لەوە دەچێت بارزانی جەنگەکە بدۆڕێنێت . بەشی یەکەم . کونجــرینی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

کاتێک مەسرور بارزانی کرا بەسەرۆکی ئاسایشی نەتەوەیی ،، برادەرێکم تەلەفونی بۆ کردم ، برادەرەکەم مەیلی پارتی بوونی هەیەو وتی : ئەوە کاک مەسروریش بووە لوتکەی سێهەم لەدەسەڵات . منیش وتم ئافەریم پارتی .. لەوەڵامدا وتی بۆ ؟ .. منیش وتم : هەموو کوردی گەوجاند بەهەولێرکردن بەدووبەی ، کەچی سیستەمی دەسەڵاتی کرد بەدووبەی نەک هەولێر ..

ماوەی چەند مانگێکە هەموومان سەرقاڵی جەنگێکی میدیایین و چاوەروانین ئاشتی یان شەڕ یاخود گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراو لەعێراق و کوردستان ڕووبدات .. کۆدەنگیەک نابینرێت لەناو ماڵی کوردا ، کەچی بارزانی ”  وتەکانی بەناوی کوردو دۆسیەی کوردەوە ئاراستە دەکات و پێی وایە کێشەکان هی کوردە لەگەڵ بەغداد و ئەوە هەندێک لایەنی کوردییە هەستی نەتەوەییان لاواز بووەو بچراون لەکۆدەنگەییەکەو نایەن بەهانای دۆسەکەوە ..

ڕاستە عێراق و کوردستان لەقەیراندایە ، بنیادنانی ئەم قەیرانە جگە لەسەرانی سیاسی کوردو عێراقی کەسی ترنییە ، کاتێک قەیرانێک ئاراستەکانی تەنها دەچێتە چێوەی یاساو کەسایەتی ،، واتە دووربێت لەکێشە سیاسییەکان ، ئیتر کۆمەڵگا بۆباجەکەی بدات ؟ . بۆ لەسەدەی بیست و یەکەدا هۆشیاری تاک هێندە لاوازە ” لێکدانەوەو بۆچونەکانی هۆکارنەبێت بۆ جیاکاری قەیرانە یاسایی و بەرژەوەندیە کەسییەکان لەسیاسی …

 شتێک کەدەمان هێنێتە زمان کێشەی خەڵکە ، گوێنەگرتنی دەسەلاتە لەخەڵک ، بەواتایەکی تر قەیرانی نێوبەندی خەڵک و دەسەڵات کۆتایی نەهاتووە  تاڕایەڵەکانی داکۆکیکردنی خەڵک لەدەسەلات بەردەوام بێت .. کاتێک دەسەڵات چاوچنۆکی و بەرژەوەندیە حیزبیەکانی باڵاتر دەبینێت لەخزمەتکردن خەڵک ، تروسکایی و پەرۆشییەکانی خەڵک دەپوکێنەوە ..

ئێستا ئارێشەی سەرەکی کۆمەڵگای کوردی بێ باوەڕییە ، ئەم ئارێشەیە خوڵقێنەری تاکی کورد نییە ، بەڵکوو مەدرەسەی حیزب  داهێنەرێتی . کەواتە چارەسەرییەکانیشی لای ئەوانە . بۆئەوەی حیزب جیاکارییەک بکات لەنێوان بەتەنگەوەهاتن و خۆپێشخستن ، دەبێت بیرکردنەوەو ڕەفتارەکانی ڕێستێردبکات ، دەکرێت جوانکارییەک بکات یان لێبوردەیی بنوێنین ..

ئەو قەیرانەی لەئێستادا هەیە بۆهەموو لایەک خراپە ، حیزب دەبێت خوێندنەوەی بۆکەسانی بەرژەوەندچی و خاوەن هەڵوێست وەک یەک نەبێت . ئەوانەی لەمڕۆدا دوای حیزب کەوتوون ئەوانەنین بۆ ڕۆژی تەنگانە ؛ بۆیە بریاردان لەسەرهەر ئەرکێک بەپاڵپشتی ئەم مرۆڤانە ”  قومارە لەسەر ئەسپی دۆڕاوە ..

پارتی لەمڕۆدا خوێندنەوەیەکی ناتەندروستی هەیە بۆپێکهاتەی حیزب و حکومەوت و جەماوەرەکەی ،، گەر پێوانەیەکی ورد بۆجەماوەرە کۆنکرێتیەکەی پارتی لەسەردەمی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەرین لەگەڵ ئەمڕۆدا بکەین ! قەیرانێکی قوڵ و هەڵدێر لەجەستەی پارتیدا دەبینرێت ، بەم شێوەیەی خوارەوە ..

1 /  پارتی لە سێ ملوێنی سەرژمێری خەڵکی سێ شاری باشوری کوردستان لەهەڵبژاردنەکانی  19/5/1992 دا زیاتر لەیەک ملوێن دەنگی هێنا ،، دەکرێت بەهۆی دابەش بوونی کۆمەڵگا بەسەر دوو حیزبی یەکێتی و پارتیدا ، دەنگدەران وەک ئەندامی حیزبی رەچاوبکەین . پارتی لەئێستادا بەو کوالێتە ناجۆرەی ئەندامانی حیزبەکەی لە 600 هەزار تێناپەڕێت .. کوالێتی ناجۆر واتایە لەسەرئەوەی ئەندامانی ئەمڕۆی حیزب لەناو پارتەکانی کوردستاندا لەسەر بەرژەوەندی کەسی بنیادنراون و کەمن ئەوانەی بەدڵسۆزی بوونیان ماوە . ئەم جۆرە کەسایەتیانە کوڕی ڕۆژانن بۆ خۆیان ، نەک کوڕی تەنگانە بۆ حیزب ..

2 /  لەنێو هەرپارتێکدا کادرانی ناوەند بەردەوامکارن یان داڕزێنەری حیزبن ؛ لەپارتی دا ئەم ڕایەڵە حیزبییە لەقەیراندایەو پشکی ڕووەو داڕزاندنەکەی بەردەکەوێت ، چۆن ؟ .. سەرکردایەتی حیزب ئەرکی بڕیارو داڕشتن و جاودێریکردنی زیاتری لەئەستۆیەو لەپێداویستییە سەرەکییەکاندا ڕۆدەچنە ناوخەڵک ، ئەوە کادرانی ناوەندن ” ڕایەڵەگرنگەکانی نێوانی سەرکردایەتی حیزب و خەڵک دروستدەکەن ، کاتێک ئەم ئەرکە سستی تێدەکەوێت ، ڕاستەوخۆ کاردەکاتە پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک و حیزب .. پارتی لەم ئەرکەدا پشتی بەکادران و ئەندامانی کۆنی حیزبی شوعی بەستووە ، من هیچ کادرێکی پرۆفیشیناڵی پارتی خاڵس نابینم لەو ناوەندەدا ، تا مرۆڤ بتوانێت شیکارییەک بۆ ستراکتۆری پارتی وەک حیزبی لەئەمڕۆدا بکات .

3 / گەر ڕۆچونێک ئەنجام بدەین بۆناو هەیکەلی پارتی ، هێزێکی نەخۆش و لەش داڕزاو ” بەڵام پەلهاوێژ بۆچارەسەرییەکان لەسەر لۆشدان و پێدانی دارایی دەبینین .. ئەركێکی حیزبی و سیاسی بەفۆرمەڵەیەکی پێشەلکاری یاسایی و زانستی دەبینین ، چارەسەرێکی نادروست و شەڕ لەسەر هەناسیەکی تر بۆکورترین ژیانی تر دەبینین ؛؛ دێوێک دەبین بەڵام لاوازو لەش دەرەتان .  لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە ، گەر پارتی بەو شێوەیە ببینرێت ، چۆن دەتوانێت هێزی سەرەکی و بڕیاردەری سەرەکی و حاکمی سەرەکی بێت ؟؟ . وەڵامەکە لەنێو کۆی نوسینەکەدا دەماندرێتەوە ..

4 /  هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی پارتی  ” دوژمنی دێرین و کۆڵەکەیەکی ڕاوەستێنەری ئەمڕۆیەتی ، نەوا نییە تاسەر لەسەرهەمان خۆبەخشین بمێنێتەوەو بنکە جەماوەریە حیزبییەکەی لێی قبوڵبکات ، واتە هەرکاتێک لێوانی ناڕازییەکانی ناوخۆی یەکێتی پڕبوو ! ” لێکترازان دووبارە دەبێتەوە ” بەلام ئەمجارە بەشێوەیەکی تر .. بۆچونێک لەزەوی سیاسی باشوردا هاتوچۆدەکات ، ئەویش ئەوەیە ، گەر یەکێتی دەستبەرداری پارتی بێت ،، ئەوا پارتی گورگانخواردی سیاسی دەبێت …

پارتی وەک هەموو حیزبەکانی تر خاوەنی بنکەیەکی سیاسی و جەماوەریی نادیارە ،، بەواتە دروستکەی هیج حیزب و ڕێکخراوێک لەکوردستان ناتوانێت دەستنیشانی ڕاستەقینەی ئەندام و جەماوەرەکەی بکات .. شیکاری ئەم باسە هەڵدەگرم بۆ بەشی دووەم ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت