یوسف عزەدین: بچوکبوونەوەى ئەدۆنیس و گەورەبوونى سەرۆک.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیموکراسییەت چانسى ئەوەت دەداتێ، ببیتە کۆیلەى ئەو کەسەى بۆ خۆت هەڵیدەبژێریت. کاڕڵ کراوس.

کردەیەکى ئاساییە نەک هەر ئەدۆنیس- ێکى گەورەکراو، بەڵکو هەر بابایەک، ئەگەر نەناسراو و کردە نادیار و کەم فەرهەنگ و خاوەنى هیچ بەرهەم و عیلم و عیرفانێکى بەرچاویش نەبێت، لیژنەیەکى هەوادارى لەبەر هەر هۆکار و مەسەلەیەک خەڵاتى پێببەخشن. ئەگەر بەخشینى ئەو خەڵاتەش بۆ خۆى ببێتە مایەى سەیر و سەمەرەیى، وەک بەخشینى خەڵاتى نۆبڵى ئەدەبیاتى ساڵى 2016 بە ” پۆپ دیلان” ى سترانبێژ و گیتارژەن. باشە کەحاڵ و مەسەلە وایە، ئەدى بۆ بەخشینى خەڵاتى ئاشتى” ئیریش ماریا ریمارک” لەبەروارى 19 فێبرایرى 2016 بە ئەدۆنیس، هەر پێشوەخت و پێش بەخشینەکەیى و دواتریش زۆرترین مشت و مڕ و ناڕەزایى لێکەوتەوە؟ هەر لە لێکۆڵەر و نووسەر “نافید کرمانى” یەوە کەپێشتر ئەو خەڵاتەى پێبەخشرابوو، ناقایل بوونى خۆى بەخوێندنەوەى وتارێک لەمەراسیمى وەرگرتنى خەڵاتەکەى ئەدۆنیس- دا ڕاگەیاند و تا کار گەیشتە وەرگێڕى سەرجەم بەرهەمەکانى ئەدۆنیس بۆ ئەڵمانى، “شتیڤان ڤایدنەر” سەبارەت بە ئەدۆنیس- ێک کەساڵانێکى لەتەمەنى خۆى بۆ وەرگێڕانى کارەکانى تەرخانکردووە، بڵێت: پێم وا نییە ئەدۆنیس بگاتە ئاست وەرگرتنى خەڵاتی ئاشتى، چونکە ئەو هەڵوێستەکانى ناسراوە بەوروژاندنى.
لەلایەکی ترەوەو هەر لەسەرەتاوە خاتوو “جۆزیبینا ماریا نیکولینى” سەرۆک شارەوانى دوورگەى ” لامبیدۆزا ” ئامادەنەبوونى خۆى دەربڕى، بەوەرنەگرتنى ئەو خەڵاتەى هاوکات بەویش دەدرێت، ئەگەر لەتەک ئەدۆنیس-دا بێت. ئەمە جگە لەو هەموو وتار و نوسین و دژایەتى و ڕێگریانەى کەهۆکارە سەرەکییەکەى بەدەر لەهەموو شتێکى دیکە، لە نامەکەى ئەدۆنیس- وە بۆ سەرۆکى سوریا سەرچاوەى گرتبوو.
ئەدۆنیس پێش ئەوەى لەبەروارى 28 ىئۆگستۆس- ى2011دا خەڵاتى گۆتە- ى پێبەخشرێت، بەپەلەپروزێ و لەنامەیەکى کاڵوکرچى خاڵیى لەو بەهایانەى کەخۆى ساڵانێک باسى لێوەکردبوو، بەمەبەستى قۆزتنەوەى هەلەکەو سواربوونى شەپۆلەکان و زیادبوونى شوهرەت و سەرکەوتن بەپێپلیکانەکانى خەڵاتە جۆراو جۆرەکاندا، هات و خۆى تێکەڵ بەدنیاى گەمە سامناکەکان کرد.
ئیدى ئەو پیاوەى کەسانێک دەمیان لەحزوریدا تەتەڵەى دەکردو بەشەوق و تاسەو جدییەتەوە گوێبیستى هۆنراوەکانى دەبوون. نازانم چى بەو کەسانە دەڵێن؟ لەئێستادا بەکەمێک تەوس و جار جارە بزەو گاڵتەجاڕییەوە نامەکەى ئەدۆنیس دەخوێننەوە!
نامەکەى “ئەدۆنیس” بەسەیدولڕەئیس دەست پێدەکات و بەحیکایەتى دیموکراسییەت بۆ سەرۆک داخڵ بەنامەکەى دەبێت و دەڵێت: دیموکراسییەت لەسوریادا، تەنها پاش خەباتێکى درێژخایەن دێتەدى، بەپێى شەرت و شەرایت و پرەنسیپگەلێک، دەبێت دابمەزرێت. ئەمەش هەر لەمڕۆوە، نەک لەسبەینێوە،
لەکاتێکدا وەک کاڕڵ کراوس دەڵێت: دیموکراسییەت چانسى ئەوەت دەداتآ ببیتە کۆیلەى ئەو کەسەى بۆ خۆت هەڵیدەبژێریت” و ئەمە لەلایەکەوەو لەلایەکى دیکەشەوە ئەگەر دیموکراسییەت چارەسەر و شتێکى باشیش بێت، ئەدۆنیس لەکەیداو بۆ کێى باس دەکات ؟!
لەبەشى 2- ى نامەکەیدا داوا لەسەرۆکى “بەقەولى خۆى هەڵبژێردراوى “سوریا دەکات، هەر لەسەرەتاوە بەر بەناڕەزایى خەڵک بگرێت، ئەویش بەوەى کۆمەڵگە لەڕووى کلتوورى و سیاسییەوە لەزەمەنى ئاسمانى و ئیلاهییەوە بهێنێتەوە بۆ زەمەن و زەمینى مرۆڤانە. ئەمە لەکاتێکدا جەنگ و ئاشوب و ململانێى خوێناویى و ڕاپەڕین و ناڕەزایەتى و ئیعتیسامەکان، لەسەر زەمین و لەزەمەنى مرۆڤانەدا ڕوودەدەن! ئەو سەرۆکەى ئەویش موخاتەبەى دەکات، دواجار خوێندکارێکى مەدرەسەکەى میشێل عەفلەق- ەو باوەڕى بەئایدۆلۆژیایەکى ئیمانیى هەیە، نەک ئیمانێکى لاهوتى و ئیلاهى و ئاسمانى، هەر بۆیە لەکتێبى” فی سبیل البعپ ” دا “عەفلەق”دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت ئەوانەى ئێمەیان قبووڵەو کاریش دەکەنە سەر ئەوانەى تر، تەنها بەبیستنى دەنگمان و تەماشاکردنى جووڵە ئاساییەکان و هەڵسوکەوتى ڕۆژانەمان بکەونەگەڕ. دەمانەوێت بزانین کێن ئەوانەى بەغەریزە وەدوومان دەکەون. بەبێ ئەوەى پێویستمان بە بەڵگە هێنانەوەو زانست و سەلماندن و ژمارەکان بێت.
چۆن دەبێت، ئەدۆنیس- ێکى دەرچووى فەلسەفەو تەماشاچى دوو سەدە، لەوە حاڵى نەبووبێت، سەرۆک تەنها پێویستى بەوەلائى کوێرانەو ئیمانى ئایدۆلۆژى و کەسە گەوجەکانە و وەک خودى میشێل عەفلەق ئاماژەى پێداوە: ئیمان پێش مەعریفەیە”، واتە ئیمان بەعروبەو بەعسیزم، نەک ئیمانى ئاسمانى و لاهوتى.
لەهەمان بەشدا ئەدۆنیس ئاماژە بەوە دەکات، هەر لەسەرەتاکانى دەوڵەتى ئیسلامییەوە بیرمەند و شاعیرانێکى عەرەب هەبوون، ویستویانە بەتەواویى ئایین و دەوڵەت لێک جوودا بکەنەوە؟!
لەبەشى 3-دا پاش ئەوەى سەیدولڕەئیس دووبارە دەکاتەوە، دەڵێت: دامەزراندنى دیموکراسییەت بەجیاکردنەوەى تەواوى نێوان هەموو شتێکى ئایینى لەلایەک و لەلایەکى تریش هەموو شتە سیاسى و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرییەکان دەبێت. ئەمەش ئەوە بوو” حزبى بەعسى عەرەبى ئیشتیراکى” نەیکرد، وەک چاوەڕوان دەکرا لێى.
دیارە ئەدۆنیس چاوەڕێى زۆر شتى ئیجابیى لە حزبەکەى سەرۆک کردووەو لەمیانى نامەکەیدا دەگەیتە ئەو ڕاستییەى هێشتاکە هەر بەتەمایە.
ماوەتەوە بڵێین، بەر لەوەى ئەدۆنیس خەڵاتەکەى وەربگرێت، بەر لەدوو هەفتە، گۆڤارى “دێر شبێگل” چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ سازکردو ئەنجامدەرى دیالۆگەکە توانى ئەدۆنیس لەگۆشەیەکى کوشندە- دا تەنگەتاو بکات، کاتێک بەئەدۆنیس-ى گوت: بەڵام تۆ پاش ڕاپەڕینى گەلانى سوریا، بەچەند مانگێک، نامەت بۆ ئەسەدد ناردووەو بەشکۆمەندیى و ڕێزەوە وەسفى دەکەیت کەئەو سەرۆکى هەڵبژێردراوى وڵات و گەلە، تۆ ئەو شەرعییەتەى پێدەبەخشیت کەشایانى نییە.

سەرچاوەکان
– aljazeera.net
ahewar.org

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت