر وەک کتێب بڵاوی کردوونەتەوە . لە تەک زمانی تورکیدا ، تورکی عوسمانی ، فارسی و عەرەبی دەزانێت . سەرچاوەی سەرەکی بیر و بۆچوونەکانی ” رسائل النور ” سەعیدی نورسی ” نەورەسی ، کوردی ” یە . بیرۆکەکانی نەورسی پەرەپیداوەو لە بەرگێکی هاوچەرخ و مۆدێرندا خستوونێتە بەرچاو . هەرچەندە سەرسام بووە بە بەرهەمەکانی نەورسی ، بەڵام پیدەچێت کوردبوونی نەورسی جۆرێک لە گرێکوێرەی لە لای گیولەن دروست کردبێت . هەستی ناسیۆنالیستی بەهێزە و نەیوسیتووە تیشکێکی زۆر بخرێتە سەر نەورسی .

محەمەد فەتحوڵا لە 27 نیسانی 1941 لە گوندی کوروجوکی شارۆچکەی پاسینلەر ، کە چل کیلۆمەتر لە ئەرزەڕۆمەوە دوورە ، هاتۆتە دونیاوە . مەلا ڕەمزی باوکی مەلاو پێشنوێژ بووە و دایکیشی خانمی ماڵ بووە و گوایە ژنانی گوندی فێری قورئان خوێندن کردووە ، هەرچەندە کەمالییەکان ئەم کارەیان قەدەغە کردبوو . لە پێنج ساڵییەوە لە گوندەکەی خۆیان لای مەلا دەستی بە خوێندنی قورئان کردووە . لە ئەرزەڕومیش لە مەدرەسەی ئاینی دەرسی خوێندووە . وەک قوتابییەکی دەرەکی تاقیکردنەوەی خوێندنی سەرەتایی ئەنجامداوە . ئەو بۆ خۆی خەرێکی خوێندنەوەو خۆ پێگەیاندن بووە .

هەرچەندە نامەکانی نەورسی سەرچاوە و ئیلهامی گیولەن بووە ، بەڵام بە پێی توێژەران ئەوەی گیولەنی لە نەورسی جودا دەکردەوە ، هەستی بەهێزی ناسیۆنالیستی بووە ، هەروەها بە پێچەوانەی نەورسی ئەم سەر بە دەوڵەت بووە ، باس و خواسی ئابوری و نیولیبیراڵیزم لە بواری ئابوریدا سەرنجی ڕاکێشاوە . هەندێ کەس لێکدانەوەکانی گیولەن بە ڤێرژنێکی ئیسلامی کاڵڤینیزم دادەنێن .

لە ساڵی 1963 ” کۆمەڵەی بەربەرەکانی دژ بە کۆمۆنیزم ” ی دامەزراند . لەو کاتەدا ئەم کارەی مایەی پێشوازی بوو لە لایەن دەوڵەت و پەیمانی ناتۆ و ڕۆژئاواوە ، چونکە دەچووە خزمەتی ئەوانەوە لە ململانێی نێوان بەرەی سۆسیالیزم و کەپیتالیزمدا . لە ساڵی 1971 بۆ ماوەی 7 مانگ لە لایەن کودەتاچییەکانەوە گیرا . لە ساڵانی 1975 – 1976 زنجیرە سمینارێکی لە ژێر ناونیشانی ” ئیسلام و زانست ، داروینیزم ، وەچەی ئاڵتونی ، دادوەری کۆمەڵایەتی و پەیامبەرێتی لە شارە جیاوازەکانی تورکیا ئەنجامدا . لەم ڕێگەوە تۆڕێکی پەیوەندی بەهێزی دروست کرد ، کە دواتر لە خزمەتی بزووتنەوەکەیدا بەکاریهێنا . ساڵی 1979 دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی وتار لە گۆڤاری SIZINTI . له‌ وتارێکیدا لەو گۆڤارەدا پەسنی کودەتای ئەیلولی  1980 داوەو و گوایە گەلی تورکیا دەمێک بووە لە چاوەڕوانی ئەوەدا بووە سوپا بەهانایەوە بێت و وەک خدری زیندە ڕزگاری بکات .

لە ساڵی 1986 چووە حەج و بوو بە حاجی گیولەن . لە ساڵی 1988 گۆڤاری ئومێدی نوێی دەرکرد و سەروتاری بۆ خۆی دەنووسی . لە 1989 و 1990 خۆبەخشانە لە ئەستەموڵ گوتاری ئاینی پێشکەش دەکرد ، لە دواییدا کۆی کردنەوەو لە ژێر ناونیشانی ” ڕوناکی بێدوایی ” لە سێ بەرگدا لە چاپیدان . لە سەر کاری خۆبەخشانەی گوتار خوێندن بەردوام بوو .

لە ساڵانی 1991 – 2000 لە گەڵ تورگوت ئوێزال ، تانسۆ چیللەر ، مەسعود یڵماز ، بولنت ئەجیڤیت و پاپا جۆن پاوڵی دووەم و کەسانی تردا ئاشنایی پەیدا کردو لە دایاڵۆگدا بوو لە گەڵیاندا . لە ساڵی 1999 بە هۆی نەخۆشییەوە چووە ئەمێریکا و لەو کاتەوە لەوێ دەژێ . ساڵی 2008 گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمێریکی و پرۆسپێکتی بریتانی بە یەکێک لە سەد ڕۆشنبیری یەکەمی دونیا دایاننا ، دواتریش گۆڤاری تایم لە 2013 بە یەکێک لە سەد کەسی کاریگەری دونیای ڕاگەیاند .

لە ساڵی 1981 دەستی لە کاری پێشنوێژی دەوڵەتی هەڵگرت . لە ساڵانی  1988 –  1991 بۆ جارێکی تر گەشتێکی دوور درێژی بە شارەکانی تورکیادا کرد و زنجیرەیەک کۆڕ و سمیناری لەو شارانە پێشکەش کرد و تۆڕی پەیوەندییەکانی فراوانتر کرد . گیولەن خۆی لە پارتی رەفاهی نەجمەدین ئەربەکان و فەزیلەت بە دوور دەگرت و زیاتر پەیوەندی بە تانسۆ چیلەر و ئەجڤیتەوە دەکرد .

لە دیسەمبەری 2014 دادگای تورکی بریاڕی دەستگیرکردنی فەتحوڵا گیولەنی دەرکردووە دوای ئەوەی 20 ڕۆژنامەوانی سەر بە گروپەکەی دەستگیر کران و تۆمەتی ئەوەیان درایە پاڵ کە خەریکی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی چەکدارین .

گیولەن تیۆرییەکی ئیسلامی تازەی دانەهێناوە ، بەڵکو ئەو دەگەڕێتەوە بۆ نووسەرە کلاسیکەکانی ئیسلام و هەوڵئەدات لێکدانەوەی هاوچەرخانەیان بۆ بکات . ئەو هیچ کاتێک ئەندامی تەریقەت نەبووە و لە گەڵ ئەوەدایە کە موسوڵمانان لە دایەڵۆگدا بن لە گەڵ خەڵکانی دیکەدا بە بێدینەکانیشەوە .

گیولەنییەکان زیاتر لە  1000 قوتابخانەیان لە وڵاتانی جیهان کردۆتەوە ، لە قوتابخانەکانی گیولەندا فیزیک ، کیمیا و ماتیماتیک دەخوێنرێن . قوتابخانەکانی خزمەت لە تورکیا بە باشترین لە قەڵەم دەدرێن . گیولەن باس لە نەوەیەکی ئاڵتونی دەکات کە لە قوتابخانە و زانکۆکانی بزووتنەوەکەی دەخوێنن . ئەمانە قوتابخانە ، زانکۆ ، ناوەندی کولتوری و ماڵی قوتابیان و …تاد ، ئامانجیان دروستکردنی ئەو نەوە ئاڵتونییە . مرۆڤگەلێک کە شەیدای کولتور و ستایلی ژیانی تورکین و مۆدێلی تورکی ئیسلام پەیڕەو دەکەن و ئەو تۆڕەن کە لە داهاتوودا کار بۆ سەروەری ئەم بزووتنەوەیە دەکەن . گیولەن دژی سیکیولاریزم نیە و دەڵێت لە وڵاتانی سیکیولار و دیموکراتدا 90% لە پرینسپەکانی ئیسلام بەدی هاتوون و ئەوەشی دەمێنێت کە 5% ئەوە ناهێنێت شەڕی بۆ بکرێت . گیولەن لەگەڵ ئەوەدایە تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا وەربگیرێت .

لە تورکیا ملیۆنەها خەڵک بە لایەنگری گیولەن دادەنرێن . لە نێو ئەمانەدا دەرچووانی قوتابخانەکانی خزمەت ڕۆڵی هەرە دیار دەبینن . لە ڕیزەکانی پۆلیس و دادگان لایەنگرانی زۆرن . هەروەها بزووتنەوەکەی کۆمەڵێک ڕۆژنامە و گۆڤار و دەزگای میدیا ، بانک و دامەزراوە کۆنترۆڵ دەکەن وەک ڕۆژنامەی زەمان ، تەلەفزیۆنی سەمانیۆڵو ، بانکی ئاسیا ، کۆنفیدراسیۆنی بیزنسمان و پیشەسازان .

شەڕی ئەردۆگان و لایەنگرانی گیولەن شەڕی سەختی ئایدیۆلۆژی ، سیاسی ، ئابوری ،کۆمەڵایەتی و …. تاد دەبێت و , پێموانیە پارتی داد و گەشەپێدان بتوانێت بە بێ زیانی گەورە لێی دەرچێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت