محەمەد هەریری: ئیسلام وەك ئاینێکی جەنگاوەر. بەشی پێنجەم.
ڕوحی جەنگاوەری لە لای زانایانی ئومەت
بێگوومان زانایان و ئیمامەکان و موفەسیر وفەقیهەکان و موحەدیسەکان بەو ڕووحە جەنگاوەریەی ئیسلام بەسیان نەکردوە، بەڵکو دەهێندە کەلەپووری پڕ لە قینەی لۆکاڵی عەرەبی خۆیان خستۆتە سەر وتێکەڵیان کردوە بە تەفسیر و بە فیقه و بە هەڵبەستنی حەدیس و بە شیعر وئەدەبیات هۆنینەوە.
بۆ نمونە وەرە ببینە لە قورئاندا ئایەتیك نیە باسی بەردبارانکردنی زیناکار بکات، کەچی زانایانی عەرەب هاتوون بە هەزار شێوە چەندین ڕیوایاتیان دروستکردوە تا بەزۆر ئەو حوکمەی بەردبارانکردنە بکەنە حوکمێکی قورئانی بە ناوی ئایەتێك کە دەنگی هەیە و رەسمی نییە لەناو قورئاندا! یانی هەتا گریمان رەجم وەك دەیەها حەدیس دەڵێن، لەسەر دەستی پێغەمبەر [د.خ] کراوە، بەڵام کاتێ قورئان کۆکراوەتەوە دیارە ئەو ئایەتە بە تەواوی نەسخ کراوە و لابراوە، لە جیاتی زانایانی ئیسلام بە هەلی بزانن بۆ لادانی ئەو حوکمە پڕ قەسوەت و زبرە [بە گوزارشی السیوطي] کەچی هاتوون و شەڕی مان و نەمان دەکەن بۆ سەلماندنی. یانی کاتێك هەل و مەرجیشیان لەبار بێت بۆ جوانکردنی وێنەی خۆیان و دینەکەیان، سوورن لەسەر خۆدزێوی!
مالک بن انس لە کتێبە ناودارەکەی الموطأ کە بە یەکەمین کتێبی مەنهەجی ڕێكوپێك نوسراوی حەدیس دادەنرێت، هەتا شافیعی بەر لە دەرکەوتنی سەحیحی بوخاری دەیگووت: ما كتاب بعد كتاب الله أنفع من كتاب مالك بن أنس! هیچ کتێبێك لە الموطأ مالك بن انس لە دوای کتێبی خودا بەسودتر نییە! حەدیسی ئایەتی رەجمی گواستۆتەوە و دەڵێت:
[ ئاگادار بە هیلاك نەچن لە ئایەتی ڕەجمدا، کەسێك نەڵێت: ناکرێت دوو سزا هەبێت لە کتێبی خوادا [بۆ یەك تاوان]، چونکە پێغەمبەر ڕەجمی کرد و ئێمەش لەگەڵیدا ڕەجممان کرد، قەسەم بەوەی ژیانی منی بە دەستە ئەگەر لەبەر گۆتە گۆتی خەڵك نەبێت بڵێن: عومەر شتی زیاد کردوە بۆ کیتابی خوا دەمنوسی: پیرەمێرد و پیرە ژن بەردبارانیان کەن تامردن، ئێمە دەمانخوێندەوە!]
ئەو ڕیوایەتە کێشەی زۆر زۆرە لە وتارێکی تر باسم کردوە، بەڵام ئەو ئایەتە کێشەی زۆر بۆ قورئان دروست دەکات، ئەگەر لە قورئاندا بووە چی پیویستی دەکرد عومەر بە بیری خەڵکی بهێنیتەوە، بە تایبەتی ئەو کاتە قورئان جەمع نەکرابوەوە؟! ئەگەر ڕەجم لە ئایەتیکی ڕاشکاوی وەك پیرەمێرد و پیرەژنی داماو باسی کرابێت، بۆ دەبێت خەڵك لە بیری چوو بێت و پێویست بە عومەر بکات بیریان خاتەوە؟! ئەگەر ڕاستە عومەر وا بە پەرۆشیەوە ئەو ئایەتەی بیری خەڵک هینابێتەوە، بۆ پاش ماوەیەکی کەم لە هاتنی حەزرەتی عوسمان، ئەوانەی قورئانیان کۆکردەوە ئەو ئایەتەیان لەبیر چوەوە؟ ئەی ئەوە کێشە بۆ [انا نحن نزلنا الذکر وانا لە لحافظون] دروست ناکات؟!
ئەهلی حەدیس وەک پیشەی هەمیشەییان لە عوزرهێنانەوە بۆ هەموو ناماقوڵیەکان، زوو بە هانای ئەو دەرەنجامە ترسناکەی ئەو ئایەتەی رەجم هاتنەوە و گووتیان [لەفزی نەسخ کراوە و حوکمی ماوە] السیوطي قسەیەکی سەیر دەکات لە [الاتقان في علوم القرآن] دەربارەی هۆی لابردنی خوێندنەوەی ئایەتەکە لە قورئان و دەڵێت: من بیرۆکەیەکی باشم بۆ هات، ئەویش ئەوەیە لابردنی ئەو ئایەتە لە قورئان بۆ سوك کردنەوەی ئەو سزایەیە لەسەر ئومەت بە نەخوێندنەوەی و نووسینی لە قورئاندا، هەرچەندە حوکمیشی مابێت، چونکە قورسترین حوکم و تووندترینیان و زبرترین سزایە، و ئەوەش ئاماژەیە بۆ چاکی سەترکردن و داپۆشینی [شتی زبر و قورس]!
” قلت وخطر لي في ذلك نكتة حسنة وهو أن سببه التخفيف على الأمة بعدم اشتهار تلاوتها وكتابتها في المصحف وإن كان حكمها باقيا لأنه أثقل الأحكام وأشدها وأغلظ الحدود وفيه الإشارة إلى ندب الستر”
ئەوەی مایەی پێکەنینە بەو قسەیەی السیوطي ئەوەیە ئەگەر ئایەتی ڕەجم هێندە بە ئازاربیت بۆ تەنها خوێندنەوە و گوێ لێبوون وخوا بەزەیی بە ئادەمیزادەوە هاتبێت و نەسخی کردبێت تا گوێ و چاوی ئەزیەت نەدات، ئەی کاتێك لەسەر ئەرز بە کردار ئەو ڕەجمە دەکرێت دەبێت چەند قاتی تر بە ئازار بێت، و بۆ هیچ بەزەییەك نە جوڵا؟! ئەوە قەسوەتی جەنگاوەرانە کە هیچ بیانوێك بۆ ڕزگارکردنی ئادەمیزاد نادۆزێتەوە لەو چارەنوسە پڕ قەسوەتە! ئێمە لەو سەردەمەی پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا، لە سایەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی و نوێنەرەکانیان لە داعش و قاعیدە و تاڵیبان و گروپە تیرۆرستەکانیتر، چەندین ڤیدیۆی بەردبارانکردنمان دیت دەزانین چەند ئازار بەخشە، تا ڕادەی ئەوەی دڵنیام هەزاران کەسی لە دین وەرگەڕاندوە!
لە ڕیوایەتێکی تری مالك ئەو قەسوەتە زۆر ئاشکرا دەردەکەوێت کاتێ حەدیسێکی ڕەجم باس دەکات:
حدثنا مالك عن نافع عن عبد الله بن عمر أنه قال جاءت اليهود إلى رسول الله صلى الله عليه وسلم فذكروا له أن رجلا منهم وامرأة زنيا……. فأمر بهما رسول الله صلى الله عليه وسلم فرجما فقال عبد الله بن عمر فرأيت الرجل يحني على المرأة يقيها الحجارة قال مالك يعني يحني يكب عليها حتى تقع الحجارة عليه.
[کاتێ ژن و پیاوێکی جولەکە بریاری بەردبارانکردنیان دەدرێت، و عەبدوڵای کوڕی عومەر دەڵێت: دیم پیاوەکە خۆی چەماندۆتەوە سەر ژنەکە بۆ ئەوەی لە بەردەکان بیپارێزێت! مالیك دەڵێت: چەماوەتەوە سەری، یانی دەیپارێزێت لەبەرد تا پێی نەکەوێت، هەی ئافەرین بۆ ڕوونکردنەوەت.
لە کتێبی المدونة الكبرى لمالك بن أنس، كِتَابُ الرَّجْمِ ئەو گفتوگۆیە هاتوە لە لایەن نوسەری مودەوەنەکە:
گووتم: ئەوەی رەجم دەکرێت چاڵی بۆ لیدەدرێت لای مالك؟
گووتی: مالك پرسیاری ئەوەی لێکرا، و گووتی گوێم لێنەبوە لە هیچ کەسێك کە چاڵ لێبدات، من پێموایە چاڵی بۆ لێنادرێت.
مالیك دەڵێت: ئەوەی بەڵگەشە لەسەر ئەوە، ئەو حەدیسەیە کە دەڵێت: دیم پیاوەکە خۆی چەماندۆتەوە سەر ژنەکە بۆ ئەوەی لە بەردەکان بیپارێزێت! “فرأيت الرجل يحني على المرأة يقيها الحجارة” ئەگەر لە چاڵ بان نەیدەتوان بجەمێتەوە بۆسەر ئافرەتەکە.
یانی مالك ئەو دیمەنە تراژیدیەی پڕ لە خۆشەویستیە سەرنجی ڕاناکێشێت، بەڵکو کیشەی تەنها حوکمێکی فیقهیە کە ئایە ئەوانەی ڕەجم دەکرێن قۆرت وچاڵیان بۆ لێدەدرێت یان نا!!!
ئەوە چ جۆرە قەسوەتێکە، کە تراژیدیایەکی وا سەرنجت ڕانەکێشێت؟! ئینجا دەڵێن ئەو وەحشە بەشەریانەی داعش لە کوێوە هاتوون! هەر ئەو قەسوەتەیە پەڕیوەتەوە بۆ هەموو کایەکانی تری زانستە ئیسلامیەکان لە فیقه و تەفسیر وحەدیس و هتد، لە وێوەش بۆ توندڕەوان و داعشیەکان.
لە ئیسلامدا مەدرەسەی ئەهلی حەدیس، لەبەر توندوتیژی ڕوئیا و بیروبۆچونی، هەردەم لایەنگری توندترکردنی توندەکان بووە، بۆیە دەستکاری کردنە ماناکانی قورئان لە ڕێگای بەستنەوەی بە روایات و تەفسیری تایبەت کە خزمەت بە تەعالیمەکانی ئەو مدرسەیە بکات، بە ئەئویل و روایات و نەسخ کردنەوە، وەك ئایەتی السیف، کە بەپیی تێگەیشتنی ئەو قوتابخانەیە ئەو یەك دوو ئایەتە هەموو ئایەتەکانی ئاشتی و دەستدرێژی نەکردن و ئازادی بیروباوەڕی و پیکەوەژیانی نەسخکردوە، کە ژمارەیان لە ١٢٤ ئایەت زیاترە، کە ئەوەش خۆی لەخۆیدا پاڵنان بوو بە ئیسلام بۆ بەرەی توندوتیژی وەک ابن القيم دەڵێت:
((…. فأقام ـ أي الرسول صلى الله عليه وسلم ـ بضع عشرة سنة بعد نبوته ينذر بالدعوة بغير قتال ولا جزية ويؤمر بالكف والصبر والصفح ثم أذن له بالهجرة, وأذن له بالقتال, ثم أمره أن يقاتل من قاتله, ويكفّ عمّن اعتزله ولم يقاتله, ثم أمره بقتال المشركين حتى يكون الدين كله لله….)) انتهى. [زاد المعاد ج3 ص159] [پێغەمبەر [د.خ] زیاتر لە دەساڵ داوەتی بۆ دینەکەی دەکرد بەبێ شەڕ و جزیە، و فەرمانی پێدەکرا بە دەس نەکردنەوە و ئارامگرتن و لێبوردەیی، ئینجا مۆڵەتی پیدرا بۆ کۆچ کردن، ئینجا ڕێگای پیدرا بۆ جەنگ، ئینجا فەرمانی پێکرا بە جەنگ گیڕان دژی ئەوەی جەنگی لە دژیدا بەرپاکرد، و دەستیشی درێژ نەکات بۆ ئەوانەی شەڕیان دەرهەق ناکەن، دوایی فەرماانی پێکرد بە شەڕکردن لە دژی موشریکان [بە رەهایی] تا دین هەمووی بۆ خوا دەبێت] یانی ئیسلام دەبێت لە شەڕێکی بێ پسانەوەدا بێت لەبەر ئەوەی کارمان بە ئاشتی و ئازادی و هەموو مانا جوانەکان نەماوە کە هەموویان کردە قوربانی ئایەتەکانی شمشێر!