رەزا شوان : سوودەکانی سۆزی دایک بۆ منداڵ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شکسپیر دەڵێ :  لە جیهـاندا سەرینـێک نییە .. کە لە بـاوەشی دایـک نەرمـتربێت .

بە لای ئێمەوە ، لە کوردستان پیرۆزتر و جوانتر نییە .. لە کورد دڵپاکتر و لێبووردەتر نییە ..
لە دایک بەسۆزتر و دڵسۆزتر نییە .. لە پێشمەرگەرە قارەمانتر و گیانبەخشتر نییە .. لە ئازادی و ئاشتی شیرینتر نییە .. لە هیوا و بڕوا و هاندەرتر نییە .. لە یەکێتی و تەباییش بە هێزتر نییە .

دایک پیرۆزترین بوونەوەرەی دونیایە .. دایک وشەیەکی بچووکە و ، لە چوار پیت پێکهاتووە .. بەڵام جوانترین و ناسکترین و شیرینترین وشەیە ، لەسەر زار و ، لە ناخی دڵی هەموومان دایە .. دایک جوانترین وشەیە لە فەرهەنگەکانی زمانەکانی هەموو گەلاندا .. دایک وشەیەکە گەورەترین واتای لەخۆگرتووە ، کە بە هەزاران وشە و رستە و دێڕ و هۆنراوە و پەخشان و رۆمان ، نایاتە باسکردن و ستایش کردن .. دایک واتای بەزەیی و سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی و دلۆڤانی و بەرخودانی لەخۆگرتووە .. سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی دایک بێ هـاوتا و بێ سنوورن و .. هەرگـیز لەبن نایەن .. دایک هەمیشە دەبەخشێت و، هیچ کاتێکیش چاوەڕوانی وەرگرتنی پاداشت ناکات .. دایک کانییەکی روونی هەمیشەبەخشی بەخۆڕە .. کە بەزەیی و سۆز و خۆشەویستی لێهەڵـدەقوڵێت .. نە لێڵ دەبێت و، نە وشکیش دەکات .
دایک سونبولی ژیانە ، هێمای بەخشین و درێژەدان و مانە .. سکی دایک پیرۆزترین نیشتمانە .. لە سکی دایکدا ژیان لە دایک دەبێ .. لە باوەشی دایکدا رۆڵەکانی نیشتمان گوش دەکرین و پێدەگەن .
جوبـران خەلـیل جوبـران دەڵێ : دایک هەموو شتێکە لە ژیـاندا ، دڵـدەرەوەیە لە ماتەمینیدا ، هیـوایە لە بێ ئومێـدیدا، هـێزە لە لاوازیـدا  .

ئەوە دایکمان بوو ، پێش ئەوەی چاوەکانمان هەڵبێن، بە سنگی گەرم و نەرمی خۆیەوە نووساندین و ،  بە شیری پاکی گۆشی کردین .. ئەوە دایکمان بوو ، بۆ ئەوەی بە خۆشی و بە شادی خەومـان لێبکەوێت ، بە دەنگە ناسک و شیرین و بەسۆزەکەی لای لایەی کوردەواری خۆشی بۆ دەکردین و ، دەیلاواندینەوە ، شەونخونی دەکرد و شەو تا بەیانی ئێشکی دەگرتین .. ئەوە دایکمان بوو ، رۆژانە لە باوەشی گەرم و نەرمی دەکردین و ، دەستە نەرم و جوانەکانی بە سەر و گوێماندا دەهێنا و ، بە دەیان زەردەخەنەی شیرێن و ناسکی پێدەبەخشین و ، ماچـبارانی دەکردین و هەموو خەم و ئێش و دڵتەنگی و ناسۆرییەکانمانی لەبیردەبردینەوە .. ئەوە دایکمان بوو ، کە هەموو نـاز و نووزێکمانی هەڵدەگرت .. بەشە پارووەکـەی خۆی بە دەمانەوە دەکرد .. رۆژی سەد جـارش مەرگی خۆی پێش مەرگمان دەخست و ، هەمیشە نزای دەکرد و، لە خـوا دەپاڕایەوە ، کە جەرگی نەسووتی و .. ئێمە بێوەی بین .

ئەوە دایکی دڵسۆزمان بوو ، کە فێر ئەلفوبێی کوردایـەتی و کوردسـتان پـەروەری کـردین .. بەڵی کەسمان لە پڕێک ، نەبووینە بە کچ و کوڕێک .. دایکمان یەکەمین مامۆستامان بوو .. باوەشی دایکیشمان یەکەمین قوتابخانەمان بوو .. دایک و باوکمان زۆریان فێرکردین و ، زۆر بەها و نەریتی رسەن و جـوانی کوردیمان لە ئەوانەوە فێربووین .
ریتشارد نیکسون ـ سی و حەوتەمین سەررۆکی ئەمریکا دەڵێ :  دەتـوانیت هەمـوو شـتێکم لە بیربەریتەوە .. تەنیا ئەوە نەبێت کە دایــکم فـێرێ کـردووم  .
ئابراهام لینکۆڵن ـ  شانزەمین سەرۆکێکی ئەمریکا  دەڵێ : هەموو ئەو شتانەی کە من پێیان گەیشتووم ، ئەو پلە و پایەیەش کە هیوای پێگەیشتنیان دەخـوازم ، هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ دایکی پەریـزادم  .
کەڵەزانای داهێنەر تۆمـاس ئەدیسۆن  دەڵێ : ئەوە دایـکم بوو کە دروسـتی کـردم  .
هونەرمەند ( فلۆریـان ) یش دەڵێ :  ماچیـک لە لایەن دایکمەوە ، کردمی بە وێنەگرێکی جیهانی  .
بە سەدان وتەی ناوداران و پەندی گەلان و ، هۆنراوەی شیرین و، چیرۆک و، پەخشان و ، رۆمان و ، داسـتان ، بە هەموو زمانەکانیی جیـهان ، دەربارەی بەزەیی و سۆز و دڵسۆزی و خۆشەویستی و شکۆداری دایک و تـراون و نووسـراون .

هێندە قەرزاری دایکمانین ، هێندە چاکەی بە سەرمانەوە هەیە .. گەر بە درێژایی ژیانمان ستایشی بکەین و پێیدا هەڵبدەین ، هەرگیز ناتوانین پاداشتی سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و بەخشندەیی بدەینەوە .. ئەوە گەورەتـرین رێز و شکـۆداری و پێزانینە کە : بەهـەشـت لەژێر پێی دایکانـدایە . ڤیکتۆر هۆگـۆ دەڵێ : جیـهان بچـووکیش بێتەوە .. دایـک هەر بە گـەورەیی دەمێنـێتەوە .
جـان جـاک رۆسـۆ دەڵێ : گەر جیـهان لە چنگێکدا بێ و .. دایـکم لە چنگەکەی تـردا بێ ، ئەوا دایـکم هەڵـدەبـژێـرم .
کوردیش دەڵێ :  دایـک لە لای رۆڵەکـانی، قـەد پیـر نـابێت  .
دایک شایانی ئەوەیە و ، زۆر لەوەش زیاتر، کە هەموو رۆژێک نەک جارێک ، بەڵکو بە دەیان جار سەری رێز و نوازشی بۆ دانەوێنین و ، تێر دەستە جوانەکانی ماچ بکەین و ، داوای گەردن ئازادی و لێـبووردن و بەخشـینی لێبکەین .. گەر دایـک لـێمان رازی نەبێت ، لە ژیـاندا  ناحەسێینەوە .

ئێمەش باوکین و ، هیوادارین کە باوکـان بە هەڵە لێمان تێنەگەن و ، وا بـزانن ، کە لە رادەی سۆز و بەزەیی و دڵسۆزی و خۆشەویستی و قوربانیدانی ئەوان بۆ رۆڵەکانیان بە کەمتر دەزانین .. دەڵێن :  چاکەی باوکـان لە بەرزترین لووتکە چـیا بەرزتـرە .. چاکەی دایکـانيش لە قووڵترین دەریاڵـۆش قووڵترە .. پیاوانیش هەر لە دایک لە دایکبوونە .. بەڵام ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنگرە و ناتوانین نکووڵی لێبکەین .. ئەو سۆز و خۆشەویستی و دلۆڤانییەی کە لە دایکدا هـەیە .. بەم رادەیە لە باوکدا نییە .. سۆز و بەزەیی و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی رەمەکی و سروشتییە .. ئەم سۆز و خۆشەویستی و گرینگیپێدانە رەمەکییەش ، تەنیا لە دایکی مرۆڤدا نییە .. بەڵکو لە دایکانی هەموو بوونەوەرەکانی کەشدا ، رەمەکی و سروشتییە، بێچوەکانیان بە سۆز و خۆشەویسی بە خـێودەکەن و شیر و خواردنیان  دەدەنێ و، چاودێری دەکەن و پارێزگارییان لێدەکەن .. تا  گەورە دەبن و دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن . بۆ نموونە بڕواننە ، ئاسکەیەک ، مانگایەک ، پڵنگێک ، مەڕێکی تازە زاو ، کە چۆن یەکسەر دەگەشێنەوە و ، هەموو ئازارێکی خۆیان لەبیر دەچێتەوە و  . بە زمـانیان تێر بێچـوە تـازە زاوەکـانیان دەلێسنەوە .. بێچوەکانیشیان یەکسەر بۆنی دایکیان دەکەن و دیاناسن و ، دەم بە گـوانی دایکيانەوە دەنێن و شیریان دەخـۆن .

سۆز و خۆشەویستی دایک زۆر گرنگن و ، کارتێکردنێکی ئەرێنی گەورەیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵەکەی هەیە .. سوودێکی زۆریان هەیە ، بۆ مەستکردنی پێداویستییە جەستەیی و دەروونی و هۆشییەکانی منداڵ .. لە ئامێزگرتنی منداڵ و، قسەکردن لە گەڵێدا بە رووخۆشی و بە شیرینی و بە نەرمی و بە زەدەخەنەوە لە لایەن دایکییەوە .. فاکتەرێکی بەهێزە بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکی بەهـێز ، لە نێوان دایک و منداڵەکەیدا .

سۆز لە رووکەشییەکەیدا ، ئەوەیە کە دایک رۆژی چـەند جـارێک ، بەپێی پێویست و دەرفەت ، جگەرگۆشەکەی لە باوەش بکات و بە سنگی خۆیەوە بینووسێنی .. وەکو وتمان سۆز هەستێکی رەمەکی گەورەیە .. منداڵ تەنیا لەسەر سنگی دایک و باوکیدا هەست بەم سۆزە رەمەکییە دەکات .
ئەو منداڵە بەختەوەرانەی ، کە لە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵییاندا ، لە ناو شوورەیەکی سۆز و خۆشەویستیدان و ، مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکان و باوکانیانن .. لە داهاتوودا دەبنە ژنان و پیاوانی ژیر و هێمن و دانا و لەسەرخۆ .. دەزانن کە چۆن بە شێوەیەکی راست و دروست و لەبار ، بە هۆش و بیر و توانایان ، بە سەرکەوتوویی هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڵوێستەکانی ژیانـدا بکەن .

گرنگترین سوودەکانی سۆزی دایک بۆ منـداڵ :
1 ـ گەورەترین خواست و بەرزترین هیوای منداڵ ، ئەوەیە کە سۆز و خۆشەویستی دایکی بە دەست بێنێ .. سۆزی دایک فریارەسە بۆ ئەوەی منداڵ لە هەموو ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامییەک رزگاری بێت .. سۆزی دایک بڕوا و گەشبینی بە منداڵ دەبەخشێت .. منداڵ بە سۆزی دایک گەورە بەبێ و دەژی .. لە کوردەواریدا ، کە منداڵێک لە دایک دەبێت ، بەم جۆرە پیرۆزبایی لە دایک و باوکی دەکەن ( منداڵەکەتان پیرۆزبێ و ، بە سۆز و بە خۆشەویستی و نازی دایک و باوکی گەورەبێت و پێبگات ) .
2 ـ گرنگیدانی دایک بە منداڵەکەی و، هەستکردنی منداڵ بە سۆز و خۆشەویستی دایـکی بۆی .. هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی هەردوو بەشەکەی ناوچەی ( هـایپۆکـامیس ) لە مێشکی منداڵدا ، قەوارەی گەورەتربێت .. ئەم ناوچەیەش لە مێشکی منداڵدا ، بەرپرسە لە ئاستی زیرەکی و فێربوون و بیرهێنانەوە و زاڵـبوون بەسەر فشارە دەروونییەکـاندا .. بە تاقیکردنەوەی پراکتیکی و ، بە بەراوردکردنی ئەو منداڵانەی کە مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکیان بوون ، لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە لە سۆز و خۆشەویستی دایکیان بێبەش بوون ، یا دایکانیان سۆز و خۆشەویستییەکی کەمتریان پێ بەخشیبوون و ، بە گرژی و دڵڕەقی و بە توند و تیژی و بێبەزەییەوە ، مامەڵەیان لەگەڵ کردوون ، ناوچەی ( هایپۆکامیس ) ی مێشکی ئەم منداڵانە کورژتر و بچووکترە لە مێشکی منداڵانی سۆزپاراو .. ئەوەش ساغـبۆتەوە ، کە مـنداڵانی سۆزپـاراو لە (١٠ % ) دا ، ئاستی زیـرەکی و فێربـوون و بیرهێنانەوە و کۆمەڵایەتییان بەرزترە ، لە ئاستی منداڵانی بێبەش لە سۆز و لە خۆشەویتی و لە ناز .
3 ـ سۆز و گرنگیدانێکی زیاتری دایک بە منداڵە نەخۆشەکەی ، دەبێتە هۆی زووتر چاکبوونەوەی .
4 ـ لە ئامێزگرتنی منداڵ لە لایەن دایکییەوە .. یارمەتی دەردانی هۆرمۆنی ( ئۆکسـیتۆسین ) دەدات لە لەشی منداڵدا .. کە هۆکارێکی گرنگە بۆ چالاکردنی دڵ .. یارمەتی ئەوەش دەدات ، کە گـازی ئۆکسجین بە ئاسانی و ئاسایی بگات بە خوێن .
5 ـ ماچکردنی منداڵ لە لایەن دایکییەوە .. هۆکارە بۆ گواستنەوەی هەندێ ( بەکتریای سوودبەخش ) بۆ منداڵەکەی ، کە یارمەتی منداڵ دەدات ، بۆ چالاکردن و بەهێزکردنی سستەمی بەرگری لە لەشیدا .
6 ـ کە دایک باوەش بە جگەرگۆشەکەیدا دەکات و ، بە نەرمی و ناسکی دەست بە سەریدا دەهێنێت و ، بە هیواشی بە پشتیدا دەکێشێت .. منداڵەکەی هەست بە ئەوپەڕی دڵنیایی و بە ئاسوودەیی دەکات .. مەستی گەلێ لە پێداویستییە دەروونییەکانی دەبێت .
سوکـرات دەڵێ : هەرگیز هەستم بەدڵنیایی نەکردووە .. تەنیا ئەو کاتانە نەبێت کە لەباوەشی دایکمدا بـووم .
7 ـ دایکایـەتی هەست و سۆز و شادی و خۆشەیەکی زۆر ، بە خودی دایکان دەبەخشێت .. کاتێ کە جگەرگۆشەکانیان لە باوەش دەکەن و بە سنگیانەوە دەنووسێنن .. وا هەست دەکەن کە جیهان هی ئەوانە و ، مەستی رەمـەکی دایکایـەتی دەبن .
8 ـ ئەو منداڵانەی لە هەرەتی منداڵییاندا ، مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکان و باوکانیان دەبن و .. بە سۆزداری و خۆشەویستی و رێزگرتن و کۆمەڵایەتی و بە پرەنسیپە دەروونییەکان پەروەردە دەکرێن .. کەمترینی ئەو هەرزەکارانەن، کە لە هەرزەکاریدا لاڕێ دەبنەوە و تووشی هەڵە دەبن .. دووریشن لە سەرکێشی هەوەسبازی و مەیل و سۆزداری و خۆشەویستیی نادورست .. بە دروستی و ژیری و بە رێکیش هەڵسوکەوت لەگەڵ قۆناغەکان و گۆڕانکارییەکانی ژیاندا دەکەن .
دیـگۆن راسـکن  دەڵێ :  کەمێک خۆشەویستی بە منداڵەکەت ببەخشیت .. لە پاداشتی ئەو خۆشەویستییەت سوودێکی زۆرت دەبێت  .
گۆڵـدن دەڵێ : کە دایــکم منی خـۆشـبوێت .. منیش هەمـوو جیـهانم خـۆشـدەوێت .

لێکۆڵینەوە لە گرنگی سۆزی دایک بۆ منداڵەکەی :
تا ئێستا چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی پراکتیکی لە لایەن دەروونناسانی منداڵان و پزیشکە پسپۆرەکانی بواری تەندروستی و گەشەکردنی منداڵانەوە ، دەربارەی گرنگی و سـوود و کارتێکردنی سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی ئەنجام دراون .

لە لێکۆڵینەوەیەکی تازەدا، کە لە لایەن چەند پسپۆرێکی دەروونناسی منداڵان و ، چەند پزیشکێکی تەندروستی منداڵان، کە لە نەخۆشخانەی فێیرکاری ( سانت لویس) سەر بە ( زانکۆی واشنتۆن ) لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دراوە .. لەم لێکۆڵێنەوەیەدا (92 ) منداڵ بەشدارییان تێدا کرد .. تەمەنی منداڵەکان لە ( 4 ) ساڵەوە بۆ (  10 ) ساڵ بوون ، لە ماوەی لێکۆڵینەوەکەدا چەند جارێک بە ( لەرینەوەی موگناتیسی ) وێنەی مێشکی منداڵە بەشداربووەکانی لێكۆڵینەوەکەیان گرتن .. گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی ، گەشەکردنی مێشکی منداڵەکەی خێراتر دەکات .. بە تایبەتیش پێش ئەوەی کە تەمەنی منداڵ بگات بە شەش ساڵان ، کە بە گرنگترین و بە هەستیارترین و بنەماترین قۆناغی ژیان دادەنرێت .. قۆناغی پێشبینیکردنی کەسایەتی داهاتووە .

رۆبەرت مایەر مامۆستای یاریدەدەر و ، پسپۆر لە پزیشکی دەروونی و، شارەزاش لە رەوشـتە مرۆییەکان لە ( زانکۆی کـالیفۆرنیا ) لە ئەمریکادا ، ئاماژەی بە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە کرد و ، وتی :  لێکۆڵینەوەکە ئەوەی بۆمان ساغکردەوە، کە سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی ، فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ زووترکردن و خێراترکردنی بنیاتنانی مێشکی منداڵ .. کاریگەرییەکی باش و ئەرێنیشیی هەیە لەسەر ژینگەی دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵ .
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی دەرخست، کە ئەو منداڵانەی بەختەوەرن لە ماڵەوەدا ، بە سۆز و بە خۆشەویستی گۆش و گەورە کراون .. مێشکیان بە پلە و بە ئەندازەیەکی گەورە پێشکەوتووە .. کە ئەم رادە گەشەکردن و پێشکەوتنە ، لە مێشکی ئەو منداڵە بەدبەختانەدا بەدی ناکرێن ، کە لە ماڵەوەدا بێزراو و پشتگوێ خرابوون و ، لە سۆز و لە خۆشەویستی دایکان و باوکانیان بێبەش بوون و ، بە تووڕەیی و توندوتیژی و بە دڵڕەقی رەفتایان لەگەڵدا کردوون .

لە ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوەیەدا ، ئەوە لە لای دەروونناسان بەرجەستەبوو ، کە لە نێوان پێشکەوتنی دروستی ناوچە سەرەکییەکانی مێشک کە کاریگەرییان لە ژیانی مرۆڤدا هەیە ، لەگەڵ ئەو سۆزداری و  خۆشەویستییانەی کە تێیدا دەژین ، پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەیە .

پرۆفیسۆرجـوان لوبی  پسپۆر و شارەزا لە پزیشکی دەروونناسی منداڵان لە کۆلێژی پزیشکی لە ( زانکۆی واشـنتۆن ) لە ئەمریکا .. کە پێشتر هەر لەم بوارەدا و ، لە بارەی هەمان بابەتەوە چەند توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجام دابوو .. خاتوو جـوان  ئەندامێکی سەرەکی و کارای گرووپی ئەم لێکۆڵینەوە تازەیەش بوو ، لە بارەی دەرەنجامی لێکۆڵێنەوەکەوە دەڵێ : ئەم لێکۆڵینەوەیە بەڵگەی زۆر بەهـێزمان پێشکەش دەکا ، کە زووەخـتی گرنگیدانی دایک بە منداڵەکەی زۆر گرنگە بۆ گەشەکردنی تەندروستی مێشکی منداڵەکەی بە شێوەیەکی ئـەرێنی، کە کاریگەری لەسەر تەندروستی گشتی هەیە  .
پرۆفیسۆر جـوان لـوبی هەر لە بارەی لێکۆڵینەوە تازەکەوە ، دەڵێ : توێـژینەوەکـانی پێشوتـر گرنگی هەستکردنی منداڵانیان لە ساڵە یەکەمەکانی تەمەنیاندا پشتگوێ خستبوون .. ئەو زیانـانەی کە لە ئەنجامی بێبەشکردنی منـداڵ، لە بەزەیی و سۆز و لە خۆشەویستی تووشی مێشکی منـداڵ دەبن .. ناتوانرێت لە ساڵانی داهاتووی تەمەنیدا ، قەرەبوو بکرێنەوە .. تەنانەت گەر کەسوکـاری شێوازی پەروەردەکردنیشی بگۆڕن .. ئەمەش پسپۆرانی بە ئاگاهێنانەوە ، کە جەخت لەسەر گرنگی هەستی منداڵ بکەن و ، بە رادەی پێویست سۆز و خۆشەویستیی هەبێت ، کە هەموو باشییەکانی تر دەستەمۆی دەبن .

دایکـان و باوکـانی بەسۆز و دڵسۆز :
کوردیلەکانمان جگەرگۆشەمانن .. هیوای داهاتووی کوردستانن .. لەسەرمانە کە بە رادەی پێویست بە سۆز و بە خۆشەویستی گۆشیان بکەین .. لەسەرمانە کە بە هەستی کوردایـەتی و بە کوردسـتان پەروەری پەروەرەدەیان بکەین .. بێگومان چارەنـووس و داهاتـووی کـورد و کوردسـتان ، بەندە بە رادەی دڵسۆزیمان بۆ منداڵەکانمان و، بەندن بە شێوازی دروستی پێگەیاندنیان .. بە بەخشینی سۆز و خۆشەویستێمان پێیان .. ئەمەش ئەرکێکی زۆر پیرۆزە و گرنگترین پێویستی ئەستۆمانە .. پشکی شێری شانـازی لە هێنانەدی ئایندەیەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان ، بەر ئێمەی دایکـان و باوکان دەکەوێت .. هەر نابەڵەدی و خەمساردی و هەڵەیەک ، هەر کەمتەرخەمییەک لە گۆشکردن و پەروەرەکردن و لە ئاراستەکردن و لە رێنمایی کردنی جگەرگۆشەکانمان .. دەبنە هۆی ئەوەی کە ئاکامێکی نەرێنییان لێبکەوێتەوە .. کە هەر هەموومان لە ئاکامێکی نەخوازراوی وادا لێی بەرپرسین و ، هەمووشمان باجێکی زۆری هەڵە و کەمتەرخەمییەکانمان دەدەینەوە .. پەشیمانیش بێهوودەیە .

ئەلـیزابێس مـاخ دەڵێ : لە کاتی ئەنجامدانی پەروەردەکردنی منداڵەکانماندا ، هەر هەڵەیەک بکەین، دەبێتە هۆی دۆڕاندنی جەنگێک کە لە پێناوی پاشەڕۆژێکی باشتردا دەستمان داوەتی .

(*) رەزا شوان : نووسەرێکی بواری ئەدەبی منداڵانە .. لە ساڵی (١٩٤٦) لە ( کەرکوک ) لە باشووری کوردستان لەدایکبووە .. لە ساڵی (١٩٩٩) ەوە ، لەگەڵ خێزانەکەیدا لە شاری ( بێرگـن ) لە وڵاتی نەرویـج دەژیـن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت