یادەوەریەکانی ڕۆژانی پێشمەرگایەتی / جمال چاوشین

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گرتنی ووڵاتی کوێت لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە .

سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر باش خەریکی تەشکیلاتی تازەو گۆڕانکاری لەهێزی پێشمەرگەدا دەکرد . خەریکی ئامادە کردنی مەفرە پارتیزانەکان بوو , دەورە لەسەر دەورە دەکرایەوە . کۆمەڵ کۆمەڵ پێشمەرگە بەشداری لەم دەورانەدا دەکرد . دەورەکان چەند مانگێکی دەخایاند . لەم سەروبەندی گۆڕانکاری و دروستکردنی مەفرەزە پارتیزانەکان و خۆئامادەکردنی یەکێتیدا ، بەبڕیاریی سەدام لە ڕۆژی ٢/٨/١٩٩٠ لەشکری عێراق لە ماوەی ٢٤سەعاتدا ووڵاتی کوێتیان داگر کرد . داگیرکردنی ووڵاتی کوێت لەلایەن عێراقەوە ، ڕژێمەکەی خستە گەورەترین هەڵەو سەرپێچی نێودەوڵەتی ، کە چاوەڕوان نەدەکرا بەئاسانی لێی دەرباز بێت . بەڵام ئەم هەڵە گەورە کوشندەیەی حوکمەتی عێراق ، بووە باشترین هەل ، بۆخەڵکی کوردستان و شۆڕشەکەی .

بۆ داگیرکردنی دەوڵەی کوێت و درێژەدان بەداگیرکاریەکەی حوکمەتی عێراق ٧٠٪ لەشکرو سوپاکەی لەکوردستان کێشایەوەو بەرەو کوێتی بردو بەشێکی کەمی هێشتەوە . بەم کارەشی بۆشایەکی سەربازی لەکوردستاندا دروستکرد ، ئەوسوپا دڕندەیەی بەدەیان ساڵ بەرزایی و گردو دۆڵ و شاخی کوردستانی داگیر کردبوو ، بەبڕیارێکی دیکتاتۆر کشانییەوەو ڕەوانەی بەرەکانی شەرگەی کەنداوی کرد .

لەم هەلومەرچەدا سەرکاردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەستی کرد بەناردنی مەفرەزەو پارتیزانە ئامادەکراوەکان بۆ ناوچە جۆڵکراوەکانی کوردستان ، تاببنە پردی پەیوەندی خەڵکی ئوردوگاو شارەکان و سەرکردایەتی ، تاببنە داینەمۆی چۆشدانەوەی خەڵکە دیلکراوەکەی کوردستان . بۆ ئەم مەبەستە زوربەی زۆری ناوچەکان مەفرەزەی پارتیزانی شارەزای بۆ ڕەوانەکرا .

لەڕؤژی ١٣/٨/١٩٩٠ سێ مەفرەزەی پارتیزان بەسەرپەرشتی کاک سەرکەوتی کوببە لەژێر چاودێری سەرکردایەتی چونە ناوچەی شارباژێڕ لەدەوروبەری شاخی لەرێ و گووندی دێگەلە جێگیر بوون تاڕاپەڕینەکە مانەوە .

چۆن مەقەرمان بردە گوندی پاشبەرد .

لە دوای گرتنی کوێتەوە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە هیوای ڕزگاری خەڵکی کوردستان لەئاسۆدا دەبینرا ، دوای ئەم ڕوداوە سەرکردایەتی یەکێتی کەوتە چموچوڵ و کۆبونەوەو خۆئامادەکردن بۆ هەموو ئەگەرەکان ، بەتالوێنی٧ بەهامان شێوە جەند کۆبونەوەیەکی کرد بەفەرماندەکانی بەتالووێن و هێزەکەی ، ڕۆژی ٢٠/٨/١٩٩٠ کۆبونەوەی بەتالوێنمان هەبوو لە گووندی بلەکێ لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا وەکوو مەفرەزە پارتیزانەکانی تر ، ئێمەش وەک بەتالوێن مەفرەزەی پارتیزان دروست بکەین و بنێردرێنە ناوچەی شارباژێڕ . بۆ ئەو مەبەستە شەهید زورار و کاک جمال ئەبوشۆربیان دەسنیشان کرد و مەقەرێکی نەبینراو {مەخفی}ببەنە ناوچەی زاخێ ، وەکو مەفرەزەکانی سەرکردایەتی . رۆژی٢٤/٨/١٩٩٠ مەفرەزەکە بەسەرپەرشتی کاک جمال ئەبوشۆرب ڕۆشتنە خوارەوە لەناوچەی زاخێ چێگیر بوون هەتا ڕاپەڕین مانەوە ، ئەم مەفرەزەی بەتالوێن ٢٠ڕۆژ جارێک دەگۆڕدران ، لە هامان کۆبونەوەدا منیشیان ڕاسپارد بۆ پاڵپشتی و بۆ ڕەوانەکردنی ئازوقە بۆهەموو مەفرەزە پارتیزانەکان و مەقەڕەکەمان ببەینە گووندی پاشبەرد لەدیووی گۆڵێ بۆ ئەوەی ئەم مەقەڕە بکەینە بنکەی سەرەکی خزمەتگوزاری ، بنکەی فریاکەوتن ، گەیاندنی خۆراک بۆ هەموو مەفرەزە پارتیزانەکانی ناوچەی شارباژێڕ .

مامۆستا جمال پێی ووتم هەرجی زووە شەوێ بچۆ بۆدیوی گۆڵی گووندی پاشبەرد ، بەڕۆژ بگەڕێ شوێنێکی باش دەستنیشان بکە تامەقەڕی کەرتەکەی لێدانێیت . ئێوارێیەك لەگەل چوار پێشمەرگە ، من و هێمنە ڕەش ، دوو پێشمەرگەی تر بەسەیارەکەی بەتالوێن چوینە گوندی کەنەسورە لەوێشەوە شەو بەدزی سەیتەرەی پاسدارەکانەوە چوینە گوندی پاشبەردو ڕۆژەکەی گەڕاین شوێنێکی پەناو باشمان دەستنیشان کرد . شەوی دوایی چۆن هاتبووین ئاوا گەڕاینەوەو لەگەڵ مامۆستا جمال کاك ئازاد دەرەمیانەیی و شێخ کامیل و شەهید زورار دانیشتین . تەگبیری بردنی خێمەیەک و ئەشیای مەقەڕەکەمان کرد . ئەوان ووتیان هەموو ئەشیاکانتان بەسەیارە بۆ دەنێرینە گووندی کەنەسورە یان سارداو ، ئێوەش بەشەو بەوڵاخ دوور لەچاوی پاسداران بیبەن بۆ گوندی پاشبەرد بەتالوێن بۆ ئەو مەبەستە چوار هێستری باشیان کڕی .

کەرتەکەی ئێمە ٢٨ پێشمەرگە دەبوین من فەرماندەی کەرت . شەماڵ علی باپیر جێگر کەرت ، جوتیار و هێمنە ڕەش فەرماندەی مەفرەزە بوون . لە گەڵ شەماڵ ئیش و کارەکانمان دابەش کرد . ئێمە ١٥پێشمەرگەی خۆمان حازرکرد . کیسەخەو بەتانی ، ئاردوو برنج و هەموو پێویستی مەقەڕمان پێچایەوەو بەچەند جارێک بەسەیارەکەی بەتالوێن بردمانە کەنەسورە . لە گوندی کەنەسورە لەپەنایەکدا ژوری ماڵێکمان بەکرێگرت ئەشیاکانمان لێدانا . ٢٩/٨/١٩٩٠شەوی یەکەم ، خۆم و ١٠ پێشمەرگە جوینە گوندی کەنەسورە ، جوار هێسترەکەی خۆمان بردو جوار هێستری تر لەگەڵ دوو پیاو کەخاوەنیان بوون بەکرێمان گرتن . خاوەن هێسترەکان باش شارەزای ڕێگەکە بوون ، بەشەوو هەشت باری باشمان بارکرد خۆمان کرد بەووڵاخدار و چەکەکانمان خستە ناوبارەکانەوە . دوای گرتنی کویت ئەو ڕێگەیە بەشەوو ووڵاخدار هاتوجۆیان پێدادەکرد لەسەرسنور ، پاسدارەکان شتێ پارەیان لەووڵاخارەکان وەک شێرینی وەردەگرت و ئیزنیان دەدان و دەڕۆشتنە ئەودیوو . ئێمەش ئەوشەوە بۆدەرباز بوون یەک یەک و دوو دوو خۆمان کردە خاوەنی بارێک و هێسترێک پارەی شیرنی خۆماندا و تێپەڕین و چوینە دیوی باشوری کوردستان.

بۆ ئەوەی خێرا شوێنی مەقەڕەکەمان کەشف نەبێت . کاتێ نزیک بوینەوە لەشوێنی مەقەڕەکە کەدەستنیشانمان کردبوو ، دوو ووڵاخدارە مەدەنیەکەمان لە پەنایەکدا گلدایەوە حەرەسم بەدیارەوە دانان . خۆمان هێسترەکانی ئەوانیشما بردو بارەکانمان لێداگرتن و هێسترەکانمان بۆگێڕانەوە . شەوی دوەم دوو پێشمەرگەمان ناردەوە بەهێسترەکانی خۆمان چوار باری تر ئازوقەو ئەشیامان هێنا لەگەڵ پێنچ پێشمەرگەی تردا ، کەبەجێمابوون . زۆر بەباشی سەرکەوتووانە بەدوو شەوو خۆمان و هەموو ئەشیای مەقەڕەکەمان دوور لەچاوی ئێرانەوە بردە گووندی پاشبەرد ، بە دوو سێ ڕۆژ جێگە خێمەیەکی زۆر باشمان چاککردو بەبەرد نیومەتر دیوارمان دروست کرد بۆ ناو خێمەکە ، خێمەکەمان هەڵدا زۆر رێکوپێک بەستمانەوەو قایمان کرد . شوێنی خێمەکەش لەنزیکی کانی و ئاوێك بەنەدیویی لەپاڵ بەبەرزاییەوە بوو . لەگۆڵێ وە کەسەربازگەی عێراقی لێبوو دیار نەبوو ، لە ڕەبیەکانی ئێرانیشەوە نەدەبینرا .

گوندی پاشبەرد

گوندی پاشبەرد لەسەروی ڕۆژ هەڵاتی شاری سلێمانیە ، لەپشتی گوندی گۆڵێوەیە سەر بەشارۆچکەی پێنجوینەو دراوسی ئەم دێهاتانەیە ، گۆڵی ، سیاگوێزە ، شەپاڵ ، مێشەرۆ ، بەرانبەر شاخی تالێرە ، 5 کم لەڕەبیەکانی سەرسنوری دەوڵەتی ئێرانەوە دوورە ، لەبەر ئەوەی نزیکی سنوری دەستکردی ئێران و عێرقە . لەساڵی١٩٧٨ بەناوی 20 کم پشتوێنەی ئەمنی بەرشاڵاوی ڕاگواستنی ڕژێمی بەعس کەوتبوو . ئەوکاتەی ئێمە چوین هەموو ناوچەکە چۆڵ بوو ، هەندێ شوێن سەربازگەی ڕژێمی عێراقی تێدا بوو ، وەکوو سەربازگەی ، گۆڵێ ، مەخفەری گوندی سیاگوێز ، بەدەوری چادەکەدا هەتا شارۆچکەی پێنچوێن ڕەبیەی ئاوەدانی تێدا بوو ، پشتی گوندی شەپاڵ رەبیەی ئاوەدانی عێراقی لێبوو ، بەشەو وڵاخدار هاتوو چۆیان دەکرد بەکەمی .

دوای داگیر کردنی ووڵاتی کوێت نەتەوە یەکگرتووەکان حەساریان خستە سەر عێراق .

بەبڕیاری ئەمەریکاو نەتەوە یەکگرتووەکان لەتۆڵەی داگیرکردنی ووڵاتی کوێت گەمارۆییان خستە سەر عێراق ، بەهۆی گەماڕۆکەوە کەمبونەوەی خۆراک گرانی قاتوو قڕی لە عێراق و کوردستاندا دروست بوو ، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری حەسارەکە حوکمەتی عێراقی ڕێگەی بەبازرگان و خەڵکە دەوڵەمندو پارەدارەکان دەدا وەرەقی هاتوچۆیان بۆدەکردن ، کە لە ئێرانەوە خواردن و ئەشیا بهێنن ،، بۆ ئەم مەبەستە جەندین مەرز لەسەر سنوری ئێران کرانەوە . بۆ دابینکردنی خواردن خەڵکی پارەدار ، ڕوویان لەم مەرزانە دەکرد ، لە نزیکی ئێمەش لەگوندی گۆڵێ مەرزێکی بازرگانیان کردەوە پێش ئێمە کەمەکێ جموجوڵی ووڵاغداری هەبوو ، بەڵام زۆر کەم بوو . کاتێ ئێمە مەقەڕمان لە پاشبەرد کردەوە ڕۆژ بەڕۆژ گوندی گۆڵێ و پاشبەرد قەرەباڵغتر دەبوو . بەئاشکرا بەرەی کوردستانی گومرگی دانا . مەفرەزەیەکی سەر بەبەرەی کوردستانی کە پێکهاتبوو لە پێشمەرگەی هەموو حیزبەکان ، خاڵە نەجم وەندەرێنەی کە فەرماندەیەکی پارتی بوو سەرپەرشتی مەفرەزە تێکەڵەکەی بەرەی دەکرد ، کە پارێزگاریان لە مەقەڕی گومرک دەکرد . چەندین خێمە لەوناوە بازرگانەکان هەڵیاندا بوو . خانویەک بۆ چایخانەو خواردنگا دروستکرا . بوە مەرزێکی پڕ داهات . بەسەدان کەس هاتوچۆیان دەکرد ، بەشەوو بەووڵاغ هەموو چۆرە کاڵایەک دەهات ، بەتایبەتی خواردەمەنی وەک / ئارد ، ڕۆن ، شەکر ، برنچ ، هەموو چۆرە خواردەمەنیەک دەبرانە گوندی گۆڵێ لەوێشەوە بەئاشکرا بەئۆتۆمبیل دەگوازرایەوە بۆ شاری سلێمانی و شارەکانی تر . شەوی واهەبوو ٤٠٠ تا ٥٠٠ بار کاڵای ئێرانی دەهاتە پاشبەرد ، گومرگ دەکران و لەوێشەوە بۆ گۆڵێ ، مەفرەزەیەکی حیزبی شیوعی کاک { حمەڕەشی قرەداغی } بەرپرسیان بوو ،هاتن لە دەستە چەپێ ئێمەوە بنکەیەکیان دانا . برادەرانی پارتی لەبن شاخەکەدا لەسەرووی ئێمەوە مەقەڕیان دانابوو . برادەرانی پارتی دەیانگوت پێش ئێوە هاتووین کاک شەریف سەعید ناسراو بە { شەریفە کەچەڵ } سەرپەرشتی بنکەکەی پارتی دەکرد . بەداخەوە کاک شەریف لە سالی ١٩٩٤ لە شەڕی ناوخۆ کوژرا . ئەم بنکەو بارەگایانەی لەگوندی پاشبەرد دانرابوون دوور لەچاوی ئێرانەوە هاتبون ، تەنها ١٠ کەسی برادەرانی پارتی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوەو سوپای پێنچی پازدارانی سەرسنور بەئاشکرا لەبەر ناسیاوی کاک شەریف ڕێگە پێدراوبوون و سوپا نەیان دەزانی ئێمە لەوێ هەین .

بەچەی بارزانی یان بەچەی شەریف .

ڕۆژێ کاک شەریف بەمیوانی هاتەلامان چەند کاتێ پێکەوە دانیشتین قسەو باسمان زۆر کرد . کاک شەریف پیاوێکی قسەخۆش ، لێزان بوو ، خەڵکی گوندی شەپاڵ بوو ، ناوچەکە زۆر شارەزا بوو . فەرماندەیەکی دڵسۆزی پارتی بوو . ووتی ئێوە بەقاچاخ هاتوون بەڕۆژ بەئاشکرا ناتوانن هاتوچۆ بکەن ، بەڵام ئێمە بەئاشکراهاتوین پرسمان بەسوپای پێنچی پاسداران کردووە ، ووتی زۆربەی دەرەچەدارەکانی سوپای ناوچەکە دەناسم و ئەوەندەم هەدیە بۆ بردون دەمی هەمویانم چەور کردووە . چیان لێداوا بکەم چیم بوێت بۆم دەکەن ، بە پایەگای سەر ڕێگەکەم ووتووە هەرکەسێک بەناوی منەوە هاتووچۆبکات ڕێگەی لێمەگرن ئەوانیش ڕازی بوون . ئەگەر ئێوەش ئەتانەوێت تاک تاک بەڕۆژ بەئاشکرا هاتووچۆبکەن دەتوانن بەناوی ئێمەوە بڵێن بەچەی شەریفین ، یان بڵێن بەچەی بارزانین ، ڕێگەتان لێناگرن . بەڵام بەکۆمەڵ ناهێڵن ، سندوقێ فیشەکیشی بۆ هێنابووین . زۆر سوپاسمان کرد ووتمان ئێمە واهاتووینەتە ئێرە ئەو هاتوچۆ زۆرە نەکەین ، هەرکارێکمان هەبوو بەشەو دەیکەین .

گەیاندنی ٢٥ تەن خواردەمەنی .

ئیدارەی بەتالوێنی٧ لەشاری بانە یان بلەکێوە بەسەیارە ئەشیاو خواردەمەنیان دەناردە گووندی کەنەسورە . ئێمەش هەموو شەوێک بە هێسترەکانی خۆمان چوار بار ئەشیاو خواردنمان دەهێنایە پاشبەرد ، کردبومان بەسەرە ئەو پێشمەرگانەمان دەنارد کەلەبارو بارکردنیان دەزانی بەزۆری شەهید { مام واڵی } و { دلێرە بجکۆل ماوەتی } دەچون . بەم شێوەیە بەدوو مانگ ، نزیکەی ٢٥ تەن خواردنمان گەیاندە گوندی پاشبەرد ، لەوێشەوە بۆ مەفرەزەکانی خوارەوە . مەفرەزەکانی شارباژێڕ خۆیان دوو هێستریان هەبوو خۆیان دەهاتن لای ئێمەوە بەشە ئازوقەی خۆیان دەبرد . مەفرەزەکانی کاک سەرکەوتی کوبە بەزۆری دوو پێشمەرگە دەهاتن بارە خواردنیان دەبرد . ئەوانیش {نەوزاد کریم ، حەمە شوکێی } دوپێشمەرگەی تەباو ڕۆح سوکو ئازا و گورچوگۆڵ بوون . چارێکیان پرسیارم لەکاک نەوزاد کردو ووتم بۆ ئێوە بەزۆری دێن کاك نەوزاد ووتی برادەران هەمویان شارەزای ڕێگەکە نین یان لەبارکردن نازانن ، خۆشمان حەزدەکەین بێین و هەم جەوێک دەگۆڕین . کەدێنە لای ئێوە تێر برنچ و شلەی فاسۆلیاش دەخۆین لای خۆمان ڕۆژی واهەیە سێ ژەمە نانو چایە . هەموچارێکیش پێمان دەڵێن ئەگەر دەکرێت یەک نان زیاتر مەخۆن بۆئەوەی نانمان لێنەبڕێ . ئەم برادەرانە بەشەو بەناو ئەڵغامو ئەو هەموو سەربازگە و ڕەبیەی دوژمندا ئەو هەموو ڕێگەیە کە نزیکەی ٩سەعات ڕێگە دەهاتن خواردنیان بۆ برادەرەکانیان دەبرد ، زۆر دڵخۆش بوون بەوەی کەژەمێ یان دووژەم تێر برنج و شلەیەیان لای ئێمە دەست دەکەوت و دەخوارد . مەرزی گۆڵی و گوندی پاشبەرد ڕۆژ بەڕۆژ قەرەباڵخ دەبوو . ڕۆژانە خەڵک بۆ سەردان و هەواڵپرسینی شۆڕش و پێشمەرگە لەشاری سلێمانییەوە سەردانیان دەکردین . پێشمەرگەو خەڵکی ئاوارە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ هەواڵپرسینی کەسوکاریان دەهاتن . ئێمەش هەمیشە دوو حەرەسمان هەبوو ، پێشمەرگەکانم ڕاسپارد بوو ، نابێ بەتەنیا دوربکەونەوە لەمەقەڕەکە . بۆ هەرشوێنێک دەچن سێکەس پێکەوە بچن . ئاگادارمکردن بەهیچ جۆرێک نابێ پێشمەرگە بچێت بۆگۆڵێ کەمەرزەکەی لێیە چونکە گۆڵێ و مەرزەکە لەژێر سەیتەرەی حوکمەتی عێراقدا بوو . سەربازگەیەکی گەورە چاودێری دەکر . دوو پێشمەرگەم ڕاسپارد کە چاودێری ئەو کەسانە بکەن کەلە عێراقەوە دبنە میوانمان . ئاگاربن لەهەر ڕوداوێکی نەخوازراو . چونکە زانیاریمان هەبوو دەزگا ئەمنیەکانی بەعس خەڵکی خۆیان ناردبوە مەرزەکان بۆ زانیاری کۆکردنەوە و دەست وەشاندن لەپێشمەرگە . ئەوانەی دەهاتن بازرگانیان دەکرد خەڵکی باش و دڵسۆزیان تێدا بوو ، هەواڵ و زانیاریان دەداینی . پیاوێکی سیتەکی بازرگانی دەکرد ، ناوەکەیم بیرنەماوە خزمی شەهید { عباس سیتەکی} بوو . لەگۆڵی و پاشبەرد ئەشیای دەبرد . ڕۆژی پێم ووت فەردەیەک ئاردت بۆ دەکڕم بیبە بۆ دایکم ووتی باشە . ئەو بەڕێزە زۆر دڵسۆزانە فەردە ئاردەکەی گەیاندە دەستی دایکم ، دایکم چوبوە تەمەنەوەو لەترسی دەزگا ئەمنیەکانی بەعس ، لە ئۆردوگای باریکە لەپەنایەکدا ماڵێکی بەڕێز ژورێکیان پێدابوو بەتەنیا دەژیا .

ئێمە ١٥ پێشمەرگە لە واجبدا بووین ، بەڵام ڕۆژی واهەبوو ١٠پێشمەرگە دەبونە میوانمان چەند ڕۆژێك دەمانەوە تا ئیش و کارەکانیان تەواو دەکرد ، ئێمە هاوکاریمان دەکردن . ڕۆژێك پێشمەرگەیەك هات بەمیوانیمان ناوی { بەختیار ژینۆ } بوو پرسیارم لێکرد چۆنە هاتووی بۆ ئێرە ووتی زانیومە ئێوە لێرەن بێتاقەت بووم لەژیانی شاری بانە هاتوم چەویک بگۆڕم و ماوەیەک لەگەڵ ئێوە دەمێنمەوە . داوات لێدەکەم وەکو پێشمەرگەکانی خۆتان واجباتیش بۆ من دەست نیشان بکەن . لێرەوەش هەواڵێکی کەسوکارەکەشم دەپرسم . چەند ڕۆژێک مایەوە ، ڕۆژی ١٠/١٠/١٩٩٠ لە مەرزەکەی گۆڵێوە خەبەریان بۆ هێنام ووتیان ئەمشەو پێشمەرگەیەک ناوی بەختیارە دەزگا ئەمنیەکانی عێراق گرتویانە خستویانەتە سەیارەیەکی ئەمنەوە فرانویانە بەرەو شاری سلێمانی ، هەواڵی گیرانی کاک بەختیارمان زۆر پێناخۆش بوو ، دوای ئەم هەواڵە ئێمەش هەوڵماندا زیاتر پارێزگاری لە خۆمان و ناوچەکە بکەین .

حوکمەتی عێراقی هێرشی بۆکردین .

بۆ نانو ماستێ خەریبوو بکوژرێین .

وەکو لەپێشەوە باسم کردووە . ناوچەکە بەتایبەتی گوندی پاشبەرد ، کەلەژێر دەسەڵات و چاودێری پێشمەرگەدا بوو ، ڕۆژ بە ڕۆژ قەرەباڵغ دەبوو . خەڵکێکی زۆر لەباش و لەخراپ ، خەڵکی بازرگان ، ووڵاغار ، خەڵکی بێکار ، خەڵکی ڕاسپێراو ، لەهەموو ڕەنگەکان هاتوچۆیان دەکرد . لەهەردوو دیووی عێراق و ئێرانەوە . ڕۆژانە دەنگوباسی ئێمە دەگەیشتەوە بەدەزگا ئەمنیەکانی حوکمەتی عێراق . ئەم چەند ڕۆژە میوانی پێشمەرگەمان زۆر بوو . دوو سێ ڕۆژبوو مەفرەزەیەک لەپێشمەرگەکانی شەهید عەباس سیتەکی کە شێخ جمال سیتەکی و کەریم سەبریان لەگەڵ بوو ، لامان مابونەوە لەئەرک و پاسەوانیدا هاوکاریان دەکردین . کاک ئازاد وەندەرێنەی هاتبوو بۆلامان چەند ڕۆژێکە لامانە ، هەندێ پێشمەرگەو برادەری تر بەئیشوکار لامان بوون . خانوی چایخانەکە تەواو بوبوو ئامادەکرابوو بۆخزمەتکردنی ڕێبوارەکان . ٨/١١/١٩٩٠ بوو بەیانی تازە هەستابووم لەخەو خاوەنی چایخانەکە عبدوڵای ناوبوو ، زۆر کاسب بوو ، نەفەرێکی ناردبوو بەدوامدا ووتبووی ماستێکی زۆر خۆشمان هێناوە وەرە خوارەوە لای ئێمە نانی بەیانی بخۆ . مەقەڕەکەی ئێمە بەبەرزایکەوە بوو لەسەروو چایخانەکەو خێمەکەی بنکەی گومرکەوە ، ٥٠٠ مەتر دوربوو . بەڵام هەوراز و دارستان و نزار بوو . ماست لە دێهاتەکانی ڕۆژهەڵات بەپارە دەست دەکەوت ، ئێمەش نەمان دەتوانی ماست بکرین دەتیشمان نەدەکەوەت . خواردنی بەیانیان لەمەقەڕەکەی ئێمە نان و چاو بەنیرە سوێرە حەیاتەکە بوو . دەموچاوم شت و بێتاقم ” تفەنگەکەم هەڵگرت و چومەخوارەوە بۆ چایخانەکە بۆ نانوماست خواردن . کەچومە چایخانەکە ئازاد و خاڵەنەجم هەندێ ڕێبواری تری لێ بوو ، ووتیان چایخانەکە تەواو بووە ، ئەمڕۆ مەڕ سەردەبڕێ کەباب و گۆشتیش دەفرۆشین . خاڵە نەجم ووتی سەیری ئەو قۆری و سەماوەرە تازەو چوانە بکە ! تازە بوین بەحوکمەت ئەو نان و چاو ماست و هێلکەو ڕۆنەی لێرە هەیە ، لەئەبوو سەنای سلێمانیش نیە . نانوماستێکیان بۆ هێنام و خواردم . ماستێکی زۆر خۆش بوو . لەژوری چایخانەکە هاتینە دەرەوە . من و ئازادو خاڵە نەجم لەبەردەمی چایخانەکە وەستابووین تازە هەتاو کەوت بوو . کۆمەڵێ نەفەر لەگۆڵێوە کەدوژمنی لێیە ڕیزیان بەستووە بەرەو لای ئێمەو چاخانەکە سەردەکەوتن . ئەرێوەڵا ئەوانە مشتەری چایخانەکەی منن ، دیارە زانیویانە چایخانەکە کراوەتەوەو خواردنی باشمان هەیە ، بۆیە بەم بەیانی زووە دێن ، بابچم خواردنیان بۆ حازر بکەم ئەمانە قسەی خاوەنی چایخانەکە بوو . ئێمەش هەر سەیرمان دەکردن هەتا دەهات زیاتر نزیک دەبونەوەو ژمارەیان زیاتر دەبوون . کاتێ تیشکی خۆرەکە لەچەکاکانی دان دەرکەوت چەکدارن و پاسەوانی مەقەڕەکەی ئێمە هاواری کرد عەسکەر هێرشی کرد . لەپڕ دایان گرتینەوە بەدەستڕێژی گوولەو من و ئازاد لێیان هاتینە دەست . بوو بەشەڕێکی زۆر قورس من خێرا چووم لە ژێر خێمەکەی مەفرەزەکەی خاڵەنەجم ئاڕبیجیەک و چەند گولویەکم هێنا ، دوو گولەم پێوەنان لەهەموولایەکەوە بوو بەتەقە . بیکەیسیەکەی مەقەڕەکەی خۆمان بە بەرزایەکەوە بوو بەدەست شێخ جمال سیتەکی و هێمنە ڕەشەوە بوو . کەوتە تەقەکردن لێیان لەشکری دوشمی شپرزە کرد . بەهیمەت و ئازایەتی هەمولایەک هێرشەکەمان شکاند . چەند پێشمەرگەیەکی خۆمان هاتنە خوارەوە گەیشتنە لام . لەگەڵ ئازاد و ئەوپێشمەرگانەی خۆمان و پێشمەرگەکانی خاڵەنەچم سەرەوخوار دوایان کەوتین . دوو سەربازمان گرت دوو کڵاشینکۆفمان گرت ، هێرشەکەیانمان تێکو پێک شکان . دوو گولە ئاربیجیمان تەقان بەسەر مەرزەکەی گۆڵی و سەربازگەکەدا ، حوکمەت کەوتە تۆپبارانکردنی ناوچەکە ، هەموو پێشمەرگەکانمان کۆکردەوەو گەڕاینەوە بۆ بەرزایی مەقەڕەکەی خۆمان .

خۆمان ئامادەکرد بۆ درێژە کێشانی شەڕەکە .

حوکمەت لەتۆڵەی شکستەکەی کەوتە تۆپباران کردنی ناوچەکە ومەقەڕی گومرگ چۆڵیکردو گوندی پاشبەردو چایخانەکەو خێمەکانی خوارەوە ، هەمووی چۆڵیان کرد کەسی لێنەما بەدەیان بارە ئەشیا لەناو خێمەکاندا بەچێمابوون ، ئێمەش گەڕاینەوە مەقەڕەکەی خۆمان و خۆمان ئامادەکرد بۆ ئەگەری درێژەکێشانی شەڕەکە . شوێنەکەی ئێمە زۆر قایم بوو ، دووگردی بەرزمان بەدەستەوە بوو ، لەوەو پێش سەنگەری قایمان هەڵکەند بوو بەرزایی دەستەچەپمان برادەرانی حیزبی شیوع پێوە بوو . لەولاتر و لەپشتمانەوە برادەرانی پارتی لێ بوو . دەستە ڕاستمان شاخێکی بەرز بوو . رەبیەی سوپای ئێرانی پێوە بوو . ترسمان لەگرتنی لای دەستەڕاست نەبوو . چوینە ناوسەنگەرەکانەوەو دامەزراین ، نزیکی نیوەڕۆ کاک شەریف لەبرادەرانی پارتی جوابی بۆناردم بچمە سەرەوە بۆ لایان ، نەچوم پێم ووتن ئێرە بەچێناهێڵم ، زۆری پێ نەچوو کاک { عوسمانی قاڵەمنەوەر ، کاک شەریف } ، هاتن بۆلامان . کاک عوسمان سەرکردەیەکی پارتی بوو . ووتی ئێستا لەشاری بانەوە هاتوین ، لەوانەیە دوبارە دوشمن هێرشتان بۆبکەنەوە . ووتی بابچین بۆبلەکێ قسە لەگەڵ مامۆستا جمال بکەین هێزمان بۆ بنێرن . من ووتم ناکرێت ئێرە بەجێ بێلم . ئازاد وەندەرێنەی ووتی تۆ بچۆ لەگەڵیان ، من لێرەدەبم . من لەگەڵیان ڕۆیشتم . کاک شەریف جێبەکورتەکەی لای پایەگای ئێرانیەکان راگرت بوو . بەجێبەکەی چوینە بلەکێ مو امۆستا جمال و برادەران لەوێبوون . ئەوانیش شەڕەکەیان بیستبوو تازە لەبانەوە گەیشتبونە مەقەڕی بلەکێ . باسی شەڕەکەمان بۆکردن . ئەوانیش ووتیان شەوو هێزتان بۆدەنێرین هەندێ فیشەکی بیکەیسی و کڵاشینکۆف و گولە ئاڕبیجیم هێناو لەگەڵ برادەرانی پارتی گەڕامەوە بۆ پاشبەرد . دوژمن لە نەدیویەوە هاتبوە پێشەوە گردێکی گرتبوو تەقەی لەخێمەکان دەکرد نەیاندەهێشت کەس بچێتە ناوخێمەکانەوە ئەو هەموو بارە ئەشیایەش بەچێمابوو .

هێرشی ئێمە بۆ گرتنەوەی گردە گیراوەکە .

کاتێ گەڕامەوە برادەران ووتیان دوشمن لەنەدیویەوە هاتون ئەو گردەی خوارەوەیان گرتووە ، ئێمە مسەیتەر بووین بەسەر ئەو گردەی دوشمن گرتبووی . کۆمەڵێ پێشمەرگەی ئازاو جوامێرمان لەگەڵ بوو . بەباشی برادەرانم دامەزراند بە {جوتیار ، شێخ جمال ، هێمن } م ، ووت : کاتێ ئێمە هێرشمان کرد بە بیکەیسی و ئاربیجی لەگردەکە بدەن وایانکرد ، من و ئازاد و ٨پێشمەرگە دوانیان برادەرانی پارتی بوون . عەسرێکی درەنگ بەڕوناکی بەڕۆمانەو بەتەقە هێرشێکی خێرامان کردە سەر گردەکە لەماوەیەکی کەمدا گردەکەمان گرتەوە . برادەرانی پارتییش زوو گەیشتنە لامان دوبارە دوژمنمان شکاندو لەهەمولایەکەوە کەوتینە دوای لەشکری شکاوی دوژمن . برادەرانی پارتی دوو سەربازیان بەدیل گرد ، ئێمەش بیکەیسیەکو کڵاشینکۆفێکی ترمان گرد . ئامرفەوچەکە بەبرینداری ڕایکردبوو ، گۆچانەکەی بەجێ هێشت بوو . پێشمەرگەیەک دۆزیبویەوە هێنای پیشانی دیلەکەیانداو ووتیان گۆچانی ئامر فەوچەکەمانە . دیلەکان ووتیان فەرماندکەمان پێیان ووتین لەو بەرزایە ١٠تێکدەر {مخەریب} ی لێیە . دەچین دەیانگرین یان دەیانکوژین چاوەڕوانی ئەم شەڕەی ئێوە نەبوین .

لەم شەڕەدا ، چوار دیل گیران . دوو دیلیان لای ئێمە بوون و تەسلیمی برادەرانی پارتیمان کردن . دەسکەوتەکانی ئێمە سێ کڵاشینکۆف و یەک بیکەیسیمان دەستکەوت ، برادەرانی پارتی دوو کڵاشینکۆیان دەست کەوت ، نازانم بۆ برادەرانی حیزبی شیوعی .

گواستنەوەی ئەشیا بەچێماوەکانی ناو خێمەکان . 

دوای گرتنەوەی گردە گیراوەکەو شکاندنی دوشمن ، دنیا تاریکی کردبوو . ئەو خەڵکانەی شتیان چێما بوو هاتن شتەکانیان دەگواستەوە . ئێمەش هاوکاریەکی باشمانکردن چەند پێشمەرگەیەکم ڕاسپارد هاوکاری ئەوخەڵکە بکەن . خوارەوە شوێنی گومرگەکە ئەشیای هیچ لێنەما ، تەنها کەڵەشێرێک نەبێت ئەویش کاتێ زانیمان شەو دەیخویند . ئێمەش گەڕاینەوە سەنگەرەکانی خۆمان ، بەباشی دامەزراین . دەمەوبەیان شەوی مابوو چارێکی تر دوشمن هێرشی کردە سەر ئەو دوو بەرزایەی مەقەڕەکەی ئێمەی لێبوو . بەئازایەتی ئەو پێشمەرگانەی لەوێ بوون ئەمجارەش شکاندمانن . گوێم لەدەنگی پێشمەرگەیەک بوو بەدەنگی بەرز بەدوژمنی دەگوت ئێمەش ووڵاتی کوێت نین بە٢٤سەعات مەقەرەکەمان داگیر بکەن . ٩/١١/١٩٩ ڕۆژەکەی هەر شەڕبوو . دوشمن دەیوست لەناو دەوەنەکانەوە دزەبکات ئێمەش لێمەندەدان دەگەڕانەوە . لەپردەکەی گۆڵیوە هاوەنو تۆپیان تێدەگرتین . بەڕێکەوت گولە هاوەنێک لەپاڵ خێمەکەی ئێمە کەوتەوە دابووی لەتەنەکە پەنیرە سوێرەکەو خێمەکەشی هەلاهەلا کرد . ڕۆژی دووەم ، دوو پێشمەرگەی خۆمان هەندێ فیشەک و گولەیان بۆ هێناین . ووتیان مامۆستا جمال خۆی و هێزێک هاتون ،پاسدارەکان ناهێڵن بێنە ئەمدیوو بۆلای ئێوە ، ووتیان ئێمەش بەدزییەوە هاتووین  . 

شەوی دواتر چارێکی تر لەنیوەشەودا دوشمن هێرشی کردەوە بۆ دەستە چەپمان ، بۆ برادەرانی حیزبی شیوع و پارتی ، ئەمجارەش دوشمن شکاو تەپڵی سەرکەوتنمان لێدا ، بەڵام بەداخەوە پێشمەرگەیەکی حیزبی شیوعی شەید بوو ، دانەیەکیی تریان بریندار بوو . ناوەکانیان نازانم ڕۆژی سێیەم تۆپباران و ووردە تەقە هەبوو . کاک شەریف هاوەنێکی دانابوو جارجارە گولەیەکی دەگرتە دوشمن ، ١٠/١١/١٩٩٠ ئەمڕۆ تۆپبارن و وردە تەقە هەبوو . پێشمەرگەیەکی پارتی بریندار بوو ناوی {حمەڕەشی} بوو

ئێران ووتیان ئەگەر ناوچەکە چۆڵنەکەن ئێمەش لەدواوە لێتان دەدەین

کاک شەریف لەبرادەرانی پارتی لەگەڵ کاک{حمە ڕەشی قەرەداخی} هاتن بۆلامان ووتیان پاسدارەکان دەڵێن ناوچەکە چۆڵنەکەن ئێمەش لێتاندەدەین ، ئێران دەڵێت پۆلیسی نێودەوڵەتی کەچاودێری ئاشتی عێراق و ئێران دەکەن ، ئەمڕۆ هاتوون بۆسەیری شەڕەکەو گوتویانە ئەم شەڕە ئەگەر ڕانەگرن بەسەرپێچی ئاشتی نێودەوڵەتی دەزانین و دنیای لێئاگادار دەکەینەوە . دەبێ ئەم شەو چۆڵی بکەن من ووتم هەتا مامۆستا جمال یان برادەرانی خۆمان ئاگادارمان نەکەنەوە ، ئێمە چۆڵی ناکەین کاک {حمەڕەشید قرەداخی} هەمان ڕای منی هەبوو . ئەوانیش ووتیان چۆڵی ناکەین . کاک شەریف گەڕایەوە قسەکانی من گەیشتەوە بەپاسدارەکان . پاسدارەکان مامۆستا جمالیان ئیزندا بوو مامۆستا جمال لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک هاتن بۆلامان . هەمان قسەکانی کاک شەریفی کرد و ووتی ئێرە چۆڵدەکەین . ئەمشەو هەموو دەگەڕینەوە بۆ بلەکێ ئیتر ئێمەش وامان کرد . هەرچی ئەشیایەك بەکەڵک مابوو بارمان کردو گەڕاینەوە بۆ بلەکێ . لەشکری عێراقیش پاشەکشەی کرد ، نەگەیشتە لای خێمەکەی ئێمە .

مەرزی گۆڵێش نەماو داخرا .

ناوی ئەو پێشمەرگانەی لەم واجب و شەڕەی پاشبەرد بەشدار بوون .

جوتیار * هێمنە ڕەش * ئیسماعیل * دلێرە بجکۆل ماوەتی * شەهید مام والی * ئازد وەندەرێنەی * عوسمان باڵخەی * فەهمی کادر * سەروە * نامیق *

مەفرەزەکەی کاک عباس سیتەکی { شێخ جمال سیتەکی * کریم سەبری * مستەفا سەبری * ئەنوەر }

{ هێرشە بچکۆل * سدیق } لە پێشمەرگە پارتیزانەکانی لای کاک سەرکەوتی کوبە

داوای لێبوردن دەکەم لە هاوڕێکانم

یەکەم / ئەگەر هاوڕێیەکم بیر چوبێت ، چونکە مێشکم هەر ئەوەندە هاوکاری کردوم .

دووەم / ئەم بەروارانەم لەچەند نامەیەکی زۆر کۆن و دڕاودو زەرد بووە ، بینیوە ژمارەکان بەکاڵی دیارن منیش توانیومە ئاوا ژمارەکان بناسمەوە ئەگەر هەڵەم کردبێ ببورن .

502 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت