Shorsh-sermodi

شۆڕش سەرمۆدی : نامەیەک و هیچیتر .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بمبورە من دەبێت بڕۆم بە شوێن خۆما بگەڕێم

ئێستا تێگەیشتم من خۆم ونکردووە و مزاحیمی تۆ بووم

ئەم نامەیە لە ژێر ئاسمانێکی باراناوی و

هەورێکی چڵکنی وەک بەختم دەنوسم

لە ژورێکی پڕ مەینەتی و تەنهای

لە ژێر گوێسوانکە تەڕەکانی خەم

ئەزانم تۆ لە دڵی کوڕێکی ڕێبواری خوێڕی ناگەیت

دەزانم ناتەوێت گوێ بۆ دێڕەکانی ڕسوایم ڕادێری

دەزانم…باش دەزانم

ئەم وشانە شعر نیە

تەنها ڕیزکردنی دێڕەکانی ڕسوایمە

ئەم وشانە شتێک نیە جگە لەقسەی کوڕێکی پێپەتی کە هەزارەها کیلۆمەتری بڕیووە بۆ بینینی چاوەکانت

ئەم وشانە هیچ نیە جگە لە بیرکردنەوە پوچەکانی کوڕێکی تەنها

تەنها خۆی و جگەرەکەی و پێکێک شەراب

بۆ تێپەڕکردنی چاوەڕوانیەکانی تەنهای و

گەیشتن بە خۆشیەکانی پێکەوە بوون

بەڵام خۆت وتەنی:زۆر مناڵ بووم

زۆر

بیرکردنەوەکانم زۆر پوچ بوون

زۆر

سوپاس بۆ ئاگادار کردنەوەکەت

دەمەوێت دووبارە تەنها ببمەوە

دەمەوێت دیسان مناڵ ببمەوە

دەمەوێت بڕۆم…بڕۆم

 

ببورە ئازیز

دەست و خەتم جوان نیە

وەلێ ڕوخساریشم هەروایە

ژیانم جوان نیە

عەقڵیشم پوچە … پوچ

من هەموو شتەکانم ناشیرینە

ناشیرین وەک خەیاڵە قێزەونەکانم بۆ گەیشتن بە تۆ

ناشیرین وەک دەربڕینەکانم بۆ تۆ

 

نامەکەم بخوێنەوە و دواتر کوڕێکی باشوری لە دڵتا بسڕەوە

سڕینەوەیەک وەک سڕینەوەی ئاوێنەی ژورەکەت

ئەو ژورەی کە چەند ساتێک کاتت کوشت لەگەڵ من

منێک لێوان لێو لە هیچی

خاڵی لە درۆ

پڕ پڕ لە عیشق

عیشق…ئا.ئا…عیشق

عیشقێک کە تاڵەکانی قژمی سپی کرد

چاوەکانمی کز کرد

قاچەکانی لە ڕۆشتن خستم

 

نامەکە نیشانی هیچ کەس مەدە و

لە سوچێکی ژورەکەتدا بیخوێنەوە

ببەخشە بۆ دواین جار

مزاحیم دەبم بە کوشتنی کاتت بۆ

خوێندنەوەی نامە پوچەکەم

بمبەخشە

 

ڕەنگە شتگەلێکی زۆر مابێت

پێویستی بە نوسین بێت بەڵام

نامەوێت چیتر بێمە سەر وەختت

نامەوێت چیتر ناڕەحەتت بکەم

ئیتر با گوشیەکەت هەمیشە لە کاردا بێت

چیتر کوڕێک نیە ئیزعاجت بکات

لەمەودوا با دەرگای ماڵتان

هەمیشە باز بێت بەڕوی داواکارەکانتدا

چیتر کەسێک نیە بتهێڵێتەوە لە چاوەڕوانیدا

ئیتر بۆ خۆت بژی

چیتر کوڕێک نیە داوای ژیانت بکات

دوای خوێندنەوەی ئەم نامەیە چایەک بخۆ

و

تێر تێر پێبکەنە بە ئەقڵی پوچم

پێبکەنە دەی پێبکەنە

 

١٠/١١/٢٠١٣

سردشت/قلەڕەشێ

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت