چیرۆک بۆ منداڵان ـ جوانوویەکی بچووک .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی .. رەزا شوان

جوانوویـەکی بچـووک

لە سەردەمێکی کۆندا ، جوانوویەکی بچووک لە گەڵ دایکیدا ، لە کێڵگەیەکی جواندا بە خۆشی و ، بە هێمنی دەژیـان .. رۆژانە تاوێک کێبڕکێیان دەکرد و چەند تاوێکیش دەلەوەڕان .. لە یەکتری دانەدەبڕان .. کە تاریکیش دادەهات .. دەچوونەوە بۆ ناو گەوەڕەکەی خۆیان ، تا بە ئارامی و بە ئاشتی بنوون .

رۆژێکیان لە پڕێکدا ، جوانووە بچووکەکە ، ژیانی لێ تەسک بۆوە .. هەستی بە بێـزاری کرد .. وا هەستی کرد ژیـان لە کێڵگەکەیاندا بەرتـەسک بۆتەوە و تـام و خۆشیی نەمـاوە .. ویستی شوێنێکی کە بدۆزێتـەوە ، کە لە شوێنـەکەی خۆیان خۆشتر و جـوانتر بێت .

دایکی وتی :  رۆڵە گیـان ، پێم ناڵێـیت بۆ کـوێ بـڕۆین .. ؟ کێڵگەکەمان بۆ کێ بە جێ بهێـڵین .. ؟ ئەمـە زەوی باوباپـیرانمـانە .    
جوانووەکە گوێی بە قسەکانی دایکی نەدا و ، سووربوو لەسەر رۆیشـتن .. ماڵئاوایی لە دایکی کرد .. بەڵام دایکی لێی نەگەڕا بە تەنیا بڕوات ، لەگەڵیـدا رۆیشت و ، چاوەکانیشیی پڕببون لە فرمێسک .. سەر لە بەیانی ئەو رۆژە بە رێکەوتـن .. بە زەوی پـان و بەریندا رۆیشـتن .. لە هەچ زەوی و کێڵگەیەک نزیک دەبوونەوە ، کە ئـاژەڵانی تر لە سەریان دەژیـان .. بۆ ئەوەی کەمێـک بلەوەڕێن .. ئاژەڵەکان رێیان پێنادان کە لەسەر زەوییەکانیاندا بلەوەڕێـن .. لە هەر کـانی و ، کۆلێک نزیک دەبوونەوە ، کە ئاوبخۆنەوە ، رێیان لێدەگرتن و نەیان دەهێشت ئاو بخۆنەوە .. ئەو رۆژە بە برسێتی و بە توونییەتی مانەوە . شەویان بەسەردا هات .. شوێنی حەوانەوە و نووستنیان نەبوو .. بە برسێتی و بە ترس و بە نائارامی تا بەیانی لە دەرەوەدا مانەوە و خەویان لێنەکەوت .

لە دوای ئەم تاقیکردنەوە تاڵەدا .. جوانووە بچووکەکە زۆر پەشیمان بۆوە .. داوای لێبووردنی لە دایکی کرد .. بڕیاری دا کە بگەڕێنەوە بۆ کێڵگە جوان و خۆشەکەی خۆیـان ، کە زەوی باوباپیرانیانە .. پـڕە لە خواردن و بە ئەوپەڕی ئازادی و ئارامی و دڵنیاییەوە لێی دەژین .

جـوانووەکە ئەو راستییەشی بۆ دەرکـەوت .. ئەوەی زەوی خۆی جێبهێڵێت .. بە نامۆیی و بە نائارامی دەژیت .

( * ) جوانوو : جوانەمایین : (  بێچووی مایین  )
منداڵە جوانکیلەکانی کوردستان .. ئەو مەبەستەی کە لەم چیرۆکە دایە .. ئەوەیە کە هەرکەسێک نیشتمانەکەی خۆی لە هەموو شوێنی لا خۆشتر و شیرینترە .. ئەگەر جێشی بهێڵێت .. هەست بە نامۆیی دەکات .. چونکە ئەو ئازادییەی کە لە نیشتمانەکەی خۆیدا هەیەتی ، لە شوێنانی تردا بەو رادەیە نییە و .. وەکو بێگانەیەک لێی دەڕوانـن .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت