Kosret

نەبەز گۆران: هەمیشە كۆسرەت رەسوڵ براوەیە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باپێكەوە تەماشایەكی حیزبی كوردیی بكەین، پاشان لەسەر شێوازی ململانێكان وردببینەوە، جیاواز لەوەی هیچ وەهمێك بكەینە بنەمای بیركردنەوەكان، لەبری وێنەی داتاشراو هەوڵبدەین وێنە راستەقینەكەی حیزب وەك خۆی ببینین. بەر لەهەمووشتێك بروای تەواوم بەوە هەیە، حیزبی كوردیی پرۆژەیەك نییە بۆ دروستكردنی فەرمانرەوایەتییەكی تەندروست و، بەرهەم هێنانی هاوڵاتییەكی ئازاد و خاوەن ئەرك، بەپێچەوانەوە حیزبی كوردیی پرۆژەیەكی ئایدۆلۆژییە بەپێی قۆناغەكان بەرگی خۆی دەگۆڕێت و، دەسەڵاتی بەرهەم هاتووی ئەم (25) ساڵەش نمونەیەكی زیندووە تا تێمانگەیەنێت كەنابێت چاوەری لەمەزیاتر لە حیزبی كوردیی بكەین. كاتێك حیزب ئەمە جیهانەكەی بێت، كاتێك حیزب ئەمە بەرهەمەكەی بێت، ئیدی دروستكردنی وێنەی خەیاڵی بۆ حیزب، هیچ نییە جگە لە فریودانێكی تەواو.

ئەمە تەنها چەند رستەیەك بوو بۆ بینینی حیزب وەك خۆی، لەناو ئەم ئایدۆلۆژیایەدا كە حیزب خاوەنییەتی، لەرابردوو لە ئێستدا كۆمەڵێك ململانێ دروست بوون، هەریەك لەم ململانێیانە لەرووی فۆرمەوە جیاوازبوون، ئەما جەوهەری هەموویان یەك جۆرە. لە ساڵی شەستەكانەوە هەتاكوو دوا ململانێی (گروپی ناوەند)، لە هەر گۆشە نیگایەكەوە سەیری ناكۆكییەكان دەكەیت، تەواوی ناكۆكییەكان لە جەوهەردا لەسەر (دەسەڵات_دەسەڵاتی ئابووریی) بووە. ئەشێت لەرووی وتارەوە جیاوازبووبن و، كۆمەڵێك وێنەیان بۆخۆیان دروستكردبێت، وەلێ‌ لەبنەمادا كێشەكە لەدەوری ئەو دوو چەمكە خولی خواردووەتەوە. هەندێك كەس لەناو ململانێكاندا، هەندێكیش لە دەرەوەی ململانێكان تووشی وەهم بوون، كەپێیان وابووبێت ئەمە شتێكی دیكەیە. مادام جەوهەری ململانێكان لەسەر (دەسەڵات و ئابووریی)ییە، براوە ئەوەیە كە ململانێكەی دەستپێكرد تاكۆتایی لەسەر ویستەكانی خۆی بەردەوام بێت. براوە ئەوەنییە وەهمی وتارەكان فریویبدات، براوە ئەوەیە نەخشەی هەبێت بۆ بەدەست هێنانی جەوهەری ململانێكان.
پاشان حیزبی كوردیی بەسروشت هەمیشە خاوەنە راستەقینەكەی ئەو كارەكتەرەیە، كە یەكەمجار دەبێتە خاوەن و سەركردەی حیزب. ئەگەر سەیرێكی ململانێكان بكەین دەبینین گروپەكان بەردەوام لەگەڵ كەسی یەكەم رووبەروو بوونەتەوە، پاشانیش ئەوانەیان چوونەتە دەرەوەی ململانێكە زۆر بەشێوازێكی سروشتی وەك غەریبە سەیركراون، ئەم سەیركردنە بە غەریبە، ماناكەی ئەوەیە، حیزب هی كارەكتەری یەكەمە یان(خێزانی كارەكتەری یەكەم ).
ئەم دەستپێكە بۆ ئەوەبوو بچینە سەر دواهەمین ململانێی ناو یەكێتیی نیشتیمانی. (بەرێزان من بەو جۆرە سەیری ململانێكان ناكەم كە ئەمڕۆ هەڵوێست چییەكان سەیری دەكەن و، دونیاكەیان وەك خۆی نەبینیووە و، چاوەروانی پەرجوو دەكەن لەحیزبی كوردیی و، ئیشیان بووە بەوەی پێنج فەرزە هاواری هەڵوێست بكەن.)
دوا ململانێ‌ وەك ئەوانەی رابردوو زۆر روونبوو، كێشە خودی (دەسەڵات و ئابووریی)ییە. مادام ئەمڕۆ حیزب بەرەو ئاراستەی (خێزانی دەسەڵاتدار، بنەماڵەی دەسەڵاتدار) دەروات، مادام كۆمەڵگەی كوردیی لەگەڵ ئەم مۆدێلە لە ئایدۆلۆژیا و دەسەڵاتەدا دەست و پەنجە نەرم دەكات، ئیدی گروپی ململانێكان دەبێت زۆر روونبن. رونییەكە لەوەدا دەردەكەوێت سەیری نەخشەكانیان دەكەیت. هەندێكیان لە نەخشەكاندا دەچنە دەرەوە، هەندێكی دیكە باس لە چاكسازی، گۆڕینی سیستەم دەكەن، ئەما هیچ كام لەو دوو دەستەیە، بنەوانی ململانێكەیان وەك خۆی نەبینیووە.
دواكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەماڵی (سەرۆك تاڵەبانی) بۆی رونكردینەوە، براوەی هەمیشەیی (كۆسرەت رەسوڵ)ە. چونكە ئەو بەتەواوەتی لەم فەزا حیزبییە تێگەیشتووە. دەشزانێك ئەمڕۆ حیزب پرۆژەیەكە بۆ بەهێزكردنی دەسەڵات و ئابووریی، دەشزانێت ئەوانەی لەناو تەواوی حیزبەكاندان، سەرقاڵی بەدەست هێنانی ئەم دوو چەمكەن، چ بۆ خۆیان، چ بۆ خێزانەكانیان. كەوایە ململانێكردن لەسەر بەدەستهێنانیان لەناو فەزایەكی لەم جۆرەدا پێویستی بەو جۆرە سیاسەتەیە كە ئەمڕۆ حیزب پەیرەوی دەكات. كۆمیدیاییە پێمانوابێت هاورێكانی خۆی جێهێشتووە! لەوەش كۆمیدیاتر ئەوەیە بە چاوی هەڵوێستی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان سەیری ئەم ململانێیانە بكەین، لەوەش واوەتر ئەوەیە چاوەروانی وەهمێك بین لە وتارە روكەشەكاندا بەرگوێمان دەكەوێت.
سیاسەتی حیزبی ئەمەیە كە رۆژانە دەیبینین. ململانێی گروپەكانیش وەك باسمكرد جەوهەرەكەیان روونە. كەوایە سەركەوتوو كارەكتەرێكە لەناو حیزبدا بمێنێتەوە و بەردەوام ململانێبكات بۆ بەدەستهێنانی پرۆژەكەی خۆی. (تكایە كەس باسی كۆمەڵگەو چاكسازی و ئەو وتارە وێرانكراوانە نەكات، چونكە ئەوانە تەنها وتارن بۆ فریودان و بنەمایەكی راستەقینەیان لەناو حیزبی كوردیدا نییە.)
لەم گۆشە نیگایەوە كە سەیری حیزب دەكەین، براوەكان تەنها ئەوانەن لەناو حیزبەكەی خۆیان دەمێننەوە و، وەك تەواوی كارەكتەرەكانی دیكە ململانێی دەسەڵات و ئابووریی دەكەن و، لە تەنیشتیشدا جگە لە بەهێزكردنی خۆیان و نەوەكانیان (كە ئەمڕۆ زۆربەیان كار بۆ ئەوەدەكەن.) وێنەیەكی دیكە نایەتە بەر ئەندێشە. زشتە و بەهەڵەدا دەچین جیاواز لەمە وێنەی تری بۆ دروستبكەین و بیكەینە جێگای ئومێدێك بۆ گۆڕینی سیستەمەكە. كۆمەڵگەش هێشتا لەو شوێنەدایە بەم جۆرە جوڵانە ئاشنایە نەك جوڵەی جیاوازتر. لەم وێنە راستەقینەیەدا دەردەكەوێت كۆمەڵێك كارەكتەر هەن، هەمیشە سەردەكەون و نادۆڕێن، چونكە روونن كار لەسەر چ بنەمایەك دەكەن و، خاوەن حیزبەكانیش(سەركردەو خێزانەكانیان) روونن چۆن ململانێدەكەن بۆ مانەوەی خۆیان لە شوێنی خۆیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت