شەریف هەژارى: ئەمریکا و ئیسرائیل بەکردەوە پرۆژەى خۆیان بۆ ئەردۆگان و خامنەیى سەلماند!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ترامپ و ئیسرائیل زۆر لێزانانە یاریەکەیان کرد، کاتێک ئەردۆغانى خەلیفە و خامنەیى وەلى فیقهى شیعەکان ڕێکەوتن بۆ هێشتنەوەى بەشار ئەسەد و دەستیان خستە ناو دەستى پۆتینى (قەیسەرى!) ڕوسیاوە، ئەمریکا- ئیسرائیلیش قودسیان کردە پایتەختى ئیسرائیل!
ئەمە لە ڕوى سیاسییەوە بەماناى: (ئەوە عەرز و ئەوە گەز!) دێت!
گەر لە پێشوودا سێ هێرشى گەورەى وڵاتانى عەرەبى کرابێتە سەر ئیسرائیل بە هۆى ڕۆڵى (میسر و عێراق)ەوە بو لەو کەیسەدا، بەتایبەت خودى (سەدام حسێن).
بەلام بەهاتنە سەر کارى (حیزبى کۆمارى ئیسلامى) لە ئێران دا و، گشتگیرکردنى سیستمى ئێران بە ئایدۆلۆژیاکەیان، توانیان ئەو تێرمەى کە پێشتر پێى ئەوترا (جیهانى ئیسلام)، لەت بکەن و، هەمو ئەو دەستەواژە ڕاگەیاندنکاریە توندانەى کە بەرپرسانى ئێران تائێستا داویانە لەبارەى ئەوەى (وڵاتانى عەرەب سەر بە ئیسرائیلن)، ئەوا لە ئێستادا یەک پرسیارى لۆژیکى ئاشکرا (بەڵام قوڵ!!) بەدواى خۆیدا دێنێت، ئەویش ئەوەیە: ئەى ڕۆڵى کردارى تۆ (ئێران) چیە لە دژایەتى کردنى ئیسرائیل دا!؟
ئێران بە گوتار دژى ئیسرائیلە، بەلام بەکردەوە لە هەمو وڵاتە ئیسلامیەکان دا ئاشوبى ناوەتەوە و، بەوهۆیەوە جیهانى ئیسلامى داوه بە گژ یەکدا!
ئێستا لە گۆڕەپانى جیهانى ئیسلامى دا، ئێران هێزێکى باڵادەستى هەژمونخوازە، لە (عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و فەلەستین) دایە. دەى فەرمو ئەوە ئیسرائیل هەستا قودسى کردە پایتەخت، ئەگەر ڕژێمى ئێران ڕاست دەکا و دژایەتى ئیسرائیل دەکات با بە کردەوە نوزەى لێوە بێت، ئەوجا ئەویش (ئێرانیش) ئەتوانێت لاى دونیا خۆى بسەلمێنێ کە بەڵێ ئەو سێ هێرشە گەورەیەى کە جیهانى ئیسلام (بەتایبەت وڵاتانى عەرەب) کردیانە سەر ئیسرائیل، ئەوا ئێران و دەوڵەتە گرێدراوەکانیشى ئەتوانن تەنها یەک هێرشى وا بکەن، کێ دەستى گرتون!؟

کەوابو: لەم کەیسەدا ئێران و دەوڵەتە گرێدراوەکانى لە بەردەم دوو ڕێگادان:
1- یا بەکردەوە بۆ جیهانى ئیسلامى ئەسەلمێنن کە: تەنها بە دەم دژایەتى ئیسرائیل دەکەن و، بەکردەوە جیهانى ئیسلام لەت دەکەن بۆ ئەوەى سیاسەتەکانى ئیسرائیل بە ئەنجام بگات.
2- یاخود بەکردەوە (وەک سێ هێرشەکەى پێشوى ولاتانى ئیسلامى بۆ سەر ئیسرائیل) ئەوا ئێران و دەوڵەتە گرێدراوەکانیشى دەتوانن تەنها یەک هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل!

بەم هاوکێشەیە، ئەمریکا-ئیسرائیل هەستاون ئێران و دەوڵەتە گرێدراوەکانیان خستۆتە بەردەم دوو ئەگەر:
1- ئەگەر ئێران و گرێدراوەکانى بێ دەنگ ببن، هەر لە دژایەتى گوتار و ڕاگەیاندن دا خۆیان بنوێنن، ئەوا دەسەلەمێت کە ئێران ڕژێمێکى ئیعلامییە و، سیقە و ئیعتیبارى لاى خودى شیعەکانی جیهانیش دادەبەزێت، کە ئاکامى هەڵوەرینى خودى ئەو ڕژێمە و ئایدۆلۆژیاکەى بەدوادا دێت. چونکە کە قودس کرایە پایتەختى ئیسرائیل و، ئێران و گرێدراوەکانیشى کە (بە گوتار) خۆیان بە توێنەرەوەى ئیسرائیل دەزانن، هەڵوێستى کرداریان تێیدا نەبێت، ئەوا لە ستراتیژ دا بەتەواوى متمانە لە دەست دەدەن و، هەڵەوەرێن.
2- خۆ ئەگەر ئێران و گرێدراوەکانى بەکردەوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، بێ گومان ڕوخانى ئێران خێراتر و خوێناوى تر ئەبێت!
لێرەدا ناکرێ دوو ڕوویى خەلیفە ئەردۆگان نادیدە بگیردرێت. خەلیفە ئەردۆگان کە ئێستا لەگەڵ ئێران دا ڕێکەوتووە، کێ دەستى گرتووە، با خۆى و ئێران نیو هێندەى (سەدام) بەکردەوە بتوانن دژایەتى ئیسرائیل بکەن!؟
کەوابو: هەردو گوتارى ئەردۆگانیزمى ئیخوانیى و ئێرانى شیعى لەبەردەم دۆڕانێکى سەختدان لەناو هزرى تاکەکانى گەلانى جیهانى ئیسلامیى دا، ئەویش دۆڕانى ئەو گوتار و ئایدۆلۆژیایەیانە کە لە بەرانبەر ئیسرائیل دا نایکەنە کردەوە و، بازرگانى بە خوێن و ئابورى گەلانى جیهانى ئیسلامیەوە دەکەن!
خەلیفە ئەردۆگان (هاوتاى ئێرانى وەلى فیقهى شیعەکان) لە کوردکوژى و جینۆسایدى ئازادیخوازان و بێ-دەسەڵاتان چیان نەماوە بەسەر گەلانى جیهانى ئیسلامیى دا نەهێنن، بەڵام لە بەرانبەر ئیسرائیل دا لە ڕوى کردەوەوە بێ کاریگەرن و، تەنها کاریان خوێنینترکردنى جیهانى ئیسلامیى و جینۆسایدى گەلانى ئازادیخوازى جیهانى ئیسلامە!
بەمپێیە: ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر لێزانانە پلانێکى گرنگیان داڕشتبوو تا قودس بکەنە پایتەخت، چونکە (سات)ەکەى زۆر بۆیان گونجاوە! سیاسەت ئاوها دەکرێت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت