yusf

یوسف عزەدین : گیانلەبەرانى نێو کتێبە دێرینەکان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێناچێت مرۆڤ بەدرێژایى مێژووى گێڕانەوەو نووسینى بەمەبەست یان بێ مەبەست ، توانیبێتى لەناسین و ناساندنى خودى شتگەل و ڕووداوو و بەسەرهاتە جیاجیاکاندا ، کتومت وەک خۆیان بیانخاتەڕوو .
ئەمەش هۆکارەکانى گەلێکن ، ڕەنگە سەرەکیترینیان تواناو قودرەتى بەحیکایەتکردن و گێڕانەوەى فانتازیا ئامێز و سەیرو سەمەرانەى بنیادەم بێت کەبەمەش لەواقیعى خۆى دەیباتە دەرەوەو چ بەویست و چ بێویستى خۆى دەیکاتە ، ئەو شتەگەلەى کەخۆى وایدەبینێت یان دخوازێت وایببینێت ، یان هەر نەیبینەوەو دەیەوێت خۆى وانیشانبدات کەبینوویەتى .
وەک سێر واڵتەر ڕالى ، دۆزەرەوەو موغامیرى ئینگلیزى ، لەسەردانیدا بۆ دەڤەرى” گوایانا ” ى سەر بە فەنزەویللا باس لەبینینى توخم و ڕەگەزى عەجایبى مرۆڤە بێسەرەکان دەکات و وەک دۆزەرەوەیەک ناویان دەنێت ” ئیوایبانوما “، بەبێ ئەوەى لەڕاستیدا بینیبێتى؟!
مەبەستیش لەمرۆڤە ” بێسەرەکان” گوایە توخم و ڕەگەزێکى زۆر عەجایبى ئینسانن ، سەریان پێوە نییەو دەم و لوت و چاویان لەسنگیاندایەو لەشانەوە ملیان سفت و تەختە !
گەر قسەکانى ئەو موغامیرە بۆ ئێمە جێگەى باوەڕ نەبێت ، کەپێدەچێت لەهیندییە پێست سوورەکانى ئەو ناوچەیەى بیستبێت و بەمەبەستى سەرنجڕاکێشانى خوێنەر لەمیانى گێڕانەوەى باس و خواسى چەشن و چۆنیەتى گەشتەکەیدا خستبێتیەڕوو .. بەڵام ئەى بۆ ئاماژەپێدانەکانى مێژوونووسێکى دیارى وەک ” هیرۆدۆت ” چ بێژین کەپێش زایین بەچەند سەدەیەک و لەکتێبە مێژووییە ناسراوەکەیدا ” مێژووى هیرۆدۆت ” ئاماژەى بەبوونى ئینسانە بێسەرەکان و توخمێکى دیکەى مرۆڤى شێوە دزێوى لەسەگچووى دڕندە دەکات کەپێى وابووە لەبەشى ڕۆژهەڵاتى ئێستاى لیبیادا دەگوزەرێن ، شایانى باسیشە ” هیرۆدۆت ” ناوچەگەلێکى زۆرى ئۆروپاو ئاسیاو ئافریکا گەڕاوە .
دواتریش کەسانى دیکەش ناوى مرۆڤە بێسەرەکان دەبەن ، وەک بلینى لە مێژووى سروشتى ییەکەیدا بە بلیما ناویان دەبات ..
سترابۆى” مێژوونووس ئاماژەى پێداون ، زاناى لاهوتیش سامۆئیل بۆخارت لەشیکارى وشەى بلیما دا، بنەچەى وشەکە بەوشەیەکى عیبرى دەداتە قەڵەم کەبەواتاى بێ دەماغ دێت و پێشى وایە ئەو توخمە لەبەشەر هەبوون و بریتى بوون لەمرۆڤگەلێکى بێ دەماغ .
لێرەدا دەبێت ئاماژە بەو ڕاستییەش بدەین کە لەواقیعدا خەڵکانێک هەبوون لەباشوورى میسر ژیاون و دژ بەڕۆمانەکان جەنگاون و بیلیمیس-یان پێگوتراوە .
شایانى باسیشە سەبارەت بەباس و خواس و خستنەڕووەکانى ئاژەڵان و دنیاکەیان ، شتى زۆر سەیر و سەمەرە لەدوو توێى کتێبە کۆنەکاندا دەبینینەوە ، ئەمەش هەر لەنووسینەکانى ئەرستۆ ەوە تا دەگاتە حەیوان ى جاحز و مروج ئەلزەهەب و مەعادن ئەلجەوهەر ى مەسعودى و نوخبەت ئەلدەهر فى عەجایب ئەلبەر و ئەلبەحر ى دیمەشقى و حەیات ئەلحەیوان ئەلکوبرا ى دومەیرى .
کورتەو پوختەى هەندێک لەخستەڕووەکانى سەرجەم ئەو کتێبانە ، لەلایەن عەزیز ئەلعیلى ئەلعیزى لەکتێبى ئاژەڵ لەکولتوورماندا لەنێوان حەقیقەت و ئەفسانەدا-1987- چاپى بەغدا ” دا خراوەتەڕوو ، لێرەدا هەندێکى بەنموونە دەهێنینەوە .
دەڵەک :
بەگژ تیمساحدا دەچێت ، کاتێک تیمساح دەمى داچەقاندووە .. دەڵەک لەزارییەوە دەچێتە هاناوییەوەو ناوسکى پارچە پارچە دەکات و دەیخوات و پاشان دێتە دەر . قەزوینى چ ئەرستۆ و چ تەوحیدى ، مەبەست لەئەبوحەیانى تەوحیدی – یە – ن” لە ” ئیمتاع و موئانەسەدا ” ئاماژەیان بەوە داوە کەمێینەى دەڵەک لەدەمییەوە دەپیتێنرێ تلقح و لەکلکیشیەوە بەچکەى دەبێت . دومەیرى .

کەروێشک
گوتراوە ساڵێک نێرەو ساڵێک مێیە . قەزوینى
کەروێشک ساڵێک نێرەو ساڵێک مێ .. دەشگوترێت گەر چاوى بەدەریا بکەوێت مرداردەبێتەوە ، هەربۆیە لەکەنارەکاندا بەدی ناکرێت، بەڵام بەلاى منەوە ئەمە ڕاست نییە . دومەیرى
عەزیز ئەلعیلى ئەلعیزى لەکتێبى ئاژەڵ لەکولتوورماندا لەنێوان حەقیقەت و ئەفسانەدا ، سەبارەت بەمە دەڵێت : نازانم قەزوینى و دومەیرى ئەمەیان لەکوێوە هێناوە ، لەگەڵ فرەیى کەروێشکى کێوى و ماڵى ، بەتایبەتیش کەدەمیرى لەمیسردا ژیاوەو ڕۆژانە کەروێشکى بینیوە .. دەرحەق بەوەش کەهەر کاتێک کەروێشک دەریا ببینێت مرداردەبێتەوە ، ئەوە پێدەچێت دومەیرى لەئەرستۆ-ى وەرگرتبێ کەشتێکى لەو چەشنەى گوتووە ، بەڵام پەیوەستى کردووە بەجیاوازبوونى شوێن و کەش و هەواوەوە ، واتە ڕانەهاتنى ئاژەڵەکە ئەگەر لەشوێنێکەوە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکى تر ، ئەم شیکارییەى ئەرستۆ-ش بەشێوەیەکى گشتى دروستە .

تیمساح
تیمساح کۆمى نییە ، چى دەخوات لەسکیدا دەبێتە کرم و کاتێک کرمەکان بێزارى دەکەن ، تیمساح لەسەر پشت ڕادەکشێ و زارى واڵا دەکات ، ئەو دەم خودا باڵندەى کێوى بۆ دەنێرێ و ئەوەى دیاربن لەو کرمانەى لەدەمییەوە دێنەدەر دەبنەخۆراکیان . مەسعودى

بەراز
لەسیفاتە سەیرەکانى ئەگەر لەسەر پشتى گوێدرێژ توند شەتەک بدرێت .. هەر کەگوێدرێژەکە میز بکات بەرازەکە دەتۆپێ . قەزوینى

مێش
جاحز دەڵێت : مێش فرەجۆرن و لەشوێنى شێدارو کەڕوواوییەوە پەیدا دەبن ، ئەو جۆرەى تێکەڵ بەمرۆڤیش دەبن ، لەپیسى و پاشماوەوە دروست دەبن . دومەیرى
عەزیز ئەلعیلى ئەلعیزى سەبارەت بەمە لەکتێبە نابراوەکەیدا دەڵێت :
ئەم گوتەزایە بەگوتەزاى پەرەسەندنى خودیى و هەندێک کاتیش بەتیۆرى پەرەسەندنى خودیى ناسراوە کەبۆماوەى بیست سەدەو لەپاش ئەرستۆ- وەو بەبێ چەندوچوون ببووە بیردۆزێکى سەلمێندراو.. تا زاناى ئیتالیایى ڕیدى لەساڵى 1680ى زایینى بەتاقیکردنەوە بەناوبانگەکەى دەرحەق بەمێشى گۆشت ، ئەو تێڕوانینەى پێشووى پووچەڵکردەوە .. تا ئەو دەمەش پێیان وابوو مێشى گۆشت ، بەشێوەیەکى خودى لەگەنینى گۆشتەوە دروست دەبێت بۆیە ڕیدى” سێ شووشەى پاکژى هێناو گۆشتى تازەى کردە هەر یەکێکیان .. یەکەمیانى بەسەرکراوەیى جێهێشت و سەرى دووەمیانى بەپارچەیەک قوماشى تەنک شەتەکداو سەرى سێیەمینیشیانى بەچەشنێک داخست کەهەوا نەچێتە ناوى .. پاش ئەوە چى بینى؟
بینى کرۆمەکەى مێش لەسەر گۆشتى شووشەى یەکەم هەیەو دووەم کرۆمەکان لەسەر قوماشەکەن و سێیەمیشیان هیچ کرۆمەکەیەکى تێدانەبوو ، بەمەش سەلماندى کەکرمۆکەکان دەرئەنجامى دانانى گەراى مێش دروست دەبن کەلەلایەن مێینەى مێشەوە دادەنرێن … جا جاحز نەک هەر گوتەزاى خود پەرەسەندنى لەئەرستۆ- وە وەرگرتووە ، وەک خۆى و بێدەستکارى بەڵکو زێدەتر پێدادەگرێ و دەڵێت : هەندێک لەخەڵکى ڕەشۆک و نیمچە ڕەشۆک ، نکوڵى لەوە دەکەن کەهیچ شتێک بەبێ نێر و مێ دروست ببێت ، ئەمەش جەهلە دەرحەق بەدنیا و جۆرەکانى ئاژەڵان .. باشە کاتێک بنیادەم خۆراک دەخوات ، هیچ مار و کرمێکى تێدا نییە ، کەچى لەهەناوى خۆیدا دەیکاتە چەندین جۆرى مارۆچکەو چەندین شێوەى کرمۆکە، بەبێ بوونى نێر و مێ .
بەڵام لەگەڵ ئەم هەڵەیەشدا ، جاحز لەزۆر شوێنى دیکەى نووسینەکانیدا ، پێچەوانەى فیکر و تەرحەکانى ئەرستۆ تێڕوانینى جوداو ڕاست و دروستى هەبووە .. نابێت ئەوەش لەیادبکەین کەخودى جاحز نموونەیەکى موعجیزە ئاساى بیرمەندێکى خۆڕسک و فیداکارە ، بەهەتیوى و لەنێو خانەوادەیەکى هەژار ونەداردا گەورە بووەو هەر لەمنداڵییەوە شاگردانەو دەستکەوتى ڕۆژانەى ئەو کارانەى لەودەمەدا هەبوون و ئەم کردوونى ، ئەو نووسراو و دەستنووسانەى پێکڕیوون کەبایى پارەکەى ئەو بوون و ئیدى پاش ماوەیەک ئەمەش دادى نادادات و بۆ خوێندنەوەى کتێبە دانسقەو دەگمەن و گرانەکان ، ناچار دەبێت شەوانە لەکتێبخانەکاندا بمێنێتەوەو بەدرێژایى شەو ، لەژێر تیشکى مۆم و قوتیلەکانى ئەو زەمەنەدا ، ببێتە موسافیرى ڕێگەى سەفەرى پڕ میحنەت و سەختى خوێندنەوەى تێکستە جیدییەکان .. هەر بەم شێوەیەو بەڕەبەنى تادواساتەکانى ژیانى بەردەوام بووەو دواجار پاش ڕمانى ڕەفەى کتێبخانە هەڵواسراوەکەى سەرى ، هەر لەو شوێنەدا کەخەریکى موتاڵا بووە ، مردووە .
زرافە
لەکتێبى ـ مێژووى ئیبن خەلەکان – دا هاتووە :
زرافە لەسێ ئاژەڵ پەیدابووە کەحوشترى کێوىو مانگاى کێوىو کەمتیارن ، کەمتیار لەگەل حوشتردا جووت دەبێت و بەچکەیەکى لەمابەینى حوشتر و کەمتیاردا دەبێت ، گەر نێر بوو بەچکەکەشى لەگەل مانگا جووت بوو ، ئەوە زرافەى دەبێت ، ئەمەش لەوڵاتى حەبەشە هەیەو عەجەمەکان پێى دەڵێن – اشترگاوپلنگ – بەڵام جاحز ئەم جۆرە بۆچوونانەى پێڕاست نییەو پێى وایە ئەمە نەزانییەکى گەورەیە ، چونکە خودا چى بووێت دروستى دەکات .. زرافە توخمێکى تایبەتە بەخۆى وەک هەسپ و گوێدرێژ .. هەربۆیە هەر جووتێک بەچکەى وەک خۆى دەبێت . دومەیرى

سەقەنقور
ئەرستۆ دەڵێت : سەقەنقور ئاژەڵێکى دەریاییەو ڕەنگە لەدەریادا لەدایک بێت ، لەشوێنى بەرکەوتنى چەخماخەى برووسکەکاندا .. لەسەیر و سەمەرەکانیشى ئەوەیە گەر ئینسانێک بگەزێت و مرۆڤەکە پێش ئەو بگاتە ئاو و شوێن برینەکە بشواتەوە ، ئەوە سەقەنقورەکە دەتۆپێ و گەر سەقەنقورەکەش پێش مرۆڤەکە بگاتە ئاو ئەوە مرۆڤەکە دەمرێ . دومەیرى
ئەم بۆچوونە لەڕاستیدا لەئەرستۆ- وە وەرگیراوە ، ئەرستۆ- یەک کەدانەرى لۆژیکە ، بەڵام دەرحەق بەئاژەڵێک کەلەگەشتەکانیدا بەرچاوى کەوتووەو بینیویەتى ، کەچى بۆچوونێکى ئەفسانەئامێزى لەمەڕ دەخاتەڕوو .

سەمەندەل- سەلەمەندەر
لەسەیر و سەمەرەکانى سەمەندەل ، چێژ بینینیەتى لەئاگر و مانەوەیەتى لەناویدا .. کاتێک کەوڵەکەى پیس دەبێت ، تەنها بەئاگر خۆى پاک دەکاتەوەو زیاتریش لەوڵاتى هیندوستان هەیە .. ئاژەڵێکە لەڕێوى بچوکتر ، چاوى سوور و کلکى درێژە .. لەکەوڵەکەى جۆرە دەستەسڕێک دەچنرێت ، کاتێک پیسبوو دەخرێتە نێو ئاگرەوەو ناسوتێت و بگرە پاکژیش دەبێتەوە .
هەندێکى دیکەش پێیان وایە سەمەندەل باڵندەیەکە لەهیندوستان دەژى ، لەنێو ئاگردا هێلکە دەکات و هەر لەوێشدا هەڵیدێنێت .. ئاگر هیچ کارى تێناکات و لەپەڕەکانى جۆرە دەستەسڕێک دروست دەکرێت و دەبرێتە وڵاتى شام .. کاتێک پیس بوو ، دەخرێتە نێو ئاگرەوەو ئاگر تەنها پیسییەکەى لێدەکاتەوەو دەستەسڕەکە هیچى لێ نایەت . دومەیرى

سەناجە
گوتویانە : هیچ ئاژەڵێک نییە لەسەر زەوى هێندەى سەناجە گەورە بێت .. گوتویانە لەخاکى تیبت هەیە .. یەک فەرسەخ لەزەمین دەکاتە شوێن مەنزڵى خۆى .. لەتایبەتمەندییەکانى گەر یەکەمجار چاوى بەهەر ئاژەڵێک بکەوێت ، ئەوە خۆى مردار دەبێتەوە .. بەڵام گەر هەر ئاژەڵێک یەکەمجار چاوى بەو بکەوێت ، ئەوە ئاژەڵەکە یەکسەر مردار دەبێتەوە . قەزوینى

سیمرغ
مەزنترین و زەبەللاحترین باڵندەیە ، فیل هەڵدەفڕێنێ هەروەک چۆن واشە مشک هەڵدەفڕێنێ .. گوتویانە تەمەنى سیمرغ هەزار و حەوت سەد ساڵە ، پاش ئەوەى تەمەنى دەبێتە پێنج سەد سال جووت دەبێت ، هێلکەکەشى بەسەدو بیست و پێنج سال هەڵدێنێ .. ئەگەر بەچکەکەى پاش گەورەبوونى مێ بوو ، ئەوە دایکەکەى دار و چیلکەو چەوێڵێکى زۆر کۆدەکاتەوەو نێرەکە بەدەنووکى گڕی تێبەردەداو دایکەکە دەسووتێ و بەچکە مێینەکەش دەبێتە تاکى نێرەکە .. خۆ ئەگەر بەچکەکەشیان نێر دەرچوو ، ئەوە نێرەکە هەمان کارى مێیەکە دەکاتەوەو بەچکەکە دەبێتە تاکى مێیەکە .. شتى زۆر لەوە سەیرتریش کەگوتمان ، دەرحەق بەسیمرغ گوتراوە .قەزوینى
عەزیز ئەلعیلى ئەلعیزى – لەهەمان کتێبی پێشتر ئاماژەپێدراوماندا ، دەڵێت : سیمرغ باڵندەیەکى ئەفسانەییە لەئەفسانە کۆنە فیرعەونییەکاندا ئاماژەى پێدراوەو پوختەى ئەو ئەفسانانە ئەوەیە ، کاتێک سیمرغ تەمەنى دەگاتە پێنج سەد سال ، خۆى دەسووتێنێت .. پاشان لەخۆڵەمێشەکەى خۆى دروست دەبێتەوەو پاش پێنج سەدساڵى دیکە هەمان کار دووبارە دەکاتەوەو بەم کلۆجە لەمابەینى مەرگ و هەڵسانەوەى پاش مەرگدا بەردەوام دەبێت .
جێگەى ئاماژەپێدانیشە لە شانامە دا باس لەسیمرغ کراوە ، وەک باڵندەیەکى بەخێوکەرى زال ى کوڕى سام ى کوڕى نەریمان .. باوکى زالڕ کاتێک دەبینێت کوڕەکەى بەسەرى سپى و شێوەیەکى دزێوەوە دێتە دنیاوە ، لەجێگەیەکى دوورە دەست فڕێیدەداو کەچى سیمرغ دەیگرێتە خۆى گەورەى دەکات و … تاد .
کاتێکیش بەگەورەیى ناچار دەبێت سیمرغ بەجێ بهێڵێت ، پەڕێکى خۆى دەداتێ تا لەکاتى تەنگانەدا بیسووتێنێ … ئاشکراشە زال باوکى رۆستەم ـەو … تاد .
ماوەتەوە بڵێین ، وێڕاى ئەو هەموو حیکایەتە ئەفسانە ئامێز و سەیر و سەمەرانەى نێو دوو توێى کتێبە دێرینەکان ، بەتایبەتیش ئەوەى تایبەتە بەئاژەڵان و هەر لە ئەرستۆ- وە تا دەگاتە ئەوانەى دیکە . . ئاستەمە هیچ شتێک جدییەتى کار و کۆششى ئەوان بسڕێتەوە .. بەتایبەتیش لەسەردەمانێکدا ئەمانە هەوڵیان داوە کەئاستەم بووە بەشێکى هەرە زۆرى ئەو ئاژەڵانە ، بەئاسانى بدۆزرێنەوەو ببینرێن .. ئەمە جگە لەنەبوونى سەرچاوەو دەیان لەمپەر و ڕێگرى لەبن نەهاتوو .
لەهەمووشى دانسقەتر ، لەدوو توێى ئەو کتێبانەدا ، ئەتمۆسفێرى حیکایەت ئامێزانەو فانتازیاى نامۆ و عەجایب دەخووڵقێت ..
جا بەدەر لەزانستى بوون و زانستى نەبوونى گوتراوەکانى نێو دوو توێى کتێبە تایبەتەکانى دنیاى ئاژەڵان ، هێزێکى ئەفسووناوى کەمەندکێشى خوێندنەوەى نەزانراوەکانیت دەکات و دەگەیتە ئەو ڕاستییەى کەلەبەشێکى بەرچاوى شاکارە ناسراو و بەنامێکانى دنیا جوانتر و بەڕەونەقترن .
خەیاڵاتێک لەو تێکستانەدا کاردەکات کەبێسنوور دەیان ئەندێشەو خەیاڵاتى دیکە بنیات دەنێتەوە . پێچەوانەى بەشێکى دیارى تێسکتە بەناوبانگ و ناسراوە نەزۆک و چرووکەکانى چ دنیاى دەرەوەو چ ناوەوەى ئەدەبیاتى کوردى .. ئەم تێکستانە ڕاستگۆییەکى بێ وێنەى عەشق و شەیدابوونى کەشفکردنى نەزانراوەکان ، دەبێتە پاڵپشتى و دەچێتە باکگراوندییەوە . ئیدى ئەو داهێنەرە گەورانە ، لەدنیایەکدا کەتەنانەت دەستکەوتنى کەرەستەکانى نووسین و دۆزینەوەى سەرچاوەکان ئاستەم بووە .
لەڕۆژگارێکدا گەڕان بەمەملەکەت و کیشوەرەکاندا لەئەگەرى هات و نەهاتى مان و نەمان و گەیشتن و نەگەیشتندا هەڵسووڕاوە ، کەچى ئەوان هەوڵى گەیشتنە مەحال و دۆزینەوەى مەجهولیان داوە .. بۆ ئەمەش زۆربەى ئەو جۆرە کەسانە هەموو ژیانى خۆیان لەوپێناوەدا سەرفکردووە ، تەنها بەمەبەستى گەیشتنە ترۆپکى ئەوەى کەتوانراوە لەو دەمەدا بەدەست بێت .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت