شەنگار سابیر: مۆسیقایی تراژیدیا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من دەبێت بمرم، تا مانا بە رەسەنێتی بوونم ببەخشم، من دەبێت بمرم ، بۆ ئەوەیی پێشمەرجی رەسەنێتی و سەربەستی بەدەست بێنم..! لێرەوە بریارت دا، لێرەوە بەدوایی حەقیقەتدا دەگەڕایت ، لەرۆژگارێکی دێرینەوە ، بەتەپوو تۆزی زەمانێکی کۆنەوە ، وەک ئەپیکۆرسێکی پیر، فیشەکێک لەناو جانتاکەت دەردەهێنیت، سێ ساڵ دەبێت هەموو رۆژێک هەمان فیشەک لەهەمان جانتا دەردەهێنیت و سەیری دەکەیت، وەک ئەوەیی یادەوەریەکی زۆر کۆنت هەبێت
لەگەڵ فیشەکدا، فیشەکەکە لەلووتت نزیک دەکەیتەوە، بۆنی دەکەیت، یەک راست دەکەویتەوە بیری جەنگ، دەنگی خومپارە، سەرزەمینێک سەرشار لەخوێن و مەرگ، جەستەیی هەلاهەلا بوو، ئەورۆژەت دێتەوە یاد، کەبۆیەکەمین جار تانک و موشەک هاوێژەکانت لەنزیکەوە بینی، بەهەستی شۆرش گێرێکی ئەبەدیەوە دەتروانی، شۆرش گێر بوون بۆتۆ گوێنەدان بوو بەمردنی ئەوانیتر، شۆرش گێر بون بۆتۆ بێدەنگ بوونێکی شاعیرانە بوو، بیرتە ئەو رۆژەیی کەسەربازە ئیتاڵیەکان روویان لەمەملەکەتی تۆ کرد تۆ چەنێک دڵخۆشبویت؟
دەتزانی ئیتر ئەم جەنگە سەرەتایی زەمانێکی نوێیە، سەردەمێک هەموو شتێک بەخوێن و دوکەڵ فریومان دەدات، هەموو جوانیەک بەمەرگ تینوێتیمان دەشکێنێت، بەشەقامەکاندا دەرۆشتیت و بەدەنگی بەرز پێدەکەنیت، هەتا ئەو چرکەساتەیی یەکەمین موشەک دایی بەماڵی ” ئارکۆڤیچ”دا، ماڵی ئەڤیندارەکەت وێران بوو “مارگرێتا” دەست بەجێ لەوێدا مرد’ دەست و قاچی لەیەکدی جیاببونەوە، وەک تابلۆیەکی سوریالی دەهاتە پێش چاوت، تۆبڵێت” ماکسینس ئێرنێست” ئەم تابلۆیەیی نەکێشا بێت؟
گەرما وەرزی کردیت، تەرمی مارگرێتات لەناو ئەوخانوە وێرانبوەدا جێهێشت، بەردەوام دەنگی هاتوهاواری خەڵک دەبیسترا، دەنگی خومپارە ئیتاڵیەکان، ئەو مرد و تۆدڵ خۆشبویت، ئەو مردو تۆ پربەسیەکانت هەوای دوکەڵاویو بۆنی خوێنت هەڵمژی، چەنێک چێژ بەخشبوو بۆنی ئەم هەموو زامە!!

جەگەرەکەت دەستی سوتاندیت، بەئاگا هاتیتەوە هێشتا گوێت لەدەنگی ئەو موشەکانەیە کەلەسەردەمێکی کۆندا یادەوەری خۆیان لەتۆدا بەجێهیشت، جگەرەکەت کوژاندەوە، بۆنی قاوە کوڵاوەکەت دەهات، پیش ئەوەیی بگەیتە لایی تەباخەکە، گرامافۆنەکەت ئیش پێکرد، مۆسیقایی” تریستیان”ـی، ریتشارد ڤاگنەر، بەهێواشی دەستی پێکرد،بەرەوە تەباخەکە رۆشتیت کوپێک قاوەیی خەستت تێکرد، گەڕایتەوە، فیشەکەکەت هێشتا بەدەستەوە بوو، دیسان بۆنت کرد.

لەماڵی ئارکۆڤیچ هاتیتە دەرەوە، جەنگ تۆیی سەربەست کرد،جەنگ تۆیی تەنها کرد، سەدان لاشەیی مردوت لەسەر شەقامەکان دەبینی، خۆت وەک ئەودرەختە تەنهایە دەبینی کەلەسەر چیایی” ئۆڵپ” بەئاگرەوە راوەستاوە، درەختێکی تەنها کەجارێکی تر هیچ باڵندەیەک لەسەری نانیشێتەوە، ناوت نابوو درەختی رەسەنێتی، دەتزانی مرۆڤی رەسەن مرۆڤێکی تەنهایە، تەنهایی ئاگرێک بوو کە مرۆڤایەتی لێیدەترسا، بەناو ئەم هەموو مەیتەدا دەرۆشتیت،
دەستت دەدا لەخوێنی هەندێک لەتەرمەکانەوەو بۆنت دەکرد، بۆنی خوێن رۆمانسی ترین بۆن بوو بۆتۆ، هەست بەئیلهامی باڵایی دەکرد، بۆچەنساتێک خۆت وەک ئەکتەرێکی پلەیەکی ” فیلمێکی بۆهیمی” دەهاتە بەرچاوو.

قاوەکەت هەمووی خواردەوە، دەنگی گرامافۆنەکەت زیات کرد، “مۆسیقایی تراژیدیا”! دەکەوتیتەوە یادی رۆژگارێک ئەگەر ئەم مۆسیقایە نەبووایە، هیچ کات نەدەگەشتیت بەچێژی راستەقینە “دیۆنۆسیس” خواوەندی چێژی رەسەنێتی، خواوەندی تەنهایی رەسەن و ئیلهامی گەیشتن بەحەقیقەت، کوپی قاوەکەت لەسەر مێزەکە دانا، دەمانچەیەکی ستیلت لەناو هەمان جانتا دەرهێنا، فیشەکەکەت کردە یەدەگی دەمانچەکەوە و لەسەرمێزەکە داتنا، پەرداخێک ئاوت تێکرد.

ئەو ئێوارەیەیی دوایی جەنگ گەڕایتەوە ماڵەوە هەموو شتێک لەجێگەیی خۆیی بوو، بارانێکی دوکەڵاوی و پیس دەباری، بارانی” ئەپۆلۆن”! جارێکیتر بیرت لەو لاشە هەلا هەلابوەیی “مارگرێتا”دەکردەوە، وایی چ دیمەنێکی سیحراویی بوو، وایی چ هاڵاوێکی کلاسیکی لەو خوێنە سورەیی هەڵدەستا، بەدرێژایی چەندین ساڵ هەرکات بیر لەو دیمەنە دەکەیتەوە دڵ خۆشدەبیت، بزەیەک دەکەوێتە سەر لێوت، بیرتە دەت وت عەشقی رەسەن واتا لەتو پەت بوونی مەعشوق، واتا تەفرو تونابونی خەونەکان، خەونە بێماناکان.
لەدوایی ئەودیمەنە هەستت بە “سەربەستی کرد” وەک ئەوەیی لەدەست زوڵماتێک هەڵهاتبیت،  وەک ئەوەیی بەدەنگی بەرز هاواربکەیت”من تەسلمی ئیرادەیی” تۆ نەبووم، من هەبوەیەکی سەربەستم! پەرداخە ئاوەکەت نەخوارد پەرداخەکەت گرتە دیوارەکە، دەنگێکی سەیری لێهات، وەک دەنگی یەکەمین فیشەک کەلەدوورەوە دێت و یەکەمین بون لەژیان نەفی دەکات،هەمیشە دەنگی یەکەمین فیشەک هەم ترسناکەو هەمیشە دڵخۆشکەرە، دەنگی یەکەمین فیشەک وەک دەستپێکردنی مۆسیقایی ئۆرکێسترایەک وایە،ئەوەیەیی فیشەکەکە دەتەقێنێت “مایسترۆیە” مایسترۆیی دەستپێکی کۆنسێرتێک لەخوێن ومەرگ.

چویتەوە لایی ئەومێزەیی لەناوەراستی ژورەکەت بوو،ئەومێزەیی دەمانچە ستیلەکەت لەسەر دانابوو، میلت هێنایەوە، مۆسیقاکە بەرەو کۆتایی دەچوو، چویتە بەربەنجەرەکە، شەقامێکی چۆل و بێگیانت بینی، باران بەڕیتمی “درامسێک” دەباری دڵت پەلە پەلی دەکرد، وەک یەکەم جاری بینین، وەک ئەو ساتەیی بۆیەکەمین جار “مارگرێتات لە قاوەخانەیی رۆیاڵ”بینی، دەمانچەکەت خستە سەر سەرت، مۆسیقاکە تراژیدیترین ساتەکانی خۆیی دەژیا، پەنجەت بەپەلە پیتکەیی دەمانچەکەدا نا، خوێن لەلایی چەپی سەرتەوە فیچقەیی کرد، مۆسیقاکە تەواو بوو، کەوتیت بەسەر مێزەکەی بەردەمتدا، گرامافۆنەکە کەوتە خشەش، تۆش کەوتبوویت لەسەر عەردەکە.
بارانەکەی دەرەوە هێواش بۆوە،ت اکوو تەرا پیاوی پیر منداڵ و کچانی لەشفرۆش لەسەر ئەوشاقەمە دەرکەوتن کەدەوکتنە بەرامبەر پەنچەرەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت