عەتا قەرەداخی: دواخستنی ریفراندۆم کوشتنی رۆحی گشتی کۆمەڵگەى کوردیە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێ رۆحی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەک بە ئاراستەى بڵندبوون دەجوڵێت و بەرەو ئەوە دەچێت بگاتە ئەو وێستگەیەى کە تیایدا دەتوانێت گوزارشت لە خۆى بکات، ماناى وایە ئەو کۆمەڵگەیە رێگاى بەرەو ئایندەى خۆیی دۆزیووەتەوە، کە ئەویش رێگاى بەرەو گوزارشتکردنە لە رۆحی گشتی خۆى لە بەرزترین وێستگەى بڵندبوونیدا کە ئەو وێستگەیەش دامەزراوەى دەوڵەتە.
کۆمەڵگەى کوردى لە پەرەسەندنی دوورو درێژو خاو و ناسرووشتی خۆیدا لە گەیشتن بەو وێستگەیە زۆر دواکەوتووەو ئەو دواکەوتنەش بۆ ماوەى دوورو درێژ کردوویەتیە پاشکۆو ژێردەستەى ئەوانی ترو ئەوەش بووەتە هۆى تێکشکاندنی کەسێتی کوردى و سەرئەنجامیش خۆ بەبچووک زانینی و نەتوانینی راوەستانی لەسەر پێی خۆى و لە ئاستی ئەوانی تردا بەجۆرێک کە بتوانێت بڵێت ئەمە منم، خاوەنی خۆمم و هیچم لە ئەوانی تر کەمتر نیە. ئێستا ئاسۆکانی ئەو بڵندبوونە دەرکەوتووەو کۆمەڵگەى ئێمە بەرەو وێستگەى گوزارشت لە خۆکردن هەنگاو دەنێت. وەکو دەبینرێت سەربارى کێشەکانی مانەوەى دوورو درێژ بە کۆڵۆنیکراوى و سەربارى ئەو کێشانەیشی کە درووستکراوى دەستی دامەزراوە نائاساییەکانی ناوخۆى کۆمەڵگەن، وەکو دامەزراوەى خێڵ و ئایین و مەزهەب و تەریقەت و حیزب و ئایدیۆلۆجیا لە کوردستاندا بەڵام جۆرێک لە هەڵچوونی رۆحی کۆمەڵگە دەبینرێت و هەستی پێدەکرێ، ئەویش رۆژ لە دواى رۆژ لە زیادبوونی لایەنگرى بۆ دەنگی بەڵی لە راپرسیدا دەردەکەوێت، کە ئەوەش بەرهەمی پەرەسەندنی گوتارى کوردى یان کوردستانیە. بڵندبوونی رۆحی کۆمەڵگە وەکو شەپۆلی دەریایەو رێگا لێگرتنی ئاسان نیە، هەرچەندە هەوڵی وەستاندنی ئەو شەپۆلە بدرێت ناتوانرێت بووەستێترێت، بەڵام ئەگەرى ئەوە هەیە ئاراستەکەى بگۆڕێت. گۆڕینی ئاراستەى شەپۆلی رۆحی هەڵچووى کۆمەڵگە لادان درووست دەکات، کە ئەویش بەلادانی کۆمەڵایەتی لە رەوتی راستەقینەى پەرەسەندن ناودەبرێت و سەرئەنجام ئەگەرى ئەوەى هەیە کە ئەو رەوتە بەتەواوى بشێوێت و ئەوەش بە پێی کۆمەڵگە دەبێتـە هۆى لەباربردنی ئەو کۆرپەلەیەى کە لە هەناوى کۆمەڵگەدا گەشەى کردووەو بەرەو لە دایکبوون دەچێت کە ئەویش کۆرپەلەى دەوڵەتە چونکە لە روانگەى کۆمەڵناسیەوە هەموو کۆمەڵگەیەک بە پێی رەوتی پەرەسەندنی لە قۆناغێکدا لە هەناوى خۆیدا کۆرپەلەى دەوڵەت هەڵدەگرێت و ئازادى و بوونی ئەو کۆمەڵگەیەش لە لەدایکبوونی دەوڵەتدا بەرجەستە دەبێت، ئەگەرچی ئەنارشیستەکان خەون بە هەڵوەشاندنەوەى دەولەَتەوە دەبینن و لە وەهمی کۆمەڵگەى دەرەوەى دەوڵەتدا دەژین، رەنگە ئەوەش خەونێکی ناخۆش نەبێت بەڵام بۆ کۆمەڵگە بێ دەوڵەتەکان خەونێکی تفت و تاڵە.
دواخستنی ریفراندۆم بۆ کۆمەڵگەى باشوورى کوردستان بریتیە لە لادانی رۆحی بڵندبووى کۆمەڵگە لە ڕەوتی ئاسایی خۆیی، ئەوەش بە ماناى هەوڵدان دێت بۆ لەباربردنی کۆرپەى دەوڵەت. کەواتە دواخستنی ریفراندۆم واتاى کوشتنی ئایندەى کۆمەڵگەى کوردى، بۆیە دواخستنی ریفراندۆم لە ئێستادا کە رۆحی گشتی کۆمەڵگە لە هەڵچووندایە لە هەموو ئەو شکستانە ترسناکترە کە لە رابردوودا بزووتنەوەکانی کورد دووچارى بوون. شکستی بزووتنەوەکان لە رابردوودا شکستی ئایدیۆلۆجیایەک یان بەرنامەیەک یان سەرکردەیەک یان حیزبێک بووە، بەڵام پاشەکشە لە ریفراندۆم لە ئێستادا، ماناى لادانی رۆحی گشتی کۆمەڵگە لە رەوتی بەرەو بڵندبوون و لە رۆیشتنی بەرەو گوزارشت لەخۆکردنی. کە ئەمەش دەبێتە شکستی هەموو کۆمەڵگە. بۆیە ئێستا ئەو چرکەساتەیە کە نابێت کوردى باشوور بەهیچ شێوەیەک پاشەکشە لە ریفراندۆم بکات و ناشبێت بەهیچ شێوەیەک و لە ژێر هیچ هەلومەرج و بارودۆخێکدا دواى بخات. کۆى ئەو دەوڵەت و کەسێت و لایەنە دەرەکیانەى داواى ئەنجامنەدانی ریفراندۆم یان دواخستنی دەکەن، بە تایبەتی داگیرکەرانی عەرەب و تورک و فارس، دەترسن رۆحی کوردى لە ئاستێکی زۆر مرۆڤانەتر لەوان گوزارشت لە خۆى بکات و هەموو ئەوانی ترو هەموو جیاوازییەکان قبوڵ بکات. ئەوان دەترسن لەوەى لەپاڵ رۆحی ژەنگ گرتووى ئەواندا، ئەو رۆحە قێزەون و چڕنووکدارەیان کە زیاتر لە پێنج سەدەیە رۆحى کوردى دەگورێت و لە دۆزەخی رۆحی شەیتانی خۆیاندا دەیسوتێنێت، رۆحێکی بەرزو خاوێن و مرۆڤانەى باڵا راستبێتەوە، بۆیە ئێستا ئەوانەى دەوروبەرو هەندێک لەوانی دوورتریش نایانەوێت ئەم رۆحە سەرکەشەى کورد بگاتە ئاستی گوزارشت لە خۆکردنی و لە چڕنووکی دڕندانەى ئەوان رزگارى بێت. ئەمە لە کاتێکدا کە تەنانەت ئەوانی داگیرکەرى کوردستان و دەولەَتانی ترى دنیاش دەزانن رۆحى هەڵچووى کوردى گەیشتووەتە ئاستێک لە بڵندبوون ناشێت رێگرى لێبکرێت و گومانی تێدانیە دەگاتە ئاستی گوزارشت لەخۆ کردنی.
بەڵی لە کاتێکدا رۆحی داگیرکەرانی کوردستان هەموو جیاوازیەک دەکوژێت، رۆحی کوردى ئەوانی بکوژیش قبوڵ دەکات ئەگەر دەست لە کوشتن هەڵبگرن. بەڵێ نابێت کورد بە هیچ شێوەیەک دەستبەردارى داواکارییەکانی بێت چونکە ئەم رۆحە روو لە بڵندبووەى ئێستاى کۆمەڵگەى کوردى پێویستی بەوەیە کە خۆى نمایش بکات و گوزارشت لە بوونی خۆى بکات ئەوەش تەنیاو بەس تەنیا وەکو هیگڵ دەڵێت لە درووستکردنی دەوڵەتدا دەگاتە ئەنجام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت