عیماد عەلی : چەند قسەیەکی راشکاوانە بۆ کاک نەوشیروان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی دەیزانین ، ئەرکی مێژونوسە کە راستیەکان بێ کەمو کورتی و بێلایەنانە بۆ خەڵک دەردەخات و دەینوسێتەوە و دەیڵێتەوە ، بەڵام دەبێت هەمیشە نوسەر و رۆژنامەنوس و سیاسەتمەدار وەک وەزیفەی راست ورەوای خۆیان بە دەرخستنی هەڵوێستی گونجاو لە گەڵ راستیەکاندا ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و ، جەنابیشت کاک نەوشیروان وەک شەخسی خۆت یان رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ، هەڵگری سیفەتی هەرسێ وەزیفەکەی .
هیچ کەس لەو باوەرەدا نەبو کە گۆران تەنها لە پێناو بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا بەهەر شێوەیەک بێت ، دروستبوبێت و ، خۆتیش چەندین جار چ لە دیدارە دو قۆڵی و سێ قوڵیەکاندا بوبێت یان تەنانەت بەئاشکرا لە راگەیاندنەکاندا ئەوەت دوبارە دەکردەوە و ، بەڵکو ئەوەت دوپات دەکردەوە کە سورن لەسەر گۆڕێنی ریشەیی تێکرای سیستمی حوکمرانی کوردستان و ، واتان نیشاندا کە ئەم حکومەتە بە گشتی لە گەڵ بارودۆخی ئێستادا نەگونجاوە . کەچی گۆڕانت بەو شێوەیەت بەشداری پێکرد لە حکومەتدا ، کە ئێستا بە قورسی باجەکەی دەدات .
سەرەتای بەشداریکردن لە دەسەڵات لەگەڵ حزب و لایەنێک ، کە تا دوێنی بە قسەی ئێوە و تا ئەمرۆش بە قسەی ئێمەومانانی خەڵکی سادەی ئەم کوردستانە هۆکاری ئەم میحنەتەن کەبەسەر خەڵکدا هێناویانە ، بێ هیچ پێشمەرج و بە پێی رێککەوتنێکی حزبی دوولایەنە لە گەڵ پارتی بۆ حکومەتی کوردستان و لەگەڵ یەکێتییش بۆ حکومرانی سلێمانی و ئەم دەڤەرە بە گشتی بەشداریتان کرد ، ئەم رەفتارە ئەوەی دەرخست کە تەنها ئەو ئیدعیایانەی دەکرا لە گۆڕینی بناغەی دەسەڵات هەر لە بەیاننامە حەوت خاڵیەکەوە بگرە تاوەکو هەڵوێستەکانتان لەسەر سەرجەم روداوە رۆژانەییەکانی سیاسەتی ئەو دو حزبە و دەسەڵاتیش بە ئیدیعای جێبەجێ کردنی بەرنامە تایبەتیەکانتانەوە ، تەنها بۆ بەکاربردنی رۆژانە بووە .
لێرەدا دەکرێت منیش تەنها حەوت پرسیاری ئاسایی خەڵک لە کاک نەوشیروان بکەم ، هیوادارم وەڵامی قەناعەت پێهێنەری بۆ خەڵکی ستەمدیدەی پێ بێت :
یەکەم : ئایا بەرپرسە باڵاکانی پارتی و یەکێتی پارەی زل و زەبەلاحیان لە بانقەکانی دەرەوە نیە ، گەر هەیە ، بۆچی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی خەڵک و هەر نەبێت بۆ پێدانی موچەی پێشمەرگە بەکاری ناهێنن ، یان با بەو شەفافیەتەی کە کاک نەوشیروان و گۆران داوایان دەکرد ، بناغەی مەسەلەکە بۆ خەڵک باس ناکەن و وردەکاریەکانی دەر ناخەن ؟
دووەم : ئەو برە نەوتەی بە ترێلە و بۆری رۆژانە دەچنە دەرەوە کە پێشتر دەوترا بەشی مەعاشی هەموو فەرمانبەرانی کوردستان دەکات ، چی لێدێت ، ئێستا راستیەکان بۆ دەرناخەن کە لەحکومەتن ، ئەگەر وایە بۆ داهاتەکەی ناخرێتە گەڕ و ئەگەریش وا نیە با خەڵک بزانێت داهاتەکە کەمە و بەشی خەرجیەکان ناکات و ، وا نیە کە پێشتر باس کراوە ؟ لە و کاتەدا خەڵک بە روح و ماڵ و گیان قوربانی زیاتر دەدات و متمانەی پێتان دەبێت .
سێیەم : بۆچی ئێستا باسی گەندەڵی ناکرێت وەک پێشتر دەنگە زوڵاڵەکان باسیان لێوە دەکرد . ئەم بارودۆخە گیرۆدەی دەستی گەندەڵی بەردەوامە یان نا . داهات و خەرجیەکان بۆ دەرناخرێن ، چەندن ؟
چوارەم : هەڵوێست لەبارەی بە حزبیکردنی پێشمەرگە ، بەتایبەتی وەزیری پێشمەرگەش گۆرانخوازە ، بۆ ناڵێن هۆکاری یەکنەخستنی چیە و کێ رێگرە و بۆ بەم شێوەیە بەردەوامە و کێ دەیەوێت بەحەقیقەت یەکیبخات و کێ ئەو ئامانجە لە بەرژەوەندیی نیە ؟
پێنجەم : بۆ باس لە وردەکاریەکانی ئەم بارە ئابوریە نالەبارە و ئەم هەموو قەیرانانە و نەبونی خزمەتگوزای پێویست ناکەن ؟ بۆ باسی شکستی ئەم حکومەتە ناکەن ئەگەر بە بەراورد بە حکومەتەکانی پێشوش بێت ؟
شەشەم : بۆچی وەک گۆڕان ، پێشتر دابەشکردنی پۆستی حکومەتی و پەرلەمانیتان بە زەرەر دەزانی و رەتتان دەکردەوە و ئێستا بە خۆتان بەشدارن و بەشێکن لەو کردەوەیە ؟
حەوتەم :بۆچی هەر هیچ نەبێت هەڵسەنگاندن بۆ وەزیرەکانی خۆتان ناکەن و ئەوەی ئەرکی خۆی جێبەجی نەکردوە دەریناخەن و دووری بخەنەوە تاوەکو راستگۆییتان بۆ خەڵک دەرخەن و باورەتان پێ بکرێت کە پەیمانەکانتان لە بیرنەچووە و ئەرکەکانتان وەک خۆی جێبەجێ دەکەن ؟
هیودارم لە دەرخستنی ئەم راستیانە زیاتر قازانجما بە گۆرانی ریشەیی کوردستان گەیاندبێ و رێگەمان بۆ راستەرێکردنی دەسەڵات کردبێتەوە ، کەسیش بە هیچ شێوەیەک تەفسیری تری بۆ نەکات ، لەبەر ئەوەی پێش ئەوەی باس لە گۆڕان بکرێت ، حزبەکانی تری دەسەڵات نغرۆی ئەو گەندەڵی و کەموکورتیانەن و خەڵک هیچ ئاواتێکیان پێ نەماوە کە چاکسازی بکەن و ، بە خۆیاندا بچنەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت