عەلی مەحمود محەمەد: بژی برایەتی كوردو تورك.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤەكانی ئەو وڵاتەش هەموو ئیبنزر سكروجی پاڵەوانە ناشرینەكەی رۆماننوس چارلس دیكنز رۆمانووسی ئینگلیزی نین, تەنها خراپەیان وەك ئەردۆگان و باخچەلی و ئەتاتورك و … بۆ گەلی كورد بوێت.
جەنگیز چانداری رۆژنامەنوسی 70 ساڵەی توركی دۆستی كورد, كە لە 20 ساڵیدا یەكێك بووە لە شۆڕشگێڕانی بزوتنەوەی لاوانی شۆرشگێڕ و لە بیری چەپیشدا بەلای ماویەتدا شكاندویەتیەوە, لە كۆنگرەی 14ی كوردو ئەوروپا لە 6ی دیسەمبەری رابردوو كە لە پەرلەمانی ئەوروپا بەسترا. باسی روداوێكی سەرنج راكێشی كرد و شایەدیەكی گەورەی شاراوەی لە جوانی هاوبیركانمانی ئاشكرا كرد, كە وتی دەنیز گێزمیش لەكاتی ئیعدامكردنیدا دروشمی بژی برایەتی كورد و توركی وتوەتەوە, ئەم نموونەیەش لەناو توركیشدا هەیە, كە هەموو ئەردۆگانیانە بیر ناكەنەوە, ماوییەكانی توركیا وەك ئەوانەی كوردستان و عێراق لەوانە نەبوون دواتر تەسلیم بە جامانەی ناسیۆنالیزم و كاسكێتی مارینزو جبەو عەبای مەلاو دۆلار ببن, بەڵكە لە شۆڕگێڕیدا بەردەوام بوون و گەیشتنە كۆبانی و ئاڵا سورەكەی سەركەوتنی بەرلینیان لە رەقە هەڵدایەوە, ئاخر ئەوان نەبوونە دوژمنی كۆبانی و عەفرین, پێچەوانەوە ئەوان سوپا سورەكانیان زەوییە ئازادكراوەكانی رۆژئاوایان بەخوێنی خۆیان سور كرد.
دنیز گێزمیش لە 28ی فیبریوەری “شوبات”ی 1947 لە ئەیاشی ی ئەنقەرە لە دایك بووە, لە قۆناغی زانكۆ ئاشنای بیری سۆسیالیزم دەبێت و دەچێتە ریزی چەپە شۆڕشگێڕەكانەوە, لە ساڵی 1966 دەچێتە ریزی پارتی كرێكارانی توركیاوە لە زانكۆی ئەستەمبوڵ , لە 12ی حوزەیرانی 1968 سەركردایەتی داگیركردنی حەرەمی زانكۆی ئەستەمبوڵی كرد, لە 30 تەموزی 1968 بۆ یەكەمجار دەستگیر دەكرێت, لە 28ی نۆڤەمبەری هەمان ساڵ دەستگیر دەكرێتەوە بەهۆی چالاكی دژ بە سەردانی ئستولی ئەمەریكا بۆ توركیا, لە 16ی ئازاری 1969 بەهۆی بەشداریكردنی لە بەرەوروبونەوەی چەكداریانەی هێزە فاشیستە نەتەوەییە راستگەراكان دەستگیر دەكرێتەوە, لە 31ی ئازاری هەمان ساڵ دەستگیری دەكەنەوە ئەوجا هەڵدێت بۆ ئوردن لەوێ لە ریزی بەرەی دیموكراتی گەلی فەڵەستین خولی سەربازی دەبینێت و بۆ خەباتی چەكداری دواتر دەگەرێتەوە توركیا بۆ پراكتیزە كردنی.
لە 11-1-1971 سەركردایەتی دەست بەسەردا گرتنی بانكی ئیمەكی كرد لە شاری ئەنقەرە, لە 4ی ئازاری هەمان ساڵ 4 ئەمەریكی لە شاری ئەنقەرە بە دیل گرت, پاش ئەوەی بە دیلەكانەوە دەگەنە سنوری كوردستان, لە دەوروبەری سیڤاس لە 16ی یۆلیۆ 1971 لە بەرەوروبونەوەیەكی چەكداریدا دەستگیر دەكرێت, لە 9ی ئۆكتۆبەر بڕیاری ئیعدامی لە دادگایەكی نا دادپەروەرانەدا بۆ دەردەچێت بە پێی مادەی 146 ی دەستوری توركیا, لە 6ی ئایاری 1972 بڕیارەكە جێبەجێدەكرێت و بە سلۆدانەوە بەرەوروی پەتی مەرگ دەبێتەوە , بە خۆڕاگری دەچێتە ئاستی ئیبراهیم كایبكایا, دەنیز بە جیڤارای توركیا بەناو بانگە, یەكێك بوولە دامەزرێنەرانی سوپای رزگاری گەلی توركیا ناسراو بە تكۆ.
یاسا ناسان رەخنەیان گرت لە بڕیاری ئیعدامكردنەكەی, بەوەی نابێت لەسەر تاوانی سیاسی بەهۆی ئەندامەتی لە سوپای گەلی رزگاری توركیا ناسراو بە تكۆ” Türkiye Halk Kurtuluş Ordusu- THKO” وە بڕیاری ئیعدامی بۆ دەرچێت, سلێمان دیمریل لەو كاتە سەرۆكی پەرلەمان بوو, دوای 15 ساڵ لەو تاوانە داوای لێبوردنی كرد و وتی: هۆكاری ئیعدامەكەی شەڕی سارد بوو, هەرچەندە لەو كاتە بڵند ئەجوید دژ بە بڕیاری ئیعدام بوو بۆ دەنیز, وەلێ سلێمان دیمریل و پارتەكەی عەدالەت دەنگیان بە بڕیارەكە دا.
هالیت سیلینك پارێزەری دینیز گیچمیش لە دیداری شبیگلی ئەڵمانی وتی دەنیز لە كاتی ئیعدامكردندا سلۆدانی دا ” بژی توركیای سەربەخۆ, بژی ماركسیزم لینیزم, بژی برایەتی كورد و تورك, بژی كرێكاران و جوتیاران مەرگ بۆ ئیمپریالیزم ” , هەمان وتەكانی چینداری دوبارە كردەوە.
هەرچەندە زۆربەی رێكخراوە شۆڕشگێڕە چەپەكانی توركیا ململانێیان لەگەڵ گیچمیشدا هەبوو لە روی تیۆری و پراتیكی شۆڕشگێڕانەوە, بەڵام بەسەركردەی شۆرشگێڕی خۆیانی دەزانن و وەك ئەفسانە سەیری قارەمانێتی دەكەن, ناونانی بە جیڤارای توركیا گەورەترین رێزلێنانە بەو بەخشراوە, ئەو ناوە بۆ خۆی رێزێكی گەورەیەو هەموو كەس بەری ناكەوێت.
نەك هاوڕێبازی لە یادیان نەكردووە, بگرە لە 19ی تەموزی 1980پارتی رزگاری گەلی شۆڕشگێڕ- بەرە”
Devrimci Halk Kurtuluş Partisi-Cephesi ” DHKP/C ” لە شاری ئەستەمبوڵ ئیسماعیل نیهاتی سەرەك وەزیرانی ئەوكات “26-3-1971بۆ 22-5-1972″ی سەر بە پارتی جەهەپەیان لە شاری ئەستەمبوڵ تیرۆر كرد, كە كاتی خۆی دژ بە بڕیاری لێبوردن بوو بۆی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت