شەریف هەژارى: بۆچى هاوپەیمانێتی نێوان (دکتۆر بەرهەم، گۆڕان و کۆمەڵ) پێکهات، ئایا چ کاریگەرييەكى دەبێت؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە، دەمێکە گۆڕان و گۆمەڵ هاوپەیمانن، تا گۆڕان لە ئێرانەوە نزیک بێت، ئەوا کۆمەڵ هاوپەیمانى گۆڕان دەبێ!
پێموایە: لەم قۆناغەدا دکتۆر بەرهەم لەبەر سێ هۆکار هاوپەیمانێتیى بۆ هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق لەگەڵ (گۆڕان و کۆمەڵ) کردووە:
1- ئەکرێ دکتۆر بەرهەم لە سەرەتادا بیەوێت حیزبە نوێیەکەى لە (ڕاگەیاندنەکانى گۆڕان) بپارێزێت، بە هاوپەیمانێتیش لەگەڵیان دا ئەوا دکتۆر بەرهەم قازانج دەکات.
چونکە بەم هەنگاوەى هەمو ئەو بۆچونانەى ناو گۆڕانى بە درۆ خستەوە کە دەیانوت: دکتۆر بەرهەم یەکێکە لە بازرگانە سیاسیە گەورەکان و لە ڕاگەیاندنەکانیان هێرشیان دەکردە سەرى و ڕێکخستەکانى خۆیانیان بەو گوتارە پەروەردە دەکرد. هەروەها بونیەتى ئەم هاوپەیمانێتییە لە یەکەم قۆناغى حیزبەکەى دکتۆر بەرهەم دا وادەکات کە د.بەرهەم زیاتر بتوانێت ئەندام و کادیرانى گۆڕان و کۆمەڵ لە قۆناغەکانى دواتر دا بەلاى خۆی دا ڕاکێشێت!
2- واى دەبینم، یەکێکى دیکە لەو هۆکارانەى کە ئەم هاوپەیمانێتییەى د.بەرهەمى لەگەل (گۆران و کۆمەڵ) هێنایەکایەوە، ئەوەیە کە دڵى ئێران لە خۆى ڕازى بکات. چونکە دکتۆر بەرهەم باش دەزانێت باڵى بنەماڵەى یەکێتیى واتە: ئێران.
لەملاشەوە کۆمەڵى ئیسلامیش بەشێکە لە سیاسەتى ئێران لە ناوچەکە دا و، بزوتنەوەى گۆڕانیش (وەک گوتارى ڕاگەیاندن) تائێستا نەى وێراوە لە خەتى ئێران لا بدات.
کەوابو: بوون بە هاوپەیمان لەگەڵ کۆمەڵى ئیسلامى، بە ماناى بوونە هاوپەیمان لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانى سەر بە ئێران دێت لە زۆنى سەوز دا. بەمەش ڕەنگە دکتۆر بەرهەم واى بوێت کە لە یەکەم قۆناغ دا مەترسى ئێران لەسە حیزبەکەى نەهێڵێت یاخود کەم بکاتەوە.
بەڵام ئایا ئەم هەنگاوە نابێتە هۆى ئەوەى کە ئێران زۆر لە دکتۆر بەرهەم لێزانتر بێ و، هەمان ئەو هەنگاوە هەڵانەى کە پێشتر مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بۆ ڕازى کردنى ئێران گرتیانەبەر کە عاقیبەتى (سازش سازشى زیاترى لێ بە دوا داهات). ئەمیش واى بەسەر بێت و، ئیدى گوتارى ڕاگەیاندنى حیزبەکەى دکتۆر بەرهەمیش ناوێرێت یەک ڕاستى لەسەر سیاسەتە پیلاناویەکانى ئێران لە ناو باشورى کوردستان ئاشکرا بکات!؟
3- ئەکرێت یەکێکى دیکە لەو هۆکارانەى کە واى لە دکتۆر بەرهەم کردبێت کە هاوپەیمانێتیى لەگەل (گۆڕان و کۆمەڵ) بکات ئەوە بێت کە پێى وابێت: پارتیى هاوپەیمانێتیى خۆى لەگەل یەکێتیى بە هیچ حیزبێکى دیکە ناگۆڕێتەوە.
بەو مانایەى هاوپەیمانێتیى نێوان پارتیى و یەکێتیى بووبێتە دیفاکتۆ لە نێوان جوڵەکانى ئەو دوو حیزبەدا. بۆیە دکتۆر بەرهەمیش لەم ڕێگەیەوە بیەوێت لە لایەک بە هاوپەیمانێتیى دیکە لەگەل (گۆڕان و کۆمەڵ) زۆنى سلێمانى لە دەست یەکێتیى دەربهێنێت و، لە لایەکى دیکەش بە هاوپەیمانێتیى دواترى نێوان (حیزبەکەى و گۆڕان و کۆمەڵ) بۆ پارتیى بسەلمێنێت کە دەبێت تەعامولیان وەک جێگرەوەى (یەکێتییەکەى جاران) لەگەڵ دا بکات!
ئەکرێ هۆکارى دیکەش هەبن، بەتایبەت ئەوەى کە هەم (د.بەرهەم) و هەم (گۆڕان و کۆمەڵ) وایان نیشانداوە کە زیاتر باوەڕ و گوتاریان بەوەیە کە بگەڕێنەوە بۆ بەغدا و دەوڵەتى ناوەندى و، هەروەها گۆڕان و کۆمەڵ تائێستا نەیان توانیوە یەک کورسى لە کەرکوک بەدەست بێنن بەم هاوپەیمانێتییە بتوانن کورسى بەدەست بێنن و، چەندین هۆکارى دیکە!!
بەڵام ئەو سێ هۆکارەى خستمەڕو، ئەکرێ گرنگترین ئەو فاکتانە بن کە بوونە هۆى هاوپەیمانێتیى نێوان (حیزبەکەى د.بەرهەم، گۆڕان و کۆمەڵ).
پێشموایە، پێش ئەم هاوپەیمانێتییە دۆخى یەکگرتوو زۆر خراپ بوو، بەڵام ئەم هاوپەیمانێتییە بە دەرەجەى یەکەم لە قازانجى یەکگرتوو دایە چونکە ئەکرێت یەکگرتوە کۆنەکانى ناو گۆڕان و هەندێ لە لایەنگرانى کۆمەڵ دەنگ بدەنە یەکگرتو، هەروەها کەسانى چەپ و مارکسى و سیکۆلاریش دەنگ بدەنە یەکێتیى یاخود شاسوار عبدالواحید، یاخود هەر دەنگ نەدەن.
بڕواشم وایە: ڕاسترین هەنگاو ئەوەیە بۆ هەڵبژاردنەکانى کوردستان هەمو حیزبەکان بە جیا بەشدارى بکەن و دواتر هاوپەیمانێتیى پێک بێنن، بۆ ئەوەى لە لایەک هەر حیزبەو دەنگەکەى خۆى (بە نزیکەیى) بزانێت و، لە لایەکى دیکەش کادیر و لایەنگرانیشیان خۆیان بۆیان یەکلا بکەنەوە!
هاوپەیمانێتیى نێوان (گۆڕان، دکتۆر بەرهەم و کۆمەڵ) زەرەرێکى ئەوتۆى بۆ پارتیى نابێت، چونکە ئەو هێزانەى کە سەر بە ئێرانن بەریەک دەکەون، بەرەى هاوپەیمانێتیى (دکتۆر بەرهەم، گۆڕان و کۆمەڵ) و یەکێتیى و، بزووتنەوەى ئیسلامى و… هتد!
کێشەى سەرەکى ئەم حیزبانە ئەوەیە: هەر لە ناو زۆنى پارێزگاکانى سلێمانى- هەڵەبجە لەسەر حسابى یەکتر دەژین! تا ئەوەى کێشەیان (هەم ڕاگرتنى گوتارى نەتەوەیى) و (هەم کارکردیان ئەوە بێت لە تەواوى پارێزگاکانى باشورى کوردستان) دا چالاک بن.
هەتا ئەو ڕۆژەى حیزبەکانى زۆنى سلێمانى لە ژێر کاریگەرى ئێران دا بن، ئەوا: گوتاریان نەتەوەیى نابێت. تا ئەو ڕۆژەشى کە چالاکى و کارکردیان هەر لە سلێمانى- هەڵەبجە دا بێت، ئەوا کاریگەرییەکى ئەوتۆیان لەسەر زۆنى پارتیى نابێت!
لە کۆتایش دا، سەبارەت بەو خوێنەرە بەڕێزانەى کە ئەو پرسیارە دەکەن: (ئایا بەهۆى هەردوو هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق و کوردستانەوە گۆڕانکارى گەورە لە کوردستان دێتە کایەوە!؟).
پێموایە: ئەستەمە بەرەى دژە پارتیى- یەکێتیى بەم جۆرە هەنگاو و کارکردانەیان بتوانن نیوەى کورسیەکانى پەرلەمانى کوردستان بەدەست بێنن. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چەندین (کەموکورتى) لە ناو کارى ڕێکخراوەیى و ڕاگەیاندنیان دا هەیە و چارەسەرى ناکەن، بۆیە زیاد ناکەن.
هەمیشە کارکردیان ئەوەیە تەنها (بە گوتار) کەموکورتیى و گەندەڵیەکانى پارتیى- یەکێتیى باس بکەن، بەبێ ئەوەى ناوخۆى حیزبەکانى خۆیان تۆکمە و ئامادە بکەن و هەڵەکانى پارتیى-یەکێتیى دووبارە نەکەنەوە!!
ئیدى با ئەوەش بوەستێت کە ئێمە لە ناو چەقى ململانێ و بەریەککەوتنەکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست دەژین و، پارتیى-یەکێتیش (چەک و هێز)یان هەیە!! بۆیە ئەجێندا و کارکردى وردترى ئەوێت، کە ستراتیژى بیت نەک تەکتیکى! هەرچەندە نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە ئەکرێت ئەم جۆرە هاوپەیمانێتییە گوتارى شپرزەى بەشێک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان یەک بخات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت