tenha-5

پشکۆ نەجمەدین : ڕامـــــــــــــــان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(( بۆ تۆ ! کە ئێستایش چاوەکانت، ڕەنگی هەنگوینیان لێ دەڕژێ و هەناسەت بۆنی وەنەوشە .. بۆ تۆ ))

نە دەتوانم بیرێک لە تۆ بکەمەوە ،

نە لە شیعر ،

نە لە سبەینێی ئەم شەوە ،

خۆیشم هەر هیچ ..

لە ژاوەژاوی شەوگاردا :

گیانم لەبەر سامی جەستەی بیرکردنەوە هەڵدەلەرزێت

بیرم تەنها لە قووڵاییی بیرکردنەوە ڕادەمێنێت

تۆیش لە چاوی تێڕاماندا سەوز دەبیت .

شەوان پرچی ئەستێرانت دەهۆنییەوە و

بەیانیانیش بە دەستێکی پڕ لە هەتاو

لە ملی ڕۆژت دەئاڵاند ..

گەر تۆ نەبای

ڕۆژەکانیش وەکو تەنیایی تاریک و

وەک نامۆیی بێ دڵ دەبوون .

سەرت : شەپۆلی بەکڵپەی خەونەکانت .

ڕۆحت: ئارام وەک شنەبا و

ناخت : باخچەی ئەو گوڵانەی بە تارای تەم داپۆشرابوون .

ئێستە لە کوێی ؟

ڕنەگبێ نهۆ لە سێبەری دارەوەنێکی هەڵچوودا

لە جێلەلەی کۆچەڵەی ئەو یادەوەرییانە بڕوانیت

کە تەرزەی مەرگ دایشۆریون ..

ڕەنگبێ ئێستا

سواری سەرکۆڵی ئەسپێ بیت ،

زینی : گوڵدۆزبێ بە گومان ،

یاڵی : هەڵژنراو لە بۆنی پەلکەزێڕینەی خوێنی خۆت ،

چوارپەل : لە ڕەنگی ونبوون و

ناڵەکانی : زاخاودراو بە تەمتومان.

ئەی تۆ کەنگێ سەری ئەسپت

بەرەو شەوی شاری دڵم وەردەگێڕی ؟

تۆ کەی دێیت و کڵپەی سەرت

لە بوونمدا جێ دەهێڵی ؟

لەسەر مەرزی فەنابووندا چاوەڕێتم ،

تۆ کەی ڤیزەم بۆ دەهێنی ؟

1997

431 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت