رەزا شوان: هەر لە شەقلێدانمان کەمبوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مامۆستا خاوەنی پیرۆزترین و گرنگترین پەیامە.. هەر ئەم پەیامە پیرۆزەشە، رێـز و خۆشەویستی و پیرۆزییەکی تایبەتی بە مامۆستا بەخشیوە.. هیچ پیشەیەک نییە بە قەی پیشەی مامۆسـتایی پیـرۆز و هەستیار و چارەنووسـازبێت.. بێگومان چارەنووس و داهاتووی هەر گەلێک لە دەستی مامۆستایان دایە.. مامۆستایانن نەوە لە دوای نەوە گۆش و پەروەردە دەکەن.. مامۆستاکانمان فێری ئەلفوبێی کوردایەتی و فێری کوردستان پەروەرییان کردین.. مامۆستایان ئەو پێشمەرگە خۆبەخەش و ماندوونەناسانەن، کە بە چەکی زانست و زانیاری جگەرگۆشەکانمان رادەهێنن و بۆ داهاتوو پێیان دەگەیەنن.
هەموومان لە هەچ پلە و پۆست و پایەیەکدابین، قەرزاری مامۆستاکانمانین.
میری شاعیرانی عەرەب (ئەحمەد شەوقی ـ کە بە رەچەڵەک کوردە) لە ستایش و گەورەیی مامۆستا دەڵێ:
“هەستە لەبەر مامۆستا شکۆدارییە.. هێندەی نەمابوو مامۆستا ببێت بە پێغەمبەر”
بەڵام بە داخەوە، وەکو لەو گرتووە ڤیدۆییەدا بینیمان، لە هەولێری پایتەختی کوردستان، لە ناوەڕاستی شەقامێکی سەرەکیدا بە بەرچاوی خەڵکییەوە، ئاساییشێکی چەقاوەسووی دەسەڵاتی گەنـدەڵ، زۆر بێڕێزانە و بێشەرمانە و نامەردانە بە شەق لە مامۆستایەکی بەتەمەنی خۆپیشاندەری دا و بێڕێزی پێکرد.. ئەمەش ئەوپەڕی بێڕەوشتییە.
ئەم دیمەنە گـزە و سوێ و خەفەتێکی زۆری کردە دڵمەوە، هەرگیز لە یادم ناچێت و لەبەر چاوم لاناچێت.. کە بە شەقلێدان پاداشتی ئەرکی پیرۆزی مامۆستا بدرێتەوە!
من سی ساڵ مامۆستا بووم، تا ئیستا و داهاتووش، هەر خۆم بە قوتابی هەموو ئەو مامۆستایانەی وانەیان پێوتینەوە و فێریان کردین دەزانم.. لە کوێش بیان بینم، بە ئەوپەڕی رێز و نوازشەوە سەری رێزیان بۆ دادەنەوێنم و دەستیان ماچدەکەم.. شایانی زۆر زیاتریشن.. یەکێک لە سەرۆکە پێشووەکانی ئەمریکا، دوای ئەوە کە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەڵبژێرا، وەزیرەکان و بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا، ریزیان گرت تا پیرۆزبایی لێبکەن.. ئەو پێیانی وت:” بەر لەوەی پیرۆزبایی لە من بکەن، بڕۆن پیرۆزبایی لە دایکم و لە مامۆستاکانم بکەن، چونکە من قەرزاری پەروەردەی ئەوانم و ئەوان منیان بەم پۆستە گەیاند”
هەر ئاسایش لە دکتۆرەیەکی خۆپیشاندەریان دا.. ئەرکی دکتۆریش وەک ئەرکی مامۆستا پیرۆزە و زۆر گرنگە.. لێدان لەو خوشکەمان لێدانە لە هەموو دکتۆرە دڵسۆزەکانمان.
ئایا تاوانە کە مامۆستایان و پزیشکان و هەموو چینەکانی تر، داوای پارەی رەنج و ماندووبوونیان بکەن؟ ئایا مامۆستا بە گیرفانی بەتاڵ و سکی برسێیەوە دەتوانێ وان بڵێنەوە؟ ئایە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەتوانن بە برسێتی و بێ دەرمان چارەسەری نەخۆشەکانمان بکەن؟ ئایا گیرفانەکانی دەسەڵاتدارانی هەردوو بنەماڵەش پارەیان تێدا نییە؟ ئایا منداڵانی هەردوو بنەماڵە برسییانە؟ بێ جل و پێڵاون؟ بێ نان و ئاو؟ بێ خەرجین؟ بێ کارەبان؟ بێ سووتەمەنین؟؟ نەخێر، نەخێر ئەوان خاوەنی ملیۆنان دۆلارن، کە لە سامانی گەلەکەمان دزیویانە.. ئەوان تێرن و ئاگایان لە برسی و بێکار و بێبارە و بێ نان و بێ ئاوی گەلەکەیان نییە و، زۆر بێباکن.. دەمێکە جامی تووڕەیی خەڵک پڕبووە و لێیدەرژێت.. لەوە زیاتر خۆیان پێناگیرێت.. تاکەی بێ مووچە و برسی بن؟ تاکەی ئەم ستەم و سەرکوتکردن و خۆسپاندنە قبووڵ بکەن؟ تاکەی دوو بنە ماڵە سەروەت و سامانی گەلەکەمان بدزن؟ تاکەی یاری بە چارەنووسی گەلەکەمان بکەن؟
بەسە، واز لە دەسەڵات بهنن.. ئێوە شکستان هێنا و ناتوانن کوردستان بەڕێوەبەرن و بژێوی خەڵکی دابین بکەن.. ئێوە هۆکاری سەرەکين لە هەموو نەو هامەتییانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتوون.. چونکە ئێوە نابەڵەدن و کەسی نەشیاون لە شوێنی شیاودا.
دەسەڵاتدارانی گەندەڵ، باش بزانن کە ئەو شەقلێدەرە بێڕێزە و هەموو شەقلێدەرەکانتان و بە ئێوەشەوە، باجی ئەو شەقانە دەدەنەوە.. هیچ ستەمکار و سەرکوتکەرێک و خۆبەزلزانێک، ناتوانێت لە رووی شەپۆڵەکانی تسۆنامی راپەڕینی گەلی برسی و ستەملێکراو و شەقلێدراودا خۆیان بگرن.
شەرمەزاریشە بۆ وەزیری پەروەردەی کوردستان، کە لەسەر ئەو مامۆستا شەقلێدراوە هیچ لێدوان و هەڵوێستێکی نەبوو.. گەر هەستی هەبێت.. دەبێت ئەوە بزانێت کە ئەو شەقە لە وەزارەتی پەروەردە دراوە.
زۆر بە توندی پرۆتستۆی ئەو رەفتارە قێزەوەن و ناشیرینە دەکەم.. گەر دادگایەکی سەربەخۆی بێلایەنمان هەیە، پێویستە ئەو شەقوەشێنە و هەموو شەقەشێنەکانی تر سزا بدرێن و لێیان نەبوورن و نەکەونە ژێر فشاری دەسەڵاتی گەندەڵەوە.
من وەکو مامۆستایەکی کورد لە دەرەوەی کوردستان دا، خۆم بە هاوبەشی ئازارەکانی خوشک و برا مامۆستانی کوردستانمان دەزانم.. پاڵپشتیش لە خۆپیشاندانەکانی ئێوەی مامۆستایان و پزیشکان و هەموو چینەکانی تری گەلەکەمان دەکەم.
دڵنیابن کە سووربوون و وازنەهێنانتان لەسەر داوکاری و مافە رەواکانتان، دەسەڵات ناچاردەکەن کە ملکەچ بێت، یا واز لە دەسەڵات بهێنێت.. سەرکەوتنیش بۆ ئێوەی ماف خوراو و مووچە دزراو دەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت