برینی سوریەكان .. جەمال حسێن

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەشوێنێكدا هیگڵ دەڵێ (تاكە وانە لەمێژوەوە فێری بین ئەوەیە كەكەس لەمێژو هیچ فێر نەبوە.) بەم پێیە مێژو شوێنێك نیە بۆ وانە لیوەفێربون ، قوتابخانەنیە ، بەڵكو بەریەككەوتنی دیالەكاتیكی بیرو بۆچونەكانەو بەپێی یاسای گەیشتن بە بیری رەها دەروات .

ئەم دەربرینە گەرچی لەروكەشدا ناكۆكە بە بیروباوەری باو و گشتی سەبارەت بەمێژو لەناو هەر كۆمەڵگایەكدا ، بەڵام لەناوەرۆكدا راستە كاتێك ئاورێكی خێرا لەو هەمو هەڵانە دەدەینەوە كە مرۆڤایەتی لە رابردوی خۆیدا نواندویەتی، لانی كەم بۆكەسی دكتاتۆر كەمترین گومان هەڵدەگرێت . هەمو دكتاتۆرێك پێی وایە ئەزمونی ئەو جیاوازە ، توشی شكست نابێت و تادوارۆژی تەمەنی دەسەڵاتدار دەبێت و توانای كۆنترۆڵكردنی لاواز نابێت، گەل نەك لەدەسەڵاتەكەی هەڵناگەڕێنەوە، بەڵكو دوای مردنیشی بەدەوری گۆرەكەیدا دەسورێنەوەو لەستایشكردنی ناوەستن ، گەرچی ئەزمونی هەمودكتاتۆرەكانی رابردو پێچەوانەی ئەو بروایانەیە ، بەڵام دكتاتۆر تا دەمرێت لێیانەوە فێرنابێت.

تۆ سەیری سوریا بكەو بزانە چی جیای دەكاتەوە لە ئەزمونی سێ دكتاتۆرەكەی تر كە لە شەپۆلی گۆرانكاریەكانی جیهانی عەرەبیدا كەوتن . هەرچەندە ئەگەر ناچاربین وردتر قسەبكەین و لە رێگای بەراوردەوە ئەزمونی سوریا بخوێنینەوە ، راستر وایە بە نمونەی لیبی بیچوێنین، تامیسری و تونسی ، یاخود یەمەنی . چونكە وەكو چۆن لە نمونەی لیبیدا توندو تیژی دەسەڵات توندو تیژی نەیارەكانی زیاتركرد ، بەهەمان شێوە خەریكە ئەزمونی سوریاش بەو ئاراستەیەدا دەچێت .

 لەم چەند رۆژەی دوایدا بەئاشكرا لەگەڵ بڵاو بونەوەی ژمارەی كوژراوانی مەدەنی و خۆپیشاندەران و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ، ژمارەی كوژراوانی سەربازەكانی دەسەڵاتدارانی سوریاش دەبیستین ، كە هەرچەندە لەروی چەندێتیەوە ئەوەندە كەمە كە بەراورد ناكرێت ، بەڵام لەروی چۆنێتیەوە دەكرێت بەسەرەتایەكی تازە دابنرێت لە رێڕەوی شۆرشی گەلانی سوریا.

نەیشارمەوە من لەسەرەتاوە گومانم هەبوە كە سوریەكان بێ پشتیوانیەكی راستەوخۆ و یەكلاكەرەوەی وڵاتانی جیهان بتوانن بەسەر ئەو رژێمەدا زاڵ ببن ، لەكاتێكدا ئێمە ئەزمونێكی گەورەمان هەیە لەگەڵ قوتابخانەی بەعس‌و دەسەڵاتدارییەكەی . بۆیە دورنییە شۆرشی گەلانی سوریا وەكو چۆن تا ئێستا درێژترین شۆرشە لە جیهانی عەرەبیدا ، هاوكات درێژتریش بخایەنێ‌و خوێناوی تریش بێت و بچێتە ئاستی سامناكتریشەوە. بەتایبەت كە نا ئەخلاقیەتی ئەم دەسەڵاتە لە روبەروبونەوەی گەلەكەیدا چۆتە ئاستێكی بێ وێنەو درندەییەك كە تەنها لە بەعسی عێراق دەوەشایەوە .

وێنەی كوژرانی دەیان كەس رۆژانە بە ژن و مناڵەوە تا ئێستا نەبوەتە هۆی جیابونەوەی سەركردە دیارەكانی حیزبی بەعس یان ئەو حكومەتەی كە دروستی كردوە ، لە كاتێكدا بیرمانە هەرلەسەرەتای پەلاماردانی هێزەكانی قەزافی بۆ گەلی لیبیا ژمارەیەكی زۆر لە دبلۆماتەكانی ئەو وڵاتە و برێك لە پلەدارە سەربازیەكان جیابونەوەی خۆیان راگەیاندو پەیوەندیان كرد بەبەرەی شۆرشەوە . ئەمە بەڵگەی پتەوی و یەكریزی دەسەڵاتدارانی سوریا نیە ، بەڵكو لێكەوتەی ئەو دەسەڵاتە پۆلیسیەیە كە هەرناكۆكیەك لەگەڵیدا سەردەكێشێ بۆ پەلاماردانی كەس‌و كارەكانی ئەوكەسە بە شێوەیەكی راستەوخۆو بێ هیچ لێپرسینەوەیەك. لەلایەكی تریشەوە دەسەڵاتی سوریا جیا لەهەمو ئەو دەسەڵاتانەی كە بە شەپۆلی ئەم گۆرانكاریانە روخان ، لەدەرەوەی سنوری وڵاتەكەشی خاوەنی لایەنگری بەهێزە ، كە ئامادەن لەكاتی پێویستدا راستەوخۆ بێنە ناو جەنگەوە ، چونكە لاچونی ئەم رژێمە راستەوخۆ زیادبونی فشارەكانە بۆسەر ئەوان .

 ئەوەی دەمێنێتەوە ئایا ئەم رژێمە دەتوانێ لەگەڵ گەرم بونی جوڵە دبلۆماسیەكان لەدەرەوە بۆ كۆتای هاتنی توندوتیژیەكان ، نەیارەكانی ناوخۆ لەناو بەرێت ؟ پێش هەمو شتێك هەرچەندە ناونیشانی هەمو ئەو هەوڵە دبلۆماسیانەی كۆمكاری عەرەبی و كۆفی ئەنان و روسیاو نەتەوە یەكگرتوەكان و چەند لایەنێكی تریش لە ژێر دروشمی پاراستنی گەلی سوریا خۆیان دەناسێنن ، بەڵام لانی كەم تا ئێستا تاكە لایەن كە كەڵكی لەم بزوتنەوانە بینیوە ، خودی لایەنی پەلاماردەری گەلی سوریایە ، كە دەسەڵاتەكەی بەشارە .

 بە پێچەوانەوە گەلی سوریا زۆرترین زیانی لەم هەوڵانە بەركەوتوە ، چونكە ئەمە وایكردوە كە بوارێك بمێنێتەوە بۆ رژێمەكەی سوریا تا لێیەوە هەناسەبدات و دەرفەتی زیاتریشی بۆ برەخسێ بۆ پەلاماردان .

وێنەكە ئێستا زیاتر لەوە دەچێت كە جیهان بەرامبەر درندەیەك وەستابن كە نێچیرەكەی خستبێتە ژێر پێیەوەو بەهەمو لایەك هەوڵبدەن دڵی نەرم بكەن تا دەسبەرداری ببێت ، ئەویش بەدەم كات بەرێكردنەوە چاوەروانی تەسلیم بونی یەكجاری نێچیرەكەی بكات .

 ئەوە لەكاتێكدا هەڵبژاردەی پەلاماردانی ئەو درندەیە كە مەبەستمان سوریایە ، لە راستیدا هیچ ئاسان نیە وەكو لیبیا ، بەڵكو ئەم هەنگاوە راستەوخۆ سەردەكێشێ بۆ بەرەڵابونی چەند ئاژەڵێكی تریش ، كەئەمە لەبری كەم بونەوەی كوژراوەكان بێ گومان ژمارەیان زۆر زیاتر دەكات .

ئەمرۆ جیهان لەزۆر روی بەرژەوەندی و ئەخلاقی ئینسانیەوە لەبەردەم هەلبژاردنی سەخت دایە ، كە بۆهەركەسێك كەمترین خوێنی مرۆیی بەدەمارەكانیدا هاتوچۆ بكات ، بەناچاری دەبێت لەگەڵ هەلبژاردەی رزگاربونی یەكجاری گەلانی سوریا بێت لەدەست ئەو رژێمەی بەوپەری درندەییەوە بەشەو رۆژ لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی خۆی دەكوژێ .

 رۆشتنی ئەم رژێمە نابێت زۆرو كەم ببەسترێـتەوە بەداهاتوی سوریاوە، وەكو ئەوەی لەترسی داهاتوەكەی‌و دیارنەبونی ئەوەی بەرەو كوێ دەچێت ، وەكو چۆن روسیا دەڵێت : ناكرێت ئەم رژێمە بروات. بەهەمان شێوە ئەوانەشی لە پێناو بەرژەوەندیە ئایدۆلۆژی ‌و سیاسیەكانیان لایەنگری كۆتا هاتنی ئەم رژێمەن لەپێش هەمویانەوە وڵاتانی كەنداو، هەردوك ئەم بەرەیە بەزمانی قوربانیەكانی سوریاوە بەرگری لەبەرژەوەندیەكانی خۆیان دەكەن و دەدوێن ، بێ ئەوەی بیریان لەوە كردبێتەوە كە كوشتارەكانی ئەم وڵاتە ، لەدەرەوەی سنورەكانی زیان و قازانجەوە كۆتاییان بەدیوە مرۆییەكەی ئەم دەسەڵاتە هێناوە بێ ئەوەی هیچ لەداهاتوی خۆیان دیاربێت .

ئەمرۆ كە زیاد لەهەر كاتێك ئاماژەی نزیك بونەوەی لایەنەكان دێتە پێشەوە لە پێناو راگرتنی توندو تیژیەكان وەكو ئەم لایەنانە دەڵێن ، بەها مرۆییەكان ، زیاد لەكاتەكانی تر كەوتونەتە ژێر پرسیاری قورسەوە .

ئەوەی رۆژانە لەسوریا دەگوزەرێ ، دۆزەخێكەو دەسەڵات بەروی سوریەكاندا خۆشی كردوە ، جیهانیش بەردەوامە لە گفتوگۆكانی دەرچون لەوەی ناویان ناوە تەنگژە .

 پێدەچێت لە دواجاردا زۆر لایەن ژێر بەژێریش بێت لەسەر سوریایەكی لاواز رێكبەون ، سوریایەك مەترسی نابێت بۆكەس ، تەنها بۆسەر گەلەكەی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت