پێشره‌و ئیسماعیل : کاریگه‌ری ئیسلام و جوله‌که‌ له‌سه‌ر یه‌کتری ـ بەشی سێهەم .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی ئیسلامی و قۆناغی گەشەی ئەندەلوس . 

سەدەی 15 سەدەی گەشەی ئیسلامی ناعەرەبی بوو ، هاتنە سەردەسەڵاتی عوسمانیەکان و مەمالیکەکان و ئەمەزیق ( بێربێرەکانی وڵاتانی مەغریبی عەرەبی) ، هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی جیاواز لە میسر و بەغدا و ئەندەلوسیا بونە هۆکاری ئەوەی کە ئیتر دەسەڵاتی گائۆن لەیەك دەوڵەتی یەکپارچە و یەکگرتودا بە شێوازێکی مەڵبەندی نەمێنێتەوە . لە پاڵ بەغدا وەکو مەڵبەندێك چەندین مەڵبەندی تر پێکهاتن کە جولەکەکانی پێوە پەیوەست بون ، تونس و ئەندەلوس و میسر . تونس سەرەڕێی ڕۆژهەڵاتی ناوەند و ئەندەلوس بوو ، جولەکەکانی وڵاتانی ئیسلامی کردبویانە مەڵبەندی ئاڵوگۆڕی کەرەستە بازرگانیەکانی نێوان ئەو دوو هەرێمە .
جولەکەکانی ئەندەلوس سەفاردیم بون ، ئەو ناوەی کە لە تەوراتا هاتووە ، سەفاردیم بۆ تەواوی ئەو جولەکانە بەکاردەهێنرا کە دانیشتوی ناوچەکانی نیمچە دورگەی ئیبیریا بون ( ئیسپانیا ، پۆرتوگال ، ئەندۆرا و جەبەل تاریق ) . بە هۆی هۆشیاریان لە بواری ڕامیاری و زمانزانی چەندین پلە و پایەی بەرزیان لە دەوڵەتی ئیسلام دا بەدەست هێنا بوو . هەڵوەشاندنەوەی مەڵبەندێتی دەوڵەتی ئیسلامی بووە هۆکاری ئەوەی جولەکەکانی ئەندەلوس خۆیان لە ژێر نفوزی گائۆن بهێننە دەرەوە و پەیوەست بن بە کەسایەتیەکی نوێوە بە نازناوی ( ڕاڤڕۆژ ) ، ( واتە ڕابینی سەرەکی ) . ڕاڤڕۆژ لە قورتوبە هاوکار لەگەڵ سیاسەتوانێکی تری جولەکە بە ناوی شۆڕدای بن شەیرود ، لە هەوڵ و کاری چڕدا بوون لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی ئیسلام ، لەهەمان کاتدا بۆ خزمەت بە کۆمەڵگای جولەکە .
سەدەی دەهەم تاکو دوانزەهەم دەکرێت بە قۆناغی ئاڵتونی ئەندەلوس لەقەڵەم بدرێت . پاشان ئەندەلوس بەرەو پارچەبون و نامەڵبەندێتی و میرنشینی جیاواز چوو . کۆمەڵگای جولەکەی دانیشتوانی ناو ئەو ئیماراتانە ڕۆڵی دیاتریان دەبینی لە ناو ئیمارەتەکان دا . چەندین لە کەسایەتی جولەکە توانییان ببنە ئەندامانی کۆشکی پادشایەتی و خاوەندی پایەی بەرزی سیاسی لە دەوڵەتی ئیسلام دا . شموێل ها ناجید یەکێکە لەو نمونانە کە وەزیری باڵای گرانادا بوو ( هاوسانی سەرۆك وەزیرانی ئێستا ) . لەهەمان کاتدا فەرماندەی تەواوی هێزەکانی سوپا بوو . هاناجید کەسێکی بەتوانا بوو کە شیعری سەبارەت بەو جەنگانەی کە ئەنجامی دابون دەنوسی . هەروەها شیعری سەبارەت بە بابەتە باوەکانی ئەوسەردەمەی دونیای ئیسلامی دەنوسی . کە بریتی بون لە هاوڕەگەزبازی و شەراب و لەهەمانکاتدا بابەتەکانی خواناسی . یەکێك بو لە هاندەرانی دانانی شیعر و بابەتە وێژەییەکانی تر ، بە دڵفراوانیەوە پارەی بۆ ئەو بوارە تەرخان دەکرد . ئەوەی کە جولەکەکانی ئەندەلوسی لە جولەکەکانی تری دونیا جیادەکردەوە کۆمەڵێك دیاردەی تایبەت بە خۆیانەوە بوو لە نمونەیان ؛ دروستبونی بونی چینێکی باڵا تیایان ، زمانی دوان و جلوبەرگ و خواردنیان عەرەبی بوو ، هەروەها لە ئەنجامی تێکەڵە بونی جولەکە و عەرەب لە ئەندەلوس بەیەکەوە کۆمەڵگایەکی تایبەت بە مۆرکی کولتوری عەرەب ـ جولەکەیان پێکهێنابو .
لە ناو ڕەوتی فەلسەفەی جولەکەکانی ئەو سەردەمە دەکرێت چوار شەپۆلی جیاواز لەیەکتری جیابکەینەوە کە کاریگەری ئیسلامی بەشیوەیەکی سەرەکی لەسەر بوو، پلاتۆنیزمی نوێ ، ڕۆحانیەت ، ڕاسیۆنالیزم ، ڕاسیۆنالیزمی نوێی ئەرستۆتالیس .
ـ پلاتۆنیزمی نوێ ، لە ڕێگای پەرتوکێکەوە هاتە پێشەوە بەناوی ( سەرچاوەی ژیان ) کە لە لایەن شلۆمۆ بن گابریۆل (1057 ـ 1021 یان 1022 ) . بن گابریۆل پێی وابو کە خوا پەیوەندی بە هەموو شتێکەوە هەیە و لە هەمو شتێکدا بونی هەیە . هەربۆیە هەوڵدەدات لەو تێڕوانینەوە چیرۆکی ئافەریدەکرن ڕونکاتەوە . یەکێك لە بەرهەمەکانی تری بە ناوی ( تەختی پاشایەت ی) بەشێکە لە ئەدەبی عیبری و ڕێڕەوە ئایینیەکان . ئەم تێڕوانینانەی جولەکەی ئەرتۆدۆکسی لەگەڵ تێڕوانینەکانی ئیبن سینا (980 ـ 1037 ) یەکدەگرنەوە .
ـ ڕۆحانیەت یان ئەسکێتیزم ، لە لایەن باشیا بن پاکودا هاتە کایەوە ( 1080 ) ئەمەش جۆرێکی گونجێنراو بو لەگەڵ نیۆ پلاتۆنیزم . ئیمانداری و خۆدورگرتن لە شتە دونیەویەکان تیایدا بابەتە گرنگ و سەرەکیەکان بون . کتێبی ( ئەرکی دڵان ) ی بن پاکودا بە شێوەیەکی سەرەکی قوڵبونەوەیە لە پاکی و ئێتیك وئەوەی کە جولەکە بون مانای چییە ؟. بەڕای پاکودا فەیلەسوف و زانایانی سروشتی لە ئایینی جولەکەدا پایەی خۆیان هەیە لەبەر ئەوەی زانستی بێگەردن . کاتێك سەرقاڵ بیت بە زانستەوە ، ئەوسا دەبینیت چۆن خوا ئەو سروشتە جوانەی ئافەریدە کردووە . ئەسکێتیزم و میانەڕەوی زۆر گرنگ بون بۆ بن پاکۆدا ، ئەم قوتابخانەیە کاریگەری سۆفیزمی ئیسلام بە ئاشکرا بەسەر بیر و بۆچونەکانیانەوە دیار بو .
ـ ڕاسیۆنالیزم ، ئەقڵانیەت ، ئەم تەوژمی بیریە لە بەغدا سەریهەڵدا . ئەبراهام ئیبن داود ( 1125 ـ 1198 )، نوێنەری ئەم قوتابخانە بیریە بو ، ئەو لەو باوەرەدا بو کە بڕواداری گرنگە بەڵام پێویستە هاوڕای ئەقڵ بێت. هۆکارگەری بۆ ئیبن داود ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕا . چ پەیوەستێك هەیە لە نێوان خوا و هەندێك ڕوداوی دیاریکراودا ؟ وەڵام لە لای ئیبن داود پەیوەست بوو بە هۆکارگەریەوە . لە ئیسلامیشدا هەر هەمان وەڵام وەردەگیردرێتەوە . بە لای ئیبن داودەوە ئەریستۆ تاڵیس لە فەلسەفەدا زۆر سەرەکی و گرنگە ، تەوراتیش لە ئایندا هەمان گرنگی و ڕۆڵی سەرەکی هەیە . ئەقڵانیەت و وەحی خوایی دژبە یەکتری نین و ئەقڵانیەت ڕۆڵی ئاشتیەوانی نێوانیان دەبینێت . ئەم تێڕوانینانە پێشتر هەوڵێك بون لە لایەن موعتەزیلەی ئیسلامیەوە کاری گرنگی بۆ کرا بو . میتۆدی ئاشتیەوانی نێوان ژیری و باوەڕ لە لایەن ئیمامی غەزالیەوە کاری بۆ کرابو . ئیمامی غەزاڵی بە شێوەیەکی گشتی بەوە ناسراوە کە هەوڵیدا بیر و تێڕوانینەکانی سۆفیگەرایی و سەلەفیەت بەیەك ئاشتبکاتەوە . ئەڤراهام ئیبن داود لە محەمەدی پەیامبەری ئیسلامی نەدەڕوانی وەکو پەیامبەرێکی خوا ، بەڵکو وەکو پاشای عەرەبەکانی لەقەڵەم دەدا . لەبواری زانستی حەدیس دا ، گومانێکی زۆر دەکرێت کە ئەڤراهام ئیبن داود لەسەر بنەماکانی شێوازی گەیشتن و گێڕانەوەی حەدیسی پەیامبەری ئیسلام ، لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە حەدیسەکانی موسا کردووە کە چۆن گەیشتونەتەوە بە ئەو سەردەمەی ئەو .
ـ ڕاسیۆنالیزمی ئەریستۆتاڵیزمی نوێ ، ڕابی مۆشێ بن مەیمۆن ( موسا ئیبن مەیمۆن ) ( 1138 ـ 1204 ) نوێنەری ئەم قوتابخانە فەلسەفیە بوولە ناو جولەکەکاندا ، مەیمۆن بە ( ڕامبام ) ناسراوە ، لە ناو جولەکەکاندا پێی دەوترا ( لە موساوە بۆ موسا کەس لە موسا گەورەتر نەبوو ) واتە لە موسای پەیامبەری جولەکەکانەوە تاکو موسا مەیمۆن کەسێکی تر هێندە گەورە و کاریگەر نەبووە لەسەر بیر و ئاینی جولەکەکان . مەیمۆن تەنانەت لە ناو جولەکە ئەرتۆدۆکسیەکاندا نرخ و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە . یەکێکە لە فەیلەسوفە گەورەکانی جولەکە کە لە قورتوبە لەدایك بووە . پاش چەندین شوێنی نیشتەجێ بون دەچێتە قاهیرە و لەوێ دەمێنێتەوە و هەر لەوێش کۆچی دوایی دەکات . مەیمۆن دەبێتە پزیشکی تایبەتی خەلیفەی ئیسلام لە قاهیرە . لە کتێبەکەیدا بە ناوی ( ڕێنیشاندەری گومڕایان ) هەوڵدەدات ئەریستۆتاڵیزم لەگەڵ ئایینی جولەکەدا یەکبخاتەوە . هەروەها هەوڵدەدات جیاوازی نێوان بنەما ئایینیە سەرەکی و ناسەرەکیەکانی جولەکە دیاری بکات . لای ئەو بنەما سەرەکیەکان لەسەر ژیری وەستاون ، بەڵام بنەما ناسەرەکیەکان لە وەحی و باوەڕ پێکهاتون . بە رای ئەو سەبارەت بە خوادا تەنها دەکرێت لە فۆڕمی نەرێنی دا قسە بکرێت . واتە ناکرێت بوترێت خوا چییە ، بەڵکو تەنها دەکرێت بوترێت خوا چی نیە . مەیمۆن 13 لایەنی کەمی بنەماکانی باوەڕداری دیاری کردبو کە بریتی بون لە ؛ ( بونی خوا ـ یەکخوایی ـ نا ماتەری خوا ـ ئەزەلیەتی خوا ـ تەنها پیرۆزکردنی خوا ـ ووتەی پەیامبەرانی جولەکە ڕاستین ـ موسا لەپێشترین پەیامبەرە ـ تەورات نوسراوەی یەکەمە بۆ جولەکەکان ـ هەرگیز تەوراتیکی تر دروست نابێتەوە ـ خوا بە هەمو شتێك زانایە ـ خوا پاداشتکەر و سزادەرە ـ ڕۆژێك لە ڕۆژان مێسیای جولەکەکان دێت ـ ڕۆژێك دێت کە مردوان هەڵبستنەوە ) . مەیمۆن لە بیروبۆچونیدا لەژێر کاریگەری گەورەی فەیلەسوف و بیرمەندانی ئیسلامی وەکو ئیبن ڕوشد و ئیمامی غەزالی دا بووە بە مۆرکێکی جولەکەوە .
سەرباری تاقیکردنەوە و سەردەمانی گەشەی کولتوری ئەندەلوس ، لاوازبونی دەوڵەتی ئیسلام لە زۆر شوێنی جیاوازدا کاریگەری نەرێتیانەی لەسەر جولەکەکان هەبو . کراوەیی بەرتەسك تر دەبۆوە . هەنگاوی توندتر دەگیردرا بۆ پیادەکردن و چەسپاندنی ئەو یاسایانەی کە هەمیشە هەبون لە نمونەیان ( ڕێکەوتننامەی عومەر ) کە زۆر تەنگتر و رەقتر دەچەسپێنرا . ئەوانەش دەبونە هۆکاری ئەوەی کە جولەکەکان نەتوانن کاریگەرانە لە ژیانی سیاسی و ئابوری و کولتوری جیهانی ئیسلامی دا بەشداری بکەن .
لە سەردەمی شەری ناسراو بە شەڕی خاچپەرستەکان ، لە ناوچە ئیسلامیەکان دا کریستیانەکان بونە کێبڕکێیەکی بازرگانی لەبەرچاو لە بەرامبەر جولەکەکان . بەو هۆیەی کریستیانەکان پەیوەندیەکی بەهێزتریان هەبو لەگەڵ وڵاتانی کریستیانی دا . لە سەردەمانی قەیرانەکان لە وڵاتانی ئیسلامی هەمان پاساو بەکاردەهێنرا بۆ کوشتار و ڕاونانی جولەکەکان وەك ئەوەی کە لە وڵاتانی کریستیانی دا دژیان بەکار دەهێنرا . بۆ نمونە لە جولەکەکانیان وا دەڕوانی کە سامانداری زاڵم و بێباوەڕن . لە سەردەمی قەیرانەکاندا ، توندڕەوی و بیری کۆتایی هاتنی دونیا و هاتنە پێشەوەی سەردەمی لەناوبردنی بێبڕوایان سەریان هەڵدەدا . لەو سەردەمانەدا ژیان و گوزەرانی جولەکەکانی جیهانی ئیسلامی خراپ و خراپتر دەبون .
لە لایەکی ترەوە ئەندەلوسیا لە لایەن دەوڵەتی ئەلموەحەدونەوە داگیرکرا ، موەحەدونەکانیش هیچ ئایینێکی تریان جگە لە ئیسلام پەسەند نەدەکرد . ( دەوڵەتی موەحەدونەکان ئیمپراتۆریەتێکی ئیسلامی بو، کە دەسەڵاتی بەسەر مەغریب و تونس و جەزائیر و لیبیادا کێشا بو ، پاشان ئەندەلوسیشیان خستە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی خۆیانەوە ) لە ژێر حوکمداری موەحەدونەکان جولەکەکان دەخرانە بەردەم سێ هەڵبژاردە; بونە موسوڵمان ، کۆچکردن یان مردن . زۆر لە جولەکەکان بۆ ناوچە کریستیانیەکان کۆچیان کرد . لە بواری فەلسەفە و وێژەدا لاوازی و دابەزینێکی گەورە دروست بو ، دەگمەن نوێکاری و بەرهەمی نوێ دەبیندرا .
هاو سەردەمی موەحەدونەکان ، ناوچە کریستیانیەکانیش ناوچەی پڕ لە ئاسایش و ئاسودەیی نەبون بۆ جولەکەکان. لەوێش کوشتاریان لیدەکرا و ئازاردەدران . لە نێوان ساڵانی 1391 و 1416 دا بوبوە باو کەجۆرێك لە پێشبڕکێی دوان و گفتوگۆی ئایینی ئەنجام بدرێت لە نێوان جولەکە و کریستیانەکان دا . ئەو لایەنەی دۆڕاو بوایە لە پێشبڕکێکەدا ، دەبوایە واز لە ئایینی خۆی بهێنێت و بچێتە سەر ئایینی براوە . ئەو گفتوگۆ پێشبڕکێییە زۆربەی جار لە لایەن کریستیانەکانەوە ناڕەوایی تیا دەکرا و دوائەنجام جولەکەکان ناچار دەکران بێنە سەر ئایینی کریستیانی . بەهۆی ئەوەوە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان بونە کریستیانی و پێیان دەوترا گەڕاوەکان ( مەبەست گەڕانەوە بۆ ئایینی کریستیانی بو ) ، ئەو جولەکانەی هێشتا لەسەر ئایینی جولەکە مابونەوە بە شێوەیەکی تر لەو دیاردەیەیان دەڕوانی و ناوی گەڕاوەکانیان نابو ( هانوزای ) یەکان ( واتە ناچارکراوەکان ) .
لە ساڵی 1478 دەسەڵاتدارانی کڵێسای کریستیانەکان بەدوای چارەیەکدا دەگەڕان بۆ کۆتاییهێنان بە بونی ئایینی جولەکە لە قەلەمڕەوی دەسەڵاتیان و ناویان لێنابو ” کێشەی جولەکەکان “. دوا ئەنجام گەیشتن بە گرتنەبەری ئینکویزیشن . ئەم وشەیە لە ( ئینکویزیتۆ ) ی لاتینیەوە دێت ( بەمانای پشکنین ، بریتی بوولە دادگاکانی پشکنین و لێپێچینەوە لە ئایین و بڕوا لە ئیسپانیا هاوڕای توند و تیژی و ئەشکەنجەدان . ئەم دادگایی کردنانە لە ساڵی 1480 وە دەستی پیکرد و لە ساڵی 1834 دا بە تەواوی کۆتایی پێ هێنرا ) . پاش ئەوەی تەواوی نیمچەدورگەی ئیبیریا لە لایەن کریستیانەکانەوە لە ژێر دەسەڵاتی موسوڵمانەکان دەرهێنرایەوە . ئیتر ئەمجارە لە لایەن کریستیانەکانەوە تەواوی جولەکەکانی نیمچە دورگەی ئیبریا خرانە بەر هەمان سێ هەڵبژاردەی پێشویان بە مۆرکی کریستیانیەوە ; بونە کریستیانی ، کۆچکردن یان مردن .

عوسمانیەکان

لە ساڵی 1453  دا کۆنستەنتینۆپڵ ( ئەستەمبوڵ ) لە لایەن عوسمانیەکانەوە داگیر کرا ، عوسمانیەکان پێویستیان بە سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی هەبو بۆ بنیاتنانەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان . بە تایبەتی پێویستیان بە کەسانی بەتوانا و خاوەند زانست و پیشەگەر و پسپۆر و بازرگانان هەبو . هەربۆیە هەوڵیان دەدا جولەکەکانی ژێر دەسەڵاتی وڵاتانی کریستیانی و هەروەها وڵاتانی ئیسلامی کە تیایاندا جولەکەکان لە بارێکی باشدا نەبون بەرە و ناوچەکانی ژێر فەرمانڕەوایی خۆیان و بەتایبەتی ئەستەمبوڵ و ئیزمیر و فەلەستین ڕابکێشن . عوسمانیەکان باوەشیان بۆ هاتنیان دەکردەوە و ئاسانکاریان بۆ نیشتەجێبونیان دەکرد .

لە چوارچیوەی دەوڵەتی عوسمانیدا جولەکەکان دەخرانە ژێر سیستەمی میللەتەوە ، جولەکەکانی دەوڵەتی عوسمانی ( یەهودی میللێتی ) ، میللەتی جولەکەیان پێکهێنا بو . ئەگەرچی میللەت لە مانای ئەمڕۆیدا و لە زۆربەی زمانەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەند بە فۆرمی جیاواز بە مانای نەتەوە یان ( نەیشن ) ی ئینگلیزی دێت ، لەو سەردەمەی عوسمانیەکان میللەت ووشەیەك بو تەنها بۆ پەیڕەویکەرانی ئایینێکی دیاری کراو بەکاردەهێنرا . تەواوی موسوڵمانان هەر زمان و نەتەوەیەك بونایە بە ( ئیسلام میللێتی ) ناودەهێنران . کە دورنیە لەبری وشەی ( ئومە ) بەکارهێنرا بێت کە لە قورئاندا 47 جار بە فۆرمی تاك و 12 جار بە فۆرمی کۆ ( امم ) هاتووە .

سیستەمی میللەت ، لە لایەن سوڵتان محەمەدی دوهەمەوە لە ساڵی 1455 ، شەش مانگ پاش داگیرکردنی کۆستینتینۆپڵ پیادەکرا. بۆ یەکەمین جار ( ڕوم میللێتی ) پێکهێنرا ، بریتی بون لە کریستیانە گریکیە ئۆرتۆدۆکسەکان کە پاشماوەی بێزەنتیەکان بون . سیستەمی میللەت جۆرە دڵنیایی و ئاسایش و جۆرە ئۆتۆنۆمیەکی دەدایە پەیڕەویکەرانی ئایینەکانی تری ناموسوڵمان و بەتایبەتی جولەکەکان . بەهۆی ئەو سیستەمەوە دەیانتوانی ئایینەکەی خۆیان لە ناو کۆمەڵگاکەی خۆیاندا پەیڕەوی بکەن . خۆیان بەرپرس بون بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگاکەیان. کاروبارە تایبەتیەکانیان وەکو هاوسەرگیری و جیابونەوە لە ڕێگای پیاوانی ئایینی خۆیان و لە نێوخۆیاندا بەئەنجام دەگەیەنرا . پیاوانی ئایینیان بەرپرس بون بۆ کۆکردنەوەی باجی دەوڵەت لە ئەندامانی کۆمەڵگاکەیان ، هەروەها بەرپرس بون لە تاوانەکانی ئەندامانی کۆمەڵگاکەیان بەرامبەر بە دەزگا و پیاوەکانی دەوڵەتی عوسمانی و لادان لە یاساکان و تاوان بەرامبەر بە کەسانی دەرەوەی کۆمەڵگاکەی خۆیان .

سیستەمی میللەت جۆرە داڵدەدانێکی دڵفراوانانە و پاڕێزگاریەك بو لە جولەکە و کریستیانەکان لە لایەن عوسمانیەکانەوە . بەو مەرجەی کە دەسەڵاتدارێتی موسوڵمانان پەسەند بکەن و بچنە ژێر یاسا و بنەماکانی ئەو دەسەڵاتدارێتیەوە .

دەرئەنجام

هەوڵی پەیامبەری موسوڵمانان لە مەدینە بۆ ئەوەی جولەکەکان بهێنێتە سەر ئایینی ئیسلام گەیشتە ئەنجامێکی سەرنەکەوتوانە و بە ڕاونان و دەرکردن و کوشتاری بەکۆمەڵی جولەکەکان کۆتایی هات . سەرباری ئەوەش دەسەڵاتی ئیسلامی لە ڕەوتی مێژودا چەندین مامەڵەی جیاوازی بەرامبەر جولەکەکان گرتۆتە بەر . لەسەرتای دەوڵەتی ئیسلام و لەسەردەمی عومەری بن خەتابەوە جولەکەکان پارێزران و ئەرکی گرنگی لێکدانەوەی قورئانیان پێ دەسپێردرا .

گەشەی کۆمەڵگای ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسلامی ، لە پێش هەموانەوە لە قۆناغی دەسەڵاتی خەلیفەکانی دەوڵەتی عەباسی کاریگەریەکی ئەرێنی هەبو لەسەر ئاسایش وگوزەران و پایەو کولتور و ئایینی جولەکە لە چوارچیوەی کۆمەڵگای ئیسلامی دا. کاریگەری ئیسلام ڕەنگی لە تیۆلۆگی و فەلسەفە و زانستی زمان و ڕێزمان و ئەدەبی جولەکە دا دابۆوە .

پاش لەیەكهەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عەباسیەکان و هاتنە سەردەسەڵاتی ڕەوتە توندڕەوە جیاوازەکان لە ناو ئیسلام ، باری جولەکەکان لە ناو جیهانی ئیسلام دا بە ئاراستەیەکی نالەباردا ڕۆیشت .

تەنها ئەندەلوس بارێکی شاز بو بۆ جولەکەکان. تیایدا کولتوری ئیسلامی و جولەکە بە شێوەیەکی کاتی قۆناغێکی گەشەیان بەیەکەوە بەسەربرد . بە هۆی بە توانایی و شارەزایی جولەکەکان لە سیاسەت و زمان دا توانیان پلە و پایەی بەرز و لەبەرچاو بۆ خۆیان بهێننە دی . لە دەوڵەتی عوسمانیەکان دا ژیان و پایەی جولەکەکان لە ڕێگای سیستەمی میللەتەوە باشبونێکی لەبەرچاوی بەخۆوە بینی .

کۆتایی

سه‌چاوه‌ کوردی و عه‌ره‌بیه‌کان

  • فصول من تاريخ الإسلام السياسي ، هادی العلوی نیقوسیا،١٩٩٥
  • علی ابراهیم حسن، التاریخ الاسلامی العام، القاهرة ، ٢٠٠٥
  • مەریوان هەڵەبجەیی، سێکس و شه‌رع و ژن له‌ مێژووی ئیسلام دا، ٢٠٠٥
  • سه‌رچاوه‌ ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و هۆڵه‌ندیه‌کان
  • – David Biale (ed.), Cultures of the Jews, New York, 2002, 1196 p.
  • -Tilman Nagel, Geschichte der islamischen Theologie. Von Mohammed bis zur Gegenwart, München, 1994, 269 p.
  • – A. van der Heide, Jodendom, Kampen, 2006, 190 p.
  • – Emilio Platti, Christendom en islam, syllabus bij het vak christendom en islam, Leuven, 2004-2005, 157 p.
  • – Ibn Ishaak, Het leven van Mohammed, Amsterdam, 2000, 288 p.
  • – R. Detrez, ‘Het Osmaanse millet-systeem’, in: R. Detrez en J. Blommaert (eds.), Nationalisme. Kritische opstellen, Berchem, 1994, pp. 290-303.

 

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت