femen-egypte-5

محەمەد هەریری: فێمن‎ FEMEN ‎و خۆ ڕوتکردنەوە وەك نارەزایی دەربڕین.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەپێی پسپۆرێکی بواری جێندەر تیتیانا بوریجاک؛ زۆربەی هەرە زۆری ئافرەتانی ئۆکرانیا حەز بە چارەی فێمن ناکەن. ‏و سۆسۆلۆژیستی بەناوبانگ ئۆلیه دێمکیڤ وتی فێمن هیچ پشتگیری ناکرێت لەلایەن ڕای گشتیەوە و ناتوانن هیچ ‏گۆڕانکاریەک لە کۆمەڵگا و هۆشیاریی ئۆکرانی ئەنجام بدەن. هەر جوانا روهۆزینسکا‎ Joanna Rohozinska ‎لێکۆڵەر لە ‏فەندی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی لە فێبریوەری 2013 دا گوتی” بەڵگەیەکی زۆر کەم هەیە کە هیچ لە ناڕەزایی دەربڕینی ‏فێمنەکان کەمترین کاریگەری هەبوبێت” لە لایەکی تر ستایشکران لەلایەن فێمستە ڕادیکاڵەکان پێیان وایە کە توانیویەتی ‏بە شێوەیەکی پۆزەتیڤانە و ڕادیکاڵانە ببێتە دیاردەیەك بۆ وروژاندنی کێشەگەلێکی زۆری کۆمەڵایەتی ئەگەر بە کەرەستە ‏و ئامرازی کێشە لەسەریش بوو بێت‎.

جیهادی تۆپڵێس
لە نێو ئەو بابەتانەی کە فێمنەکان کاری لە دژدا دەکەن ئایینەکانە، بە بەردەوامی دژی کلێسا و بیروباوەڕەکانی دەوەستنەوە ‏و لەبەردەم کلیساکان خۆیان ڕووت نیشان دەدەن، بەو دواییە ناڕەزاییەکانیان لە ڕێگای چەند فێمنستێکی وڵاتانی جیهانی ‏ئیسلامی پەڕیەوە بۆ دژایەتی کردنی شەریعەتی ئیسلام و بەتایبەتی ئەوەی ناوی دەنێن بە [ لەدژی شێواندنی ئەندامی ‏مێینە] کە مەبەستیان خەتەنە کردنە، و لە بەرامبەر چەندین باڵوێزخانەی وڵاتانی ئیسلامی وەک ئێران و میسر و مزگەوتی ‏پاریس بەڕووتی خۆنیشاندانیان کرد، کە تێیدا چەندین ژنی موسڵمانی فێمن یان لەگەڵ بوو وەك ئێرانیەکان کە ئەوانیش ‏خۆیان بەڕووتی نیشان دا‎!‎
لە نێو ئەو ڕەخنانەش کە لە فێمن گیراوە ئەوەیە کە بەو خوپێوەگرتنەی بە خۆ ڕووتکردنەوەیان دەبێتە هۆی جەختکردنەوە ‏و بەهێزکردنی فێمنیزمی کۆڵۆنیالی ڕەگەزپەرست. بەڕای من لە وڵاتانی ئیسلامیدا دەبێتە هۆی زیاتر پتەوکردنی توندڕەوی ‏ئاینیش، وە بەرست زیادکردن لەبەردەم ئازادیە سروشتی ویاساکانی ئافرەتانیش‎.‎

لە20-04-2013 ‎کاتێك جەماعەتی ئەنساریی شەریعەتی سەلەفی تونسی توندڕەو، خەریکی خۆپیشاندانێکی گەورە بوون لە ‏قەیرەوان، بەڵام لە ترسی حکومەت دوایان خست، پاش ئەوەی خەڵکی شارەکەش لە دژیان وەستان، لە ناکاو کچێکی فێمنی ‏تونسی بەناوی ئەمینە، نزیك 18 ساڵ لەشارەکە دەرکەوت و باسی خۆڕوتکردنەوەی کرد لەسەر شەقام، و دوایی لە ‏ئینتەرنێت قسەکانی خۆی جێبەجێ کرد، بە هاندان و دەست لە پشدانی چەند فێمنێکی ئۆکرانی، بەبێ ڕەچاوکردنی هەل ‏و مەرجی تونس. دوای ئەوە سەلەفیەکان لە کاردانەوەی ئەوکارە سەرەڕۆیە کۆنترۆڵی شەقامیان کرد، ڕاست و چۆپ دژی ‏مافی ئافرەتان قسەیان دەکرد و دەیانگووت ئافرەت مافی خۆڕووتکردنەوە و زینای بە ئازادیان دەوێت!! ‏
حکومەت ئەمینەی گرت، لە دواییدا، هەڵمەتێکی گەورە لە ئینتەرنێت بەرپاکرا بە ناوی: جیهادی ڕووتکردنەوەی بەشی ‏سەرەوە [تۆپڵێس] بەردەوامە، هەزاران ژنی خۆرئاوایی خۆیان لە پێناو ئەمینە ڕووت کردەوە و لەسەر جەستەیان داوای ‏ئازادکردنی ئەمینەیان دەکرد.!! هەتا لە کاتی وجودی سەرۆکی تونس، مونسیف مەرزوقی لە پەیمانگای فەرهەنگی ‏عەرەبی لە تونس، بۆ قسەکردن لەسەر کتێبەکەی بە ناوی: داهێنانی دیموکراسیەت، سێ لەو فێمنانەی فەڕەنسایی بە لاشەی ‏ڕوتیان قسەیان بە مەرزوقی بڕی، و هاواریان دەکرد جیهادی تۆپڵێس بەردەوامە، و بەهاری ژنان بەڕێوەیە!! ئەمینە کوا لە ‏کوێیە؟‎!‎
فێمنەکان بەدەر لە ئامرازی ناڕەزاییەکانیان، کە مایەی بێزاری شەقامە لە هەموو وڵاتێك تا ئێستا، بەڵام وەك ئینساف ‏دەتوانین بڵێین تەبەنای زۆر لە کێشەی کۆمەڵایەتی دەکەن، کە کەم کەس هەیە کە کەمێك بایەخ بە ڕەوشت و مۆڕاڵ بدات ‏هاوڕا نەبێت لە گەڵیان، کێ هەیە دژی بازرگانی سێکسی نەبێت، کێ هەیە دژی سیکسی توریزم نەبێت، یان دژی ‏کۆیلایەنی سێکسی نەبێت؟‎!‎‏ بەڵام ئایە هەڵگرتنی دۆزێکی ڕەوا نابێت ڕێگا ئامرازێکی ڕەوا و قبوڵکراوی بۆ هەڵبژیریت؟!‏
لە یەکێك لە نمایشە پۆرنۆکانی جیهانی لە کاتێکدا لەسەر ستەیگی هۆڵەکە نمایشی سێکسی بە زیندوویی دەکرا، کۆمەڵێك ‏لەو کچە فێمنانە هەموو بۆنەکەیان تێكوپێك دا، کاتێك هاتە سەر شانۆکە و ئیدانەی ئەو کارە ناشیاوانەیان کرد، بەڵام ‏داخەکەم بە خۆ ڕووت کردنەوە لەسەر شانۆی ڕووتی ئیدانەی ڕووتی و پۆرنۆیان کرد!! ناکرێت تۆ دژی ‏کاروکردەوەیەك بیت کە زۆربەی پشت بە نمایشدانی لەشی ئافرەت دەبەستن بۆ وروژاندانی پیاوان و برەودان بە بازرگانی ‏سێکسی، لە هەمان کاتدا خۆت ڕووتکەیتەوە لەدژی ئەو دیاردانەی کە زۆربەیان پشت بە ڕووتکردنەوەی ئافرەت ‏دەبەستن‎!!‎
زۆر ماقوڵ دەبوو ئەگەر بە جلێکی داپۆشەرەوە ناڵێم حیجاب، ئەو کارانەیان کردبا، ئەوە بیرۆکەیەکی زۆر ساویلکانەی ‏خۆرئاواییە تۆ هەوڵدەیت بە جەستەی ڕوتەوەو سەرنجی خەڵك بۆلای کێشەکانت ڕاکێشیت، لاساییکردنەوەیەکی ناشیانە ‏و دەبەنگانەی ڕێکڵامی خۆرئاواییە بۆ هەموو کەلوپەلێك کە لە ڕێگای جەستەیەکی ڕووت و کردەیەکی سێکسیەوە ڕێکڵام ‏بۆ کەلوپەلەکانی دەکات. ئەگەر فێمنەکان دژی ئەو مێنتاڵیتەی بازرگانی کردنن بە جەستەی ژنەوە، کە من سەد دەرسەد ‏لەگەڵیانم، دەبێت لاسایی میتودی و شێوازی ڕێکڵامی خۆرئاواییان نەکردبایەوە، بە جەستەی ڕووت!! چونکە سەرەڕای ‏ئەوەی شێوازێکی قبوڵکراو نیە لە وڵاتانی هەتا خۆرئاواش، بێزێنراویشە لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و مەسیحیشی ‏دەرەوەی کیشوەری ئەورپا، ئینجا ڕادەی توندرەویش زیاتر دەگات و بەربەستیش زیاتر دەکات لەبەردەم گەیشتنی ئافرەت بە ‏مافە هەقیقیەکانیان، نەك مافی خۆڕووتکردنەوە لەبەر کێشەی جاروبار هێندە بێ ئەرزش وەك نەبوونی ژمارەی ‏سەروزیادی توالێتی گشتی‎.‎

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت