نەبەز گۆران : ریش سوتاندن ، كردەی فاشییەت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هیچ گومانی تێدانیە ، لە هەر گۆشە نیگایەكەوە سەیری ئەم سیستەمە بكەیت ، سیستەمێكە باركراوە بە فاشییەت . سیستەمێكە بیركردنەوە و جوڵە جەهەنەمیەكانی تەنها بۆئەوەیە ، بەروونی بەرگە فاشییەكەی خۆی نما بكات .
كەنعان مەكیە لە شوێنێكدا دەڵێت : بێدەنگی سەددامی دروستكرد .
گەر ئەم رستەیە وەربگێرینە سەر هەرێم و ، پاشان وردی بكەینەوە بۆ ژێر دەسەڵاتەكەی حیزبی پارتی ، دەبێت چاوەرێی هەموو كردەیەكی فاشیانە بكەین . چونكە ئەو مەخلوقە بێدەنگانەی ناوی خۆیان ناوە نووسەر و رۆشنبیر لەو مەملەكەتە ، لە ماسی دەچن و قسەیان لەسەر هیچ كردەیەكی دژ بە مرۆڤ و ئازادییەكان نیە ، بۆیە سیستەمەكەش لە بێدەنگی ئەواندا، سەرقاڵی پەیرەوكردنی فاشییەتەكەی خۆیەتی .
بۆ نمونە :
یەكێك لەو كردە فاشییانە كە بەروونی خۆی دەرخست و كردەیەكی فاشییە ، هەوڵدان بۆ سوتاندنی ریشی پیاوێكی ئاینی . ئەم كردەیە كاتی خۆی ، لەسەردەمی ( نازییەكان ) و ( ئەتاتوركیەكان ) دژی بە ( جولەكە ) دژ بە ، ( ئەرمەن و كورد ) بە تەواوەتی خۆی دەرخست . ئەوەی ( ئەتاتوركیەكان ) دژ بە ( ئەرمەن و كورد ) دەیانكرد ، كردەیەك بوو ، بەم ریشتاشین و ریش سوتاندنە ، دەیانوویست بڵێن ، پیرۆزییەكان و شكۆی مرۆڤەكان تێك دەشكێنین . ( نازییەكان ) یش هەمان كردەیان دژ بە پیاوانی ئاینی ( جولەكە ) ئەنجامدەدا .
ئەمرۆ بە هەمان دیمەنەوە ، جارێكی كە لە ناو دەسەڵاتەكەی حیزبی پارتی ، كردەكە دووبارە دەبێتەوە . كاتێك لە دورەوە سەیری كردەكە دەكەین ، دیمەنەكە تەنها بریتی نیە لە هەوڵێك بۆ بێدەنگ كردنی كەسێك . یان تەنها بریتی نیە ، لە دروستكرنی فەزاییەكی پڕ لە ترس گوتاربێژێك . دیمەنەكە لەوە گەورەترە لە ( مامۆستایەكی ئایینی ) یان قسەكەرێكدا بچوكی بكەینەوە . بنەرەتی دیمەنەكە بریتیە لە كردەیەكی فاشیانە ، دژ بە بەهاكانی مرۆڤ و ، دژ بەو پیرۆزیانەی لە ناو خەڵكی ئەو ناوچەیەدا پیرۆزن .
ئەتوانین بەم نیگایەش تەماشای بكەین . لە سنووری دەسەڵاتە حیزبییەكەی پارتی ، كۆی دامەزراوەكانی دیموكراسی ئیفلیج كراون . درزێك نەماوەتەوە بۆ ئەوەی لە رێگای ئەو درزەوە ، قسە لەسەر بوونی دیموكراسی و ئازادییەكان بكرێت . لە تەنیشت ئەوەشدا ، كە هیچ دامەزراوەیەكی دیموكراسی بوونی نەماوە ، كردەی فاشییانە شوێنی دامەزراوەكانی دیموكراسی گرتووەتەوە .
ئەشێت تاقمێك لە بنكڕخۆر ، یان سەرنەویكەر بۆ تێربوونی ئارەزووەكانیان ، باكیان بە هیچ بەهاییەكی مرۆڤانەی خۆیان نەبێت و ، لەگەڵ سیستەمی لەو جۆرەدا بتوانن بژین و ، بەرگریشی لێبكەن. بۆیە ئەو تاقمە رازیی و دژ بە بەهاكانی مرۆڤ و ئازادییی ، بەردەوام شەر لەگەڵ دەنگە ئازادەكان ، خەونە گەورەكانی دیموكراسیدا دەكەن. پێیان وایە : ژیان بریتیە لە باڵەخانە ، شەقامی رەنگكراو ، خواردنی بەلەزەت !
ئەم تاقمە خاڵیە لە كۆی بەهاكان . بوونەتە كەرەستەیەك بەدەست سیستەمەكەوە . سیستەمەكەش دەڵێت :
تێریانكە ، ئیدی چیت بوێت پێیان بكە و هەمیشە ستایشت دەكەن لەسەر ئەوەی تێرتكردون و ، باكیان بەوە نیە دایانماڵیت لە هەموو بەهایەكی مرۆڤی و كردەكانیشت بۆ دادەپۆشن !
رۆژێك دێت ، سیستەم ئەمانەش دەكاتە قوربانی ، ئەگەرچی بەرگریكاری سیستەمیشن . چونكە ژیان بۆ مرۆڤ ، بریتیە لە كۆمەڵێك بەها. بەهاكانیش لە ئازادییەكانی دا ، لە ماهیەتی دا ، لە شكۆیدا خۆیاندەبیننەوە . نەك لە ئارەزووەكانیدا . سیستەمی فاشیش دژی ئەم بەهایانەیە و ، زۆر جار بكەری دژ بە بەهاكانیش ، یاپارێزەی جوڵە فاشییەكان ، خۆشیان دەبنە قوربانی . كە كردەی هەوڵی سوتاندنی ریشی پیاوێكی بە تەمەن دەبینین ، راستەوخۆ بیركردنەوەمان بۆ ئەوەدەچێت ، كە : ئەو سیستەمە فاشییە ، كە خێڵ بەرێوەی دەبات و خێڵ و فاشییەتی تێكەڵكردوە ، دەیەوێت بە مرۆڤەكانی ژێر دەسەڵاتەكەی خۆی بڵێت : هەموو بەهاكانتان لێوەردەگرمەوە ، شكۆتان لێوەردەگرمەوە ، ماهییەتان تێكدەشكێنم ، پیرۆزییەكانیشتان وێراندەكەم ، ئازادییەكانتان كۆتایی پێدێنم ، لەبری ئەمانە شەقام و باڵەخانەتان پێدەدەم .
هەڵبەتە ئەم جۆرە كردانە ، لەناو سیستەمێكی وەك ئەوەی حیزبی پارتی ، كردەی بێ‌ بەرنامە نین . كردەی نەخشە بۆ دارێژراون . ئەو كاتەی رۆژنامەنووسان لەو شارە لێیاندەدرا و كەس قسەی نەدەكرد ، ئەوكاتەی رۆژنامەنووسان لەو شارەدا دەكوژران و دەنگێكی بەرز نەبوو بۆ رێگیكردن لە دووبارە بوونەوەی . ئەوكاتەی دامەزراوەكانی دیموكراسی پەكخران و كۆتاییان هات و كەس نارازی نەبوو . ئیدی سیستەم تێگەیشت ، تەنها شتێك مابێت تێكی بشكێنێت ، پیرۆزییەكان و ئاكاری خێزانی ژێر دەسەڵاتەكەیەتی . ئەم پیرۆزییانەش لە ئێستادا ، لە كۆمەڵێك كەسی ئایینی كۆبوونەتەوە . یەك دوو لەو كەسانە تێكدەشكێنێت ، پیرۆزییەكانیش لەگەڵیدا تێك دەشكێن و كۆتایی بەو رەنگەش دێت و لە سەرتاپای ژێر دەسەڵاتەكەی ، جگە لە ئاكاری خێزانی، ئیتر هیچ شتێكی نامێنێت وێران نەكرابێت .
لە كۆی وینەكەدا ، بۆمان روندەبێتەوە ، ئەمە دوا وێستگەی شكاندنی ئەو شتانە نیە ، مرۆڤی ئەو شارە پەیوەستە پێیەوە . دەبێت لەگەڵ ئەو پیرۆزییە ئاینیانە ، پیرۆزی ئاكاری خێزانیش تێك بشكێت ، چونكە سیستەمی فاشی تەنها بە شوێنێكەوە ناوەستێت، دەیەوێت هەموو شتێك وێرانبكات و خۆی لەسەر وێرانی شتەكانی خەڵك ، بونیات بنێت .
لێ‌ ، ئەوەی لەو سنوورە روودەدات ، هۆكاری بنەرەتی بریتیە لە بێدەنگی. هەندێك پێیان وایە ، تەنها قسەكردن لەناو سیستەمی فاشیدا سزای هەیە ، بەڵام سزای بێدەنگی لەو جۆرە سیستەمانەدا ، زیاترە لە سزای قسەكردن . بۆیە چاوەرێی شتی لەوە زیاتر دەكرێت ، كە ئێمە ئەمرۆ دەیبینین . هەتا فەزای بێدەنگی فراوانتربێت ، فەزای پەلاماردانی سیستەمی فاشی زیاتر دەبێت .

سەرچاوە – فەیسبوکی نوسەر

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت