ڕەزا شوان : سوود و زیانەکانی ( ئایپاد ) بۆ منداڵان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و شەپۆڵەکانی داهێنان درێژەیان هەیە و ناوەستن .. رۆژ لە دوای رۆژ دەزگای ئەلیکترۆنی سەیر و سەمەرەتر دروست دەکرێن و دێنە کایەوە ، ئەم داهێنانانەش لە هەموو بۆراکاندا گۆڕانکارییەکی ریشەییان لە ژیانماندا کردوون .. ئاسانکارییەکی زۆریان بۆ کردووین ، بۆ ئەوەی بە ئاسانی و بە خێراییەکی زیاتر ئەرکەکان و کارەکانمان راپەڕێنین و ئەنجامیان بدەین .. لە راستیشدا تەکنۆلۆژیای تازە کەلێنێکی گەورەشی خستۆتە نێو خەڵکییەوە دەتوانین زۆر بە ئاسانی ئەم راستییە لە خێزانێک و لە ماڵێکدا بەدی بکەین .. دەبینین هەرەیەکە لە ئەندامانی خێزانێک تەلەفۆنی تایبەتی خۆی بەدەستەوەیە و نوقمی تایبەتییەکانی خۆی بووە و، ئاگای لەوانی تر نییە .. لە ئەمڕۆدا ئەم دیاردە نەرێنییە منداڵەکانیشیانی گرتۆتەوە .. منداڵانیش یا خەریکی ئینتەرنێت یا یارییە لێزەرییەکانن یا بوونە بە خاوەنی دەزگای ئایپاد .. پێ بە پێی دایک و باوک و خوشک و براکانیان ، ئەمانیش بە هەوەسی خۆیان ، گەشت بە یارییەکان و بە بابەتە هەمەجۆرە و هەمەڕەنگە رەنگاوڕەنگەکانی ئایپاتەکانیاندا دەکەن و ، زیاتر لە گەورەکان تێیدا قاڵبوونەتەوە و باشتریش لەوان بەکاری دەهێنن .. منداڵان هێندە هۆگری ئایپاد بوونە ، نە وەکو جاران پێکەنینی شیرین و ، زاق و زیق ، نە زریک و هۆڕ و، نەیاری خۆش و راکە و وەریان ماون .. نە وەکو جاران بە لای بووکەڵەکانیان و بە لای پاسکیلەکانیاندا دەچن .. نە وەکو منداڵانی پێش خۆیان تامەزرۆی گوێگرتنی چیرۆک و نەزیلە خۆشەکانی باپیرە و داپیرە گیانن .. ئایپاد و ئینتەرنێت گۆشەگیر و تەنیاویستی کردوون و ، هەموو کاتێکی لێیان داگیرکردووە ، تەنانەت تووشی کەم نووستن و خەوزڕانیشی کردوون .

( ئایپاد ) دەزگایەکی تەکنۆلۆژی تازەی زیرەکە ، قەوارەیەکی بچووک و گونجاوی هەیە و ، هەڵگرت و بەکارهێنانی ئاسانە و ، بە پەنجە بەکاردەهێنرێت .. لە ئەمڕۆدا ئەگەر نەڵێم هەموو منداڵانی وڵاتە پێشکەوتووەکان ، ئەوا بەشی هەرە زۆری منداڵەکانیان خاوەنی ئایپادن و ئایپاد بووە بە پێویستییەکی گرنگیان و بە بەشێک لە ژیانیان .. ئایپاد دەزگایەکی یاری و فيرکارییە ، منداڵان لە رێی ئایبادەوە فێری گەلێ یاری و زانست و زانیاری هەمەچەشنە دەبن .. لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ، ئایپاد وەکو هۆیەک بۆ فێرکردن و پەروەردەکردن وەرگرتن ، سوودێکی زۆریان لێبینیوە .. خەریکە ئایپاد جێی پەرتووکەکانی قوتابخانەی بنەڕەتی بگرێتەوە .. هەر قوتابییەک دەبینی ئایپادی خۆی هەیەوە و لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و ، وانەکانی قوتابخانەدا تا رادەیەکی زۆر سوود لە ئایپاد وەردەگرێت .

ئایپاد هەروەکو ئینتەرنێت ، دەزگایەکی دوو لایەنییە .. سوودی زۆر باش و ، زیانی مەترسیداریشی هەیە .. دەکەوێتە سەر چۆنییەتی بەکارهێنانی ، گەر منداڵان بە باشی بەکاری بهێنن ، سوودێکی نایاب و گرنگی دەبێت ، گەر هاتوو بە خراپيش بەکاری بهێنن ، زیانێکی مەترسیداری لەسەر ئەمڕۆ و داهاتووشیان دەبێت .. لەوانەشە منداڵانی ساویلکە ، هەست بە زیان و مەترسییەکانی نەکەن .

دەزگاکانی تەکنۆلۆژیا ، بە ئایپادیشەوە ، هەرچەندە سەیر و سەمرەشبن .. بێگومان لە داهێنان و لە دروستکردنی زادەی بیر و هۆش و دەستی مرۆڤن .. هەر مرۆڤیش دروستی کردوون و بەرنامە و بابەتەکانی بۆ داڕشتوون ، ئەگینا ئەم دەزگایانە شتی ئەفسووناوی و خەیاڵی نین .. کۆد و جڵەو و کۆنترۆڵیان لە دەستی مرۆڤ دایە ، چۆن بیەوێت و ئارەزوو بکات بەو شێوەیە بەکاریان دەهێنێت .

ئەوەش دیمەنێکی سروشتییە ، کە منداڵێک دەبینین ئایپادێکی بە دەستەوەیە و ، زیرەکانە بە کاری دەهێنێت .. سەیری ڤیدیۆکانی دەکات و ، جۆرەها یاری لەسەر دەکات .. بەڵان ترس و نگیەرانی ئێمە لە خراپی بە کارهێنان و ئالوودەبوونی منداڵانە لە بەکارهێنانی ئایپاد  .. منداڵان ناتوانن کۆنترۆڵی خۆیان بکەن .. رۆژانە زیادەڕۆیی لە ماوەی بەکارهێنانی ئایپاد دا دەکەن و .. گۆشەگیر و مات دەبن و ئاگایان لە دەوروبەرەکەیان نەماێنی ..  ئایپاد لە زۆر رووە بە ئەرێنی و نەرێنی کاری تێکردوون .

چۆن دەزانن کە منداڵەکانتان ئالوودەی ئایپاد بوونە ؟
کە منداڵ ئالوودەی ئایپاد ببێ و ، ببێت بەشێکی سەرەکی لە ژیانیدا .. هەر وەکو چۆن جگەرەکێشی ئالوودە بوو ، زۆر زەحمەتە بەبێ جگەرە ئارام بگرێت و لە بیری خۆی بباتەوە .. بەم شێوەیەش منداڵی ئالوودەبوو بە بەکارهێنانی ئایپاد ، گەر بەکارهێنانی لێ قەدەغەبکرێ ، ماخۆلانی پێدەکەوێت .  ئەمانەی خوارەوە ، بە کورتی هەندێکن لە نیشانەکانی منداڵانی ئالوودەبوو بە بەکارهێنانی ئـایپاد :
1 – منداڵانی ئالوودەبوو بە بەکارهێنانی دەزگای ئایپاد بەبێ ئایپاد ، هەست بە دڵەڕاوکی و خەمباری و نائارامی و دڵتەنگی دەکەن .. گەر بەکاری بهێنێتەوە یەکسەر هێور و ئارام دەبنەوە .
2 – بەراورد بە جاران کە لە ماوەیەکی کەمدا خۆشنوود دەبوون لە ئێستادا ماوەیەکی زیاتر پێدەچێت .
3 – بایەخ بە یاری و بە چالاکییەکانی پێشوویان نادەن، کە پێشتر چەژ و خۆشییان لێیان وەردەگرتن .
4 – بۆ ئەوەی لە کێشەکانی و هەستە نەرێنییەکانیان رابکەن ، بۆ نموونە گەر لەگەڵ خوشک و برا و هاوڕێکانیاندا هەرایان بووبێت ، خۆیان گیل دەکەن و ، خەریکی بەکارهێنانی ئایپادەکانیان دەبن .
5 – هەوڵدەدەن بە دزی دایک و باوکییانەوە و .. دوور لە چاودێریکردنیان ئایپادەکانیان بەکاربهێنن .

سوودەکانی ئایپاد بۆ منداڵان :
1 – ئایپاد هۆییەکی باشە ، بۆ فێرکردن و فێربوون و پەروەردەکردن و وەرگرتنی زانست و زانیاری .
2 – ئایپاد یارمەتیدەری باشی قوتابیانە بۆ خوێندنەوە و ، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی قوتابخانەیان .
3 – لە رێی ئەو یارییانەی کە لە ئایپادا هەن ، منداڵان سەرقاڵ دەبن و ، هەست بە خەمباری ناکەن .
4 – لە ئایپاد دا ، زیاتر لە ( بیست هەزار ) راهێنانی پراکتیکی زانیاری هەمەجۆرە هەیە .. ئەمەش ئاماژەیە بۆ رادەی سوودە زانیارییەکانی ئایپاد بۆ منداڵان .
5 – ئایپاد تەنها یارمەتیدەری منداڵان نییە بۆ خوێندنەوە ، بەڵکو یارمەتیشیان دەدات بۆ نووسین .
6 – شێوەی ئایپاد و ئاسانی هەڵگرتن و بەکارهێنانی ، زۆر گونجاوە بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان ، بە تایبەتیش بۆ ئەو منداڵانەی کە کێشەی جووڵانەوەیان هەیە .
7 – ئایپاد یارمەتیدەرێکی باشی منداڵانە ، بۆ فێربوونی زمان و بۆ شارەزاییەکی زیاتر لە زماندا .
8 – ئایپاد چەژی هونەری بە منداڵان دەبەخشێت .. چەندین گۆرانی خۆش لە ئایپادەوە فێردەبن .
9 – رۆشنبیری ئەلیکترۆنی زۆر گرنگە ، چونکە چاوی منداڵان دەکاتەوە و نابەڵەدیش نابن و دەززانن لە جیهاندا چی هەیە .. مافی خۆشیانە کە لە رەوتی پێشکەوتن و ، لە سەردەمەکەیان دوانەکەون .
10 – بەکارهێنانی ئایپاد لە کۆمەڵدا بڵاوبۆتەوە ، بۆیە ئایپاد بووە بە پێویستییەکی منداڵانیش ، پێویستە لە پرۆگرامەکانی خوێندندا دابنرێت و ، کادری شارەزاش فێریان بکات تا بە دروستی بەکاری بهێنن .

زیانەکانی ئایپاد بۆ منداڵان :
پسپۆری چارەسەری سروشتی ، خاتوو ( لۆرنا تایلۆر ) دەڵێ : شێوازەکانی ژیانی نوێ و ، بە زۆری بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا ، کاریگەرییەکی زایانبەخشیان لەسەر تەندروستی و ماسوولکەکان و ئێسکەکانی منداڵان هەیە .. گەر لە ئێستادا لە قوتابخانە و لە ماڵەوەدا چارەسەرنەکرێن، لە ئایندەدا کارگەرییەکی درێژخایەنیان لەسەر منداڵان و کۆمەڵگاش دەبێت .. بۆیە زۆر پێویستە کە خووی تەندروستیان پێببەخشین  .
دەروونناسی بەریتانیش ، دکتۆر ( ریتشارد هاوس ) گەورەی وانەبێژان لە زانکۆی ( وینشیستەر ) دەڵێ : دانی ئایپاد بە منداڵان ، دەگاتە ئاستی بە خراپی رەفتارکردن لە گەڵیاندا ” درێژەی پێدەدا و دەڵێ : دەزگا زیرەکەکان .. زیانێکی زۆر بە منداڵان دەگەیەنن ، پێویستە لەسەر دایکان و باوکان وریابن لەوەی ، کە گەشەکردنی منداڵاکانییان رووبەڕووی کارەسات ببێتەوە

زیانەکانی ئایپاد بۆ منداڵان لە ئالوودەبوونە لە بەکارهێنانیدا، ئەمانە هەندێکن لە زیانەکانی ئایپاد :
1 – زیادەڕۆیی و ئالوودەبوون لە بەکارهێنانی ئایپاد ، کە بە هۆی پەنجەوە بەکاردەهێنرێت .. دەبێتە هۆی لاوازبوونی ماسوولکە وردەکانی دەست و پەنجەکانی منداڵان کە پێویستییان پێیان هەیە بو گرتنی پێنووس و نووسین لەسەر کاغەز .. لەوانەشە لە داهاتووتدا پەنجەکانیان بێهێز و لاوازبن .
2 – لە ئەنجامی وردڕوانین لە خاڵێک و ، کارتێکردنی ئەو تیشکانەی کە لە پەردەی ئایپادەوە بەر چاوی منداڵان دەکەون .. چاوەکانیان سوورەوەبن و ، ئەسرینیان وشک دەکات و دووچاری چاوئێشە و ، پرتەپرتی چاو دەبن و، ناچاردەبن کە چاوێلکەی پزیشکی بەکاربهێنن .
3 – لە ئەنجامی زۆر دانیشتن و خۆچەمانەوە و مل لارکردنەوە بە دیار ئایپادەوە بۆ ماوەیەکی زۆر .. لەوانەیە دەمارەکانی ملی منداڵان رەقبن و .. پشتیان ئازاری ببێت و کووڕبن و .. ملیان لاربێت .
4 – ئایپاد کاریگەری لەسەر پەردەی پارستنی مێشکی منداڵان هەیە ، چونکە مێشکی منداڵان، دوو هێندەی مێشکی گەورەکان تیشکەکانی ( میکرۆوایڤ ) دەمژێت ، کە لە ئایپادەکانیانەوە بڵاودەبنەوە .
5 – ئایپاد منداڵان خاو تەمەڵ دەکات ، ئارەزووی هەڵسان و چالاکی و وەرزشکردنیان نامێنێ .. هەر بە دانیشتنەوە و لەگەڵ بەکارهێنانی ئایپادا ، شتی زۆر دەخۆن و قەڵەودەبن و کێشیان زیاد دەکات و ، بە هۆی کێش زیادبوونەوەش ، تووشی چەند نەخۆشییەک دەبن .
6 – منداڵان کە ماوەیەکی زۆر بە بەکارهێنانی ئایپاد بەسەردەبن . توانای خوێندنەوەیان لاوازدەبێ و ، وەکو پێویست وانەکانیان ئامادە ناکەن و ، گوێش نادەن بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی قوتابخانەیان .
7 – تووشی خەوزڕان و ئاڵۆزی و کەم نووستن دەبن .. وەکو پێویست نانوون ، چونکە دەیانەوێت زۆرترین کات و تا شل و کوت و بێزاردەبن .. بە ئایپادەکانیان یاری بکەن .. ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی لەسەر تەندروستی و هۆش و بیرکردنەوە و وەبیرهێنانەوەیان هەیە .
8 – دووچاری گرژی و تووڕەیی و دڵەڕاوکێ و هەڵچوون دەبن و بە رەقی و وشکی وەڵام دەدەنەوە .
9 – منداڵان لە ئەنجامی سەیرکردنی ئەو یارییە توندوتیژ و نەرێنییانەی کە لە ئایپادا سەیریان دەکەن و ، سەرسامی پاڵەوانێتی کاراکتەرەکانیان دەبن ، هەندێ رەفتاری نەرێنی لێیان سەرهەڵدەدەن , وەکو : شەڕانگێزی و دەستوەشاندن و زۆرانبازی و کەلەڕەقی و ملهوڕی و … هتد . پاراوبوونیان بەم رەفتارانە و ، بەرجەستەبوونیان لە بیر و هۆشیاندا ، کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر رەفتارەکانیان دەبێت ، دەبینین بە گژی خوشک و براکانیان و هاوڕێکانیاندا دەچن و .. یاخی و بەلەسە دەبن و .. لە رووی دایک و باوک و مامۆستاکانیان هەڵدەگەڕێنەوە .. پێشێلی یاساکانی قوتابخانە دەکەن .
10 – بەشێکی زۆری منداڵان لە ئەنجامی ئالوودەبوونیان بە بەکارهێنانی ئایپاد .. تووشی گۆشەگیری و خەمباری و کەمدوویی بوونە .. لەگەڵ خێزانەکانیاندا ، نایەنە سەر خوانی پێکەوە نانخواردن .
11 – ئایپاد هۆکارێکە بۆ لاوازکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان .. پەیوەندییەکانی نێوان خەڵی لاواز دەکات .. منداڵانیش وەکو جاران چالاکییان نییە و، یاری و وەرزشی بە کۆمەڵ ناکەن .
12 – لەوانەیە ئالوودەبوون بە بەکارهێنانی ئایپاد و ئینتەرنێت .. هۆکاربێت بۆ تووشبوون بە چەندین نەخۆشی مەترسیدار، وەکو : شێرپەنجە ، هەوکردنی مێشک ، ژانەسەر ، ما دووبوونی دەمارەکان ، نەخۆشییەکانی پێست ، چاوکزی ، پشتکووڕی ، مل لاری ، چەندین نەخۆشی دەروونی و … هتد .

هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی ئالوودەبوونی منداڵ بە ئایپاد :
ئاکادیمیای ئەمریکی بۆ پزیشکی منداڵان ، ئەوەیان رادەسپاردووە ، کە منداڵانی تەمەن لە دوو ساڵ کەمتر نابێت لە بەردەم پەردەی تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت و ئایپاد دا ، کات بەسەربەرن ، خۆ ئەگەر پێویستیش بکات، نابێت لە 15  بۆ  20 خولەک زیاتر بمێننەوە . بەڵام منداڵانی تەمەن سەرووی دوو ساڵان ، پێویستە رۆژانە لە 2 کاتژمێر زیاتر نابێت دەزگاکانی تەکنۆلۆژیا ( ئینتەرنێت ، ئایپاد ) بەکاربهێنن .. دایکان و باوکانی دڵسۆز و میهرەبان : منداڵەکانتان ئالوودەبوونە یا ئالوودە نەبوونە بە بەکارهێنانی ئایپاد ، دەتوانن سوود لەم ئامۆژگارییانەی خوارەوە وەربگرن :
1 – لەگەڵ منداڵەکانتاندا بدوێن .. بزانن هۆگری بینینی چ بابەتێکن لە ئایپاد دا .. بۆ ئەوەی بۆ شتە باشەکان هانیان بدەن و ، یارمەتیشیان بدەن بۆ دوورکەوتنەوە ، لەو شتانەی کە لە ژیانیاندا زیانی پێدەگەیەنن ، وەکو : توندوتیژی و شەڕانگێزی یا هەوەسبازی ، یا هەر بابەتێکی زیانبەخشی تر .
2 – لەسەر کاتێکی گونجاو بۆ بەکارهێنانی ئایپاد لەگەڵ منداڵەکانتاندا رێبکەون ، پێش تەوابوونی کاتی یاریکردنیان ئاگاداریان بکەنەوە ، تا ئامادەی کاتی کۆتایی پێهێنابن و ، فێربن کە رێز لە کات بگرن .
3 – چالاکی جۆراوجۆری تر بۆ منداڵەکانتان دابین بکەن وەک یاریکردن لەگەڵ هاوڕێکانیان ، تا ئەوە بزانن کە یاریکردن لە ئایپاد دا یەکێکە لە چەندین چالاکی تر بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان بە خۆشی .
4 – پێویستە دایکان و باوکان و کەسوکار پێشەنگ و نموونەبن بۆ منداڵەکانیان ، لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تەلەفۆنی زیرەکدا .. دایک چۆن دەتوانێت داوا لە منداڵەکەی بکات و پێی بڵێت نابێت ئایپاد بەکاربهێنێ ، لە کاتێکدا کە خۆی بە درێژایی کات تەلەفۆنەکەی بە دەستەوەیە و بەکاری دێنێ .
5 – کاتێ کە منداڵەکانتان ئایپاد بەکاردەهێنن .. پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان چاودێرییان بکەن .
6 – پێویستە منداڵان ماوەیەک بەر لە نووستن .. کۆتایی بە بەکارهێنانی ئایپاد بهێنن .. ناشبێت لە ژوورەکانی نووستنی منداڵاندا تەلەفزیۆن و داتە و ئایپاد و دەزگای یاریکردنی ئەلیکترۆنی هەبن .
7 – وریابن و رێنمایی منداڵەکانتان بکەن ، کە پێویستە لە ئینتەرنێت و ئایپادا ئەو یاری و بابەتانە هەڵبژێرن کە لەگەڵ تەمەنیاندا دەگونجێن .. گەر وا نەبوو ، پێی بڵێ بۆت نییە ئەم یارییانە بکەی .
8 – دەتوانن کۆد ( وشەی نهێنی ) بۆ دەزگاکانیان دابنێن ، تا نەتوانن بە ئاسانی بەکاریان بهێنن .
9 – پێویستە شوێنی بەکارهێنانی داتە و ئایپاد ، شوێنێکی گشتی بێت لە ماڵدا ، تا چاودێری بکرێن .
10 – پێویستە دایکان و باوکان دوودڵ نەبن و شەرم نەکەن، گەر زانییان منداڵەکانیان ئاڵوودەی بەکارهێنانی ئایپاد بوونە .. چارەسەری گونجاویان نییە .. داوای یارمەتی لە کەسانی پسپۆری ئەم بوارە بکەن، تا یارمەتیان بدەن و ، هەنگاوەکانی چارەسەری گونجاویان بۆ دەستنیشان بکەن .

لە کۆتاییدا ، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین ، کە ئینتەرنێت و ئایپاد لە منداڵان قەدەغەبکرێن .. نابێت منداڵان لە شارستانی و لە پێشکەوتن دابڕێن و .. لە بەکارهێنانی دەزگا تازەکانی تەکنۆلۆژیادا نابەڵەدبن .
بەڵام پێویستە لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی ئێمەدابن و .. رێنمایی راست و دروستیان بکەین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت