عیماد عەلی: خەریکە لەبەر چەند حەبێکی فیاگرا شاربەدەری دەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جگە لە بەکارهێنانی پۆستەکەی و هەندێک خاترانەی ئەم و ئەو لە برادەرانی، بێ ئەوەی بێ یاسایی پێوە دیار بێت، لەبەر ئەوەی لەکاتی سەردانیکردنی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی، کۆمەڵێک حەبی فیاگرای بۆ وەفدە یاورەکەی کریوە، دنیا شڵەژاوە و خەریکە بە رۆژی نیوەرۆ شاربەدەری دەکەن. سەرەرای بەفر و باران و کڕێوە، هەر دوێنێ لە کەشێکی ئاهەنگێراندا زیاتر لە ملیۆنێک کەس تەنها لە شاری سیئۆڵ بە چەپڵە و گۆرانی و دەهۆڵ و زورنا هاتنە سەر شەقام داوا بەرکەنار خستن و دادگایی کردنی سەرۆکی کۆریای باشوور پارک گوین هی یان دەکرد. ئەم ئیرادە و ویست و گوشارەی کۆی گشتی بیرورا و هەست بەم پلە بەرزە لە بەرپرسیارێتی لە لایەن تاکی کۆمەڵگەی ئەو وڵاتەوە و، رێگەگرتن لە بەلارێدا بردنی حوکم و دورکەوتنەوە لە یاسا و دادپەروەری و، نەهێشتنی بەکارهێنانی پۆست و پلە لە کاری تایبەتی و لە پێناو خۆشگوزەرانی خودی، جێگەی سوپاس و سەرسامبونیشە.
ئەوان کارەبایان تەواو و بیست و چوار سەعاتە و بە دەقیقە چیە نابرێت، مەعاشی کارمەندانیان هەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا دەچێتە سەر حسابە بانقیەکانیان و خەمی بێ ئاوی و نەوت و غازیان نیە و، منداڵانیان لە قوتابخانە دەخوێنێت و ژیانیان دەستەبەرە، هیچ ترسێکیان لە دڵدا نیە لە هیچ شتێک و، لە باری وەزعی تایبەیتی خۆیانەوە زیانێکی ئەوتۆیان لە رەفتاری سەرۆکەکەیان نەبینیوە، بەڵام وریایی و پەیوەستبون بە ئەخلاق و دادپەروەری و رێگە نەدان بە هەڵەی هیچ کەسێک بە سرۆکەکەیانیشەوە و خۆشەویستی و هەستی ئینتیما بۆ وڵات و پابەندبون بە ئازادی و دیموکراسی، وای لەخەڵک و تاکی کۆمەڵکە بە گشتی کردووە کە هەمیشە چاودێر بن و بەدواداچون بۆ رەفتار و کرداری سەرجەم بەرپرس و ئەندامانی حکومەتەکەیان بکەن و نەهێڵن بە ملیم بە لارێدا بروات، دەبێت بپرسین بۆ ئەوان وان؟
سەرەرای ئەوەی بە چەندین قۆناغ گەیشتونەتە ئەم حاڵە تەندروستە و مێژوویان پرە لە نەهامەتیش، بەڵام جگە لەکوردستان، خۆ وڵاتی وا لەم رۆژهەڵاتی ناوەراستە هەیە بە شارستانیەت و مێژوو بێت کۆریا دەخاتە کونەوە.
بێگومان جگە لە بارودۆخی خودی وەزعە بابەتیەکەش هۆکاری سەرەکیە لە مانەوەی ئەم رەفتار و کەلتور و باری ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیە لەسەر ئاستێک کە وەک ریتمی ژیانی خەڵکی سەدەکانی ناوەراست بێتە بەرچاو، کەلتوری نابەجێ و زیانبەخش، ئیستغلالکردنی وڵاتە تەماعکار و بەرژەوەنخوازە جیهانیەکان و زیانەکانی بونی سامانە سروشتیەکان و چونێتی مامەڵەکردنی وڵاتان لەگەڵ ناوچەکە لەوبارەوە، جگە لە کاریگەری سەلبی ئاین و دەرهاویشتەکانی لەسەر عەقڵی میلەت و راوبۆچونەکان لە ملکەچی بۆ والی و مامەڵەکرن لەگەڵیدا وەک وەلی ئەمر و، نەبونی ئاستێکی باشی رۆشنبیری و تێکەڵاوبونی بارودۆخی سیاسی و رۆشنبیر و ئابوری و، نەبونی گۆشارەی کۆی بیری گشتی کۆمەڵ و بێ بەهابونی رای گشتی و کاریگەریەکانی، ئەم هەمووی لە سایەی نەبونی سەرکردایەتی مێژوویی و خاوەن عەقڵی گەورەدا بێت چاوەرێی چی بکەیت.
ئەوەتا بە رۆژی نیوەرۆ لە خۆپیشاندانێکی بچوکی چین و توێژێکی کەمی خەڵکی کوردستان، دەسەڵاتێکمان هەیە وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ هەر نارەزایەتیەکدا دەکات و، تاوەکو دەکاتە ئەوەی دەست بۆ مومتەلەکات و پێداویستیە تایبەتیەکانی خەڵکە نارازیەکە دەبات و زیانیان پێ دەگەیەنێت، تاوەکو دەگاتە تەنانەت حاڵەتی تیرۆر و تۆقاندنیش، تەنها لەبەر ئەوەی داوای مافی تایبەتی خۆی دەکات نەک مافە گشتیەکانیش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت