محەمەد بەرزی: شکستی سەرکردە سیاسییەکانمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گشتی ئامانجی هەموو شۆڕشێک بریتییە لە ڕزگارکردنی خاک و خەڵک و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازاد، کە لە سایەیدا هەمووان بە یەکسانی و بەختیاری بژین. ئەوەی شایانی باسە زیاتر لە دوو هەزار و حەوت سەد ساڵە کورد لەسەر خاکی خۆی دەژی و لەو ماوە دوور و درێژەشدا سەدان شۆڕش و ڕاپەڕینی بەرپاکردووە و دەریایەک خوێنی ڕۆڵەکانی ڕژاوە، لە پای ئەو هەموو قوربانییە زۆرانەشدا، ئەوە ئەنجامەکەیەتی کە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەیبینیین، وڵاتمان لە نێوان چوار داگیرکەردا دابەشکراوە و کاتێکش هەلێکی لەبار بۆ ڕزگارکردنی بەشێکیمان بۆ دێتە پێشەوە، ئەوا بەمجۆرە سەیروسەمەرەیەی ئەمڕۆوە میللەتەکەمان بەڕێوەدەبەین. بێگومان لەگەڵ هەموو هەرەس و تێکشکانێکدا هۆکار و پاساوی خۆیان هەبووە. میللەتی هوشیار سیاسییەکانیان بە هۆکاری سەرەکی زانیوە و لە هەمان کاتیشدا سەرکردە سیاسییەکانیش پاساوی خۆیان هەبووە، کە هەر خۆشیان هۆکاری دروستکردنی ئەو پاساوانە بوون. جا بۆ ڕووناکی خستنە سەر ئەم بابەتە پێویست ناکات بە مێژووی درێژی پڕ لە کارەساتەکانماندا بچینەوە، بەڵکو چەند نموونەیەکی ڕابوردووی نزیکمان دەکەین بە ئاوێنەیەکی باڵانمای شکستە یەک لە دوای یەکـــەکــانمان، کە بەردەوام دووبارەیان دەکەینەوە ، بەبێ ئەوەی پەندیان لیێ وەربگرین:

یەکەم : لە ساڵی 1964 دا و دوای سێ ساڵ لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلول، باڵێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تالەبانی، بە پاساوی ئەوەی، کە مەلا مستەفای بارزانی کەسێکی نەخوێندەواری عەشایەری تاکڕەوی خۆسەپێنەرە، جیابوونەوە و لە ساڵی 1966 یشدا چەکیان هەڵگرت و شانبەشانی سوپای داگیرکەری بەعس ڕووبەڕووی هێزی پێشمەرگە بوونەوە. پاشان لە ساڵی ١٩٧٥دا جەلال تالەبانی و چەند هاوڕێیەکی سەر بەو باڵە، یەکێتی نیشتمانیان دروستکرد و تالەبانی بوو بە سەرۆکی ئەو رێکخراوە تازەیە، جا ئەگەرچی جەلال تالەبانی کۆلیجی یاسای تەواوکرد بوو و وەک مەلا مستەفا عەشایەرێکی نەخوێندەوار نەبوو، مارکس و لێنین و ماوتسی تۆنگی بە شاگرد ڕانەدەگرت و خۆشی بە بەرەی چەپ و سۆشیاڵ دیموکرات دەزانی، کەچی ئەوەتا لە یەکەم ڕۆژی دروستبوونی یەکێتییەوە تا ئەمڕۆ خۆی و بنەماڵەکەی بە تەواوی دەستییان بەسەر ئەو رێکخراوەدا گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا پیری و نەخۆشی پرزەی لیێ بڕیوە، بەڵام بە گوللە تۆپیش دەست لەو کورسییە هەڵناگرن. سەرباری ئەمەش ئەوەبوو دوای ڕاپەڕین تالەبانی لە پێناوی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماردا، لە هەڵویستی خۆی پەشیمانبۆوە و داوای لێبوردنی لـــە بارزانی کرد. کەواتە ئەو پاساوەی کاتی خۆی ئیبراهیم ئەحمەد و تالەبانی دژی مەلا مستەفا بەرزیانکردبۆوە لە پێناوی نیشتماندا نەبوو، بەڵکو تەنها بۆ گەیشتن بە کورسی دەسەڵاتبوو. پاشان لە ساڵی 2006 دا کاک نەوشیروان بە پاساوی تاکڕەوی تالەبانی و بوونی گەندەڵی لە یەکێتی جیابۆوە و بزوتنەوەی گۆڕانی دروستکرد و تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتووبوو، کەچی پاش چەند ساڵێک لە تێکۆشان ئەمڕۆ ئەو بزوتنەوەیە بە هەموو عەقڵییەوە پەیمانی ستراتیجی لەگەڵ یەکێتیدا دەبەستێت و بیر لە یەکگرتنەوەش دەکەنەوە، کە هەر خۆشیان بوون لەبەر گەندەڵیی لێێ هاتنە دەرەوە. بەڕاستی بیرکردنەوەی سیاسییەکانمان، جا عەشایەربن، یان پارێزەر و خویندکاری دکتۆرا جێگای سەرسوڕمانە و جگە لە شکست هیچی کەی لیێ ســەوز نـابێ. ئاشکراشە ئەو دوو بنەماڵەیە هەموو ڕێکەوتنێک لە پێناوی بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیاندا دەکەن و مەحاڵە ڕێگا بە هیچ کەسێک بدەن دەسەڵاتیان لە سەرووی دەسەڵاتی خۆیانەوە بێ و هەر کەس و لایەنێکیش تێکەڵیان بن، جگە لە دۆڕان و تواندنەوە هیچی تر بە چاوی خۆیان نابینن. خۆ کاتێکیش هەردوو لایان لە پێناوی ماشینەوەی دراودا یەکدەگرن، ئەوا میللەت بەرەو هەڵدێر و مەترسی گــەورە و گــران دەبــەن.
دووەم : لە نێوان ساڵەکانی 1961 و 1967 دا هەزاران پێشمەرگە و سەربازی سوپای عیراق بە دەستی یەکتری کوژران و چەندین شار و گوندمان وێرانکرا، خۆ لە 9 ی حوزەیرانی ساڵی 1963 دا لە ناو سلێمانیدا سەدان کەسییان خڵتانی خوێنکرد، کەچی لە ساڵی 1967 دا کاتێک ئاگری جەنگێکی خوێناوی لە نێوان جولەکە و عەرەبدا هەڵگیرسا، سەرکردایەتی کورد یەک لایەنەو بەبێ بیرکردنەوە شەڕی لەگەڵ سوپای عیراقدا ڕاگرت و وەک برایەکی دڵسۆزی عەرەب خۆی نیشاندا، پاساوەکەشیان ئەوەبوو سوپای عیراق سەرقاڵی شەڕی کورد نەکەن، تا بتوانن لەو شەڕەدا بە هانای برا فەلەستینییەکانیانەوە بچن. بەڵام کاتێک ئەو جەنگە بە دۆڕانی عەرەب کۆتایی هات، ئەوەبوو حکومەتی عیراق ڕێزی لەو هەڵویستە برایانەی کورد نەگرت و هەر زۆر خراپتر لە جاران هێرشیانکردەوە سەرمان. دەی باشە ئەمە چ جۆرە سیاسەتێکە واز لە دوژمنە سەرسەختەکەی خۆت بهێنیت تا لە شەڕ دەبێتەوە، ئنجا بکەویتەوە پەلاماردانی. لە ڕاستییدا سیاسییەکانمان بەردەوام هەڵەکانی ڕابووردوویان دووبارەکردۆتەوە و لە پێناوی برایەتییەکدا، کە سەدان ساڵە ئێسک و پروسکمان دەهاڕێ سوودیان لە لاوازی نەیارەکانمان وەرنەگرتووە. لە دوای ڕوخانی بەعسەوە شتێک نەما بە ناوی حکومەتی عیراقەوە، سوپا زەبەللاحەکەی بە تەواوی هەڵوەشا، هێزی پێشمەرگە تەنها هێزی باڵا دەستبوو، پاشان هەست و سۆزی زوربەی هەرە زۆری میللەتانی دنیاشمان لە گەڵدا بوو، دەکرا لەو کاتە لاوازەی عیراقدا سیاسییەکانمان وەک برا دڵسافەکەی ساڵی 1967 بیریان نەکردایەتەوە و خۆیان نەکردایە بە دارشەقی ژێر باڵی ئەو دەسەڵاتە ڕوخاوە و هەموو مافە رەواکانی کوردییان بە سەر عەرەبدا بسەپاندایە، کەچی لە پێناوی پارە و بەرژەوەندی تایبەتدا وازیان لە هەموو خەونەکانمان هێنا. بەڵگەش بۆ ئەمە تۆنی بلێری سەرۆک وەزیرانی کۆنی بەریتانیا بە زمانی خۆی دەڵێ: [ لەگەڵ روخانی رژێمی سەدام بە مەسعود بارزانی و جەلال تالەبانیم ووت: من مێژووی کوردم خوێندۆتەوە، دەزانم ئێوە گەلێکی ستەملێکراون، مەرجی ئێوە چییە و چیتان دەوێ و دوای هەفتەیەکی تر وەڵامم بدەنەوە؟. کاتێک لە ڕۆژی دیاریکراودا لە گەڵیاندا دانیشتم زۆر شپرزە و قەلەق بووم، چونکە دەترسام داوایەکی زۆر قورسم لێ بکەن، وەک سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عیراق، یان داوای گەڕاندنەوەی کەرکوک بکەن بۆ سەر هەرێم، یان بڵێن ئێمە بۆ خۆمان دەبین بە دەوڵەت. بەڵام کاتێک دانیشتن جەنابی مەسعود بارزانی و جەلال تالەبانی هەردووکیان قسەیەکیان کرد، کە هەرگیز بیرم بۆی نە دەچوو، ئەویش ئەوەبوو داوای بودجەی زیاتریان کرد، کە وا حکومەتی مەرکەزی ( بەغدا ) بۆیان بنێرێت. ئەوسا زانیم بەرپرسانی کورد بۆ پارە دەژین نەک بۆ ئازادی ! . ]. ئای کە جێگای شەرمەزارییە سیاسییەکی گەورەی وەک تۆنی بلێر بە سەرکردەکانی میللەتێکی ستەملێکراو بلێ: بۆ پارە دەژین نەک بۆ ئازادی. پاشان دەبێ دوای ئەو داوایە هەست و سۆزی بەرامبەر بە کێشەی رەوای میللەتەکەمان چۆن گۆڕڕابێ؟. بە کورتی سیاسییەکانمان نەیانتوانی ئەو هەلە لەبارە بقۆزنەوە، ئەوەندەی لە خەمی پارەدا بوون نیو ئەوەندە لە خەمی ئازادی نیشتماندا نەبوون و بە ڕاستیش تۆنی بلێر باشی ناسیون و هەتا ئەمڕۆش بیرکردنەوەیان هەمان بیرکردنەوەیە و وازیان لە تاڵانکردنی سامانی وڵات نەهێناوە و کۆمەڵگای کوردییان برسی و پەرێشانکردووە و بیریان لە مەترسییەکانی دواڕۆژ نەکردۆتەوە و نەیانتوانیوە نە هەرێم بە چاکی بەڕێوەبەرن، نە هێزێکی یەکگرتووی بەهێز بۆ ڕۆژی تەنگانە دروستبکەن، بە پێچەوانەشەوە عیراق بەردەوام لە خۆ بەهێزکردندایە و وەک جاری جاران سوپایان دامەزراندۆتەوە و شانبەشانی سوپاش حەشدی شەعبییان پێکهێناوە و بە هۆی شەڕی داعشیشەوە وڵاتە گەورەکانی دنیا هاوکارییاندەکەن و بوونەتە خاوەنی چەک و جبەخانەی گەورە و لە هەوڵی ئەوەدان سەرجەم هێزەکانیان بە بیروباوەڕی شیعەگەرایی پەروردە بکەن، کە دیارە ئەمەش پەیامێکی مەترسیدارە . ئەوەتا لە ساڵی 2017 دا و لە یادی 96 هەمین ساڵڕۆژی دروستبوونی سوپای عیراقدا، کە وڵاتەکەمانی کاولکرد، ئەفسەرانی دەرچووی کولێژی سەربازی لە ناو مەزارگەی ئیمام حوسێن دا سوێندی یاسای دەخۆن، جا لەگەڵ ئەوەشدا سوپای عیراق سوپای هەموو گەلانی عیراقە و تەنها هی شیعەی سەر بە ئێران نییە و ئەم هەڵویستەشیان پێچەوانەی دەستووری عیراقە، بەڵام ئەوان گویێ لە کەس ناگرن و بەردەوام لە خەمی بە هێزکردنی خۆیاندان، لە هەمووشی سەیرتر ئەمڕۆ کورد پەی بەو مەترسییە گەورەیە نابات و لە شەڕدا هاوکاری ئەو هێزانە دەکات و بە تەواوی هەڵویستی ساڵی 1967 یان لە بیر خۆیانبردۆتەوە، کە بە دڵنیاییەوە دوای نیشتنەوەی تەپووتۆزی شەڕی داعش، سوپای شیعە وەک سوپاکانی بەعس و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی پێشوو لە میللەتەکەمان دەئاڵێنەوە. ئێستا با بپرسین: لە کاتێکدا عیراق یەک سەربازی نەمابوو، فریشتەی بەختیش یاری کورد بوو، نەمانتوانی ناو ماڵی خۆمان رێکبخەین و مافەکانمان بەدەست بهێنیین، ئەی باشە دوای شەڕی داعش و بەم بارودۆخە خراپەی خۆمانەوە، دەبێ چیی لە حکومەتی عیراق چاوەڕوان بکەین؟.
سێیەم : لە ساڵی 1975 دا شۆڕشی ئەیلول هەرەسی هێنا و خوێنی هەزاران کەس بە فیڕۆ چوو، ئەمە سەرباری وێرانکردنی وڵاتەکەمان، بێگومان سەرکردایەتی ئەو شۆڕشە پاساوی ئەو ئاشبەتاڵەیان خستە ئەستۆی ئێران، کە هەر خۆشیان ڕێگایاندا بوو ئێران ببێتە شادەماری ئەو شۆڕشە و بە ئارەزووی خۆیان کۆنترۆڵی بکەن. ئەوەی شایانی باسە هەموو تاکێکی کورد، کە ڕاستوچەپی خۆی ناسیبێ لەوە دڵنیابوو، کە ئێرانێک ڕێگا بە کوردی وڵاتەکەی خۆی نەدا بە زمانی زکماکی دایکی بخوێنێ، مەحاڵە ڕێگا بە سەرکەوتنی کوردی پارچەیەکی تر بدات. کەچی سەرکردە شکستخواردوەکانی سەردەمی هەرەس هەمان ڕێگای داخراویان گرتۆتە بەر و ڕیشی خۆیان داوەتە دەست تورکیا و ئێران، کە دوو دیوی یەک دراون و لەسەر مانگیش دژی ئازادی و سەربەخۆیی کوردن و جگە لە نەهامەتی و ماڵوێرانی هیچی تریان لیێ چاوەڕوان ناکرێ.
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم: هۆکاری سەرەکی شکستەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسییەکانمان، جا ئەو سیاسییانە ، مەلا و شێخ و عەشایەری نەخوێندەوار بوو بن، یان خوێندەواری خاوەن بڕوانامەی بەرز. ئیبراهیم لینکۆڵن دەربارەی سیاسییەکان دەڵێ: ( لەوانەیە سیاسییەکان بۆ ماوەیەک هەموومان تەفرە بدەن، لەوانەشە هەندێکیشمان هەتا هەتایە لە خشتە بەرن، بەڵام مەحاڵە بتوانن هەتا سەر هەموومان بخەڵەتێنن ). دیارە ئەم قسە بە نرخەی بۆ کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی ژیری بێ جاش کردووە، بەڵام لە کۆمەڵگای کوردیدا، کە لێوان لێوە لە کەسانی خۆفرۆش و نۆکەر و گەمژە، تا هەموومان لە سیاسییەکانمان دەگەین، لەوانەیە مێژووی کارەساتەکانمان چەندین ئاشبەتاڵ و ئەنفال و هەڵەبجە و 31 ی ئاب و مەرگی هەزاران کەسی وەک مامە ڕیشەشیان گرتبێتە خۆی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت