رەزا شوان: گرنگی پەرتوک لە دیدی ناوداران دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەرتوک یەکەمین مامۆستای مرۆڤە، سوودەکانی خوێندنەوەی پەرتوک هێندە زۆرن نایەنە هەژماربکەین.. جیاوازییەکی زۆریش لە نێوان ئەو کەسانەدا هەیە کە پەرتوک دەخوێننەوە لەگەڵ ئەوانەی کە پەرتوک ناخوێننەوە. وەکو دەڵێن زێڕنگەر نرخی زێر دەزانێت، تەنها خۆێنەری راستیشە کە بایەخ و چێژ و خۆشی و گرنگی و سوودەکانی خوێندنەوە پەرتوک دەزانێت.
پەرتوک بانکێکی پڕ لە زانست و زانیاری هەمەڕەنگەیە، کانییەکی ئاو سازگاری روون و هەمیشە خوڕە. هەرکەسێک بە خوێندنەوەی پەرتوک گۆش و گەورە کرابێت، هەرگیز بچووک نابێتەوە. پەرتوک جوانترین و بەهادارترین دیارییە. ئەگەرچی هەندێک پێیان وایە لەم رۆژگارەدا، بە هۆی تەکنۆلۆژیا و داهێنانی ئامێری تازەوە، بە هۆی ئێنتەرنێت و خوێندنەوەی ئەلیکترۆنییەوە، کەمتر پەرتوکی چاپکراو دەخوێنرێنەوە، بەڵام هەرچەند تەکنۆلۆژیای پێشبکەوێت و ئامێری تازەش بێنە کایەوە، چێژی خوێندنەوەی پەرتوکی نووسراو و چاپکراوی باش و بەسوود کاڵ نابێتەوە.
توێژینەوەیەکی پراکتیکی نوێی ئەمریکی، ئەوەی سەلماند کە خوێندنەوەی پەرتوک، کاریگەرییەکی ئەرێنی و باشی دەبێت بۆ دوورخستنەوەی مرۆڤ لە دوودڵی و خەمۆکی و بێزاری و گوشار و باردۆخی نەرێنی دەروونی.
پێویستە دان بەو راستییەدا بنێین کە هەموومان، بە تایبەتیش رۆشنبیران و نووسەران تا رادەیەکی زۆر قەرزاری خوێندنەوەی پەرتوکی هەمەچەشنەین. خوێندنەوەی پەرتوک هۆیەکی سەرەکییە بۆ دەوڵەمەند بوونمان بە زانست و بە زانیـاری هەمەچەشنە، بۆ زیاتر رۆشنبیری بوونمان، هۆیەکە بۆ زمان پاراوی و بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانمان بە وشە و بە زاراوەی نوێ، کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بتوانین باشتر و جوانتر گوزارشت لە بیر و خەیاڵ و بۆچوونی ناخی دەروونمان بکەین.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دا، خوێنەری دەق گرتوو و خووگرتوو بە خوێندنەوەی پەرتوک بۆی دەردەکەوێت، کە پەرتوک باشترین هاوڕێیە و، پەشیمانیش نییە لە بە سەربردنی ئەو کاتانەی کە بە خوێندنەوەی پەرتوک بەسەری بردن، هەچ را و تێبینی و سەرنج و را و بۆچوونێکی جیاوازیشی دەربارەی پەرتووکەکان هەبن، لە بایەخیان کەم ناکاتەوە خۆی بە قەرزارباریان دەزانێت.
دایکان و باوکانی خۆشەویست، مامۆستا دڵسۆزەکان، هەر لە منداڵییەوە، منداڵەکانتان و قوتابییەکانتان بە خوێندنەوەوەی پەرتوکی باش و بەسوود رابهێنن و هانیان بدەن و بیانکەن بە دۆستی هەمیشەی پەرتوک، تا خوێندنەوەی پەرتوک و گۆڤارەکانی منداڵان ببن بە خوویەکی رۆژانەیان و بە ئارەزوویەکی هەمیشەییان.
پێم خۆشە کە چەپکی وتەی جوان و شیرین دەربارەی بایەخی پەرتوک بخەمە بەر دیدی خوێنەرانی خۆشەویست، کە لە گوڵزاری گوڵ هەمەڕەنگەی وتەکانی ناودارانی جیهانەوە بۆم گوڵبژێر کردوون.
(*) تۆ لە ماڵی خۆت دایت و بە خوێندنەوەی پەرتوک گوزەری جیهان دەکەیت.
” دارین ”
(*) من بەبێ پەرتوک ناتوانم بژیم.
” تۆماس جێڤرسۆن ”
(*) لە ژیانم دا لەو کاتانە خۆشتر و شادترم نەبینیوە، کە لە نێوان پەرتوکەکانم دا بەسەرم دەبردن.
” جێمس شیرلی ”
(*) ماڵی بێ پەرتوک وەکو جەستەیەکی بێ گیانە.
” تشسترۆن ”
(*) پەرتوکە باشەکان هاوڕێی راستن.
” فرانس باکۆن ”
(*) کۆڵەکەی پێشکەوتن لە سەدەی نوێ دا، پەرتوک و رۆژنامەیە.
” رۆزڤێڵت ”
(*) پەرتوک مامۆستایەکی بێدەنگە.
” ئۆلۆس جالینۆس ”
(*) وا دەزانم هەموو ئەو شتانەی لە ژیانم دا دەیانزانم، لە پەرتوکەوە فێریان بووم.
” جان پۆل سارتەر ”
(*) ئەو پارەیەی کە وڵاتێک لە کڕینی پەرتوک دا خەرجی دەکات، گەر لەو بڕە پارەیە زیاتر نەبێت کە بۆکڕینی (بنێشت) خەرجی دەکات، ئەوە وڵاتێکی ناشارستانییە.
” ئەلبێرت هیوبارد ”
(*) پەرتوکەکان کۆمەڵێک کاغەزی مردوو نین، ئەوان هۆشن و لەسەر رەفتەکانن دا دەژین.
” گیلبەرت تهایت ”
(*) پەرتوک تەنها هاوڕێ نییە، بەڵکو هاوڕێیانیشت بۆ دروست دەکات.
” هێنری میللەر ”
(*) پەرتوکێک ئەو چێژەی نەبێت کە چەند جارێک بخوێنرێتەوە، هەرگیز شایانی ئەوەش نییە کە بخوێنرێتەوە.
” ئۆسکار وایڵد ”
(*) زۆر پەرتوک هەن باشترین شت تێیاندا، تەنها بەرگەکانیانن.
” چارلس دیکنز ”
(*) تا پەرتوک زۆرتربن، زانیاریش زیاتر دەبێت.
” ئۆمەر هانسیس ”
(*) نووسەر تەنها نیوەی پەرتوکەکەی دەنووسێت، نیوەکەی تری خوێنەر دەینووسێت.
” یوسف کۆنزاد ”
(*) باشترین پەرتوک، ئەو پەرتوکانەن کە خوێنەران وا هەست دەکەن، کە خۆیان نووسیویانن.
” باسکال ”
(*) پەرتوکێک دەتوانێت بە تەنها، تەوای پەرتوکخانەیەک ئاوەدان بکات.
” ئەمەرسۆن ”
(*) بەسوودترین پەرتوک ئەو پەرتوکانەن، خوێنەر هاندەدەن بۆ تەواوکردنیان.
” ڤۆڵتێر ”
(*) کە پەرتوک کۆدەکەیتەوە، واتە شادی کۆدەکەیتەوە.
” ڤینست ستاریت ”
(*) بەختەوەر کەسێکە کە بە یەکێک لەم دوو شتانە شادبێت: بە پەرتوکە باشەکان یان بە هاوڕێیانی پەرتوکدۆست.
” ڤیکتۆر هۆگۆ ”
(*) پەرتوک ئەو هاوڕێ دڵسۆزەیە، کە بە بێدەنگی هەڵەکانی من راست دەکەنەوە.
” هەودا ”
(*) تۆ لە یەک شەودا ئەم پەرتوکە دەخوێنیتەوە، بەڵام من لە پێناوی نووسینی دا، تەواوی مووی سەرم سپی کردووە.
” منتکیۆ ”
(*) مرۆڤی ژیر، پەرتوک ژیان هەردووکیان دەخوێنێتەوە.
” لین یۆتانگ ”
(*) ئەگەر تۆ باخچەیەک و پەرتوکخانەیەکت هەبێت، واتە لە هیچت کەم نییە.
” مارکۆس تۆلیوس سیکەرۆ ”
(*) هەرگیز پەرتوک بە ئامانەت بە کەس نەدەیت، تەنانەت ئەگەر بڕوای تەواویشت بەو کەسانە هەبێت، لە پەرتوکخانەکەی مندا تەنها ئەو پەرتوکانەی تێدان کە بە ئامانەت لە خەڵکیم وەرگرتوون.
” ئاناتۆل فرانس ”
(*) ئەو شتانەی کە من حەزدەکەم بیانزانم لە پەرتوک دان، چاکترین هاوڕێشم ئەو کەسەیە کە پەرتوکێکم پێشکەش بکات کە من نەم خوێندۆتەوە.
” ئابراهام لینکۆڵن ”
(*) پەرتوکخانەکەت پڕبێت لە پەرتوک، باشترە لەوەی کە جزدانەکەت پڕبێت لە پارە.
” دیگۆن لایلی ”
(*) کێشەی نێوان من و ژنەکەم ئەوەیە، ئەو بڕە پارەیەی پاشەکەوتمان کردووە، ئەو دەیەوێت بازنگێگی زێڕی پێ بکڕێت، منیش دەمەوێت پەرتوکێمی پێ چاپ بکەم.
” گۆردن مۆریس ”
(*) هەر کەسێک پەرتوکێکی بەسوود لەناوبەرێت، واتە مرۆڤێک دەمرێنێت.
” میلتۆن ”
(*) وریابە، کاتێک کە پەرتوکێک دەربارەی تەندروستی دەخوێنیتەوە، لەوانەیە هەڵەیەکی چاپ کۆتایی بە ژیانت بهێنێت.
” مارک توین ”
(*) کە بۆ یەکەمین جار پەرتوکێک دەخوێنمەوە، وا هەست دەکەم کە هاوڕێیەکی تازەم گرتووە، کە بۆ دووەمین جار دەیخوێنمەوە، هەست بەوە دەکەم کە هاوڕێیەکی کـۆنم بەسەردەکەمەوە.
” ئۆلیڤەر سمیس ”
(*) پەرتوک رابەرە لە بچووکیدا، خۆشی بەخشە لە گەورەییدا، هاوڕێیە لە تەنیاییدا.
” جۆنسۆن ”
(*) بە ـ ئەرستۆـ یان وت: چۆن کەسێک هەڵدەسەنگێنیت؟ لە وەڵام دا وتی: لێی دەپرسم چەند پەرتوک دەخوێنیتەوە و، چی دەخوێنیتەوە؟
(*) ببە بە گەورەی پەرتوک، نەک بە کۆیلەی. بخوێنەوە بۆ ئەوەی بـژی، مـەژی بۆ ئەوەی بخوێنیتەوە.
” ئەدوارد لیتۆن ”
(*) درێژە بە خوێندنەوەی پەرتوک بدە، بەڵام ئەوەت لە یادبێت کە پەرتوک تەنها پەرتوکە.. پێویستە تۆ فێری ئەوە بیت کە بیر لە خۆت بکەیتەوە.
” مەکسیم گۆرگی ”
(*) هەندێک پەرتوک ئازادیمان پێدەبەخشن، هەندێکی تریان ئازادمان دەکەن.
” ئەمەرسۆن ”
(*) مێژووی پیشەسازی، پەرتوکێکی کراوەیە بۆ تواناکانی مرۆڤ.
” کارل مارکس ”
(*) ئەو تاوانەی کە لە سووتاندنی پەرتوکێک مەترسیدارترە، ئەوەیە کە نەیخوێنیتەوە.
” جۆزیف برودسکای “

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت