shafiq-Haci-xdr-12

رێبازی پیرەباو .. شەفیقی حاجی خدر .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێک باس لە ژینگە پارێزی و ئاژەڵ دۆستی دەکرێ، ئەوا مشورخۆرانی ئەو بوارە دادەدادێکی زۆریان لەدەست لاسارییەوە هەیە چونکە بەدزی و ئاشکرا قانونەکانی تایبەت بەو بوارە پێشێلدەکرێن.

لەراستیدا هەڵنەکردنی خەڵکی لای خۆمان لەگەڵ ئاژەڵ و باڵندە کێویەکان رەنگبێ گەلی هۆکاری هەبن. زۆر بەئاسانی رەفتاری هەندێ لەو ئاژەڵانە بەدڕندە وێنادەکرێ کاتێ بۆمانەوەی خۆیان دەجەنگن، کەچی لەبەرامبەردا مرۆڤەکە دڕندایەتی خۆی پێ ئازایەتی و نیشانە ئەنگێویە. زۆر جارانیش بۆ رەوایەتیدان بەو دڕندایەتیە بەو ستەزمانانە دەڵێن دەعبا. خۆ جارێ ئاژەڵی بەحیساب زیانبەخش وەک گورگ، ورچ، رێوی، مار و لەوجۆرە هەر ناوێرن سەردەربێنن، زۆربەشیان قڕانیان تێخراوە. مرۆڤەکان مەبەستیان کوشتنە بێ گوێدانە هەرچی ئەوەی پێیدەگوترێ هاوسەنگی سروشتی. زۆر جار وابووە تەنانەت منداڵێک لەریگای خۆی کێشکەیەک، مەلێک یان سمۆرەیەکیان دیوە، ئیدی بێ سێ‌ودوو بەردێک, دارێک و پلارێکیان هەر بۆخۆشی تێگرتووە! بێگومان فەرهەنگی دەوروبەری منداڵەکە  فێری شتی باشتریان نەکردووە .

ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە باسکردنی سەرهێڵێکی تەواو پێچەوانەیە، کە بەڕاستی رەوتێکی ناوازە و ریزپەڕە(شازە)؛ ئەویش میراتی باپیرەگەورەکەمە بەناوی پیرەباو یان پیرەباب .

مێژوی سەردەمی ژیانی پیرەباو زۆر رون نیە، بەڵام هاوڕێ و مریدێکی شێخی باڵەکان بووە . دوو دیاردە میراتی سەیری و سەرنجراکێشی لەبواری کۆمەڵایەتی و ئاژەڵدۆستیدا لەدوای خۆی بۆ نەوەکانی بەجێماون. پیرەباو نەوەک هەر بنەماڵە بەڵکو تیرەیەکی لە باڵەک و باڵەکایەتی لێدەکەوێتەوە. لە گوندەکانی گرتک، شیلان، سەریمارساواری دۆڵی رۆستی و هەندێکیشیان دەکەونە خەتێ و توتمەی خۆشناوەتی .

سەرهێڵی یەکەم: پیرەباو راستەوخۆ ماڵوموڵکی بەسەر کوڕەکانی دابەش ناکا، بەڵکو هەمو سامانی لە زەوی و بەروموبەکەی بە کۆمەڵی و هاوبەشی بۆ هەمو وەچەی بەجێدەهێڵێ، کاتێکیش دەمی دابەشکردنی بەروبوومەکەیان دێ ئەوا سەرجەمەکەی کۆدەکەنەوە و لە گۆڕەپانێک دەیکەنە کۆکۆ؛ ئەوسا هەرچی پیرەباوەییە بەمەرجێکی نێر بێ و باڵق (١٥ساڵان)بێ دەچێ بەشی خۆی بەیەکسانی لێهەڵدەگرێ. بەداخەوە لەو هاوبەشیەدا توخمی مێی لێ بێبەش کردبوو . دوسێ ساڵ لەمەوبەر لە ریشسپیەکی پیرەباویم بیست کە سەرجەم کۆیەکانی ساڵەکە گەیشتونەتە ١١٧٢ کۆ .

سەرهێڵی دوهەم: کرۆکی باسەکەمانە، پیرەباو کوشتن و  خواردنی گۆشتی هەمو ئاژەڵێکی کێوی لە بەرەباەکەی خۆی حەڕامکردبوو. هەرچەندە ئەمە پێچەوانەی قانونی حەرام و حەڵاڵکردی شەریعەتی ئیسلامەتیش بوو، بەڵام ئەو وەسیەتی کردبوو، دواتر ببوە نەریت و عورفێک کە کەسی پیرەباویی نەوێری بەمەبەستی خراپ تخونی هیچ ئاژەڵێکی کێوی بکەوێ.

 بۆیە لەسەردەمی کۆندا تا نیو سەدەش بەرلەئێستا هیچ پیرەباوەییەک نەیدەوێرا نەوەک هەر ئاژەڵێکی کێوی بکوژێ ، بەڵکو بەبانگهێشتکردنیش نەیدەوێرا لەشوێنانی دیکەش گۆشتەکەی بخوا. زۆر چیڕۆک و سەربردەی سەیروسەمەرە لەباب و باپیرانمەوە لەوبارە دەگێڕدرێنەوە کەهەندێکیان گەیاندویانەتە رادەی تەلیسم و ئەفسانەش، بەوەی هەرکەسێک سەرپێچی لەو دەستورەی پیرەباو کردبا ئەوا توشی نسکۆیەکی گەورە دەهات، چاوی کوێردەبوو، یان دەستی لەگەڕ دەکەوت، یاخود ژانێکی سەختی دەگرت. چارەش هەر تۆبەکردن و پەشیمان بوونەوە لە  سەرپێچی و رەفتارە ناشیرینەی .

دەگێڕنەوە کەوا لە لەوەڕگا و کوێستانی پیرەباوەییان ئاژەڵی کێوی هاتۆتە نێوماڵان و رەگەڵ مێگەلەکانیان کەوتوە، ئەوانیش خوێیان داون وەک هی خۆیان مشوریان خواردون. بەڵام بەداخەوە کە مرۆڤەکان گۆڕان و لە دەستورەی باپیرەکەیان لادا، ئیدی ئەوانیش نەمان .

ئەوەی سەرو رەنگبێ بابتگەلێک بێ بۆ لێکدانەوەی کۆمەڵناسان یان چیڕۆکەکانی نێو رۆمانێک. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من تکایەکم هەیە: بۆ خاتری ژینگە پارێزی و ئاژەڵ دۆستی بۆ هەموتان نایەن لەگەڵ مندا رێبازی باپیرەم پەیڕەوبکەن و ببنە پیرەباوەیی !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت