Newshirwan-Stivan

نەوشیروان مستەفا دەڵێت : لە ئێستادا مەسعود بارزانی بەدیلی نییە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەوشیروان مستەفا .. لە گردەکەوە بۆ پیرمام

شیکاریی : ستیڤان شەمزینی

نەوشیروان مستەفا ئۆپۆزیسیۆن لە ناو دەبات

*  وەک نێچیرڤان بارزانی وتی ” ئیدی ئۆپۆزیسیۆن نەماوە “. ئیسلامییەکانیش ناچارن شوێن پێی نەوشیروان هەڵبگرن کە ئێستا دەرسیان وەرگرتووە و دەزانن بە شێوەیەکی مناڵانە لە ناو گەمەیەکی دیماگۆگیانەی گۆڕان و رێکخەرەکەیدا بوون .

* نەوشیروان مستەفا دەڵێ لە ئێستادا مەسعود بارزانی بەدیلی نییە

* نەوشیروان مستەفا رازی بووە پرسی دەستوور وەک خۆی بمێنێتەوە

* نەوشیروان مستەفا لە کۆبوونەوەکەی پیرمامدا داوای کردووە بارزانی برا گەورە بێت

* بزووتنەوەی گۆڕان بە کردار وازی لە گۆڕینی سیستمی سیاسیی هێناوە

رۆژی 25ی نۆڤەمبەری رابردوو، نەوشیروان مستەفا ، رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان ، گەیشتە هاوینە هەواری پیرمام و چاوی بە مەسعود بارزانی ، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوت ، لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی نێوان نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی ، زۆر پرسی گرنگ تاوتوێ کراون ، لەوانە حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و پرسی یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانی کورد . ئەوەی تا ئێستا لە راگەیاندنەکاندا باسی کراوە هەر ئەو پرسانەیە کە تایبەتە بە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەت . شرۆڤەکارانی سیاسیی لە چەند لایەکەوە خوێندنەوەیان بۆ سەردانەکەی نەوشیروان مستەفا کرد ، بەتایبەت ئەم چوونەی بۆ لای سەرۆکی پارتی ، خۆی لە خۆیدا مانای داننانە بە سەرۆکی هەرێم ، ئەوەش پێچەوانەی ئیدعاکانی خودی خۆی و راگەیاندنی حزبەکەیەتی .

سەردانەکەی نەوشیروان مستەفا ، بۆ پیرمام، لە چەندین رەهەندەوە ، شایانی خوێندنەوەیە ، بەتایبەت ئەمە بە گۆڕان لە سیاسەتی گۆڕاندا دێتە هەژمارکردن ، چوونکە دروشمی بانگەشەی هەڵبژاردنی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی 21 ی ئەیلوول ، بەرەو دەسەڵات بوو ، بەڵام ئێستا هاتۆتە سەر بەشداریی لە دەسەڵات ، لێ چاوەڕوان دەکرا ، سیناریۆی تر بێتە پێشەوە ، کە گۆڕان بۆ لاوازکردنی پارتی بیگرێتە بەر ، بەتایبەت کە یەکێتی کەوتبووە دۆخێکی نوێ و بە فەرمی بووە هێزی سێیەم ، بەڵام رەوتی رووداوەکان پێچەوانە بوونەوە و نەوشیروان مستەفا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەو هێزەی ماوەی نیو سەدەیە بەرهەڵستی دەکات ، ئەمەش لەلایەک مامەڵەیە لەگەڵ دیفاکتۆی سیاسیی ، لەلاکەی ترەوە نائومێدبوونی گۆڕانە بەرانبەر بەو ئەنجامەی لە هەڵبژاردن بەدەستیهێنا ، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرد بگاتە دەسەڵات و رێژەیەکی نزیک لە پارتی کورسی و دەنگ بهێنێت ، بەڵام هاوکێشەکە بەو شێوەیە نەبوو ، پارتی 14 کورسی و نزیکەی 300 هەزار دەنگ کەوتە پێش گۆڕان .

نەوشیروان مستەفا ، لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنی بزووتنەوەی گۆڕاندا، ڤۆکەسی کاری کردبووە سەر پارتی ، چوونکە پێیوابوو یەکێتی دوای 25-7-2009 کەوتۆتە دوای گۆڕان ، بۆیە نۆرە هاتۆتە سەر پارتی ، هەر لەم روانگەوە بەردەوام لە رێگەی پەیامە تایبەتەکانییەوە مژدەی گۆڕینی سیستمی سیاسیی لە کوردستان بە دۆست و هەوادارانی دەدا ، تا ئەو ئەندازەیەی چەند رۆژ پێش 17ی شوباتی 2011 بە ئاشکرا و بە روونی وتی ” هاتنی ئیزرائیل بۆ دەرکێشانی رۆحی دەسەڵاتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان نزیک بۆتەوە “. کەچی لە ماوەیەکی کەمدا و دوای دوو ساڵ ، تەواوی هاوکێشەکە هەڵدەگەڕێتەوە و خەونی نەوشیروان لە دیدارێکی سەرۆکی پارتی بۆ پشکداریکردن لە حکوومەتێکی نوێدا بە سەرۆکایەتی پارتی و یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی کورت دەبێتەوە . ئەمە ئەگەر لەسەرێکەوە وردبینی سیاسیی نەوشیروان بخاتە روو کە نایەوێ پێچەوانەی شەپۆلەکە مەلە بکات ، بێگوومان لەلایەکی ترەوە زادەی بێهیوابوون و نائومێدبوونە لەوەی بتوانێ ببێتە ژمارەیەکی قورس و کاریگەری دەسەڵات .

کۆبوونەوەی داخراو و دوو قۆڵی

یەکێک لە دروشمەکانی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا، شەفافیەت و روونیی سیاسیی بوو . کەچی لەم دۆخەدا دەبینین خودی گۆڕان و نەوشیروان بە خۆشحاڵییەوە دەچنە ناو کۆبوونەوەی داخراو و دوو قۆڵیی ، ئەمەش نیشانی دەدات ، بانگەشەکانی گۆڕان تەنیا جۆرێک بووە لە مزایەدەی سیاسیی بە تایبەت ئەم مزایەدە لەسەر یەکێتی کراوە ، کە رەخنەیان لە یەکێتی دەگرت بەهۆی رێککەوتنی ستراتیجی و لە ژوور و کۆبوونەوە داخراو و نهێنییەکاندا بوونە پاشکۆی سیاسیی پارتی . بۆ چاودێرانی سیاسیی ئەمە دیاردەیەکی تازە بوو ، کە نەوشیروان مستەفا وەک رابەری هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن گوایە دەیەوێ کۆمەڵگەی کوردستان بە دامەزراوەیی بکات ، گوایە دەخوازێ هەموو شتێک روون و لە بەرچاو بێت ، بەڵام ئامادەیە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی قبوڵ بکات ، بگرە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ئامادە بێت و کەسیش لە جڤاتە نیشتمانییەکەی بەشداریی پێنەکات .

ئەوەی تا ئێستا زانراوە لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکە ، تەنیا ئەگەر و قسەی سەرچاوەی نادیارە ، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە باڵاکانی پارتی و گۆڕان ئاشکرا کران ، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە باشکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان گۆڕان‌ و پارتی کردووەتەوە و هاوڕابوون کە دەبێت کۆتایی بەو گرژییەی نێوانیان بهێنن ‌و لاپەڕەیەکی نوێ‌ هەڵبدەنەوە و شتە کۆنەکان پشتگوێ بخەن ‌و لەسەر چەند خاڵێکیش گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی .

لە کۆبوونەوەکەدا مەسعود بارزانی باسی ئەو پێشکەوتنانەی کردووە هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە بەخۆیەوە بینیوە لە ماوەی رابردوودا . باسی ئەو مەترسییە ناوخۆیی‌ و دەرەکیانەی کردووە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە و رەنگە لەداهاتووشدا ببێتەوە . بۆیە بارزانی پێشنیاری ئەوەی بۆ نەوشیروان مستەفا کردووە دەبێت ناو ماڵی کورد رێکبخرێت‌ و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئاسایی بکرێتەوە .

لەبەرانبەریشدا نەوشیروان مستەفا ، باسی لە گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو گۆڕانکارییانە کردووە لە بەغداد و هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە، لە کۆبوونەوەکەدا نەوشیروان مستەفا پێکهێنانی حکوومەتێکی بنکەفراوانی کردووەتە هۆکارێک بۆ چاکبوونەوەی نێو ماڵی کوردیی . نەوشیروان مستەفا پێیوابووە لە ئێستادا ئەو حکوومەتە خواستی زۆربەی جەماوەری هەرێمی کوردستانە . جەختیشی لەوە کردووەتەوە تا ئێستا گێچەڵ بە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێت ‌و سزای سیاسیی هەواداران ‌و لایەنگرەکانی دەدرێت‌ و بە بارزانی وتووە ناکرێت ئەو کێشەیە وابمنێتەوە .

ئەگەر دیقەت بدەین لە قسە و داواکارییەکانی نەوشیروان مستەفا ، زۆر رەهەندی گرنگی سیاسەتی ئێستای گۆڕانمان بۆ روون دەبێتەوە ، لە هەمان کاتدا ئەم هەڵوێستەیان سەر لەبەر دژی هەڵوێستەکانی پێشووتریانە . بە دیقەتدان لەو مشتومڕەی لە نێوان بارزانی و نەوشیروان هاتۆتە ئاراوە، دەتوانین ئەم خاڵانە هەڵبهێنجین :

یەکەم: خواستی نەوشیروان و بزووتنەوەی گۆڕان بەکردار لە گۆڕینی سیستمەوە بووە بە بەشداریی لە دەسەڵات بە رابەرایەتی پارتی .

دووەم : هەر چوونی نەوشیروان مستەفا بۆ لای مەسعود بارزانی ، داننانە بە پارتی و وەک ” د . چنار سەعد” وتی ” داننانە بەوەی پارتی حزبی یەکەمی کوردستانە “.

سێیەم : نەوشیروان و حزبەکەی تا دوێنێ ” بارزانی” یان وەک سەرۆکی ماوە بەسەرچوو پێناسە دەکرد ، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کەیسی نانبڕاوان و سزای سیاسیی لایەنگرانی گۆڕان بە سیفەتی سەرۆکی هەرێم دەخرێتە بەردەمی ، ئەمە خۆی لە خۆیدا ئیعترافکردنە بە سەرۆکی هەرێم .

لەلایەکی تریشەوە ، سەرچاوەیەکی تایبەت و ئاگادار لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و نەوشیروان مستەفا رێکخەری گۆڕان، رایگەیاند لە میانەی ئەو کۆبوونەوەیەدا هەردولا گەیشتوونەتە رێکەوتن لەسەر چەند خاڵێک هاوبەش و چەندین بابەتی هەمەجۆر تاوتوێ کراون ، ئەوەی شیاوی وتنە نەوشیروان لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر 4 خاڵی سەرەکی کردۆتەوە . سەرچاوەکە لە بارەی ئەو خاڵانەی نەوشیروان جەختی لەسەر کردوونەتەوە . وتی ” ئەو خاڵانە کۆمەڵێک شتی گرنگ و هەستیارن ” . ئاماژەشی بەوەدا بەشێوەیەکی گشتیی خاڵەکان بریتی بوون لە :

یەکەم : کۆتایی بەو شەڕە میدیاییە بهێنرێت کە چەند مانگێک بوو لەسەر پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان دروست کرابوو . نەوشیروان جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە پرسی دەستوور کۆتایی هاتووە و ئەوان وەک گۆڕان دەیانەوێ بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە و لە خولی داهاتووی پەرلەماندا قسە لەسەر گێڕانەوە و هەمواری پڕۆژەی دەستووری هەرێم ناکەن .

دووەم : نەوشیروان مستەفا لە کۆبوونەوەکەدا چەند جارێک جەختی لەسەر پێویستی مەسعود بارزانی کردۆتەوە وەک سەرۆکی هەرێم بەتایبەت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە قورسەکانی ئێستا و ئەو بارودۆخە تازەیەی بۆ پارچەکانی تری کوردستان دروستبووە . نەوشیروان ئەوەشی راگەیاندووە بارزانی سەرکردەیەکی بێ رکابەرە و هیچ بەدیل و شوێنگرەوەیەکی نییە ، بۆیە ئەو وەک خودی خۆی و وەک حزبەکەشی پێیان خۆشە نەک بۆ ماوەی دوو ساڵ بەڵکو بۆ خولی داهاتووتریش بارزانی ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان .

سێیەم : نەوشیروان مستەفا دڵنیایی تەواوی داوەتە بارزانی ، کە گۆڕان دەیەوێ بەشدارییەکی جیددی حکوومەت بکا و بەرنامەی هەیە بۆ ئەوەی لە ناو حکوومەتێکی بنکە فراواندا خزمەت بکات ، بە تایبەت وەک خۆی جەختی لەسەر کردۆتەوە ئەم قۆناغە پێویستی بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی هەموو لایەنە سیاسییەکان و بوونی حکوومەتێکی بەهێز هەیە . نەوشیروان تەئکیدی کردۆتەوە بەشداریی گۆڕان لە حکوومەتدا بەشدارییەکی راستەقینەیە نەک وەک هەندێک ناوەندی میدیایی هەر لە ئێستاوە باس لەوە دەکەن گۆڕان پەشیمان دەبێتەوە ، بەڵکو بەپێچەوانەوە گۆڕان نەک پەشیمان نابێتەوە بەڵکو رۆڵیشی دەبێ لە نزیککردنەوەی لایەنەکان لە یەک .

چوارەم: لە کۆبوونەوەکەدا نەوشیروان مستەفا بە روونی و بێ پێچ و پەنا ، داوای لە بارزانی کردووە لەم بارودۆخە نوێیەدا وەک برا گەورەی هەموو لایەک رۆڵ ببینێت و گۆڕان و خودی خۆی یەکەم کەسن ئامادەن بۆ قبوڵکردنی برا گەورەیی مەسعود بارزانی . هەروەها نەوشیروان مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە لە ئێستا تەنیا لە توانای بارزانیدایە ببێتە چەترێک بۆ کوردی هەموو پارچەکانی تری کوردستان، لەم رووەوە گۆڕان ئامادەیە هاوکاریی بارزانی بکات بە پێی قەبارەی خۆی بۆ هەر بڕیار و کارێکی پێویست .

نەوشیروان مستەفا و گۆڕینی سیستمی سیاسیی

نەوشیروان مستەفا ، لە سەرەتای ساڵی 2009 بە دروشمی ” گۆڕان و دەیگۆڕین ” لیستێکی بۆ هەڵبژاردن پێکهێنا ، دواتر ئەم قەوارە پەرلەمانییە لە ژێر ناوی ” بزووتنەوەی گۆڕان” مۆڵەتی حزبی وەرگرت . لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی رابردوودا ، نەوشیروان و حزبەکەی ، هەمیشە سەرقاڵی بانگەشە بوون بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسیی هەرێم ، لە سەرەتای دورستبوونی گۆڕان ، لە ساڵی 2009، بۆ رۆژنامەی ” شەرق ئەلئەوسەت ” وتی ” سیستمی سیاسیی لە کوردستان ، سیستمێکی تۆتالیتاریی و بەعسئاسایە ، بۆیە کاتی گۆڕینی هاتووە “. لە هەڵبژاردنی 21ی ئەیلوولی ئەمساڵیشدا ، بە دروشمی ” دەیگۆڕین و بەرەو دەسەڵات ” هاتنە مەیدانی بانگەشە ، بەڵام دواتر ئەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هاتە ئاراوە ، دروست پێچەوانەی حەز و تموحە سیاسییەکانی گۆڕان و نەوشیروان بوو .

نەوشیروان مستەفا لەم سەردانەیدا بۆ لای بارزانی و لە لێدوانە بەردەوامەکانیدا بۆ بەشداریی لە حکوومەت ، ئەو وێنایەی لە هزری تەنانەت لایەنگرانی خۆیشیدا کێشا ، گۆڕان دەستی لە گۆڕینی سیستمی سیاسیی هەڵگرتووە و هەوڵی بەشداریی دەدات لەو سیستمەی پێشتر بە ستالینی و بەعسی و شمولی و چەندەها پێناسەی سەیری تر قسەیان لەسەر دەکرد. تەنانەت ” عوسمانی حاجی مارف ” سکرتێری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئەوەی راگەیاند ” سەردانی نەوشیروان مستەفا بۆ پیرمام ، بە واتای تەسلیمبوونە بە بنەماڵەی بارزانی “. لەلایەکی دیکەش ، شرۆڤەکارانی سیاسیی باس لەوە دەکەن ، سەردان و دیداری سەرکردەکان شتێکی ئاساییە ، بەڵام دەبێت ئەوەش ئاسایی بێت چیتر خەڵک بڕوا بە دروشمی گۆڕینی سیاسیی ناکەن لەسەر دەستی نەوشیروان .

نەوشیروان دەیەوێ ببێتە ئەڵتەرناتیڤی یەکێتی 

لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 21ی ئەیلوولی رابردوو ، ریزبەندیی هێزەکان گۆڕانکاریی بەسەر هات ، یەکێتی وەک هاوپەیمانێکی ستراتیجیی پارتی ، پێگەی خۆی لە دووەمەوە بۆ هێزی سێیەم لە دەستدا ، بە پێچەوانەشەوە لە بەرئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەدا دەرکەوت ، بزووتنەوەی گۆڕان، هێزی دووەمە لە دوای پارتی . هەر بۆیە گۆڕان و نەوشیروان دەیانەوێ هەر لە ئێستاوە وەک هێزی دووەمی کوردستان بەرخود بکەن و ببنە شوێنگرەوەی یەکێتی بەتایبەت دەیانەوێ ئەوە بۆ پارتی نیشان بدەن ، دەتوانن ببینە هێزێکی دۆستی پارتی ، دەتوانن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە بەهۆی لە دەستدانی پێگەی جەماوەریی یەکێتییەوە دروستبووە ، یان دەتوانن هاوسەنگیی رابگرن لە نێوان خۆیان و پارتیدا .

هەر لە ئێستاوە گۆڕان ، کۆمەڵێک قەیرانی گەورەی دروستکردووە ، گرنگترینیان ، پرسی لابردنی پارێزگاری سلێمانییە ، ئەگەرچی ئەم داوایە لە رووی یاساییەوە رەفزە ، بەڵام گۆڕان دەیەوێ لە رێگەی دروستکردنی ئەم قەیرانەوە بە پارتی بڵێت ، دەتوانم لەو شوێنەی پێگەم بەهێزە قەیران بۆ حکوومەت و پرۆسەی سیاسیی و تەنانەت ئاوەدانسازیی دروست بکەم ، جگە لەوەش دەیەوێ بە پارتی بڵێت ئێستا من تاکە ئەڵتەرناتیڤی یەکێتی و ئەو هاوپەیمانە ستراتیجییەم کە ماوەی 10 ساڵی رابردوو پێکەوە وەک یەک تیم کارتان کردووە . ئەمە مەسجی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانە لە هەموو ئەو قەیرانەی هەنووکە هێناویەتییە ئاراوە بە تایبەت لە سلێمانی .

بۆیە لە کاتێکدا یەکێتی تەمای زیندووکردنەوەی هاوپەیمانی دەباشان بوو لەگەڵ گۆڕان ، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پرۆسەیەی بە کۆن و تێپەڕیو لە قەڵەمدا و خۆی لە هێزە گەورەکەی کوردستان نزیک کردەوە . تەنانەت زۆر نەرمتر لە یەکێتی و ئارەزوومەندانەتر لە یەکێتی چوونە ناو پرۆسەی دانوستانەوە ، ئەمەش وای لە ” شاڵاوی عەلی عەسکەری ” ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کرد بڵێ ” ئەگەر یەکێتی ئەو کۆبوونەوە داخراوەی‌ بکردایە لێیان دەکردە هەرا “. هەرچی گۆڕانە بە شێوەیەکی پراگماتیکی هەنگاوی سیاسیی خۆی نا ، گوێی لەوە نییە تا چەند لەسەری دەکرێتە هەرا ، چوونکە چاوی لەوەیە وەک هێزی دووەم بمێنێتەوە و بە ئاسانی پاس نەداتەوە بە رەقیبەکەی بۆ ئەوەی خۆی بەهێز بکات و گۆڵێکی مێژوویی لێ بکات .

نەوشیروان مستەفا ئۆپۆزیسیۆن لە ناو دەبات 

نەوشیروان مستەفا ، خۆی ئەندازیاری ئۆپۆزیسیۆن بوو ، هەرچەندە ئۆپۆزیسیۆن لە کۆمەڵگەی ئێمە زۆر زیاتر لە دەسەڵات جێگەی تێبینی و سەرنج بوو ، بەڵام حاشا لەوە ناکرێت ، گەمەکە وای دەخواست نەوشیروان ئەمجارە لە بەرگی ئۆپۆزیسیۆندا درێژە بە ئەجیندا سیاسییەکەی خۆی بدات . ئۆپۆزیسیۆنەکەی نەوشیروان مستەفا میکانیزمێکی نوێ بوو بۆ هێنانەدی ئامانجێکی کۆن کە لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی پێشووەوە بووە بە خەونی ئەو کەسایەتییە سیاسییە ، لەگەڵ ئەمەشدا بە زیرەکی خۆی توانی هەردوو حزبە ئیسلامییەکە بۆ ناو گەمەیەک پەلکێش بکات ، کە دواجار هەر خۆیشی دەستکەوتەکانی ئەم گەمەیەی دروێنە کرد .

ئێستا قۆناغێکی نوێ هاتۆتە پێشەوە، گۆڕان توانی لە مەیدانی هەڵبژاردن بەسەر یەکێتیدا سەربکەوێت ، ئیسلامییەکانیش بە بەراوورد بەو زەمەنەی ئۆپۆزیسیۆن نەبوون ، لە بری پێشەوەچوون ، بەرەو دوا گەڕاونەتەوە ، ئەوەی هەیە لە بەرانبەر نەوشیرواندا ، تەنیا پارتی و بنەماڵەی بارزانییە . خودی شەڕی نەوشیروان و فەلسەفەی بزووتنەوەکەشی بۆ ئەوانە ، بەڵام نەوشیروان پیاوێکی ورد و سیاسییە ، بۆیە شەڕی دۆنکیشۆتانە ناکات ، لەم قۆناغەدا وەک دەسەڵات دێتەوە ناو حەلەبی زۆرانبازییەکە ، هیچ نەبێت دەیەوێ ببێتە میراتگری ئەو ئیدارەی پێشتر یەکێتی لە زۆنی سەوز بەڕێوەی دەبرد ، لەم حاڵەتەشدا کە نەوشیروان بەشداریی لە دەسەڵات کرد ، وەک نێچیرڤان بارزانی وتی ” ئیدی ئۆپۆزیسیۆن نەماوە “. ئیسلامییەکانیش ناچارن شوێن پێی نەوشیروان هەڵبگرن کە ئێستا دەرسیان وەرگرتووە و دەزانن بە شێوەیەکی مناڵانە لە ناو گەمەیەکی دیماگۆگیانەی گۆڕان و رێکخەرەکەیدا بوون .

قۆناغی کابینەی هەشتەم پێدەچێت ، قۆناغی بەشداریی هەموو لایەنەکان بێت لە حکوومەتێکی بنکە فراواندا ، بەڵام دیموکراسیی لە کوردستان تووشی نەنگییەک دەبێت ، ئەویش غیابی هێزە بەرهەڵستکارەکانە ، لەمەدا کەس تاوانبار نییە ، نەوشیروان مستەفاش تاوانبار نییە ، تەنیا ئەوە نەبێت دیاردەیەک لەسەر دەستی خۆی هاتۆتەوە ناو بواری کاری سیاسییەوە و رەنگە هەر لەسەر دەستی خۆیشی دوا بزمار بدرێت لە تابووتەکەی . ئەوەندەی من تێگەیشتووم نەوشیروان مستەفا چیتر کاری بە ئۆپۆزیسیۆن نەماوە ، بەڵام چۆن لێی دەردەچێ چاوەڕێی زیرەکی و توانا سیاسییەکەی دەکەین لەمەدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت