Jinu-koll

سەباح شێخانى : بوێری و پاکیی قەڵەمى ژنێک .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

خوێندنەوەیەکى کۆشیعری ” بۆ ئەوەی هەرچی هەتە و نیتە بە من بچێ، دە ئەمجارەش ! ” ى نیگار نادر .
نووسینەوەی بیرەوەری ئەگەرچی پێویستی بە ڕاستگۆییەکی بێ سنوور هەیە ، هاوکات پێویستی بە جەسارەتێکی گەورەیش هەیە بەتایبەت نووسینەوەی بیرەوەرییەک کە تێکهەڵکێشی ئەدەب کرابێ و سەرلەبەری بە زمانێکی شیعری داڕێژابێت . ( بۆ ئەوەی هەرچی هەتە و نیتە بە من بچێ ، دە ئەمجارەش !) دیوانەشیعرێکى ( نیگار نادر ) ە کە بریتییە لە دەفتەرى یادداشتە ڕۆژانەییەکانى ، بیرەوەرییەکانى ساڵێکى تەواوى خۆی

گیانە ” با ” شت فێر کردووە ڕۆژێ دە جار
تەنورەکەم هەڵداتەوە و کڵاوەکەم لەسەر
بفڕێنی .

نووسینەوەی بیرەوەری لە ناو کولتووری ئەدەبی گەلانی پێشکەوتوودا پێشێنەی خۆی هەیە و بە گەلێک قوناخیشدا تێپەریوە ، نووسینی ئەو کتێبانە جێگا و نرخی خۆیان هەیە لە کتێبخانەکانی دونیادا ، هەندێکیان دەبنە پڕفرۆشترین کتێب چونکە جۆرە کتێبێکن ئاسانن بۆ خوێندنەوە و خوێنەر چێژێکی تایبەتیان لێدەبینێ

لە بۆ هەموو سەفەرێک پێویستیم بەڤیزا
هەیە تەنیا بۆ تۆ و عەشق نەبێ …

دەشێ ئەو جۆرە کتێبێانە بە کتێبی‌ رۆژانە ناوزدەکرێن و وەکی تێشوویەک ئاسان دەگەڵ خۆ هەڵدەگیرێن بەڕێگاوە ، لەناو شەمەندەفەر ، میترۆ ، کافتریا ، دانیشتنى برادەران ، دەشێ ئەو یادداشتە ڕۆژانەییانەى خاتوو نیگار ناوزەد بکەین بە : شیعر بۆ سەفەر یان بۆ دڵداری یا بۆ خاوبوونەوەی گرژی و ماندوویەتی ، یاخود کتێبی ئارامکەرەوەی ڕۆحی

پیتەکانى ناویشت حەزم لێ دەکەن
لە هەر جێیەکى ڕێککەوتیان بکەم سوور
هەڵدەگەڕێن و بیست ئاوڕم بۆ دەدەنەوە

کتێبەکە بە ئاستێکی باڵا دیزاین کراوە ، ئەمەیش تایبەتمەندییەکی بەخشیووەتە کتێبەکە‌ کە تەواو شێوەی ڕۆژمێری هەیە و لە هەمووش جوانتر ساڵ و مانگەکانی بەکوردی لەسەر نوسراوە .‌
” بۆئەوەی هەرچی هەتەو نیتە بەمن بچێ .. دە ئەمجارەش ! ” دەقێکە بە بەشیوەی بیرەوەری دارێژراوە و شاعیر لەو بەرهەمەدا هەوڵیداوە لایەنێکى ڕۆحیی ئافرەت بخاتە بەر تیشک ، نیگار بەم دیوانە ویستویەتى زمان و ژیانی ژن بە گەرمی تێکەڵ بە کارێکی ئەدەبی بکات

ئەو دەمەى نیشتیمانێکت خۆش دەوێ
پاشانیش پیاوێک لە ناو ئەو نیشتیمانەدا ،
دەزانى دەبێتە چ کارەساتێک !

ئەم خانمە دەستى بردووە بۆ هەموو ئەو کەلوپەلە کەسیانەی ڕۆژانە ژن بەکاریاندێنێ و بە ژیانییەوە بەندن وەکوو ئەو شامپۆیەی پرچی پێدەشوات ، ئەو گوارانەی لە گوێچکەیان دەکات ، ئەو جانتایەی بە دەستیەوە دەگرێ ، هەتا ڕەنگی ئەو کراسانەی لەبەریاندەکات و تەنانەت ئەو نامانەی پێی دە‌گات . ” پاوڵۆ کۆیلۆ ” کە نووسەرێکى بەرازیلییە ، باشی پێکاوە کاتێک نووسیویەتی :” عیشق یاسایەکە لەناوخۆیدا تەواوی یاساکانی تر کورت دەکاتەوە .”

ئێستا کراسە گوڵ زەردەکەم بۆ کورت بووەتەوە و
هەتا سەر چۆکم دێت. ئەو
پیاوە چاوزەردەش تا خوار چۆکم .
پێموایە ژیان و بارودۆخى ژن تژییە

لە سیحر کە جێی خۆیەتی بەزمانێکی باڵا ببێتە دەقی ئەدەبیی ‌ژن ، ئافرەت لەوە گەورەترە کە بە زمانێک و عیشقێکی تەقلیدی هەردووقاچی بخاتە ناو ئەدەبەوە .

هەر وەخەبەر دێم دەبینم هەموو شتێک
جووتە بۆ من نامەکانت ماچەکانت
چاو داگرتنەکانت .

تا هەنووکە نەک هەر ژن بەڵکو پیاوانیش زۆر بە ترس و هەزار پێچ و پەناوە باس لە خۆشەویستی دەکەن، ئەوەى خۆی بە ڕۆشنبیر و پێگەیشتوویش دەزانێ ئامادە نییە هەموو ئەزمونەکانی خۆی بە ڕاستی بنووسێتەوە و بڵاویان بکاتەوە ! جەسارەت ناکات ئازایانە ژیانی بە تێککشکان و سەرکەوتنەکانیەوە‌ بخاتە بەر چاوان ، بەڵام نیگار بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە توانیویەتى ناخى خۆی بنووسێتەوە .

هەر مۆبێلەکەم دەکەمەوە مەسیجێکى دەنگى
لە سەرە و دەڵێی گیانێ بیرت دەکەم
بەقوربانى ئەو دوگمەیە بم مۆبیلەکەت پێ داخستووە
بەقوربانى ئەو دوگمەیەش بم پێی دەکەیەوە لەو
نێوانەشدا هەر ماچت دەکەم ئێ .

ئەوەی بووەتە جێی سەرنجم‌ تا ئێستا زمانی ئافرەت لە ئەدەبی کوردیدا زمانێکی خاو و ئابڵۆقەدراوە بەشتى ڕووکەش ، نیگار هەوڵیداوە ژیان بە گەرموگووڕییەوە تێکهەڵکیشی نووسین بکا تا زیندوویەتییەک بە ئەدەبەکەی بدات

پاش ئەوەى خۆم دەشۆم پیاوێک وەک
ژێرکراسە پەمەیییەکەم بەلەشمەوە دەنووسێ و
بۆنى تەڕیم هەڵدەمژێ .

شیعری جاویدانی و خودان نوێخواز ، چەندە پێویستی بە بنەما بنچینەییەکانی جوانیناسی هەیە، بەقەد ئەوەش پێویستی بە هونەری جیاوازنووسین هەیە

بۆ ئەوەى خۆمت لێ بشارمەوە خۆم
دەخزێنمە بن بەتانى لێ دەبینم لەوێ
گەرمتر پێم وەردەبی .

نیگار یەکێکە لەو ژنە شاعیرانەی کە لە هیچ ژنە شاعیرێکی دیکە ناچێت و هیچ ژنە شاعیرێکی کوردیش لەو ناچێت . ئەمەش بۆ جیاوازیکردن بۆ شاعیرێک زۆرە ، شیعری زیندوو هەڵگری جۆرێک لە سەربەخۆییە ، ئەم شاعیرە هێندە بوێر و پڕ بەرائەت و جورئەتە لەگەڵ خودی ئەو عیشقە مەزنەی کە لەشیعرەکانیدا بوونیان هەیە ،( چێژی دەق ) بەسەر تەواوی وشەکانیدا دەتکێن

لە هەمووشتێک دەستبڵاوم و زیادە مەسرەفی
دەکەم بەتەنیا فێر بووم دەست بەتۆوە بگرم و
لە تۆدا دەستبڵاوى نەکەم .

چاوەڕێ دەکەم ئەگەر بە هەنگاوی گچکەلەش بێت بتوانین ئەو ڕۆتینە بشکێنین کە ئێستا‌ کتێبی کوردی پێدەنوسرێ و ئەو سنوورانە ببەزێنین کە زمانیان لە ئەدەبدا تەو‌ق کردووە .‌

نامەى ئێوارانت تامێکى فێنکى هەیە و نامەى
نیوەڕۆیانت تامێکى گەرم و هی نیوەشەویش
تامێکى شیرین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت