محەمەد هەریری: ئێوە کێن، بە پەشێوی مەزن بڵێن تۆ کێی؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەعلومە لە زۆنی پارتی خەڵکە ئاساییەکەش لە ژێر چاودێری سیخوڕی و پۆلیسیدان، چونکە ئەوە کاری هەموو دەسەڵاتێکە کە دەزانێت ‏چی لەو خەڵکە کردوە و چ کارەساتێکی بەسەر هێناون، ئەوانە چاك دەزانن ئەو مێژووەشی کە خۆیان پێ بادەدا و دەیانکردە منەت ‏بەسەر خەڵك، دەمێکە وەك مۆبایلەکانی کۆڕەك زوو وەحدەی تەواو بووە.‏
گومانی تێدا نییە کە پەشێو بە دوژمن دەبینێت ئەو دەسەڵاتە سوپەر گەندەڵە خێڵەکییە بێ ڕێزەی، کە نازانێت ڕیزی مرۆڤێکی مەزنی وەك ‏پەشێویش بگرێت! هەی تیاچن، هەی بێ بەها و ڕەوشتینە میللەتەکەمان چەند پەشێوی هەیە، تا وا بە پەشێو بکەن.؟!‏
گومانی تێدا نییە کە سیخوڕەکانیان دەقە بە دەقە بەدوای پەشێو بوون، دەزانن پەشێو کێیە، و بە ئەنقەستیش، کابرایەکی غەریبەی ئەو خاکە ‏بە پەشێو دەڵێن: ‏‎ تۆ کێیت و چ کارەیت و چی دەکەیت لێرە؟‎
لە گوندی باب وباپیری، بێرکۆت لە هەولێر، چەند چەکدارێکی سووک وڕیسوای پارتی و نێچیرڤان، سوکایەتی بە عەبدوڵا پەشێوی ‏شاعیر دەکەن و کامێرای لێ دەسێنن!‏
ئەوەی دەیسەلمێنێت کە ئەو سووکایەتی پێکردنە بە ئامانج بووە، ئەوەیە وەک لە هەواڵەکەی گۆران دوكانی هاتووە: ‏‎ ‎بەپێی زانیاریەکان ‏سەرەتا هەر لەناو گوندەکەی خۆیان لەگوندی بێرکۆت پاسەوانەکانی نێچیرڤان بارزانی ئیهانە بە پەشێوی شاعیر دەکەن و پێی دەڵێن‎ ‎تۆ ‏کێیت و چ کارەیت و چی دەکەیت لێرە؟‎!‎، پاشان کامێراو هەموو کەلوپەلێکی وێنەگرتنی لێ دەستێنن، دواتریش کاتێک پەشێوی شاعیر ‏خۆی بەو کەسانە دەناسێنێت، ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر ئیهانە کردن پێی و زیاتر دەنگی بەسەردا بەرز دەکەنەوە‎ .”‎ زۆر ڕوون دیارە کاری ئەنقەستە!

نیگەران مەبە پەشێو ئەوە تۆڵەی میری دزانە لێتی دەکەنەوە.
نیگەران مەبە پەشێوی گەورە ئەوە تۆڵەی قون وکورسیەکانیانە لێتی دەکەنەوە.
نیگەران مەبە ئەوە تۆڵەی کەرە گیانە..تۆڵەی ڤیاگرایە، تۆڵەی شیعرەکانی براکوژییە… تۆڵەی هەموو وشە گوللـەئاساکانە.‏
ئەوە باجی ڕاستگۆییە قەت نیگەران مەبە، زیاتر ڕیسوایان کە ئەو مەغۆل وتەتەرە کوردییانە، لەبیرتە لە 1973، کە لە چاو ئێستا دنیا ‏هێشتا شامی شەریف بوو، نە نەوت هەبوو بیدزن و نە بودجەی حوکمەتی بەغدا دەگەیشتە دەستی دزە گەورەکان، و نە پارەی گومرگ ‏هەبوو بیخۆن، تۆ ئەو کاتە گووتت:‏

دەریان کردم
چونکە شیعرم
مناڵێکی چەتوون ئاسا
پلوکە بەردی هاویشتە
ماڵی شوشە بەندی گەوران
دەریان کردم
چونکە شیعرم هێلی بەزاند
لە ڕووی گەنجینەی دزراوا
گلۆپێکی
دە هەزار ڤۆلتی داگیرساند

نیگەران مەبە ئەو سووك و ڕیسوایانە دەزانن چەندە دوژمنی کوردن، و کوردایەتیەکیان دروست کردوە قێزەونتر لە وشەی شێرپەنجە ‏وسەرەتان، کە لەبەر قێزەونی خەڵکێکی زۆر ناوێریت ناوی بهێنێت، دەڵێن نەخۆشیە پیسەکە.! کوردایەتیەکەی ئەوان نەخۆشیە پیسەکەیە، ‏نیگەران مەبە قوربان هەموو بستە باڵاکانیان لەسەریەك هەڵچنن ناگەن بە پاژنەی تۆ.‏ ئەگەر ڕاست دەکەن با لەگەڵ تۆ بێنە ناو دەنگدان تا بزانن ئەوان کێن و تۆ کێیت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت