Kuncryni

لاوک کونجرینی: پارتی و ئاسۆی دیموکراسی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

شه‌ڕی ناوخۆ و زمانی زبر ، تاکه‌ فاکته‌ری پارتیه‌ بۆ گلاندنی هێزه‌ کوردییه‌کان ، له‌به‌رامبه‌ردا زمانی مساوه‌مه‌و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بۆ داگیرکه‌ران.
ماوه‌یه‌که‌ پاش بێ ده‌نگییه‌کی ماراسۆنی، نووزه‌ی کۆمه‌ڵێک ‌ لایه‌ن و که‌سایه‌تی سیاسی ناوداری ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی و پارتی به‌رزبووه‌‌وه‌ ، هه‌ر جاره‌ی به‌شێوه‌یه‌ک و دوور له‌ خۆساخکردنه‌وه‌، نازانرێت ده‌نگێکی ئۆپۆزیسیۆنن یان ڕه‌خنه‌گرێکی سه‌رشه‌قامین یان ناڕازیبوویه‌کی سه‌رپێین؟ تا ئێستا وه‌ک پێویست به‌ڕاشکاوانه‌ نه‌یان توانیوه‌ ببنه‌ ئۆپۆزیسوێنێکی ئاکتیڤ.
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌مه‌و پێش وتی: کۆمپانیای وشه‌ ئه‌و ده‌روازانه‌ ده‌شکێنێت ئه‌وه‌ی هیچ ده‌زگایه‌کی تری ڕاگه‌یاندن زاتی نه‌کردبێت خۆی له‌قه‌ره‌ی بدات، ئیمه‌ باسی ده‌یکه‌ین. یاخود ده‌ڵیت ده‌توانن ناومان بنێن گروپێکی ڕه‌خنه‌ گر.
چه‌ند ڕۆژێکه‌ چوار حیزبه‌که‌ هه‌ر لایه‌کیان به‌جۆرێک ڕونکردنه‌وه‌یان دا ، پاش پشتگوێ خستنی ڕاپۆڕته‌که‌یان که‌ ئاراسته‌ی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداریان کرد بوو، که‌ هه‌ڵایه‌کی گاڵته‌جاڕانه‌ی لێ که‌وته‌وه‌.
فازیل میرانی ده‌ڵێت: پارتی و یه‌کێتی زۆرینه‌یان به‌ده‌ست هێناوه‌و مافی خۆیانه‌ حکومه‌ت به‌ده‌ست بهێنن ، ده‌توانن ئه‌وان جیاببنه‌وه‌و ببنه‌ ئۆپۆزیسیۆن و به‌ڵام ئۆپۆزیسیۆنێکی ئیجابی، ئه‌م پارتانه‌ ناشتوانن به‌هیچ جۆرێک پارتی و یه‌کێتی وه‌لا بنێن.
قادر عه‌زیز ده‌ڵێت: ڕاپۆرته‌که‌مان باسی هیج ده‌ستکه‌وتێکی بۆ ئێمه‌ تیانییه‌، وه‌ ئێمه‌ هیچ ده‌ستکه‌وتێکمان نه‌بووه‌و نیشمانه‌ له‌ سایه‌ی ئه‌و ناعه‌داله‌تیه‌ی له‌ کوردستان هه‌یه‌. وه‌ده‌ڵێت: حکومه‌ت ده‌سه‌ڵات نییه‌ به‌ڵکوو له‌حکومه‌تدا چه‌ند که‌سێکی حیزبی ده‌سه‌ڵاته‌.
محه‌مه‌د مه‌لا قادر ده‌ڵێت: ئه‌وان غایه‌تی تریان هه‌یه‌، ئه‌جنده‌ی تریان هه‌یه‌، شتی تریان هه‌یه‌، قسه‌كانیش له‌ جێگه‌ی خۆیدا نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌ كه‌س ناترسێت، چونكه‌ كه‌سێكی وا نیه‌ كه‌ ئێمه‌ لێی بترسین..
عه‌لی باپیر ده‌بێژێت: ئه‌گه‌ر پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ پێیان باش بێت ئێمه‌ له‌حكومه‌تدا نه‌بین، ئه‌وا هیچ منه‌تمان پێیان‌ نییه‌.
جگه‌ له‌ وته‌کانی کاک نه‌وشیروان، وته‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی تر ، ململانییه‌کی سیاسی نییه‌ له‌ پێناو فۆڕمێکی نوێ دا که‌ گه‌شه‌ بدات به‌دیموکراسی و گۆڕانکارییه‌ بنچینییه‌کان، به‌ڵکو زیاتر زمان لێدانه‌ بۆ زیاتر ڕاکێشاندنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبی و که‌سییه‌کان ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌پارتی له‌خه‌یاڵیدایه‌ خۆیی بگۆڕێت یان بگۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌گۆڕبنێت، نه‌ چوار حیزبه‌که‌ش ده‌توانن ببنه‌ ئه‌و بزماره‌ سیاسییه‌ی که‌ ئازاری جه‌سته‌ی پارتی و یه‌کێتی بده‌ن ، یان خۆیان ڕزگار بکه‌ن له‌ کۆتوبه‌ندیان..
یه‌کێک له‌گرنگی سیاسه‌ت شکاندنی ڕێچکه‌کانه‌، له‌ئه‌مڕۆدا کاتی ئه‌وه‌ هاتووه هه‌نگاوه‌کان به‌ئاراسته‌ی خواسته‌کانی کورد بێت، چوار حیزبه‌که‌ ئه‌گه‌ر زاتییش نه‌که‌ن خۆیان له‌قه‌ره‌ی گۆڕانکارییه‌کان بده‌ن، ئه‌وا سه‌رکردایه‌تی کردنی شه‌پۆلێکی ناڕازی بوونی ئه‌و دیوخۆیان، وه‌ک هه‌لێکی مێژووی له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
له‌هه‌موو ئه‌و چاوه‌ڕوانی و بێزار بوونه‌ی ڕابردوو، خه‌ریکه‌ ئاسۆی ویست و خواست بێته‌ ئاراوه‌، به‌یان کردنی لیستی ڕیفۆرمخوازان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێم و عێراق وه‌ک لیستێکی سه‌ربه‌خۆ، شۆڕشێکه‌ بۆ بنیادنانی دیموکراسی و ئیدێیه‌کی پۆزه‌تیڤانه‌و‌ نیشتمانیانه‌یه‌ و به‌زاندنی کۆتوبه‌ندی تاك ڕه‌وانه‌یه‌، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ له‌ پره‌ودان و دابینکردنی سه‌روه‌ری یاساو هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و ئیداره‌ی سێکولاریی. دیسان به‌ڵام تائێستا ئه‌و موڕاڵ و بۆچونه‌ دێوزمه‌یه‌ به‌هێزو تواناکانیه‌وه‌ له‌ پاش ئه‌و هه‌موو گۆڕانکاریانه‌دا هه‌ر له‌ خانه‌ی ترسدا ماوه‌! پارتی ئه‌گه‌ر خۆی هه‌ر حاکم و ده‌سه‌ڵاتداری سه‌ر گۆڕه‌پانه‌که‌ نه‌بێت، ئه‌وا وه‌ک جاران په‌نا بۆ هه‌موو کایه‌کان ده‌بات که‌ سنوره‌ نیشتمانیه‌کان تێک ده‌شکێنێت.
سه‌رچاوه‌کان:
file://C:\Users\KUNCRYNI\Downloads\kurdish_panorama_23jan09.mp3>
http://cawder.org/yeke.php?besh=Nusraw&perrge=nusraw&nujimare=10709
http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Babet&Cor=Chawpekewtin&jimare=548