مامۆستا شێرکۆ   : قسەیەک بۆ کورد .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من نە سیاسەت زان و دەرچووی کۆلیجی سیاسەتم ، نە ئەفسەری سەربازی و دەرچووی کۆلیژی سەربازیم ، تەنها کوردم و سەردەمانێک لە ڕکخراوێکی سیاسیدا کارم کردوە و چەند سالێکیش پێشمەرگە بوومە و بڕێک تێگەیشتن و دید و بۆچوون دەربارەی نەتەوەکەمم لا درووست بووە باش یا خراپ تەواو یا کرچوو کاڵ ، ئەم دواندنەتان پێشکەش دەکەم بە هیوام کەڵکی نەتەوەیی هەبێت .

شەڕ و شۆڕش ، میرایەتی و خێڵەکێتی و نەتەوە ، کۆمەڵ و حیزب و سازدان و ئامادەکردن بۆ وەرگرتنی دەسەڵات یا گەیاندنی نەتەوەیەکی بێ وڵات بۆ وڵاتداری

شەڕ دۆخێکی نەخوازراوی کارەسات بارە ئەنجامەکانی بە خراپ ئەشکێتەوە بەسەر هەردوو لای شەڕکەرانیدا لە هەموو ڕووەکانی ئابووری دەروونی و جەستەیی مرۆییەوە ، زۆری ئەوێت تا قەرەبووی هەموو زیان لێکەوتوان بکرێتەوە لەسەر ئەستۆی زۆربەی مرۆکان کە ئەشێ بەو شەڕە قایل نەبووبن و بەسەریاندا سەپێندرا بێت ، یا خود بۆ بێگانە ئەنجام درا بێت، هەروەها شەڕ پتر بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکان هەڵدەگیرسێت وەک ململانێی میرایەتی و خێڵەکی و کودەتا و دەسەڵات گرتنە دەست لە لایەن حیزبێکەوە تاکڕەوانە هەروەها دۆزینەوەی بازاڕ و داگیر کاری دەوڵەتێک بۆ سەر دەوڵەتانی ترو بردنی خێر و بێری وڵاتان ، لە دۆخی شەڕدا شتێک نییە بە ناوی دادپەروەری و ڕەواداری و بەتەنگەوە هاتنی مرۆڤ و مافەکانی واتە شەڕ دێوەزمەیەکە بەرۆکی مرۆڤ دەگرێ بە پێی ویستی شەڕخواز و دەبێت نەفرەت لە شەڕ بکرێت ، لە مێژووی شەڕدا کەسانێک هەڵکەوتوون ئاراستەی شەڕیان گۆڕیوە بۆ ئامانجی نەتەوەیی بەڵام لە کۆتاشدا هەر لە شەڕخوازییەکەی بەردەوام بووە ، لەوانە جەنگیزخان و بیسمارک بۆنموونە بوونە مایەی دامەزراندنی دەوڵەتی مەنگۆلیا و یەکخستنەوەی جێرمەنی لە وڵاتێکی یەکگرتوودا ، لەشکرەکانیان خستە شەڕێکی  شەڕنگێزی زۆر گەورەوە ، مەنگۆلەکان شەڕی داگیرکاری و کاولکاریان گەیاندە حەڵەب و بەوەش تێکشکانی خۆیان بەدەستی خۆیان ئەنجامدا ، هەروەها جێرمانەکان لە دووشەڕی کاولکاری جیهانیدا چ کارەساتێکیان بەسەر جێرمان و وڵاتاندا هێناو لە هەردوو شەڕەکەدا شکستی خۆیان بەدەستی خۆیان تۆمارکرد .

  لە مێژووی نوسراوی کورد دا نەمان خوێندەوە یا دەماودەم نەگێڕدراوەتەوە هەڵکەوتوویەکی کورد ویستبێتی بە شەڕ یا هەر ڕێگایەکی تری دانووستان کوردی یەکخستبێ لە قەوارەی نەتەوەییدا کە ئەوە ئەرکی پێشینانی کورد بووە بیکەن و وڵات و نەتەوەیەکی یەکگرتوو ببەخشنە نەوەی ئایندەیان ، بە کوردی شەڕو شۆڕی ناو کوردان تا ئێستا خێرو بێری بۆ کورد نەبووەو زۆر جاریش لە خزمەتی داگیرکەراندا بووە ڕاستەوخۆ یا نا ڕاستەوخۆ یا هەر بۆ ئەوان بووە .

شۆڕش  ئەرستۆ دەڵێت : شۆڕش گۆڕینی دەستوورە بۆ دەستوورێکی تر یا هەموار کردنەوەی ئەو دەستوورەی هەیە .

  لەمێژووی مرۆڤایەتیدا شۆڕش بەو کردەیە ناوبراوە کە سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵ دەگۆڕێت بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەی چینایەتی و نەتەوەیی ، گۆڕین لە هەموو بارەکانی کۆمەڵایەتی  ئابووری و سیاسی ئەنجام دەدات بە پێی ئایدیۆلۆجیای باوی شوێنی بەرپا بوونی شۆڕش ، لە شۆڕشە بەناو بانگەکان وەک شۆڕشی فەرەنسا ، شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا ، شۆڕشی ئەمەریکا .

  لێرەدا قسەکە بۆ کورد ئایا شۆڕشی کردووە و ئامادەکارییان هەبووە بۆ هەڵگیرساندنی و بەرچاو ڕوونی هەبووە لە ستراتیژی سیاسی و سەربازی و ئامانج لێی سەربەخۆیی بووە یا لە هەندێ درووشمی کەمینەیی ناو وڵاتێکی داگیرکار تێپەڕی نەکردووە و کێ و کام جۆرە حیزب و رێکخراو بەکاری شۆڕشگێڕانە هەڵساون ، جگە لە کۆماری مهاباد کە ڕاگەیاندنی ڕەوای هەست و نەستی کورد بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەیەکی بەرتەسکی وەک شاری سابڵاخ و دەورووبەری و پەلی نەهاویشت بۆ شارەکانی تر بەڵام بەرپەرچ دانەوەی دەسەڵات و دەستووری حوکمی شاهانەی ئێران بوو تێکشانەکەشی ئاکامی بێتوانایی سەربازی و ئابووری نەتەوەیی نەبوونی کۆمارەکە بوو قەتیس بووبوو لەشارێکدا .

  شۆڕشی ” ئەیلول لە ڕاستیدا بەرپەرچ دانەوەیەکی چەکدارانەی دەرەبەگی کوردستان بوو دژی ” یاسای چارەسەری کشتووکاڵ ”  بەشکستی خۆیان کۆتایی هات و پاشان مۆری شۆڕشیان پێوەنا و چەند بنکەیەکیان بۆ داناو لە یەکەم پەلاماری ڕژێمدا ناچار بە پاشەکشە هاتن و نەیانتوانی بەرگری لە دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری بکەن و سووتێندران لە لایەن سوپای ڕژێمەوە و خەڵکێکی زۆریش بەدیل گیران لە لایەن ” حرص قومی ” بەعسییەکانەوە ، ئەم ” شۆڕشە ” هەر لەسەرەتاوە داخوازییەکانی لە حوکمی لامەرکەزی تێپەرنەکرد پاشان بووە حوکمی زاتی و سەربەخۆیی نە لە ڕیزەکانی پارتی نە پێشمەرگەش ڕەنگدانەوەیەکی نەبوو بۆیە هەمیشە کوردستانیان هەر چاویان لە وتوو وێژ بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ ، لەهەموو سەرزەمینی کوردستاندا ئامادەکارییەکی ئەوتۆ بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش لە ئارادا نەبووە نە لە ڕووی خۆیەکی و نە لەڕووی دەرەکی ، کورد تا ئەم ساتە وەختەش نەیتوانیوەلە هیچ پارچەیەکی داگیرکراودا یا بەگشتی وەک نەتەوە یەکگرتووبن لە ستراتیژی سیاسی و سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەری نەتەوەیی ، لەسەر ئاستی پارچەیەکی کوردستانیش کوردهاو ئاهەنگ و یەکگرتوو نین لەبەر پەیوەندییە دەرەکییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان .

 هەردووک ” شۆڕشی ” ئەیلول و نوێ نەیان توانی خۆیان ڕابگرن لە بەردەم پیلان وپەلاماری داگیرکاران  یەکەمیان بە ئاشبەتاڵ و ئەمی تریان بە ڕاونان بۆ باوەشی داگیر کەرێکی تر لە هەردوو دۆخەکەشدا خواست و ویستی خەڵکی قارەمانی کوردستان نەبووە ، پێشمەرگە خوازیاری ئەو شکستانە نەبوونەو تاوانەکە ئەگەڕێتەوە بۆ ڕابەرانی هەر دوو شکستەکە ، نەیان توانیوە بەرەو سەرکەوتنی بەرن .

 میرایەتی کورد شانازی بە میرایەتییەکانییەوە دەکات وەک ئەردەڵانییەکان و بابانەکان پاشایەتی سۆران ، هەر لە قۆناخی سەرهەڵدانیانەوە مردن هیچێکێ وەک میراتی یەکگرتنی نەتەوەیی بەجێ نەهێشت ، نە لەڕێگای شەڕوو شۆڕەوە نە لە ڕێگای ئاشتیشەو دوو بەردیان نەخستە سەر یەک بۆنی یەکگرتنی نەتەوەیی لێبێت هەر وەک ئێستای پارتی و یەکێتی کە بەرژەوەندییە کەسی وبنەماڵەییەکانیان وایان کردووە کورد نەگاتە مەبەستی یەکگرتن .

 خێل شانازی بە خێڵەوە کردن و هەڵگرتنی نازناوی خێڵ بۆ پشت ئەستووری خۆڕادان و گەورەیی کەسایەتی و چاوسوورکردنەوە چەسپاندنی پایەی هیچ لەبارا نەبوانەی کۆمەڵایەتیە و بڕ بڕەی تێکشکاندنی یەکگرتنی نەتەوەییە و لەسەر بنەمای گەورەیی کەسێک و بچووکی ئەندامانی خێڵ داڕێژراوەو ناگاتە سنووری نەتەوەیی بەڵکو دژییەتی و هەوڵیش دەدات ببێتە کۆسپ لە رێیی نەتەوەدا .

 نەتەوە کورد نەتەوەیەکی پارچەکراو لە خاك زمانێکی پەرت لە ژێر کاریگەری زمانی عەرەبی و تورکی و فارسی و نا کوڵەک لە هەمە زاراوەیی ، نەتەوەیەک لە ژێر کاریگەری بەرنامەی پەروەردەیی بەغداو تاران و ئەنقەرە و دیمەشق دا نەوەکانی زمانیان دەپژێو و فێری هەرچی کەڵچەری ئەوانە دەکرێن ئێستا لە باشووردا قوتابخانەی وڵاتانی داگیرکەروو بێگانەش خەریکن جێ لێژ دەکەن بەو بەرنامەو پەروەردە پینەکراوەی هەرێمی باشوری کوردستان ، نەتەوەیەک دەوڵەمەندەکانی بە ئاستەمیش بیر لە سنووری نەتەوەیی ناکەنەوە بۆ بەدی هێنانی بازاڕێکی نەتەوەیی و داهێنانی پێشەسازی خۆماڵی و دەرکەوتنیان لە بازاڕی نێو دەوڵەتیداو کاری گەریان هەبێت لەسەر کەم کردنەوەی سەنگی دراوسێ داگیر کەرەکان لەسەر بازاڕی کوردستان ، دەوڵەمەندەکانی کوردستان لە هەموو پارچەکان لە بریکاری دەوڵەمەندەکانی نەتەوەکانی سەردەست تێناپەڕن و متمانەی نەتەوییان پێناکرێت و هەمیشە دۆست و یاری حوکمەتە داگیرکەرەکانن و خوانەکانیان بۆ ئەوان ڕازاندراوەتەوە ، ئەوەندە کۆیلەی پارەن بۆیە بەرهەمە کانیان گەر هەبێت عەرەبێندراون یا فارسێندراون یا تورکێندراون و لە ڕیکلامە بازرگانییەکانیاندا ئەوەندە مۆڕکی کوردی پێوە دیارنییە ، کاری قاچاخ و جۆری خراپ و بەکار بردنی دەستی کاری بێگانەو بەعەرەب و فارس و تورک کردنی کەلتووری کورد یەکێکە لە کردەوە دزیوەکانیان و هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر کەلتووری کورد ، دەوڵەمەندانی تا ئێستا لەسایەی دەست بە کڵاوی خۆتەوە بگرە با نەیبات هەڵس و کەوت دەکەن و گیانی نەتەوەییان تییادا چوزەرەی نەکردووە تا مشووری سنووری بخۆن و نەوەی نەتەوەیی درووست بێت ، چۆن ڕەگەز پەرستان بەگوێیاندا چرپاندوون دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد کفرو جوداخوازی و ئاژاوە گێڕی و یاخی بوونە لەو پێست و بیرکردنەوەیە نەهاتوونەتە دەرەوە و نەوەکانیشیان بە هەمان ڕێچکەدا دەبەن .

کۆمەڵ و حیزب و سازدان وئامادەکردن بۆ وەرگرتنی دەسەڵات یا گەیاندنی نەتەوەیەکی بێ وڵات بۆ وڵاتداری

   وەک هەموو کۆمەڵانی نێو نەتەوەیی کوردێش دابەشی چین و توێژەکانەو چەوساندنەوە نەتەوەییەکەشی سەربارە کە بووەتە هۆی نەخەمڵین و پێنەگەیینی کورد بوونی تا ئاستی هەموو شتێک لەپێناو نەتەوەدا بێت و پێگەیینێک خوێن ڕشتنی کورد بە دەستی کورد ناڕەوا بێ و بچێتە خانەی تاوانە گەورەکانەوە کە خاڵی بنچینەیی سنووری نەتەوەیی کوردبوون سەرکەوتنی بەدوادا دێت ، کۆمەڵی کوردەواری تا سەرئەژنۆ ڕۆچوو ملکەچ پێکراو و چەوساوە تەنگاوکراو بەتەوقی بیری کۆنەپەرستی و مێردەزمەکانی خێڵ و بنەماڵەو چاو لە داگیرکەروو بێگانە لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک حیزب سواری سەری بووە و خۆی بەمیراتگری نەتەوە دەزانی و بڕیاری شەڕوو شۆڕ و بوون ونەبوون و یاساو بێ یاسایی و داد و بێدادیان بەسەردا ئەسەپێنی لەژێر ناو نیشانی ڕابەرو ڕابەرایەتی ئەو حیزبانە تا ئێستاش لە بەرز کردنەوەی درووشمیاندا نەگەیشتوونەتە بوێری بڕیاری سەربەخۆیی کوردستان هەلی باشیشیان بۆ ڕەخساوە پتر ئەمباسە کوردستانی باشوور دەگرێتەوە ، دروشمەکانیش بریتی بوون لە ( لا مەرکەزی ، حوکمی زاتی ، فیدراڵی ) وتمان لەبەر ئاڵۆزی کێشەی نەتەوایەتی و فرەڕەگەزی داگیر کەرو دەوڵەتەکانیان و بە هێزیان وا خواستراوە ئەو درووشمانە بەرز بکرێتەوە بەڕووی داگیر کەردا ، پرسیارێک ئایا لامەرکەزی و ئەوانی تر ئەیهێنا بەسەدان هەزاری بۆ بەکوشت بدەیت ئەیهێنا شەڕی کورد بە کورد بە کوشتدانی بۆ بکەیت لەژێرنازناوەکەی تاڵەبانی و بارزانیدا دووبارە کردنەوەی مێژووی بابانەکانی سەردەمی قاجاری و عوسمانییەکان کە تا ئێستاش بەردەوامەو درێژەشی دەبێت تا یەکێتی نەتەوەیی باڵ بەسەر دۆخەکەدا نەکێشێ و لەشکرێکی نەتەوەیی درووست نەبێت .

 حیزب گەلێکمان هەیە هەر یەکەیان نوێنەرایەتی کەمایەتییەکی کەمی دانیشتوانی کوردستان دەکەن و خۆیان لە بڕیاری بنەماڵەییدا قەتیس کردووە و لەپارێزی یەکترن بۆ جێ لێژ کردنی سەربازی و بە کوشتدانی ڕۆڵەی خەڵک بۆ مەبەستی هەتا هەتایی دەست بەسەردا گرتنی دەسەڵات و بە کۆیلەکردنی خەڵک و یاری پێکردنی لە هەموو ڕووەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە ، ڕاهێنانی خەڵک لەسەر ژیان بێ ئەوان بوونی نییە تێری و برسێتی بەدەست ئەوانە ئەو یاسایە درووستە ئەوان بپارێزێ خێرو بێری وڵات بەدەست ئەوانە هەرزانی و گرانی لای ئەوانە چکە چکەی پاشماوەی ئەوان ئەبێ خەڵک پێی ڕازی بێت ، بیرکردنەوەی سەرانی ئەو حیزبانە لە جوخزی بەرژەوەندییەکانی خۆیان تێپەڕناکات جا سەیر لەوەدایە کوڵەکن و ناکوڵەکیشن لەگەڵ یەکدا بە پێی هەڵکشان و داکشانی بەرژەوەندییەکانیان ، شەڕی ڕاگەیاندن دژی یەکدی و سەرۆک و جێگری سەرۆک مێشیش میوانیان نییەو تەباو بێ گیروو گرفت ، بوونیان لە دەسەڵاتدا گرنگی و بەرژەوەندی تایبەتی بەڕی کردنە نەک خەمخواردنی نەتەوەکەیان ، کوردستانی باشوور کوانێکی داگیرساوو دەمێک خەفەکراو کوژانەوەی ئەو کوانووە کاریگەری زۆر خراپ ئەخاتە سەر پارچەکانی تری کوردستان هەموو تێکۆشانەکەی ئەهێنێتەوە سەر خاڵی سەرەتاو قوربانی دانەکانی بەفیڕۆ دەڕوات و ئێستای لە  هەموو ساتەکانی جێی سەرنج و هەڵوەستەکردنەو لێکدانەوەو تێڕوانینی گەرەکە ، شەڕێک بەرۆکی پێگرتووە و داگیرکەرانی کوردستانیش بە نهێنیش بێت هاو ئاهەنگن لەگەڵ ئەو تاقمە دڕندەو ڕەگەز پەرست و خوێنڕێژانەدا و بنکۆڵکردنی ئەو هەرێمە نیمچە ئازادە ئامانجی سەرەکییانە ، گەر حوکمەتی هەرێم بە سەرۆکی هەرێم ئەنجوومەنی وەزیران وەزیرەکانی و پەرلەمانەکەیی و حیزبەکانیان هەموو گرفتەکان چارەسەر نەکەن و ئامانجی نەتەوەیی خاڵی سەرەکی و بنچینەیی نەبێت ناتوانن زاڵ بن بەسەر مەرج و خواستی داگیرکەرانی کوردستان ، بۆیە ئامانجە حیزبییەکان ئەبێ سەر دابنەوێنن لەبەردەم ئامانجە نەتەوەییەکان و ژیانی دیموکراسی و دادپەروەری لە بەڕیوە بردنی هەرێمدا ئاکامی سەربەخۆیی لێدەکەوێتەوە و چی زووترە دەستووری کوردستان هەموار بکرێت بەپێێ ویستی جێبەجێ کردنی دادپەروەری لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستانیان ، بۆ ڕاست جێبەجێ کردنی دەستوور پێویستە سوپای کوردستان سوپایەکی ناحیزبی هەبێت دەزگای هەواڵگری و ئاساییش بە هەمان شێوە نا حیزبی بن تا کەسێک یا لایەنێک یا حیزبێک بەکاری نەهێنێ بۆ بەرژەوەندی خۆی ، ئەودەمە هەڵبژاردن دەقی خۆی وەردەگرێت و حوکمڕانی لەسەر بنچینەی کێ براوەیە و ئەتوانێ خزمەتی زۆرتر بە کۆمەڵانی خەڵک بکات و سوپاو دەزگای هەواڵگری و ئاساییش هێڵی سوورە بڤەیە نابێت دەستی بۆبەرێ و بیخاتە خزمەتی خۆیەوە ئەوسا ئەوەی لە هەگبەکەیدایە هەڵی ڕشت ئەبێتە سەنگی مەحەک لە باشی و خراپی حوکمڕانییەکەیدا . لەمەو بەر وەک بۆچوونیک لە پەڕەی فەیسبووکی خۆم نووسییم ئەگەر ببم بەسەرۆک چی دەکەم ؟

   (حوکمی بنەماڵە نا‌هێڵم ، پارە بە حیزبەکان نادەم ، هێزی پاراستنی کوردستان درووست دەکەم هەرچی مێلێشیای حیزبە هەڵی دەوەشێنمەوە ، یەک ئاسایش و هەواڵگری درووست دەکەم بۆ پاراستنی سەروو ماڵی هاوڵاتیان ، ڕۆژنامەنوس وا ئازاد دەکەم پەنجە بە چاوی خۆمدا بکەن لە هەر هەڵەو نادادییەکدا ، هەرچی بیانییە ئەیان نێرمەوە وڵاتی خۆیان ، پەرە بە کشتووکاڵ و پیشەسازی دەدەم بۆ ئەوەی ناردەم هەبێت نەک هاوردە ، سنوورە دەستکردەکەم واڵا دەکەم لەبەردەم هەموو کوردی پارچەکانی تردا ، جیرانەکانی کوردستان وەک داگیرکەر مامەڵەیان لەگەڵ دەکەم ، ئەوەندە نەوت دەردەهێنم پێویست بێت ، سووتەمەنی بەکەمترین نرخی بازاڕی دنیا بێت بۆ کوردستانیان ، ئەوەی ناداد پەروەری بکات سزا بدرێت گەر دادگا ناداد بوو لە پێش هەمواندا سزا بدرێت ، کە بووم بەسەرۆک ئەوسا فراوانتریش بیری لێدەکەمەوە ، هەموو تاکی کورد خاوەنی ئەم وڵاتەیە هەرە هوشیارەکانی ئەرکی زیاتریان لەسەرشانەو ئەبێ خەمخۆرتربن پێش هەموو کەس ماندوو پاش هەموو تێر ، بەڵێنیش دەدەم و سوێند دەخۆم بە هەموو پیرۆزییە جۆربەجۆرەکانی تاکی کورد باوەڕی پێیەتی بە گیرفانی بەتاڵ بچم بە گیرفانی بەتاڵیش دەرچم لەماوەی دیاری کراوی خۆیدا ، پێشم وایە سەرۆکی کورد ئەوە ئەرکەکانێتی بۆ ئەوەی ئەو نەتەوە ستەمدیدەیە بگاتە ئامانجی خۆی.)

  ئەوەی جێی داخ و نەزانینە سەرانی کورد هەمیشە رۆڵەی کورد بە گیانی پشت بەستن بە بێگانە ڕادەهێنێت و پێش وەختە بیر لە تەنگانەکان ناکاتەوە لە بستە ئاوێکدا مەلەش دەکات و دەشخنکێت ، کە بێگانەش ڕەنگی سەوزی بۆ هەڵکرد ئەکەوێتە خۆ ‌هەڵکێشان و لێشی تەوەلا بوون لووت شۆڕ دەکەن و مل کەچی هەموو شتێک دەبن یا هەڵدێن و خەڵکیش لەگەڵ خۆیاندا ورە دەڕووخێنن ، یا ئەوەتا هەر خۆیان و بەرژەوەندییەکانی خۆیانیان مەبەستە یا درک ناکەن بەوەی پەروەردەی نەتەوەیی و ڕاهێنانی خەڵک لەسەر بەکژا چوونەوەی دوژمنان و سەختییەکانی خەبات و تێکۆشان و گرنگی نەدانیان بە مەشقی سەربازی قورس لە هەر جێیەک بێت بە سادەترین چەکێک کە هەیانە ، کە لێیان دەقەومێ بیانوویان ئەوەیە هاوسەنگی چەک  بەلای ئەواندا نییەو پێویستییان بە جۆری چەکی قورس و کاریگەرە ، ئەی کەوا دەزانن بۆ بەهاشەو هووشە دنیا پڕدەکەن شۆڕشتان هەڵگیرساندووە ، شۆڕش پیاوی شۆڕشگێڕی دەوێت ئامادەیی هۆشی و کارامەیی لە بەرەنگار بوونەوەدا هەبێت ، بۆ خۆش بەختیتان سەرکردە بەزۆر خۆسەپێنەرەکان ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد خۆڕسکانە ئامادەی گیان بەخشێنن بۆ کوردستان بچوکترین مافەکانیان دەرامەتی ژیان و پاراستنی خێزانەکانیان و تاڕادەی ئەوەی چەک و فیشەکیش لەسەر خۆیەتی و خاوەن ورەی پۆڵایینن ، کەم و کووڕی ئەوان بریتییە لە نەبوونی ستراتیجی سیاسی و تاکتیکی سەربازییە کە لە ئەستۆی بەڕێزتانە بۆیان دابڕێژن ئێوەش لەبەر سیستەمێکی حوکمڕانی گەندەڵ بە گورگان خواردیان دەدەن لە دوا ئەنجامدا سەرەوخوار دەبنەوە بۆ بەغدا دڵی خۆتان و خەڵکیش بە وەرگرتنی هەندێ پایەو پلە خۆشدەکەن و ئەشی بەکەمتریش لەوەی جاران ڕازی ببن ، بە ئاگا بێنەوە بردنی نەتەوە بەرەو شکست خۆتانن شکست دەخۆن و لە دواڕۆژدا میرابۆ ئاسا ئێسک و پروسکتان لە گۆڕ دەردەهێننەوەو فڕێتان دەدەن ، کڕینەوەی ئابڕوو زۆر ئاسانە و سەربەرزییە هەر یەکێک لە ئێوە کە ناتوانن کاروانی تێکۆشانی نەتەوە بگەیەننە ئامانج داوای لێبووردن بکەن و لە ماڵی خۆتان دابنیشن و سبەی ڕۆژێ نەوەکانی کورد چاکتان بڵێن و لە ڕیزی پیاو باشاندا هەژمارتان بکەن

 ئەگەر ئێمەی باشوور بتوانین یەکڕیزی ناوماڵی خۆمان بپارێزین و خوێن ڕشتنی کورد بەدەستی کورد حەرام بکەین دڵنیام هەموو کورد دەستەکەنە ناو دەستی یەک و سەربەخۆیی بەدەست دەهێنین ، ئێمە لە قۆناخێکی زۆر لە دواوەی مێژووین لەسەروو هەموویانەوە نەمان توانیوە بگەینە قۆناغی نەتەوەیی بوون واتە کوردبوون و کەلتووری دەست بەکڵاوی خۆتەوە بگرە لە ناخماندایە و ئەبێ وردی بکەین ، بۆیە داخوازیم ئەوەیە حوکمەتی هەرێم و پەرلەمان بە یاسایەک بڕیار بدات هەموو ڕۆژێ سەعات ٨ بەیانی هەموو کەسێ هەستێتە سەرپێ دەست بەسنگەوە بگرێت بۆئاڵای کوردستان بە پارچە مۆسیقای نیشتمانی بۆ ماوەی ٢ خولەک ، هەر سەرکەوتووبن .

                                                         

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت