نەورۆز زرگوێزی: ڕاستی ڕووداوەکان وەک سەرەتایەک بۆ ناسینی کاک نەوشیروان مستەفا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند یادگارییەکی پێشمەرگایەتی کە ڕەنگدانەوەی ڕابەرایەتیی و سەرکردەیی کاکە نەوەن لە شۆڕشدا.

بەشی یەکەم 
قسەکردن لە کەسایەتیی و ناسینی کاراکتەرو پێکهاتەی سایکۆلۆژیی و بەرپرسیارێتی و ڕابەرایەتیی کەسێک بەرامبەر بە قۆناغێکی هەستیاری وەک شۆڕشی نوێ و بیر کردنەوە لە بونیادنانی سەرەتاو بنەمایەکی دروست و دامەزراو بۆ شۆڕش کارێکی هەر وا سانا نییەو پێویست بە ئاگاییەکی ئەکادیمیی و زانستیی و تێگەشتنێکی مەیدانی ڕاست و ڕەوا دەکات ، بۆ بەرجەستەکردن . بەگەڕانەوەو پشتبەستن بە ڕووداوەکان و وورد بوونەوە لە کردارو ڕەفتارو گوفتارەکانی ئەو کەسایەتییە ، لەتوانایدایە ببێتە بنەماو هەوێن و ئاوێنەی بەدیار خستنی .
من وەک یەک لەو پێشمەرگانەی کە ساڵانێکی ژیانی پێشمەرگایەتیم لەگەل کاکە نەوە بەسەر بردووە لەڕێی گێڕانەوەی ئەم یادگارییانەوە کە لە زەین و تۆماری یادەوەرییمدا هەن ، دەمەوێت خزمەتێک بە ناسینی کاکە نەوە بکەم ، وەک سەرکردەو ڕابەرێک کە تەنهاو تەنها ئامانجی ئەو گەیاندنی ئەوکاروانە بوو بەکەناری ئارامی خۆی ، ئەمە جگە لەوەی مایەی ئاسوودەییەکی وویژدانییە بۆ من ، وەک وەفایەک بەرامبەر پێزانین بە خەرمانی ئەو خەبات و ماندووبوونو تێکۆشانەی کە هەرچی جووانییەکانی ژیانی خۆی و خێزان و خانەوادەیەتی لە پێناویدا بە خەرجی برد.
هیوادارم هەرکەسێکیش پێچەوانەی ئەم یادگاریی و یادەوەرییانەی منی لە لایە درووستترو ڕاستتر لەوەی کەمن لێرەدا دەیخەمە ڕوو بەیانی بکات و خزمەتێک بە ئامانجی گشتی ئەم یادەوەرییە بکات کە ناسینیی کاکە نەوەیە وەک سەرکردەو ڕابەرێکی گرنگی بێ وێنەو بێ هاوتای نێو خەباتی کوردایەتیی و کوردستانیی بوون بە پاک هێشتنەوەو ڕاگرتنی پەرێزی خەبات و تێکۆشانی کەسایەتییەکی وەک کاکە نەوەی سەرکردەو ڕابەر جگە لەوەی بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و سیاسییە لەهەمان کاتیشدا بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی و مرۆیشە ، لەبەرامبەر هەر درۆ و بووختان و بەکەم گرتنێکی ئەو ماندوو بوونەدا کە ئەو زاتە کێشاویەتی ئەمە جگە لەوەی ئاشناکردنێکی ڕەواو دروستی نەوەی نوێیە بەو کەسایەتییە وەک نموونەیەکی باڵای هەموو ئەو بەهایانەی کەلەسایەیدا مرۆڤ لەتوانایدایە ببێتە کاکە نەوەکانی دیکەی ئەم نیشتمانە .

سەردەمی ڕووداوەکان لە نێوان ساڵانی هەشتاکان تاکو نیوەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودایە.

یەکەم / ئازایەتی
ساڵ / ١٩٨٣
شوێن / رەزگەومارەدوو – قەلاتوکان – وەرتێ
لە پشتی قەڵادزێ کەوتینە بەر لێشاوی بۆردومانێکی زۆر سەختی تۆپ و هاوەنی ڕژێمی بەعس بۆ سەر ناوچەکە، لە ئاکامی ئەو بۆردومانەش هەشت شەهید و دوازدە بریندارمان هەبوو (شەهید بەدرەدینی تیپی 21 کەرکوک و حەوت پێشمەرگەی تر ). لەسەرەتای بۆردومانەکەدا تا تۆپی سێەمیش کە بەنێومان کەوت کەسمان گویمان پێنەدا ئەگەر چی زۆر نزیک بوو لێمانەوە، دواجار بریاردرا بڵاوەی لێبکەین تا زیان کەمتر بێت.
ئێمە وەک دەستەکەی کاکە نەوە ( هاورێ جەبار. حەمە علی هەڵەبجەیی. شەهابی شێخ کامیل. خەبات چاوشین. نەورۆز زڕگوێزی ) چواردەوری کاکە نەوەمان دا بوو، تا ئەو زیانی بەرنەکەوێت، لەڕاستیدا بیرکردنەوەی ئێمە لەپاراستنی کاکە نەوە لە زییان، لەبەرامبەر بۆردوومانێکی ئاوا دڕندانەدا، تەنها ئەوەندەی بۆ ئێمە تێدابوو هەرچییەک بەسەر ئەو دێت با بەسەر ئێمەش بێت. داوای کرد لێێ دوورکەوینەوە ، بە گوێمان نەکرد، تا دواجار بە تورەیی و بۆلە بۆلەوە لێێ دوور کەوتینەوە.
دواتر پێێ ووتین.. ببورن بۆیە توڕەبووم، ووتم گەر تۆپێک لە من بدات بۆ ئێوە بەهۆی منەوە بکوژرێن، تەنها مەبەستەکەم ئەوە بووە، ئەمەش ڕێک پێچەوانەی ئەوەبوو کە ئێمە بیرمان لێدەکردەوە.
کاکە نەوە سەرکردایەتی هێرشێکی دەکرد، کە خۆی دایرشتبوو . ئێمە کەوتبوینە سێگۆشەیەکەوە، لە دوولاوە فیشەکی دوژمن دەیگرتینەوە، ئەو بە پێوە بەرەوپێش دەچوو، ئێمەش لەگەڵی تا کۆتایی بە پێوە ماینەوەو ئەوەی پێی بوترێت دانیشتن و خۆدانەواندن و خۆ پاراستن نە لە ئەوو نە لە ئێمەدا بوونی نە بوو. ئەم ڕەفتارە ڕاستە لە ڕووی سەربازییەوە بێماناییەکی تێدایە، بەڵام لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەتایبەت لە لایەن ڕابەروسەرکردەوە نماییشکردنی بوێریی و ئازایەتیی و بەخشینیی وورەی لە خۆ دەگرت.
لە وەرتێ ماوەیەکی زۆر ڕۆژانە رژێمی بەعس بە تۆپ و فرۆکە بۆردوومان دەکرایین، عەسرێکی درەنگ بۆردوومانی تۆپ زۆر سەختر بووە لە سەرمان.
پێێ ووتین: برۆن لەناو بەردەکاندا خۆتان بشارنەوە، من و سێ برادەر ( کاک بەختیار مستەفا و خەبات و برادەرێکی تر بووین )چوینە ئەشکەوتێکەوە لە دۆڵێکی شاخی کاروخ .
برادەرێک ووتی ( …. ) بڕۆ بە کاکە نەوە بڵی با بێت بۆ ئێرە.
ووتم: نایەت، زۆری ووت، تا کاک بەختیاری برای ووتی، وازی لێبێنە نایەت، دواتر زۆری لێکردم کە بچم پێی بڵیم . کە چومە لایی و پێم ووت فڵان کەس وادەلێت.
ووتی ( بە تورەیەوە ) پێی بڵی با ئەو لەوێ بێت من هەر لێرە دەبم و ناڕۆم، مایەوە بێ ئەوەی جێگای دانیشتنی خۆی جێ بهێڵیت، خەریکی جگەرە کێشان بوو، سوور بوونی کاکە نەوە لەسەر ئەم ڕەفتارەی جارێکی تر نماییشکردنی ئەو بوێریی و ئازایەتییە بوو کە خەموو پەرۆشیی بۆ پاراستنی گییانی پێشمەرگەی لەپێش گییانی خۆیەوە دادەنا.

دووەم/ پەیوەست بون بە بریارەوە 
ساڵ / 1983
شوێن / خەتێ.
نانی نیوەرۆمان خواردبوو.
لەگەڵ شەهیدا ئازاد هەورامی و کاک قادر حاجی علی و کۆمەڵیک برادەر خەریکی قسە بووین. برادەرێک پێی وتم کە کاکە نەوە بانگت دەکات.
خۆم گەیاندێ و ووتم، فەرموو چێت دەوێت .
ووتی: (بەڵکو ڕۆژ ژمێرەکەتم بدەیتێ تا ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو یاداشتکەم ).
ووتم: ببورە تایبەتە بە خۆم.
بە پێکەنینێکەوە ووتی دە باشە بەس ڕۆژەکان لەکوێ بووین ئەوەم پێ بڵی، هێشتا تەواو نەببوین، برادەرێک سڵاوی کرد و ووتی فەرموو بانگت کردبووم .
یەکسەر کەوتە سەرزەنشتکردنی و ووتی، دەبێ بڕیار وەک خۆی جێبەجێبکەین، ئەمە شۆڕشە و حەزی کەسێتی بوونی نییە.
ئەویش بەرگری لە خۆی دەکرد، دیار بوو کێشەیەک ڕوویدا بوو، دواتر تێگەشتم چییە، پێم خۆش نەبوو لەوە زیاتر بمێنمەوە، چونکە برادەرەکە قارەمانێکی زۆر ناودار و ئازا و دڵسۆز بوو وە بۆ من شییاو نەبوو لە ڕووی ئاکاریی پێشمەرگایەتییەوە لە کاتی لێپرسیینەوە لە هەر کەسێکمان ئەوانی دیکەمان چاو لەسەری ڕووداوەکە بن.
دیارە ئەم هەڵوێستەی کاکە نەوە پیشاندانی ئەو گیانی بەرپرسییارێتییەیە کە لەو کەسایەتییەدا هەیە بۆ نووسینەوەی ڕووداوەکان و جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسییارێتییەکان وەک ئەوەی کە دەبێت هەبێت نەک وەک ئەوەی کە خۆسەریی دەستییان بۆ ببرێت و ئەنجام بدرێن.

سێیەم / لەبارەی ناسینی کەسایەتیەکانەوە
ساڵی 1984، شوێن: سورداش:
لە گەڵ شەهید ئازاد هەورامی هاتنە دەرەوە کە بەسەردانێک چوبوە دەزگای رۆشينبیری کۆمەلە، لە حەوشەکە قسەیان دەکرد، منیش خەریکی گفتوگۆ بووم لەگەڵ ( کەسێک ) کە خۆی بە هونەرمەندێکی گەورە دەزانی، تا کاتێکی بۆ رێک خەم لەگەڵ کاکە نەوە یەک ببینن .
چومە لای پێش ئەوەی من قسە بکەم.
پرسی: ئەوە کێیە؟
پێم وت: فڵان کەسە .
کەمێ تێێ راما…
ووتی: چۆن دەیبینیت؟
ووتم / لەوە ناچێت کەسێکی شایستە و باش بێت،
خۆی بە کەسێکی زل دەزانێت.
ڕوی کردە شەهید ئازاد و ووتی: وەڵا منیش وای دەبینم، مادام وایە بڵی: کاتم نییە بۆ بینینی.
بە داخەوە دوای ماوەیەک دەرچوو کە خاوەن کەسایەتییەکی کەمە، کەسێکی خۆویست و مادیی بوو.
ئەم ناسینە پێش وەختەی بۆ کەسایەتییەکان، یەک لەو خەسڵەتانەبوو کە لەو پیاوەدا بوونی هەبوو، ئەمەش بۆ ژیریی و دوور بینی ئەو دەگەڕایەوە لەو کایەیەداو توانای ئەوەی پێ بەخشیی بوو، کە خۆی لەو جۆرە کەسانە بپارێزێت و کاریگەریی و ڕەنگدانەوەی خراپیان نەبێت لەسەر هەم خۆیی و هەم دەوروبەریشی.
ئەمە نمونەیەکە، دەیان نمونەی ترم بینیوە ، کە دواتر بۆمان دەرکەوتووە کە پێشبینیەکانی راستن.

چوارەم: خاوەن قسەی خۆی بوو
ساڵی 1984.
شوێن: کوروان ( ئاوەژێ ) کە بارەگای سەرەکی خۆی بوو.
کەسێکی گرنگ و ناودار هاتە لای، دواتر ووتی نەورۆز بیبەرە لای مام جەلال، بەس نەیەڵی کەس بیبینێت.
بردمە لای مام و لە گەڕانەوەدا، برادەرێکی سەرکردایەتی لەسەر ڕێگا مان وەستا بوو ، دەستی ڕاگرت تا سواری کەم .
نەوەستام و بە خێرایی بە برادەرەکەم ووت، سەر بکە بە ژێر داشبڵەکەدا تا نەت بینن، ئەویش وای کرد.
دوای دوو ڕۆژ کاکە نەوە بانگی کردم و ووتی.
تۆ چیت هەیە لەگەڵ فلان کەس؟
ووتم: هیچم نییە.
ئەی بۆ دەستی لێراگرتویت و بە تەنهاش بوویت، سوارت نەکردوە .
ووتم: نازانم بە قسەی تۆ بکەم یان ئەو .
تۆ ووتت با فڵانە کەس کە ناردبوت لەگەڵم، کەس نەیبینێت، ئێستەش وا دەڵییت!
کە تێگەیی لەکاتی بردنی ئەو برادەرەدا بۆ لای مام جەلال ڕوویداوە، ووتی دەستت خۆش ئاوا نهێنی پارێزبە.
لەم هەڵوێستەیدا ئەوەم بۆ دەرکەوت، کە ئەو پیاوە هەرکات بیزانیایە هەر کەسێک لە هەر ئاست و پلەیەکدا بێت، کاتێک کە ئەرکەکانی خۆی دروست جێبەجێدەکات و پابەندی ئامۆژگارییەکانی کارکردنە، لەسەر ئەوە لەگەڵ هەر کەسێک جا لەهەر ئاست و پلەیەکدابووایە، بە کێشە بهاتایە، ئەو پشتیوانی ئەو کەسەی دەکرد، ئەمە بۆ ئێمە گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو، بەتایبەت لە هەلومەرجێکی دژواری وەک خەباتی شاخدا، چونکە هەمیشە هەستی ئەوەی دەداینێ گەر پابەندبوونە دسپلینیی و شۆڕشگێڕییەکانی خۆمان بپارێزین و لەسایەیدا کار بکەین، لەسەر ئەوە لەگەڵ هەر کەس و لێپرسراوێک بە کێشە بهاتینایە، ئەو ڕاستەوخۆ پشتیوانیی دەکردین و ئەمەش وای لە پێشمەرگە دەکرد، کە لە ئاست دڵسۆزیی و ئەرکەکانیدا ئەو بە پشت و پەنا بزانێت و پەنای بۆ بەرێت، چونکە ئەو بڕوایەی پێدابووین، کە ئەو خاوەن قسەی خۆیەتیی و بە هەموو توانایەکییەوە داکۆکیشی لێدەکات.

پێنجەم: بەرپرسیارێتی مێژووییەوە

ساڵی 1983، شوێن: ( نهێنی ) .
لەگەڵ مام جەلال بە بێ سییم (جیهاز) قسەیان دەکرد .
کاکە نەوە ووتی: مام جەلال ، ئەوەی لەسەر من بوو جێبەجێم کرد، کە بە بڕیاری سەرکردایەتی بڕیارمان لەسەر دابوو، بەڵام هەندێ کەس دژم وەستاونەتەوە و نایانەوێت هەمان بڕیار جێبەجێ بکەن، من بەرامبەر بە مێژوو و وویژدانم بەرپرسیارم لەمە، گەر کەسانی تر جێبەجێی ناکەن، ئەوا من وەک بڕیاری گشتی جێبەجێم کرد ، با من ببمە وانە بۆ مێژوو و پەشیمان نیم لێێ.
مام جەلال: نا کاکە نەوە ئەوە بڕیاری سەرکردایەتی بووە و وەک مێژوو هەمومان لێی بەرپرسیارین، گەرچی هەندێک جێبەجێیان نەکردوە ، دیارە دەبێ ڕوونکردنەوەیان هەبێت .
ئەم یادەوەرییە ئەوەی لەو پیاوەدا نیشان دەدا، کە بڕیارەکانی سەرکردایەتیی شۆڕشی وەک بەرپرسییارێتی مێژوویی وەردەگرت و پێی وابوو کە پابەند بوون پێیانەوە، زیاتر لەوەی کە بڕیارێکی شۆڕش بێت بڕیاری مێژوویین و جێبەجێکردنیشیان ئەنجامدانی بەر پرسییارێتی مێژوویین و کارکردنە بۆ مێژوو زیاتر لەوەی کارکردن بێت بۆ شۆڕش.

شەشەم: ڕاست گۆیی و قسە لە ڕووییەوە.

ساڵی 1984.
شوێن: مێرگە پان.
کۆنفرانسی سێیی کۆمەڵە بوو، ڕۆژانە لەگەڵ کاکە نەوە دەڕۆشتینە ئەوێ، هەندێ شەویش لەوێ دەماینەوە، لە ڕاستیدا ئەوێ دووپشکی زۆر بوو، بۆیە من لە ترسی دوپشک لە ئۆتۆمۆبیلەکەدا دەخەوتم، ئەو لە ناو چادرێکدا بە تەنها دەخەوت.
نیوە رۆژێکیان لە کۆنفرانسەکە دانا بۆ بەرێز مام جەلال .
بە کۆمەڵێ کتێبەوە هاتە کۆنفرانس، چەند کاتژمێرێک وتاری پێشکەش کرد، لە زۆربابەتی هونوکەیی و فکری و مێژووی دوا.
دواجار وەک گلەیی لە هاوڕێیانی کۆمەڵە، کە بە ناحەق و بێ بنەما قسەدەکەن بەرامبەر خۆیی و کاکە نەوە .
فەرمووی: بیستومە کە دەڵین کاکە نەوە جەلالییە.
ئێستە بۆتان دەسەلمێنم کە ئەوە وانییە… بەڵگەم هەیەو کاکە نەوە خۆی ئامادەیە.
کاک نەوشیروان هەر ڕۆژەی لە جێگایەک دادەنیشت.
مام فەرمووی: کاکە نەوە لە کوێیت..؟
لەناو برادەراندا ڕاست بویەوە و ووتی: لێرەم مام جەلال.
مام پرسی.
سوێندت دەدەم بە خوێنی شەهیدان کە ڕاست وەڵامم بدەیتەوە تا هەموان گوێ بیست بن.
کاکە نەوە. وەڵا مام جەلال بەڕاستی وەڵام دەدەمەوە.
مام: لەوەتەی من و تۆ پێکەوە کار دەکەین، من چەند بڕیارم داوە و تۆ پێت باش نەبووە و ڕەتت کردۆتەوە.
کاکە نەوە… پاش کەمێ وەستان و بە زەردەخەنەیەکەوە، وەڵا مام جەلال هەر زۆر زۆر بیرم نایەت چەند بوبێت.
مام جەلال.. دەیی باش تۆ چەند بڕیارت داوە و من ڕەتم کردبێتەوە. دوبارە بە پێکەنینەوە: …….. وەڵا پێم شک نایەت هەرگیز لە بڕیارێکی مندا دژم بوبیت یان بە دڵت نەبوبێت یان رەتت کردبێتەوە.
مام جەلال فەرموی: دەی کوڕینە کاکە نەوە جەلالییە یان من نەوشیروانییم؟!
پێکەنینێک لە هەمووانەوە بەرز بۆوە.
کاکە نەوە هەرگیز ناڕاستی قبوڵ نەبووە و قسەی خۆی هەبووە لەسەر هەر شتێک ، نە شەرمی کردوە و نە لەڕوودا داماوە تا ڕێگر بن لە ووتنی ڕاستیەکان .
لەبارەی ئاکاری ڕاست گۆیی و قسە لە ڕوویی ئەو پیاوەوە سەدان نمونە و بەسەرهاتم لایە، ئەم هەڵوێستە هەر چەندە لەڕواڵەتدا وەک ڕەفتاریی کە سێتی نێوان دوو سەرکردە لەگەڵ یەک دیارە بەڵام لە ناوەڕۆکدا ڕاستەوخۆ لەلایەک چارەسەری یەک ڕیزیی و دوورخستنەوەی بوو لە دەستە گەرێتی کە خەمیی هەردووکیان بوو ، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو ڕاست گۆیی و قسە لە ڕوییەی ئەوی نیشاندەدا کە خەسڵەتی کە سێتیی ئەو خاوەنی بوو.
ئەمەش ئەو ڕاست گۆیی پابەند بوونەی بە پرنسیپەکانی گییانی شۆڕشگێڕێتییەوە دەسەلماند کە ئەو بۆ هەر یەک لە ئێمە دەی خواست هەبن .

حەوتەم: سادەیی
ساڵی 1984.
شوێن / دۆڵی مەرگە ..
بەردەوام جل و بەرگی سادە بوو، خواردن و ژیانی کەمتر نەبوبێت لە چواردەورەکەی زیاتر نەبووە، زۆر گرنگی بە ڕوخسار و جلوبەرگی نەدەدا .
کەوتبووە بەر ڕەخنەی زۆر کەس و دەیان گوت جوان نییە کاک نەوشیروان بەو جۆرە دەردەکەوێت .
دەستێ قوماشی شاڵی شینیان بۆ هێنا و دواتر بۆیان دووری( دلسۆزێک پێشکەشی کرد ) ، ئێمەش خۆشحاڵ بووین بە جلە تازەکانی ، هەر لامان خۆش بوو بە بەرگێکی ترەوە دەرکەوێت .
هەر بۆ خۆشی و گەران لەگەڵ کۆمەڵیک برادەری بارەگاکەی چووین بۆ گەران لە کانی توو و کۆمەڵیک وێنەشمان گرت ( وێنەکانم لایە ).
بەڵام وای لێهات بەردەوام لە بەریدا بوو، رۆژ و شەوی بۆ نەبوو، ئەمە وایکرد ئاواتە خواز بووین فرێێ بدات و نەیبینینەوە .
ئەوەنە چڵکن و چرچ ببوو، زۆر ناشرین دەردەکەوت.
باڵەکانی تا دواوە هەڵدڕابوو، زیاتر لە پیاوێکی هەژارو ماندوو دەچوو وەک لەوەی لە سەرکردەیەک بچێت، ئەم سادەیی دەرکەوتنە لەودا جگەلەوەی کە خۆجیانەکردنەوەی ئەوی تێدابوو لە هاوڕێ و هەڤاڵەکانی لە هەمان کاتیشدا ئەوەی دەنواند کە ئەم شۆڕشە شۆڕشی هەژاران و چەوساوەکانی گەلێکی بێ پشت و پەنای خاوەن نیشتمانێکی پەرت کراوەو حاڵ و گوزەرانی لە حاڵ و گوزەرانی ئەو باشتر نییەو ناخوازێت لەو باشتر بێت.

هەشتەم: دڵداری و خۆشەویستی
ساڵی 1983.
شوێن: بالیسان ماڵی دکتۆر ( کمال خۆشناو ) .
پێشمەرگەیەک هاتبوە لای و داوایدەکرد کە خوازبێنی کچێکی بۆ بکات، ووتی: ناچم … زۆری هەوڵداو پاڕایەوە کە دڵی پێوەیەتی و یەکیانخۆش دەوێت.
ووتی: هەر ناچم بۆت داوا بکەم
ووتم: تۆ چوزانی، لەوانەیە بیدەنێ ، تۆ بۆی بخوازە.
ووتی: نایدەنێ … من دە زانم ئەوان شێخن و ئەمیش مسکێن.
دواتر ووتم: جا ئەوە چی تێدایە، یان خۆت هەرگیز حەزت بە ژنان نایەت.
ووتی: بۆ وادەڵییت و بۆ وا لەمن گەشتوییت؟
ووتم: لەوەتەی لەگەڵتام هەرگیز باسی ژنت نەکردوە، وەک ئەوەی بونیان نەبێت لە ژیانتا.
ئەو کوڕە دڵی بەو کچەوەیە و یەکتریان خۆشدەوێێت.
ووتی: خراپ لێم تێگەشتویت، وەرە با دانیشین و بۆت باسبکەم.
کە من ووا نیم و هەر بۆ زانیاریت دڵداریشم کردووە.
خۆی لە من زیاتر زەردەخەنەی دەکرد.
بە پێکەنینەوە ووتم: ووتت خۆشەویستی واتە دڵداریی ؟
ووتی: بەڵێ دڵداریم مەبەستە، بەردەوام بوو..
کاتێک لەبەغداد دەمخوێند، کچێکی جوانمان لەگەڵ بوو، هەموو کوڕەکانی تێکدابوو، کەس نەیدەوێرا پێێ بڵی کە خۆشی دەوێت، چونکە جوانیەکەی لە رادە بەدەر بوو .
منیش لام جوان بوو، بەڵام ئەو زۆر لوت بەرز بوو بە جووانیەکەیەوە دەنازیی.
بە هاورێکانم ووت کە ئێوە ناوێرن وا من دەچم پێی دەڵیم .
هەردووکمان بەزەردە خەنەوە سەیری یەکمان دەکرد.
ووتی: بەیانی کە هات چوومە بەردەمیی و پێموت: تۆ زۆر جوانیت من حەزم لێتە، وەرە باببین بە هاورێ .
منیش بە زەردەخەیەکی گاڵتە ئامێزەوە سەیرم دەکرد و گوێبیستی بووم و پرسیم: ئەمە تۆ … ئەی ئەو ووتی چی؟!
وەڵاووتی: … من زۆر ڕقم لە تۆیە و نامەوێ دەم و چاویشت ببینم، بە پێکەنینەوە .
منیش یەکسەر ووتم: دەبڕۆ ( ….. ) .
هەردوکمان دامانە قاقای پێکەنیین، ووتم: ئەمە بوو دڵداریەکەت ….هاهاهاها .. تۆ بۆ شەڕچویت یان دڵداریی؟
زۆر شتی تری بۆ باسکردم، دواتر ووتی: با بزانیت من دژی ژن نییم، بە زەردە خەنەیەکەوە وەڵامێکی بێدەنگم دایەوە.
بە زیندوو مانەوەی ئەم لایەنە سۆزداریی و هەست ناسکییە لە کەسێکی وەک ئەودا و لە هەلو مەرجێکی دژواریی خەباتی شاخدا کە هەمیشە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەختدا بوو لەگەڵ دڕندانە ترین ڕژێمی سەردەمەکەدا ئەو لایەنەی کەسایەتیی ئەوی نیشان دەدا کە بە ئەگایە لە ئەوی دیکەی ڕەگەزیی مێ و بەتەواوکەری ژیانی دەزانێت هەروەک ئەوەی کە هەیەو ئاگایشیی لە پێکهاتەی کۆمەڵی کوردەواریش وای لێدەکرد ووشیار بێت لەگەڵ ئەو پرسانەداو خۆسەریی مامەڵەیان لەگەڵدا نەکات و بە یەک لەو گرفتانەی دەزانی لە فەرهەنگی کوردەواریدا کە چاوی لە چارەسەرکردنیان بڕیبوو.

نۆیەم: خواردن و خواردنەوە
لە ژیانمدا نەمدیوە داوای خواردنێکی کردبێت ، هەرچی هەبوایە لە وەی دەخوارد ، بەڵام چ خواردنێک ، منداڵیکی دوو ساڵی پێ تێر نەدەبوو، چای خەست و بێ شەکر و جگەرە … خۆشترین شت بوو لای ، هەندێ جار چام بۆ دەبرد، کەمێ ڕوون و شەکرم تێدەکرد و تێکم دەدا ، کە دیخواردەوە ، دەیگوت: فێڵم لێمەکە، ئەو چایەم بۆ بێنە کە خۆم حەزم ڵێیەتی، دەموت: ئاخر خراپە، بە زەردە خەنەیەکەوە دەیگوت: ژیانی خۆمە تۆ حەقت چییە بەسەرەوە، ناخۆشترین شت ئەوە بوو لەگەڵی نانت بخواردایە ، من هێشتا ەکردبوو ئەو گەرم نەببوم ئەو تەواو دەبوو و دەکەوتە جگەرە و چا خواردن، ئەو کات من زۆر خۆر بووم ، ناچار بووم دەست بگێرمەوە ، هەرچەندە لە زۆر شوێن دەیگوت حەقی منت نەبێت نانی خۆت بخۆ ، دەزانم تۆ زۆر خۆریت.
ئەم ڕەفتارە لە خواردن و خواردنەوەی ئەودا دەگەڕایەوە بۆ سروشتی خۆیی و خوازیار نەبوو تێکی بدات و وا کەوتبوویەوە کە لەو هەلومەرجەدا خزمەتی بەو دەکرد، چونکە ئێمە زۆربەی کات بە سکێ تێرو بە دە برسیی ژییانمان دە گوزەراند و ئەو کەم خۆریی و قەناعەت خۆرییەی ئەو زۆرجار دەبووە مایەی ئەوەی کە ئێمەش بەوە ڕازیی بین کە هەیەو گوێ بەوە نەدەین کە نییە یاخود نە بوونی نەبێتە کێشە و خەمیی پەیداکردنی نەبێتە مایەی ڕیسککردن بە گییانی هاوڕێو هەڤاڵەکانمانەوە.

دەیەم: من سەرکردە نییم
ساڵانی دوای ڕاپەرین
لە گردی علی ناجی لە ماڵەکەی خۆی دانیشتبوین
کاکە سیروان جەمالی کەشکۆڵی ئەزیز ئاگاداری کردمەوە کە سەیری کەشکۆڵ بکەم، بابەتێک هەیە زۆر جوان و بەهێزە، وا بکەم ئەویش سەیری بکات، ووتم هەوڵەدەم .
کاکە نەوە: نەورۆز ئەوە بۆ ناڕۆیتەوە بۆ لای ماڵ و منداڵەکەت ، هیچ مەوعیدێکمان نەماوە .
ووتم: بەڵی ڕاستدەکەیت، بەڵام دەمەوێت سەیری بەرنامەی کەشکۆڵ بکەم، گەر برۆمەوە تا دەگەمەوە ماڵ تەواو دەبێت ، بە نیازم لێرە سەیری بکەم، بۆ تۆش سەیری ناکەیت.
ئەو زۆر پشتیوانی برادەرانی بەرنامەی کەشکۆڵ بوو، هانی دەدان کە نەترسن و هەموو شتێکی نابەجێ و ناشرین بکەنە کاریکاتێر و باسی بکەن، ووتی: خۆ خراپ نییە، دەی باشە پێکەوە سەیری دەکەین.
رۆشت و کە گەرایەوە دوو پەرداخ ویسکی بەدەستەوە بوو، ووتی هەم دەشخۆینەوە و هەم سەیریش دەکەین.
ئەوە دووەم جار بوو کە پێکەوە بخۆینەوە، زۆر جار رێکەوتووە بەلام رووم نەدەهات لەگەڵی دانیشم، هەردوو جارەکەش لەسەرداوای خۆی بووە، ئەگەرچی رازی نەبووم بەلام دەیووت ئاساییە و بۆ شەرم دەکەیت، من دەزانم کە دەخۆیتەوە، ناچار بووم و دڵیم نەشکاندا .
بەرنامەکە تەواو بوو.
بووە بابەتی گفتوگۆمان، زۆر شتمان باسکرد کە بەهۆی بەرنامەی کەشکۆلەوە بونە بابەتی گفتوگۆمان .
لە بابەتێکا ووتم: بەرێزتان وەک سەرکردەیەک … نەیهێشت قسەکەم تەواو بکەم و پرسی: وابزانم لە شاخیش ئەم قسەیەم گوێ لێبوو و گفتوگۆشمان لەسەریکردووە .
ووتم: بەڵی ڕاستە.
ووتی: پێدەچێت ئەقڵی سیاسی تۆ گەشەی نەکردبێت .. وا دووبارە بە سەرکردە ناوم دەبەیت، من خۆم وا نابینم سەرکردە بم، تۆ چۆن وا دەڵێێت، کەوتینە مناقەشەیەکی قوڵەوە، دەمویست دیدی خۆم لە مەڕ سەرکردەبوونی ئەو بسەلمێنم و ئەو بە پێجەوانەوە دژم دەوەستایەوە، هەردووکمان نمونەمان زۆر باسکرد .
من زیاتر گوێگربووم … لەبەرئەوەی نەدەکرا لە زۆر بابەتدا زیادەڕوۆیی بکەم کە تەواو قسەکان و بابەتەکانی ڕاست بوون، بەڵام دواجار ووتم: لەگەڵ ئەوانەشدا هەر سەرکردەیت، گەر ئەمڕۆ خۆت وانازانیت بەڵام لە ئایندەدا دەبێ بزانیت.
ئەو هەر پێدەکەنی و ووتی دیارە هیچ بڕوا بە قسەکانم ناکەیت، ووتم: بڕوام پێتە.. بەڵام من و زۆری کورد وای دەبینن.
ووتی: نا وا نییە.
سەرکردە بوون سیفاتی خۆی هەیە و من نەگەشتومەتە ئەوەی کە تەواوی سیفاتەکانم هەبێت، دواجار و دوای گفتوگۆیەکی درێژ ووتم: گەر بە ووتەکانی تۆ بێت کورد سەرکردەی نییە.
بە پێکەنینەوە ووتی: نا وا نییە .. کورد سەرکردەیەکی بەتواناو تەنهای هەیە کە لەهەموو سیفەتەکانەوە تەواو و گەورەیە.
بە مانای سەرکردە بەس ئەوە و کەسی ترمان نییە.
پرسیم کێیە …. وا ئەوەنە بڕوات پێیەتی
ووتی: مام جەلال … ئەو تاکە سەرکردەی کوردە، کە مێژووی سەلماندویەتی کەسێکی سیاسی و دووربین و لێزان و دبلۆماسی و بەرچاو ڕوون و خەم خۆرە ، کورد تەنها ئەوی هەیە و بەس.
ئەوەی سەرەوە مشتێ لە خەرواریی ئەو سەدان ڕووداوەن کە چاوم لەسەر باسکردنیانە ، ئەم بەشیی یەکەمەی یادگاریی و یادەوەرییەکانم گوڵ بژێرێکی ئەو ڕوداوانەن کەخۆم تیایدا ژییاوم و لە هەریەکەیان وانەیەکی گەورەم وەرگرتوە ، ئەو سەرکردە و ڕابەرە مەزنەم تێدا ناسیوە.
(کاکە نەوە) کە ئارەزومە هەموو دڵسۆزانی کورد بەو ناوە بانگی بکەن، هەم وەک برایەکی گەورە و بەرێز و هەم وەک سومبولێکی ڕابەرایەتیی و سەرکردایەتیی لە وویژدان و ڕۆحماندا بە زیندووی بمێنیتەوە و هەست نەکەین لێمان دوورە و ببێتە چرا ڕۆشنەکەی ژیانی خەباتمان و ووتە و کردار و ڕەفتارو ژیانی بەرێزیان، وانە مەزنەکەی خزمەت و ڕاستگۆیی و تێکۆشان و بێ هیوانەبوون بێت، بۆ گەشتن بەو هیواو ئامانجەی کە ئەو خۆی پێشکەشکرد، بڕوام وایە لای ئەو کەسانەی وەک ئەو ویژدان و هەستی دڵسۆزی و گەشتن بە ئامانج دوا ئاواتیانە، کاکە نەوە و ئاوات و هیواکانی هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.
خۆشيەویستی بێ سنورم بۆ برای ئازیز و بەرێزم کاکە ( ئارام حاجی )دڵسۆز کە پێداچونەوە و دارشتنەوەی بۆ نوسینەکە کرد.
هەردوکمان بە پەرۆشەوە کارمان تێداکرد تا زوو بگاتە دەستان، ئەو کات من سەرقاڵی کاری بژێوی خۆم بوو و کاتم کەم بوو ، خۆشبەختانە و بە سوپاسی زۆرەوە کاکە ئارام خۆبەخشانە و دڵسۆزانە ئەو ئەرکەی گرتە ئەستۆ ، کە مایەی رێزێکی زۆرە و هەرگیز لە یادی ناکەم، دڵسۆزی و پەرۆشی بەرێزیان نەبوایە، ئەم نوسینە دوا دەکەوت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت