دکتۆر حامید تاهیر: پێگەى ئافرەت لاى ئیبن عەرەبی.بەشى یەکەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانى لە عەرەبیەوە: عەدنان ئەمین.

لەنێوان زۆربەى بیرمەندانى ئیسلام و زانایانیدا نەمدیوە کە هیچکامیان پێگە و پایەى ئافرەتى یەکسان کردبێت بە پیاو، بەڵکو زۆرکات چاکى و گەورەیى پیاوى داوە بەسەر ئافرەتدا، تەنها کەسێک نەبێت ئەویش محی الدینى ئینو عەرەبیە (ت638کۆچى). بۆ ئەوەى ئەمەش بخەینەڕوو ئەوا دوو ڕێڕەو پەیڕەو دەکەین. ئەویش بەشێوەیەک کە لە قۆناغى یەکەمدا پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە ڕاستەوخۆکانى بە ئافرەتەوە: دایک و خۆشک و خۆشەویست و هاوسەر و کچەکەى و دواتر مامۆستاى و خوێندکار و شوێنکەوتەکانى.
لەم قۆناغەو لێرەشەوە دەتوانین سەرەتایەک بێت بۆ ئەوەى خوێندنەوە بکەین و بگەین بەوەى ئیبن عەرەبى لەقۆناغى دووەمدا توانیویەتى لێکدانەوەیەکى زیرەکانە و ورد بکات بۆ دەقەکان، کە ئافرەت تیایدا نرخێکى گەورەى هەیە و دواتر لە هەڵێنجانى بۆچونە فەلسەفیە باڵاکانیشیدا پێگەى ئافرەتى بەرز نرخاندووە و، پیاوانى لە گرنگى ئافرەت لەژیانیاندا ئاگادار کردۆتەوە.
پەیوەندى ئیبن عەرەبى بە ئافرەتەوە:

یەکەم/ دایک: لەوانەیە هیچ کات دەقێک لە وتەکانى ئیبن عەرەبى نەدۆزینەوە کە تیایدا لەبارەى خۆیەوە دوابیت، ئەوەش زۆرکات لە نوسینەکانیدا بوونى هەیە. بەڵام زۆرکات باسى لە دایکى کردووە و ناوى بردووە. دایکى ناوى (نور)بووە. پێدەچێت ئافرەتێکى چاکەکار بوبێت، چونکە ئیبن عەرەبى باس لە هیچ ڕێگریەک ناکات لەلایەن دایکیەو- باوکیشى- کاتێک ویستویەتى خۆى یەکلا بکاتەوە بۆ سۆفیگەرى. بەڵکو لەو ڕێگەیەشدا هاندەرى بووە. باس لەوە دەکات کە دایکى سەردانى مامۆستاکەى (فاتیمەى کچى موسەننا)ى کردووە و فاتیمە پێى وتوو:” نور، ئەمە کوڕى منە وئەویش باوکتە. پەروەردەى بکە و ڕێگرى لێمەکە”. نەدەبینرا کە ئەمەى بە بەدڵ نەبێت. بەجوانى گوێى بۆ فاتیمە ڕاگرت.

دایکى ئیبن عەرەبى لەپاش مردنى باوکیشى هەر ژیاوە، ئیبن عەرەبى بۆتە بەرپرسیار بەرامبەرى و بەرامبەر دوو خوشکەکەیشى. لە (ئەندەلوس)ەوە کۆچیان کرد بۆ شارى(فاس) لە مەغریب و بە گومانێکى زۆر هەر لەوێدا کۆچى دوایی کردووە.
دووەم/ دوو خوشکى:
ئیبن عەرەبى دوو خوشکى هەبووە، بەرپرسیار بووە بەرامبەریان لەپاش کۆچى دوایی باوکى. کە یەکێک لە کاربەدەستانى دەسەڵاتى موەحیدین لە ئەندەلوس.
ئیبن عەرەبى دەڵێت:” یەکەم هەنگاوم لە چونەناو ڕێگەى سۆفیگەریدا، ڕێگەم لەبەردەمدا ڕۆشن بویەوە و هیچ کەسیش بەمەى نەدەزانى.( شیخ ساڵەحى عەدەوى) پێى وتم: کوڕم، تامى سرکە مەکە لەپاش هەنگوین، تۆ خودا ڕێگەى لەبەردەمدا کردۆتەوە و پێویستە پابەند و چەسپاو بیت. چەند خوشکت هەیە؟ پێم وت: دوان. وتى پێگەیشتون، وتم بەڵێ. وتى: گەورەکەیان لەچارەى نوسراوە بەباشى لەسەر ئەمیر (ئەبى عەلاى کوڕى عەزون)، باشترین ماڵ !. دواتر وتى کوڕم، فێرت دەکەم و ئامۆژگاریت دەکەم، ئەم پێکەوەبوونە تەواو نابێت، باوکەکە دەمرێت- باوکى ئیبن عەرەبی- و ئەم هاوسەرەش- پیاوەکە- دەمرێت. لەبەردەمتا دوو خوشکەکەت و دایکت دەمێننەوە، کەس و کارت داوات لێدەکەن کە بگەڕێیتەوە و خزمەتى دنیاییان بکەیت. مەکە و بەگوێیان مەکە، ئەو فەرمودەى خودایان بەسەردا بخوێنەوە کە دەڵێت:” وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلَاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا ۖ لَا نَسْأَلُكَ رِزْقًا ۖ نَّحْنُ نَرْزُقُكَ ۗ وَالْعَاقِبَةُ لِلتَّقْوَىٰ(سورة طه اية 132) لەمە زیاتر مەڵێ و، خوداش کاروبارت بۆ ئاسان دەکات و دەرویەکت لێ دەکاتەوە کە دنیا و دواڕۆژت لەسەرخۆت حەرام کردووە و پشتت بە نەفست بەستووە!.
ساڵێکى تەواو نەکرد کە پیاوەکە مرد پێش ئەوەى خوشکەکەم بگوازێتەوە، دواى ئەمەش باوکم مرد بە شەش ساڵ پاش ئەو قسەیە، وە شێخیش مرد. خەڵک و خزمان وەک ئەوەى شێخ باسیکردبوو کەوتنە گلەیی و لۆمەکردنم بۆ ئەوەى بکەومە هەوڵ کۆشش و خۆ یەکلاکردنەوە بۆ خزمەتى خیزان. ئامۆزاکەم هاتەلام و زۆر ڕێزى گرتم، داواى ئەوەى لێکردم کە بگەڕێمەوە و خزمەتى خێزانەکەم بکەم، منیش دوو بەیتە شیعرم بەسەریدا خوێندەوە کە لەوکاتەدا بۆم هات:
قالوا انصرف عن طریق الحق قلت لهم :
کیف انصرافى وقد قال الجلیل لنا :
ما بعد نور صباح الحق غیرُ دجى لیل الظلال،

فهذا القول یمنعنا
واتە:
دەڵێن: وازبهێنە لەڕێگەى حەق و پێیان دەڵێم: چۆن بگەڕێمەوە کە گەورە- خودا- پێى وتوین: لەپاش ڕوناکى بەربەیان هەر تاریک و لێڵى هەیە و ئەم قسەیەش ڕێگرە لە بەردەممانا.
داوام لە پێشەواى باوەڕداران داواى لێکردم بچمە خزمەتى – دەسەڵاتتدارى موەحیدن-، پێشەواى باوەڕداران یەعقوب (بەڕەحمەت بێت)، (قازیلقوزات ئەبولقاسمى بن بەقا)ى ناردە لام. پێى وتبوو: هیچ کۆمەڵێک لەگەڵ خۆتا مەهێنە و لەگەڵیدا دانیشە. ئەگەر وەڵامى دایەوە ئەوە کاروبارى پێ دەسپێرین و ئەگەریش ڕەتیکردەوە ئەوە ناچارى مەکە. ئەوە بوو پێشەواى باوەڕداران ئەوەى کرد و ڕەتمکردەوە. قسەکەى شێخ ساڵەح لە خەیاڵمدا بوو کە خودا بەدەممەوە دێت.
لەگەڵ پێشەواى باوەڕداران کۆبومەوە و پرسیارى دوو خوشکەکەمى لێکردم، منیش باسى پێگە و جێگەیانم کرد، وتى: دوو کەسى کاربەدەست و شایستەى موەحیدیان بۆ نەدۆزینەوە ؟، وتم: ئەى پێشەواى باوەڕداران، خۆم دوو کەسى شایستەیان بۆ دەدۆزمەوە. وتى: لەمەدا بەپەلەبەو ئامادەکردنیشیان لەسەر ئێمەیە. دواتر بانگى وەزیرى چاودێرى- حاجب- کرد و لەوە ئاگادارى کردەوە و ئامۆژگارى کرد کە هەرکات هەواڵى وردى لەبارەى ئەو بابەتەوە پێ بدا بە شەو و بەڕۆژ. وە چەندین جار لێى دوبارە کردەوە و دڵنیاى کردەوە. دواى ئەوەى لەوێ دەرچوم وگەڕامەوە ماڵەوە، نێردراوێکى ناردبوو و بابەتى داخوازیکارەکانى دوبارە کردبویەوە، بەڵام من سوپاسم کرد و، خێزانەکەم هەڵگرت و لەگەڵ ئامۆزاکەمدا چوینە شارى فاس لە مەغریب.
دواى ماوەیەک پێشەواى باوەڕداران پرسیارى منى کردبوو، پێیان وتبوو: ئەى پێشەواى باوەڕداران، ئەو کەسە لەگەڵ خێزانەکەى ڕۆشتووە بۆ شارى (فاس). ئەویش چەن جارێک وتبوى : سبحان الله !.
پاش ئەوەى گەیشتینە شارى(فاس)، دوو خوشکەکەم بەشودا و دڵم ئارامى گرت، دوبارە بەرەکەتى شیخ عەلیم بەسەر خۆمەوە دیتەوە و ڕۆشتم بۆ (مەککە).

دەکرێت لێرەدا بپرسین: بۆچى ئیبن عەرەبى هاوسەرگیرى دوو خوشکەکەى لەگەڵ دوو کاربەدەستى دەسەڵاتى ئەوکاتى (موەحیدین) ڕەتکردۆتەوە ؟. ئەوە ڕونە کە ڕێزى ناوە لە پێشەواى باوەڕداران، کە دامەزرێنەرى باوکى بووە و پاش ئەویش ویستویەتى خۆشى دامەزرێنێت. بەڵام ئیبن عەرەبى تەواو ڕازى نەبووە لە هەڵسوکەوتى کاربەدەستانى سەردەمى خۆى. لە کتێبە ئینسکلۆپیدیا گەورەکەیدا(الفتوحات المکیە) بەوە ناویان دەبات:” ئەوانە ئەهلى ستەمن، بەشێوەیەک دەسەڵات بەدەستن کە خۆشیان نازانن”. یەکێکى دیکە لە کتێبەکانى بەناوى(روح القدس) کە لە (مەککە) نوسیویەتى سەرشارە لە نمونەى مامۆستاکانى کە دیاریان لە کاربەدەستان وەرنەگرتووە، بەهۆى نەبوونى گرەنتى لە پارە و سامانیاندا کە لە موسوڵمانان کۆیان دەکردەوە.
ئەوەى گرنگ بێت لەم چیرۆکە جوانەدا کە ئیبن عەرەبى دەیگێڕێتەوە ئەوە دەردەکەوێت کە زۆر بەدەم داهاتووى خوشکەکانیەوە بووە. هەر بەم هۆیەشەوە بووە کە کۆچى پێکردوون لەگەڵ دایکیان لە ئەندەلوسەوە بۆە مەغریب. بۆ ئەوەى دوو زاواى چاکیان بۆ بدۆزێتەوە، بۆیە کاتێک ئەمە جێبەجێ دەبێت لەم دەقەدا دەڵێت:” کە گەیشتینە فاس، دوو خوشکەکەم دا بەشوو و دڵم ئارامى گرت”.

سێیەم / خۆشەویستەکەى: لێرەدا زۆر درێژەى هەیە باسکردن لە سیفات و کەسایەتى ئەو ئافرەتەى کە ئیبن عەرەبى زۆر بەقوڵى خۆشى ویستووە. ئەوەش لەوەوە دەبێت کاتێک ئیبن عەرەبى کۆچ دەکات بۆ (مەککە)، لەوێدا دەگات بە یەکێک لە شێخەکانى مەککە بەناوى (زاهیر کوڕى ڕۆستەم کوڕى ئەبى ڕەجاى ئیسفەهانى). ڕونە لێرەدا کە لە بنەڕەتدا فارس بووە. کچێکى گەنجى هەبووە بەناوى (نەززام)، خاوەن جوانیەکى زۆر، تا ڕادەیەکى زۆر خاوەنى زیرەکى و زانست و ڕەوشت جوانى بووە. هەر لەبەر ئەمە کە ئیبن عەرەبى دیوانێکى غەزەلى تەواوى نوسیوە بەناوى(ترجمان الاشواق)، کە تیایدا خۆشەویستیە زۆرەکەى بۆ ئەم ئافرەتە خستۆتەڕوو، کە دواتر ئەم ئافرەتە مەککە جێدەهێڵێت و دەچێت نەجد و لەوێ هاوسەرگیرى لەگەڵ کەسێکى دیکەدا دەکات.
ئیبن عەرەبى لە دیباجەى دیوانەکەدا دەڵێت:”هەر ناوێک کە باسى دەکەم لەم بەشەدا، ئەوە نسبەتى بۆ ئەو دەگەڕێتەوە، هەر پێگە و جێگەیەکیشم کە پێ باش بێت ئەوە ئەوم مەبەستە”. ڕوونە کە خۆشەویستیەکەى بۆ (نەززام) خۆشەویستیەکى دوچاریى بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە سیفاتە بەرجەستەیی و حیسیەکانى خستۆتەڕوو، بەڵام بەبێ ئەوەى کە ئەو سیفاتانە ناشرین بکات و نورەکەى تێک بدات. دەڵێت:”ئاگاداری ڕێزى زاتى ئەوین بە هاودەمیکردنى!”.
دەکرێت بڵێین کە ئەم ئافرەتە زۆر جوان بووە و، تواناى عەقڵى واى کردووە کە وزەى شیعرى ئیبن عەرەبی بتەقێنێتەوە و، هونەرنەمایی بکات لەدانانى دیوانى(ترجمان الاشواق) دا. تەنانەت لە هەندێک لە بەیت و قەسیدەکاندا وەپێش زۆرێک لە شاعیرانى ناودارى عەرەب کەوتووە لەو بوارەدا. زیادەڕەوى نیە خۆ ئەگەر بڵێم ئەم دیوانە بەپێى پێویست نەخراوەتە بوارى ڕەخنە و لێکۆڵینەوە لەلایەن لێکۆڵەر و ئەدیب و ڕەخنەگرانى عەرەب، لەکۆن و نوێدا.
خۆ ئەگەر ئیبن عەرەبى دەڵێت کە نازناوى(نەززام)دەڵێم، بەڵام لە چوار شوێندا بەئاشکرا ناوى وتووە و بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. یان تەنانەت ناوى پێگە و شوێنە ڕەسەنەکەشى وتووە کە بنەچەى باوکێتى بەگوێرەى قسەى ئیبن عەرەبى:

قال شوقى لقفلە ذات نثر

نظام ومنبر وبیان
من بنات الملوک من دار فرس

من اصل البلاد من اصفهان
هل رأیتم یا سادتى أو سمعتم

ان ضدین قد یجتمعان

هۆگرى من زۆر درێژبویەوە بۆ منداڵێکى خاوەن گەورەیی.
کە یاسا –نەززام- و منبەر و دەربڕینە
لە کچى پادشایانى خانەدانى فارسە
لە چاکترین وڵات کە ئیسفەهانە.
ئەرێ دیوتانە گەورەکانى من یان بیستوتانە
کە دوو دژ کۆ ببنەوە !.

شاراوە نیە کە ئیبن عەرەبى زۆر سەرسام بووە بە جوانى ئەو ئافرەتە فارسە کاتێک کە قسەى کردووە و پێکەنیوە و بە قژە ڕەشە درێژەکەى ڕوخسارى وەک مانگى گرتووە و دایپۆشیوە. هەروەها بە هەڵسوکەوتى بەرامبەر ئەو کەسەى کە سەرسامى بووە. هەروەها دەڵێت:

تصد جدا ، وتلهو بالهوى لعبا

والموت ما بین ذاک الجد واللعبِ.
ڕوبەروو دەبێتەوە بە جدیەت و، گاڵتەى بە عەشق دێت.
مردنیش لەنێوان ئەم جدییەت و یاریەدایە.
هەروەها کاتێک دەموچاوى لەگەڵ قژى خەڵوزینى کۆدەبێتەوە:

للشمس غرتها ،للیل طرتها، شمس ولیل معا من أجمل الصوڕ

خۆر ناوچاوانێتى و شەویش توڕرەى زولفیەتى
خۆر و شەویش پێکەوە لەجوانترین وێنەیە.
ئیبن عەرەبى نمونەى بەوە هێناوەتەوە کە دەرکەوتنى خۆر لاسایی کردنەوەى پێکەنین و زەردەخەنەیەتى. دواتریش هاتن و دەرکەوتنى شەو دایدەپۆشێت کە قژیەتى:

تشرقُ الشَّمسُ إذا ما ابتسمتْ،, رَبّ ما أنْوَرَ ذاكَ الحَبَبَا.

يطلعُ اللَّيلُ، أذا ما أسدلتْ, فاحماً جَثْلاً أثيثاً غَيْهَبَا

تەواو دانى بەوەدا ناوە کە کەوتۆتە ناو خۆشەویستى تەواوى و ئەم خۆشەویستیەشى بەرەو مردنى دەبات و دەیکوژێت. چونکە جوانیەکى بێ سنورى هەبووە و زۆریش دورى گرتووە لە عاشقەکەى!:

إنَّ الفراقَ معَ الغرامِ لقاتلي, صعبُ الغرامِ مع اللِّقاءِ يَهونُ

مالي عَذُولٌ في هواها إنَّها معشوقة ٌ حسناءُ حيث تكونُ

ئەو بەیتانەشى کە باس لە بەیەکتر گەیشتنى بەرجەستەیی و حیسسى ئەکەن لەگەڵ ئەو خۆشەویستەیدا، تەنها ئەو کاتەیە کە لەیەکتر جیابونەوە ڕودەدات و ماڵاوایی لەیەک دەکەن:
إذا ما التقینا للوداع حسبتنا لدى الظم والتعنیق حرفًا مشددا
فنحن وإن کنا مثنى شخوصنا فما تنظر الابصار إلا موحدا
هەروەها لە قەسیدەیەکى دیکەدا دەڵێت:

تملکنى وتملکته فکلٌ لصاحبه قد مَڵکْ
فکونێ ملکًا له بینْ وملکى له قوله : هیت لک !

ئایا دەکرێت لەپاش ئەمەوە – وەک چۆن هەندێک لە خوێندکارەکانى دەیڵێن- ئیبن عەرەبى زۆر عاشقى ئەم ئافرەتە نەبوبێت، عەقڵى لێسەندبێت، ئەویش دەڵێت:
ڕلم تدر ڕن الحسن یسلب من لە عفاف فیدعى سالب الحسنات
هەروەها لە دەرد و ناڕەحەتى خۆشەویستیدا دەڵێت: الهوى راشقى بغیر سهام الهوى قاتلى بغیر سنان
وە دەڵێت: ما حیاتى بعدهم إلا الفنا فعلیها وعلى الصبر السلامْ!.
ئیبن عەرەبى هەوڵیداوە کە چاوەکان بەو ئاراستەدا بگۆڕێت کە غەزەلێکى نایابى هەیە و تایبەتى کردووە بە نەززام، هەروەها هەستاوە بە شەرحێکى سۆفیگەرانە بۆ ئەم دیوانە جوانە، کە بەپێوەرى ڕەخنەى ئەدەبی بە یەکێک لە دوڕەکانى شیعرى عەرەبى هەژمار دەکرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت