سەباح شێخانى : خوێندنەوەیەک بۆ شیعری ” پیاوێک لەمندا سەما ئەکا ” ى حەیات مەجید پەرخى .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ژانرى شیعر ئارامى بە مرۆ دەبەخشێ ، ” پاوڵۆ کۆیلۆ ” کە ڕۆماننوس و نووسەرێکى بەرازیلییە لە نووسینێکیدا ، نووسیویەتى : ” کاتێ دەنووسم هەوڵدەدەم خۆم باشتر بناسم .” حەیات دەیەوێت لە شیعری ” پیاوێک لەمندا سەما ئەکا ” پەنجەى بئاڵێنێ لە پەنجەکانى پیاوێک و ئاوازێکى نەمر دروست بکات 

پیاوێک لەمندا سەما ئەکا ،
پەنجەکانى دەئاڵێنێ ،
لەپەنجەمەوە ،
بەخۆی و سێبەرەکەیەوە
هەڵدەزنێ بەبەرۆکمدا
تا کوشتنى تەنیایی خۆی
بەمنێک دەسپێرێت ، شەرمنتر
لەتکە تکى تواندنەوەى چلورەى
گوێسەوانەى تەمەنێ لەتەنیاییم ،
پیاوێک لەڕەبەنى خۆیەوە ،
هەنگاو بەسەر
جەنجاڵییەکانى مندا دەنێ ،
تاڵێ لەپەرچەمەکەم لێدەکاتەوە ،
دەیکات بە ژێ ی کەمانەکەیەوە ،
ژیان دەژەنێ
پیاوێک بەبێ سەدا
هەناسەکانم لەناو ،
سەمایەکى سامبا دەگەوزێنێ ،
وەک کۆتربازێکى شارەزا ،
لەتەنیشت منارەى بێداریمدا ،
دەستەکانى لێک ئەخشێنێ ،
چەپڵەیەک لێدەدا ،
ئاوازێکى جاویدانى دروست دەکات

ژیانى هەر ئەدیب و ڕۆشنبیر و هونەرمەندێک چەندان لق وپۆى لێ بووەتەوە ، نەک تەنیا لێکۆڵەر و ڕەخنەگر ، بەڵکوو مرۆڤێکى سادەیش دەتوانێت بەپێى بنەماى ڕۆشنبیرى ، ئەکادیمى ، زانیارى و زەوقى ئەدەبى بۆچوون و لێکدانەوەى دروست و بەجێى بەرانبەر هەر لایەنێکى ئەو بەرهەمە هەبێت ، بەڵام ڕەخنەگری ڕاستەقینە ، تێکستى ئەدەبی ، وەک کیمیاگەرێک شی دەکاتەوە ، بێ پیاهەڵدان و ستایشکردن ، یان ناووناتۆرە ، ئەرکەکەى تەنیا شیکردنەوەیەکى پوختە . ئەوە ڕەخنەو لێکۆڵینەوەیە ڕۆح بە بەر ئەدەبدا دەکات ، کەچی بەداخەوە ، لە ئەدەبی کوردیدا چەمکی ڕەخنە وا لە هزرو بیری خوێنەرى کورد دا جێگیر بووە کە بە تەنیا دەستنیشانی لایەنى نێگەتیڤ و کەموکوڕییەکان دەکات ، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەخنە بڕیاردان ، شیکردنەوە ، خوێندنەوەو قسەکردنە لەسەر دەقێک بە هەر دوو لایەنی جوان و ناشیرینییەوە

ئەو پیاوێکە ،
مەستترە لەسایەقەى شەوى یەڵدا ،
دەم نا دەمێک لەناو مندا غەرق دەبێت و ،
قومێک دەدات لەو شەرابەى لەناو
هەنارەکانى ژنێتیمدا گەییوە ،
لە مەستیدا ،
خومار ….. خومار ،
دەبێت لە باوەشم و بەبێ ئۆقرە ،
ژنێتیم پڕ دەکا لە حەیران ،
فوو لەمۆمەکان دەکا و ،
لەبەر زەردەخەنەى نورى مندا ،
سەما ئەکا ،
شێتانەتر سەما دەکا ،
چنگى گیر دەکا لەیاقوتەکانى ئەندێشەم ،
دەنک دەنک دەمهۆنێتەوە ،
دەمکاتە تەسبیحێک بۆ دەستى ،
تا لەسەر کۆڵانى ئینتیزارى
چۆک دانەدا ،

خاتوو حەیات پەرخى هەمیشە لە خەیاڵ و بیرکردنەوەدا دەژى ، خەم و ئازارەکانى هەموو وڵات و نیشتمانى لەکۆڵ ناوە بۆیە شیعری کردووەتە پەناگەیەک تا ئارامى پێ ببەخشێت . فەرووغ فەرووخزاد (1935_1967 ) گوتەنى : ” کەسێک چەند ڕێز لە بیڕوباوەرى خۆی دەگرێ ، منیش بەهەمان ڕادە ڕێز لە شیعر دەگرم .”

چ سەمایەکە ئەم سەمایە ،
جەستەم شەلالی نەغمەیەکى پیرۆزى دەکا ،
دەمکا بەموریدى پیاوێک ،
کە زەمنێکە دەمهێنێت و دەمبا ،
لە شەقامە چۆڵەکانى خۆیدا ،
ئەى .. ئیلاهی ،
ئەو پیاوە چەند بێباکانە دەمڕێسێ ،
وەکو خورییەکى سپی سپی
هەڵم دەپێچێ لەتەشی تامەزۆری خۆیەوە ،
دەمڕێسێ چۆن بیەوێت وا دەمڕێسێ ،
دەمکا بەملپێچێکى سپی و ،
دەمئاڵێنێ لەملیەوە ،
منى ملپێچ لەزینەتى گەردنى ئەودا
لە هەڵمژینى ماندوو نابم … ماندوو نابم

هەمیشە پیاوە نووسەرەکانمان زمانحاڵی ژنان بوون ، شیعریان بۆ سینە و بەرۆکی خانمان گوتووە ، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی کە غیابێکی گەورەی ” ئافرەت ” مان هەبووە لەسەرجەم بوارەکاندا . ئەوکاتەی ” ژن ” ێکیش هاتبێت شیعری نووسیبێت زۆربەى جار لاسایی پیاوی کردووەتەوەو وەک ئەوى نووسیوە ، ئەوەى جێگەی گرنگە دەرکەوتنی کۆمەڵێک شاعیرە لەم ساڵانەى دواییدا کە بەجورئەتەوە و بەدەنگی بەرز دەتوانن وەک ئافرەت شیعر بنووسن .
سەرنج :
1_شیعری ” پیاوێک لەمندا سەما ئەکا ” خەڵاتى یەکەمى شیعری شانزەهەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژی بە دەست هێناوە .
2_ شیعری ” پیاوێک لەمندا سەما ئەکا ” لە رۆژنامەى چاودێر ، ژمارە (338) دووشەممە 26112012، ل8 بڵاو بووەتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت