kejal-ali-450x300

که‌ژاڵ عه‌لی : پێشهاتەکانی ٢٤ کاتژمێری با .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاسمان خۆی داتەکاند ،

خەمەکانی بوون بە باران ،

ئەستێرە بە تاقی ئازارەوە ،

کەوتنە درەوشانەوە .

گومان دەکەم

قەدەر پێش بەو بایە بگرێ

وەک سیخوڕێکی نالەبار،

سەر بە کۆشی باخچەدا شۆڕ دەکاتەوە ،

کراسی گەڵا هەڵدەکا،

دەم لەشلکەی عەشق دەکوتێ ،

دەست بۆ مەمکی هەنار دەبا .

بایەکە لەگەل خۆی

ئافاتی خستۆتە سەر دوو باڵ.

بە هەموو پێوەرەکانی

ئەنتیمۆمەتری پیاوەتی،

کەوتۆتە وێزەی پاییز،

بە فەریکی پاکیزەیی،

دەخاتە بن کەلێنێکی.

تام لە بەفر

بەر لەبێبەر دەڕنێ.

کەئەو دێ

زەوی لەبەهەشتەوە،

دەگوازێتەوە بۆ دۆزەخ.

سەوزایی بە درەختەوە،

دەگۆڕێ بە تەختە.

ژنێتی لە پشکۆیەکی گەرمەوە،

بۆ تۆپەڵێک ئاسنی سارد.

گومان دەکەم

بروسکە وەك شمشێری داد

سینگی واقع بکوتێ،

درز بخاتە دڵی شەو

کەللەی تاریکی،

بە ئاسماندا بەرێ.

وا مەزەندە دەکەم

هێشتا برووسکە تەوقە بێ

تەوقەی نا ئومێدی،

لە نێوان زۆرانی شەوو

ئاشتەوایی ڕەشەبادا.

تەنانەت

مانگیش دووڕووە

ئەو دەمەی با

ناودەمی بەفری

پر کرد لە قرمژنی تەرزە،

ئەو دەسماڵی تەمی پۆشی،

چڵێك هەوری دابە خۆیدا.

گوێ بگرە

هێشتا هەر گڤڤەی دێ،

بە بەرۆکی باخچە و

شەوکەتی شەوەوە.

تۆ بڵێی تاکەی بێ

گڤڤەی با….

 

 سویسرا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت