pirsa

یوسف عیزەدین : ئەو لافیتە رەشانەى سیماى رەشى رژێمێکمان بیردەخەنەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمە خەڵکى وڵاتێکین کەزۆربەى مردووەکانى جوان و هاوشێوەن ، تەباو گونجاون لەگەڵ سیستمى کۆمەڵایەتى و سیاسى و فەرهەنگى باوى کۆمەڵگە و خزم و کەسى فڵانە بەرپرس و فیسارە پیاوماقووڵ و سەر بەیەکێک لەتەریقەت و رێبازە ئایینییەکانیش .
گەلێک لەزیندووەکانى ئێمە پاش مردنیان دەبنە قارەمان و لافیتەکان لەدوو توێى ئاماژەى دێڕەکانیاندا حیکایەتى جوامێرى ئەوانمان بۆ دەگێڕنەوە . لەو گچکە شارانەى کەئێمەى کوردى تێدا دەژین ، بۆ هەر کوێیەک بچین ، دیوارى دەیان بیناو شوێن و مزگەوتمان بەرچاو دەکەوێت کەبانگەشەى مەرگى کەسێک یان چەند کەسێک لەسەر لافیتە هەڵواسراوەکانى نووسراوەتەوە .
ئیدى ئەمە ئەو بازنەیەیە کەدەبێت تێیدا بژین و پاشان بمرین و دواجار بەهیمەتى پیاوچاکان و مەرحەمەتى خۆشنووسان لەلافیتەیەکدا یادبکرێینەوە ، جا جگە لەلافیتەکانیش هەواڵى مەرگ لەرۆژنامەو کەناڵەکانى میدیاشدا بڵاودەکرێتەوە .
لەهەمووشى سەیرتر بڵاوکردنەوەى هەواڵى مەرگە ، لەکاتێکدا سەماکەرێک سەما دەکات ، یان گۆرانى بێژێک گۆرانى دەڵێت و لەژێر وێنە بزۆزەکەوە هەواڵەکە دەنووسرێت .
راستییەکەى ئەمە ئەو پەڕى سووکایەتیکردنە نەک هەر بەمردووەکان و خودى چەمکى مەرگ ، بەڵکو بەخاوەن مردووەکانیش ، لەکولتوورى کوردا روانینێکى لەو چەشنە بۆ مەرگ نییە ، تائێستاش کوردە عەلەوییەکان مردن بەدنیاى چوونە دنیاى خامۆشى ناو دەبەن و بەگۆڕستانیش دەڵێن خامۆشگەو بەئەدەب و حورمەتەوە دەڕواننە کردەى مەرگ کەوەک پرۆسێسێک زیندووەکان دەباتە نێو دنیاى خامۆشى ، سەربارى دژایەتى کردنى کوردە حەنەفییەکان ، بۆ چەشن و شێوازى ناشتنى مردووەکانیان ، هێشتاکە لەزۆر شوێن و جێگەى نیشتەجێبوونیاندا ، پێش ناشتنى مردووەکانیان پێخەف و سەرین لەنێو گۆڕەکانیاندا دادەنرێت ، وێنەو کەل و پەل و شمەکى کەسە ئازیزەکانیانى لەگەڵ دەنێژرێت . لێرەدا دەبینین لەکولتوورى ئێمەى کورددا ئەگەر کوردە عەلەوییەکان بەنمونە وەربگرین ، تێڕوانینێکى تر هەیە کەدیارە لاى ئەوان کەسى مردوو چووەتە دواقۆناغى خەوتنى ئەبەدى خۆیەوەو شوێنى خۆى لەدنیاى خامۆشاندا کردووەتەوەو ئیدى دەبێت لەگوڵ و گوڵزارى خامۆشگەکەدا چاوەڕێى هاتنەوە ژیانى ئەو ببینەوە .

مەرگ بەتەسەوورى ئەوان شتێکى ترسناک نییە ، چونکە تەنها گۆڕانى قۆناغێکە بەقۆناغێکى تر کەبۆخۆى جەوهەرى بەردەوامى ژیانە . لاى کوردە یەریسانییەکانیش مەرگ کۆتایى نییە چونکە بەدۆناو دۆنى رۆح جارێکى تر کەسى مردوو دەگەڕێتەوە بۆ نێو ژیان .
زەردەشتیەکانیش بەمەبەستى نەگەڕانەوەى جەستەى گەنیووى مردووەکانیان بۆ نێو خاک و خۆڵ ، لەسەر چیایەک مردووەکانیان جێهێشتووە ، تاباڵندە گۆشتخۆرەکان جەستەکە بخۆن و دواتر تەنها ئێسکەکانیان ناشتووە ، پاش ئەوەى خستوویانەتە نێو کوپەڵەکەیەوە .
هەموو ئەو نمونانەى کەئاماژەمان پێدا بۆ ئەوە بوو کەبزانین مەرگ لەکولتوورى کورددا چ پانتایی و جێگەو شوێنێکى داگیرکردووە ، راشکاوانە ئەوە دەبینینەوە کەمەرگ ساتەوەختى تێڕامان و بێدەنگى بووە .
ژاک دریدا گوتەنى : ( فێربوونى ژیان فێربوونى مەرگە ) .
واتە دەبێت لەدەرەوەى ژاوەژاوى هەوڵى شێواندن و سڕینەوەى مەرگ خۆیەوە، تەسەوور و دنیابینییەکى ترت هەبێت ، تابتوانیت راڤەى خودى ژیان خۆى بکات .
جا لێرەدا بەو مەبەستەى لەباسەکەمان لانەدەین ، دەگەڕێینەوە سەر دەستپێکى هاتنە ناوەوەى کولتوورى لافیتە نووسین و راگەیاندنى ریکلامییانەى مەرگى مردووان لەم پانتاییە جوگرافییەى کەئێمەى تێدا دەگوزەرێین. دەبینین لەماوەى جەنگى هەشت ساڵەى ( ئێران – عێراق ) دا ، ئەم دیاردەیە بەشێوەیەکى بەرچاو کەوتە روو ، بەو پێیەى لەو سەردەمەدا بەدەر لەمەرگى ئاسایى ، مەرگێکى زۆرە ملێ هەبوو ، هەر بۆیە بەعسییەکان بۆ رەواندنەوەى ترس و خۆف لەمەرگ و فۆبیاى کوژران ، ئەم شێوازە بانگەشەو لافیتە نووسین و بڵاوکردنەوەى هەواڵى کوژراوەکانیان ، وەک سونەتێک هێنایە ئاراوە . ئیدى بەپێى ئەو لافیتانە هەموو ئەوانەى کەبەزۆر لەلایەن خودى رژێمى ئەو دەمەدا لەجەنگدا بەکوژران دەدران، ناویان بەپاڵەوان و قارەمان دەهات .
لەکاتێکدا ئەو کەسانەى کەلەمیانى دژایەتیکردنى رژێم و دام و دەستەکەیدا گیانى خۆیان دەبەخشى و شەهید دەبوون ، پرسە بۆ گرتنیشیان قەدەغە بوو . راگەیاندنى مەرگى ئەوان لەپۆستەرەکاندا دەخرایە روو ، کەبەنهێنى دەبووایە لێرەو لەوێ هەڵبواسرایە . لێرەوە ئەو حەقیقەتەمان لا رووندەبێتەوە کەلافیتەکان سیماو سیمبۆلى باڵادەستى رژێمێکى دیکاتۆر بوو ، لەکاتێکدا پۆستەرەکان سیمبۆلى ئۆپۆزسیۆن و هێزى بەرەنگاربوونەوە بوو ، بۆیە هەردەم خەڵکە داخ لەدڵەکە پۆستەرەکانى بەجوان دەهاتە بەرچاو و لافیتەکانیش بەناشرین .

جێگەى سەرسامییە گەر بڵێین کوردێکى خاوەن کولتوورێکى تایبەت بەمەرگ هێندە کەوتبێتە ژێر کاریگەرى کولتوورى بەعسەوە ، لەرووى درێژەپێدان بەنووسینى لافیتە نووسین و هۆکارەکانى تر لەراگەیاندنى مەرگى مردووەکانیان . کەهەر پاش راپەڕین لافیتەکان جارێکى تر ئێمەیان بەو دنیا ناشرینەى پێشووەوە گرێداو هەروەک ئەوەى هیچ نەگۆڕدرابێت و هێشتاکە لەو سەردەمەدا بین .
ئاستەمە بیر لەوە بکەینەوە کەبۆ ناوى گیان بەختکەرانێکى کورد کەدواى راپەڕین لەهەندێک پێکدادان و شەڕى نێوان کوردو رژێمدا کوژراون ، لەسەر لافیتەکان نووسرابێتەوە ، ئەگەر هەر مەبەست لەراگەیاندنى کوژرانى ئەوان بووبێت ، ئەوە دەبوو شێوازێکى تر بەکاربهێنرێت .
ناکرێت بەهەمان خەتى خۆشنووسان و لەسەر هەمان لافیتەى رەش حیکایەتێکى جیاواز بگێڕیتەوە .. دەبوو لانى کەم جیاوازییەک هەبێت ، ئەمە لەکاتێکدا کەکردەى راگەیاندنى مەرگى مردووەکان بۆ خۆى شوێنى پرسیارە ؟ !.
رەنگە جوانترین جیاوازیش ئەوە بایە کەهیچ لافیتەیەکى بۆ هەڵنەواسیت ، دەبا بەشێوەو چەشنێکى تر لەیادەوەرى ئێمەى کورددا جێى خۆى کردبایەتەوە .
لەئێستادا لافیتە نووسین و چەشنەکانى دیکەى راگەیاندنى میدیاتیکیانەى مەرگ ، بۆتە بەشێکى جیانەکراوەى کولتوورى کوردى ئەم دەڤەرەو تابڵێى بەرەو ئایندەیەکى ترسناکمان دەبات ، سەیرە تۆ بەرادەیەک لاساییکەرەوە بیت ، کەهەموو ناشرینییەکانى دەرەوەى خۆت بێ پرسیار بهێنیتەوە نێو خۆتەوەو هەموو جوانییەکانى نێو خۆت بێ دوو دڵى تووڕ بدەیتە دەرەوەى خۆت .
گەر بڕوانینە دیوێکى ترى مەرگ لەکولتوورى کورددا بەگشتى ، گەرچى خودى ئەو کولتوورە هیمۆژینەو بەدەر نییە لەناکۆکى وجیاوازى ، دەبینین خەسڵەتێکى داستان ئامێزانە لەخۆ دەگرێت ، هەر بۆنموونە بەسەردولکە حیکایەتى کەسى مردوو دەگێڕدرێتەوەو دەنگ و وشەو دێڕەکانى ، وێنەو دیمەنە جوداو جیاوازەکانى ژیانى کەسى مردوومان لابەرجەستە دەکات و جارێکى تر بەچەشنى تراژیدیاکانى گریک لەنێو زەینماندا دەیژێننەوە .
تەنانەت ئەگەر کەسە مردووەکەشمان نەناسیبێت ، سەردوولکەکان لەڕێى وێناندن و بەرجەستەکردنەوە بەومان ئاشنا دەکات . سەردولکە و لایلایەکردن بۆ مردووان ، هەوڵێکى موزەیفانە نییە بۆ جوانە پیشاندانى مردووەکان ، هێندەى ئەوەى یادەوەرییەکانى ئەو کەسەى کەمردووە ، بەناکۆکى و جودایى و هەڵوێستە جیاوازەکانیشیەوە دێتە بوون . دەکرێت سەردولکە لەشوێنێکدا باس لەتووڕەیى کەسەکەو دواتر ماجەراکانى ئەشق و خۆشەویستى و لەجێگەیەکى تریشدا باس لەکین و رکى دەرهەق بەکەسێک یان دەسەڵات و دەستەو تاقمێک ، یان زۆر شتى تریش بکرێت ، دەبینیت لەساتەوەختێکدا رانەگیراویت و بەتەواوەتى لەنێو کەشى هێنانەوە بیرى مردووەکەدایتو بەشوێن دۆزینەوەى ماناى ژیانى ئەو و خۆت و کەسانى ترو مەرگیاندا وێڵیت .
بەبیرهێنانەوەى جارێکى ترى گوتەکەى ژاک دریدا ” فێربوونى ژیان فێربوونى مەرگە ” ، بەبەراورد لەگەڵ ئەو کەشەى کەپێشتر کورد بۆ مردووانى سازیداوە ، هەست بەجۆرێک لەهەوڵدان دەکەین بۆ فێربوونى مەرگ یان فێربوونى ژیان ، لەرێى ئەو بۆشاییەى کەخودى کەشەکە لەزەینى زیندووە ئامادەبوواکاندا دروستیکردووە ، لەکاتێکدا لەئێستاى دنیاى لافیتەکان و راگەیاندنى میدیاتیکییانەى مەرگى کەسانێک و مەراسیمى پرسەکان بۆشاییەک نامێنێتەوە بۆ تێڕامان . خودى مەراسیمەکە تەنها بانگهێشتێکە بۆ ئاگادارکردنەوەو کۆکردنەوەى زۆرترین زیندوو .. ئیدى لەنێو قەرەباڵغى ئەو حەشامەتەى کەدێتە نێو پرسەکەو وێنەگرتنى ڤیدیۆیى و زۆر شتى تر کەبەکولتوورى کورد نەیارە . ساتەوەختێک نامێنێتەوە نەبۆ خاوەن مردووەکەو نەبۆ ئامادەبووانیش تاشتێک بیر لەماناکانى مەرگ و ژیان بکەنەوە ، یان بۆ چرکەساتێک رۆبچنە نێو یادەوەرییەکان . ئیدى لەزۆرێک لەپرسەکاندا کەلەئێستادا بۆتە باو بوونى کامێراى ڤیدیۆ و وێنەگرتنى بەشێوەیەکى بەرچاو دەبێتە مایەى دابڕانت لەخۆت ، چونکە لەساتەوەختێکدا وێنە دەگیرێت ، کەبەهیچ کلۆجێک شوێنى وێنەگرتنى تێدا نابێتەوەو چەند بیریشى لێبکەینەوە لەو هۆکارى ئەو وێنەگرتنە تێناگەیت ، چونکە لەوێدا خودى کامێراى ڤیدیۆکە دەبێتە بابەت و هاوێنەکەشى دەبێتە ئەو چاوەى کەبەردەوام چاودێریى هەر یەکێکمان دەکات . کەسیش نییە پرسیار لەوە بکات ئەم وێنەگرتنە چۆن چۆنى بووە بەشێکى گرنگى ئەو مەراسیمەى کەوەک خۆى جێگەى پرسیارە ، شایانى باسە گەر لێرەدا ئەو راستییە وەبیر خۆمان بهێنینەوە کەزۆرێک لەمردووانى دنیا هێشتاکە بەهەمان دەستوورى لەپێشینەى خۆیان مامەڵە لەگەڵ مردووەکانیاندا دەکەن و لەو بارەوە نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەرى هیچ کامێک لەشێوازو رێوڕەسمەکانى تر ، چونکە تێڕوانین بۆ فڵانە داب و نەریت ، یان فیسارە بەشى کولتوورت ، لێکۆڵینەوە دەرحەق بەوەى کەپێشتر بۆ هەبووەو دواتر بۆ نەماوەو هۆکارەکانى چى بوون ، هەموو ئەمانەو زۆر وردەکارى تریش دەبێت ببێتە جێگەى قسەو باس . بۆ دەبێت هێشتاکە جولەکەکان هەڵگرى هەموو ماکە جیاکەرەوەکانى خۆیان بن و دەیان سیمگەو سیمبۆل و داب و نەریت تا ئێستا وەک خۆى پارێزرا بێت و نەکرێت دەیان پرسیارى لەبارەوە نەکەیت .
هەر بۆ نموونە لەکاتى مردنى مردووەکانیاندا هەموو ئاوێنەکانى نێو ماڵەکەیان رووپۆش دەکەن ، یان هەرگیز لەکاتى خەوتندا قاچیان بەرەو دەرکەى ئەو ژوورەى کەتێیدا دەخەون درێژ ناکەن ، بەڵکو سەریان رووەو دەرکە دەکەن . ئەکەر لەجێگەشدا مردن ئەوە یەکسەر کەسانى مردووەکە ئاراستەى قاچى مردووەکە دەگۆڕن بەچەشنێک کەقاچى رووەو دەرکە بێت و هەر ئاواش لەدەرکەى ژوورەکە دەیبەنە دەر . ئەمە سەربارى ئەو حیکایەتە میتۆلۆژییەى کەلەخۆى دەگرێت ، وەک دیاردەیەک حیکایەتى جیاوازى ئەوانمان بۆ دەگێڕێتەوەو دەمانباتەوە بۆ نێو قوڵاییەکانى مێژوو و کولتوور و فەرهەنگى ئەوان .
لەکاتێکدا ئێزیدى و عەلەوى یەریسانییەکان بوونەتە پارێزەرى زۆرێک لەو سیماو خەسڵەتانەى کەکوردى پآ دەناسرێتەوەو لەوانەى ترى جیاى دەکاتەوە ، لەهەمان کاتیشدا ژمارەیەکى زۆرى کورد دەستبەردارى زۆرێک لەو بەهاو چەمکانە بوون ، کەڕەگ و ریشەى بەمێژوویەکى دێرینیاندا رۆچووە.
” میهرداد . ئیزەدى” لەکتێبى کوردەکان – دا ، زۆرر بەوردى کەسایەتى کورد دەناسێنێت و ئاماژە بەناکۆکییەکانى ناوەوەى دەدات و بەشێوەیەکى گشتى سەبارەت بەکورد پێى وایە کەکورد تەنها ئەو کاتانەى کەزۆر و زەبر و زەنگى لەگەلڕ بەکاردەهێنرێت ، یاخى دەبێت و ناچێتە ژێر بار و وەک خۆى دەمێنێتەوە و کولتوور و خەسلەتە نەتەوەییەکانى خۆى دەپارێزێت . ئەگینا ئەگەر وازى لێ بهێنیت و بەنەرمى و نیانى لەگەڵى بجووڵێیتەوە، هەر بۆخۆى بەلاساییکردنەوەو چاولێکەرى دەبێتە ئەوى تر و خودى فەرهەنگ و کولتوورى خۆى لەبیر دەچێتەوە . هەر بۆنمونە میهرداد لەکتێبەکەیدا ئاماژە بەو بنەمالانەش دەکات ، کەبێ ئەوەى کەس لاقەى کردبێتن لەنێو نەتەوەکانى تردا تواونەتەوەو دەسبەردارى کوردبونى خۆیان بوون .
هەر خودى میهرداد ئاماژەش بەوە دەکات کەلاوازترین کەلتوور و فەرهەنگ کاریگەرى لەسەر کورد هەبووە ، وەک نمونەیەکیش ئاماژە بەکاریگەرى کولتور و فەرهەنگى لاوازى تورک دەکات لەسەر کورد ، ئەمە بێجگە لەکاریگەرى ئایینى کەلەسەردەمى عوسمانییەکانەوە تا ئێستا توانراوە ژمارەیەکى زۆر بەرچاوى کورد بهێنرێتە سەر مەزهەبى ( سونى- حەنەفى ) .
جا سەیر لەوەدایە کەکورد گەرچى دەرکەکانى ئاوەڵا بووە بۆ هاتنە ناوەوەى کولتوور و فەرهەنگە جیاجیاکان ، بەڵام زیاتر شتە ناشرینەکانى وەرگرتووەو کەم جار شتە باش و جوانەکانى لەخۆ گرتووە . رەنگە ناشیرنترین خەسڵەتێکى کولتوورى و فەرهەنگیشى لەکوشتنى مێینەدا خۆى ببینێتەوە ، کەتا ئێستاش بەهەمان پێودانگى پێشینەى خۆى مامەڵە لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا دەکات و تێکەڵى ئێستاى لەگەڵ دنیاو تێکەڵیى دنیاش لەگەڵى هێشتاکە نەیگۆڕیوە .
لەکاتێکدا گرنگترین خەسڵەتە فەرهەنگى و کولتوورییەکانى کەخودى مامەڵەکردنێتى لەگەڵ مردووەکانى و راڤەى مەرگ و تێڕامانێتى لەبوون و عەدەم و هەموو ئەمانەش لەفەرهەنگ و کولتوورى کورددا ئامادەگى هەیە ، کەچى لەئێستادا بەشێوەیەکى بەرچاو فەرامۆش کراوەو بەدەیان شتى ناشرین پڕکراوەتەوە ، تازەترینیان پرسەگێڕانى نێو چادرە گەورەکانە ، کەلەنێو کوچەو کۆڵان و شەقامەکاندا هەڵدەدرێت .
جا ئەوەى کەلەم دەڤەرەى ئێمەدا بۆتە شتێکى باو و ئاسایى نەک هەر لەزۆر شوێنى ترى دنیادا بوونى نییە ، بەڵکو لاى هاوڕەگەزەکانى خۆشمان هێشتاکە نەزانراوە ، هەر بۆنموونە کوردەکانى باکوور ، نە لافیتى بۆ مردووەکانیان دەنووسن و نەوێنەى ڤیدیۆیى پرسەو حەشامەتى ئامادەبووان دەگرن و نەوەک مەراسیم دەڕواننە خودى ئامادەبوونیان لەپرسەکاندا و نەبۆتە مەراسیمیش ، ئیدى ئەوان کارێکیان بەکۆکردنەوەى زۆرترین ژمارە لەخەڵک نییە ، تا وەک لاى ئێمە رایبگەیەنن .
ناکرێت لەپاڵ لافیتەى بانگەوازى کۆمپانیاو دەزگاکان و لافیتەى ریکلامکردن و لافیتەکانى تردا ، کەشوێنێکیان لەسەر دیوارەکان نەهێشتۆتەوەو دار و بەردیان داپۆشیوە ، تۆش هەواڵى مەرگى مردووەکەى خۆت لەپاڵ یان لەژێر یان لەم سەرو ئەوسەرى لافیتەکانەوە هەڵبواسیت ، دیارە کێشەکەش تەنها لەشوێنى هەڵواسینى لافیتەى تایبەت بەمردووەکاندا نییە ، تۆ پاش بینینى چەند لافیتەیەکى جۆراو جۆر کەهەر یەکێکیان سەرنجت بۆلایەک رادەکێشن ، لەپڕ لافیتەى مردووەیەکیش دەبینیت ، کەتەنها بەڕەنگ لەلافیتەکانى تر جیاوازە ، ئەگینا هەردووکى هەر ئاگادارکردنەوەو راگەیاندن و بانگهێشت کردنە .
رەنگە کەسانێک هەبن و بڵێن ، باشە ئەى چۆن دۆست و برادەرانى کەسە مردووەکە ئاگادار بکرێنەوە . دیارە هەر چۆن دۆست و هاوڕێیانى کەسە مردووەکانى شارێکى وەک ئامەد ئاگادار دەکرێنەوە ، بەبێ لافیتەى رەش و شێوازەکانى ترى لەمەڕ خۆمان ، لەکاتێکدا هیچ شارێکى ئێمە هێندەى ئەو شارە لەڕووى ژمارەى دانیشتووانییەوە قەرەباڵغ نییە !؟ ئەمە تەنها دیوێکى رووکەشى مەسەلەکەیە ، ئەگینا لەپشت نووسینى لافیتەو بڵاوکردنەوەى هەواڵى مەرگى کەسانێک ، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا پێشیینەیەکى بەعسییانەو تێڕوانین و دنیابینییەکى فاشیانە هەیە ، کەزادەى زەمەنى جەنگى هەشت ساڵەى رژێمى پێشووى عێراقە .
لەهەمووشى ترسناکتر ئەوەیە ، کەئەم لافیتەو نووسین و رێوڕەسمەى کەباسى لێوە دەکەین ، بگوێزرێتەوە بۆ نێو کوردەکانى پارچەکانى دیکەى کوردستان و بۆ هەتا هەتایە ببێتە بەشێکى جیانەکراوەى پرسەگێڕانمان . ئێمە لەکاتێکدا لەهەوڵى سرينەوەى سیماکانى بەعسداین لەنێو خودى ئەم دەڤەرەداو لێرەو لەوێ بەردو دارێک ئەوانمان بیر بخاتەوە لادەبرێت ، ئیدى ئەم هەوڵدانە لادانى زۆر پەیکەر و فولکەو دەستکاریکردنى زۆر شتى ترى گرتەوە . لەکاتێکدا هێشتاکە لەوە بێخەبەرین کەبەعس لەبەرفراوانترین دەروازەوە هاتۆتە نێو فەرهەنگ و کولتوورمانەوەو هەموو تێڕوانینى ئێمەى سەبارەت بەمەرگ و پرسە ژێر و ژوور کردووەو شارەکانى ئەم دەڤەرەى لێکردووینەتە یەک پارچە لافیتەى رەش ، کەئێمەش لەجێى نەهێشتنیان دەیان ئیزافەمان خستۆتە سەر .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت