لاوک کونجرینی: ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی وازی بێنێ یان هه‌ره‌س بێنێ!.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌و سه‌رکردانه‌ی خۆشه‌ویستی گه‌له‌که‌یان ده‌که‌نه‌ قوربانی پێگه‌که‌یان ، به‌هه‌مان چاره‌نوسی هاوتاکانی ڕابردوویان تێپه‌ڕ ده‌بن.
به‌پێی نوسینێک که‌ یه‌کێک به‌ناوێکی نهێنییه‌وه‌ بۆی ناردوم ده‌ڵێت: له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌دامه‌وه‌ به‌ڕێز تاڵه‌بانی له‌ %40 بوجه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی به‌خشیوه‌ به‌ ئیداره‌که‌ی پارتی له‌به‌رامبه‌ر لێخۆشبوونی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌ڕابردووی تاڵه‌بانی، ئه‌م تێمایه‌ به‌بێ پرسی هه‌موو ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتییه‌، وه‌ پارتیش له‌ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی هه‌ولێرو ناوچه‌کانی تری ژێر ده‌ستی خۆی سه‌رفی ده‌کات، بۆ زیادکردنی چه‌ندایه‌تی خۆی.
هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌به‌رده‌ستدانییه‌ که‌ ڕابردووی لێک ترازانی حیزب له‌ کوردستاندا وابه‌سته‌ بکات به‌ ململانێی فکری و نیشتمانی، ته‌نها ئه‌م ململانێیه‌ نوێیه‌ی نێو یه‌کێتی لێ به‌ده‌ر. ئه‌وانه‌ کێن و له‌پێناو چیدا له‌ڕابردوو جیا بوونه‌وه‌، یان بوونه‌ کۆچی قوربانی ده‌سته‌گه‌ری و سه‌رئه‌نجام جگه‌ له‌بێ هیوایی و بریندارکردنی جه‌سته‌ی نیشتمان، ناو و نیشانیشیان به‌زۆر و به‌ڕێکه‌وتنێکی سیاسیانه‌ له‌خانه‌ی شه‌هیدی نیشتماندا هه‌ژمارکران.
1- که‌ مه‌کته‌بی سیاسی پارتی له‌ساڵی 1965 دا جیا بووه‌وه‌، به‌هانه‌کان ته‌نها تاک ڕه‌وی و بیری خێله‌کی بوو، کاتێک به‌یانی 11 ئازار ده‌رچوو بارزانی باوک به‌یانی لێ بووردنی بۆ جه‌لالیه‌کان ده‌رکرد، که‌واته‌ تاوانبار لێی بوورا.
2- که‌ حیزبی سۆشیالیست له‌پاش کاره‌ساتی هه‌کاری له‌ ساڵی 1979جیابووه‌وه‌، ململانێکان نزیکه‌ی دوو ده‌یه‌ له‌مێژویه‌ک به‌خوێنی سور نه‌خشێندرا، هێشتا کێشه‌کان به‌ هه‌ڵواسراوی مابوو، خوالێخۆش بوو ڕه‌سوڵ مه‌مه‌ندو بیرو باوه‌ڕه‌که‌ی به‌ڕیکه‌وتنێک گه‌ڕانه‌وه‌، واتا وه‌ک تاوانبار لێی بوورا.
3- ساڵی 1980 خوالێخۆش بووان نوری شاویس و سامی عه‌بدولره‌حمان به‌ته‌واوی له‌پارتی جیا بوونه‌وه‌و له‌پاشاندا” پارتی گه‌ل” یان ڕاگه‌یاند، به‌ده‌یان کادرو ئه‌ندامی” پارتی گه‌ل ” بوونه‌ قوربانی ململانییه‌کان، ته‌نها له‌ ساڵی 1983 دا له‌ڕۆژێکدا 23 ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه‌ی به‌قاچ و ده‌ست به‌ستراویه‌وه‌ لقی یه‌کی پارتی فڕێی دانه‌‌ نێو گۆمێکی زێی پچوک له‌ پشت دێره‌لوک ده‌رخواردی ماسی دان. پاش ڕاپه‌ڕین پارتی به‌لێبوردنێک له‌ژێر په‌رده‌ی یه‌کگرتندا، بۆ سامی و هه‌ندێک له‌ هاوڕێکانی گه‌ڕانده‌وه‌،، واتا له‌ تاوانبار بوورا.
ململانێی عێراقچێتی و گروپی زیندان و کوردستانی نێو کۆمه‌ڵه‌ له‌پاش شه‌هیدکردنی سه‌رکرده‌ مه‌زنه‌که‌ی (ئارام) و ئازادکردنی ده‌سته‌یه‌ک له‌ زیندانییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ هاته‌ ئاراوه‌ ، سه‌ر ئه‌نجام گروپێکی لێ جیا بووه‌وه‌ له‌ژیر ناوی ئاڵای شۆڕشدا، پاش ڕاپه‌ڕین کاتێک سه‌رکرده‌ داینه‌مۆکه‌ی (ئاش) به‌ ڕیکه‌وتنێکی سیاسیانه‌ ملی نا بۆ داخوازییه‌کانی یه‌کێتی و له‌و په‌ڕی چه‌په‌وه‌ بیری گۆڕی بۆ ئه‌و په‌ڕی ڕاست، واته‌ لێی بورا له‌به‌رامبه‌ر تۆبه‌یه‌کی سیاسی.
له‌ئێستادا کۆمه‌ڵێک پاشکۆی حیزبی گه‌وره‌ ماون، جارجاره‌ بۆڵه‌یه‌کی ناڕازییان لێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ بۆ ته‌ڵخکردنی چاوی تاکی کورد، زۆر به‌ئاسانی به‌کۆبونه‌وه‌یه‌کی سینارۆیی و ده‌ست له‌پشتدانێکی ڕاشکاوانه‌ ته‌می ناڕازیبوونه‌کان ده‌ڕه‌وێته‌وه‌، واته‌” پاشکۆ ” قه‌د خاوه‌ن هه‌ڵوێستی سه‌ربه‌خۆ نییه‌.
له‌کوردستاندا باسکردن له‌ دیموکراسی و مافی مرڤ وه‌ک پرۆژه‌یه‌ک بوونی هه‌یه‌‌، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بۆته‌ فاکته‌رێک بۆ قایمکردنی پێگه‌ ده‌سه‌ڵاتییه‌کان، جگه‌ له‌وه‌ی هۆیه‌کی گرنگی ململانێی حیزبی و ده‌سه‌ڵاتییه‌کانه‌. له‌شۆڕشی ئه‌یلول دا به‌سه‌رۆکایه‌تی بارزانی باوک هه‌مان بالۆره‌ی عیراقێکی دیموکراس و مافی مرۆڤ بوونی هه‌بوو، له‌ولاشه‌وه‌ ململانێ‌ خوێناویه‌کانی ماڵی کورد له‌ پێناو ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هادا، بارزانی گه‌یانده‌ سه‌رۆک سالاری سیاسی کوردستان. که‌ بارزانی باری لار بوو، ڕووی کرده‌ ئه‌مه‌ریکا، مه‌یدانه‌که‌ ته‌وژمێکی دروستکردنی حیزب و سه‌رکرده‌ی به‌خۆوه‌ بینی، ئه‌م ته‌وژمه‌ له‌لایه‌ن کوڕه‌کانی بارزانییه‌وه‌‌ نه‌توانرا به‌ری پێ بگیرێت. له‌سه‌ر ده‌می شۆڕشی نوێدا به‌هۆی به‌رده‌وامی ململانێ خوێناوییه‌کانه‌وه‌ سه‌ر ئه‌نجام نه‌هه‌نگه‌کان هه‌وڵی خواردنی ماسیه پچوکه‌‌کانی ‌دا، دوو حیزبی گه‌وره‌ بوونه‌ ئه‌مری واقع، پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌ هه‌مان ڕێچکه که‌‌ له‌سه‌ره‌تای دروست بوونییه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ندێک بۆیاخ و ڕتوشی خۆیان کردووه‌ نه‌گۆڕان، ئه‌وه‌ی له‌دوای ڕوخاندنی سه‌دامه‌وه‌ ئه‌م پارته‌ی ڕاگرتووه‌ ته‌نها ” تاڵه‌بانییه‌” تاڵه‌بانی له‌ئه‌مڕۆدا ڕاگری یه‌کێتی و کۆڵه‌که‌یه‌کی به‌تینی ڕاگری پارتیشه‌، گه‌ر تاڵه‌بانی بڕوات و له‌نێو گۆڕه‌پانه‌که‌دا بوونی نه‌مێنێت، جگه‌ له‌وه‌ی پارتیش له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سی خۆی دا ڕاده‌ماڵێت، ده‌یان حیزبی نه‌ناسراو و جیهانێکی دیموکراس و ڕه‌وشێکی نوێ به‌رده‌رگای ماڵی کورد ده‌گرێت..